نەوزادى موهەندیس: سیما و پێکهاتەى حکومەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان، چۆن و بەچ ئاڕاستەیەک بێت؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێتە نۆهەم کابینە،ئەم کابینەیە لەدواى لێکترازان و دڕدۆنگیەکى زۆر و گەورەى نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانى کوردستان دێتە ئاراوە، لەهەلومەجێکى سەختى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و تەنانەت ئەمنیشدا لەدایک دەبێت، حکومەتێک کە چاوەڕوانى زۆرى لێدەکرێت، حکومەتێک هەموان لە ژێرەوە حەزدەکەن تیایدا بەژداربن و بەئاشکراش لێرەو و لەوێ ڕەتیدەکەنەوە. حکومەتێک لەکەشوهەوایەکى لێکترازاو و دوور لەسازانى نیشتیمانى دێتە دونیاوە، حکومەتێک دەکەوێت بەسەر ناجێگیرى سیاسى و قەیرانى 5 ساڵەى توندى دارایى و ئابورى و شڵەژاوى نێو بازاڕەکانى نەوتى دونیا و هەڵبەز و دابەزى نرخى نەوت کەهەموان هەموو خەونەکانیان لەسەر هەڵچنیوە بۆ بەرزبونەوە و ڕزگاربوون لەو قەیرانە داراییە سەختە، حکومەتێک دەکەوێت بەسەر گێژاوى سیاسى نێوان وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکان بەتایبەتیش ئەمریکا و ئێران کە گومانى تێدا نیە هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئایندەش پڕیشکى ئەو ململانێ و گەمارۆ و جەنگەیان بەردەکەوێت کەم تازۆر. حکومەتێک دەکەوێت بەسەر شڵەژاوى ئاشتى کۆمەڵایەتى نێوان چین و توێژ و شار و ناوچەکانى کوردستاندا، حکومەتێک کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ حکومەت و کابینەى پێنجەمى حکومەتى عێراقیدا لە بەغداد و بەهەمان شێوەى کابینەکانى ترى بەغداد و هەولێر دەبنە میراتگرى کێشە کەڵەکەبوەکانى 15 ساڵى ڕابووردوو.
جا حکومەت و کابینەى نوێى هەرێمى کوردستان لەم سات و کاتە هەستیار و ناسک و پڕ مەترسیدارەدا بێتە لەدایکبوون، ئەدى چى لێ چاوەڕوان دەکرێت ؟ دەتوانێت چى کارێک و خزمەتێک پێشکەش بکات؟ چۆن حکومەتێک بێت؟ حکومەتى دڵڕازیکردنى هەموان و پێکەوەیى بێت؟ یان حکومەتى خزمەتگوزارى و بوژانەوەى ئابورى و سەقامگیرى سیاسى و پارێزەرى ئاشتى و ئارامى کۆمەڵایەتى بێت؟ چ جۆرە حکومەتێک دەتوانێت لە ئاست خەون و ویستەکانى جەماوەردا بێت؟
بەدڵنیایى دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى و عێراق و ناوچەکەش بەگشتى لە دۆخێکى ناجێگیر و شڵەژاودایە، و ئەگەر و گریمانەى زۆر خراپیشى لێدەکرێت بۆ هەموان بەتایبەتى بەهۆى بەردەوامبوونى جەنگى سوریا و مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش لە عێراق و ململانێ توندەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و توندکردنەوەى گەمارۆ ئابوریەکان بەسەر ئێراندا و زۆرى تریش. بۆیە ئەو حکومەتە زۆرینە بێت یان کەمینە ،بنکە فراوان بێت یان دووقۆڵى بێت، ئەوا وەکو ساڵانى ڕابووردوو ناتوانرێت کارى گەورەى لێچاوەڕوان بکرێت، چونکە لەسایەى ئەو هەموو ئاڵنگارى و مەترسیانەدا دەکرێت هەر ئەوەندە بکات کە کابینەکانى تر کردویانە، بەڵام ئەمەش ماناى وانیە کە هەر لەئێستاوە بێئومێد ببین و ڕەشبین بین و تونێڵەکە لەسەرخۆمان دابخەین، بەڵکو کابینەى داهاتو دەتوانێت گەلێک کارى گەورە بکات بۆئەوەى بتوانێت خزمەتى گەورە و بەرچاو پێشکەش بکات، وەک :
1- هەوڵبدات داهات و خەرجیەکانى بەباشى کۆنتڕڵ بکات و بیگەڕێنێتەوە گەنجینەى حکومەت.
2- سیاسەتى نەوتى هەڵەى چەند ساڵى ڕابووردوو ڕاستبکاتەوەو بەشەفافانە بیبات بەڕێوە.
3- بگەڕێت بەدواى دۆزینەوەى سەرچاوەى داهاتى تر بۆ حکومەتى هەرێم.
4- یاسا سەروەر بکات و ڕێگە بەهیچ جۆرە زیادەڕەویەک نەدرێت بۆ سەر موڵک و ماڵى گشتى و حکومەت و شکۆ و هێزى حکومەت پیشان هەموان بداتەوە بەبێ جیاوازى.
5- هەڵمەتێکى جدى دژى گەندەڵى بەرپا بکات لەسەر هەموو ئاست و ئۆرگان و ناوچەکاندا.
6- ڕێز لەیاسا و ڕێساکانى پەڕلەمانى ئایندە بگرێت .
7- پەیوەندیەکانى لەگەڵ بەغداد گەرموگوڕتر بکاتەوە و سەرجەم کێشە هەڵواسراوەکان لەچوارچێوەى دەستورى عێراقیدا چارەسەر بکەن وەک کێشەى ناوچە دابڕێنراوەکان و مادەى 140ى دەستورى و هێزى پێشمەرگە و پشکى هەرێم لەبودجەى عێراق و سنور و دەسەڵاتەکانى هەردوولا و مەسەلەى نەوت و غازى سروشتى و… هتد.
8- پەیوەندیەکى دۆستانەش لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیش دروست بکات بەبەرژەوەندى کوردستان.
بەم شێوەیە دەتوانێت زۆر کارى گەورە و خزمەت پێشکەش بکات بەهەموان، گەرچى نرخى نەوتیش بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەکانى جیهاندا، کە بەداخەوە بۆتە تاکە سەرچاوەى داهاتى حکومەتى هەرێم.
حکومەتى ئایندەش دەبێت لەڕووى پێکهاتەکەشیەوە حکومەتێکى ڕەشیق و کەم و پوخت و توندتۆڵ بێت و ژمارەى وەزارەت و دەزگا و فەرمانگەکانى کەم بکاتەوە و چاوێکیش بخشێنێتەوە بە یاساى مووچە و دەرماڵەکاندا و بەیاسا ڕێکیان بخاتەوەو هاوسەنگیەگ ڕابگرێت لەنێوان چینەکانى خوراوو پلە باڵاکاندا.
حکومەتێک بێت دوور لە پشکپشکێنەى حیزبایتى و دوور لە حکومەتى بنکە فراوان، چونکە بە کردارەکى و لە کابینەکانى ڕابووردوودا و بەتایبەتیش کابینەى هەشتدا شکستى حکومەتى بنکە فراوانمان بینى کە تەنها بۆ دڵڕازیکردنى هەموان بوو، بەڵام نەتوانرا کارى گەورە و سەرکەوتنیش بەدەستبێنێت، بۆیە هەق وایە حکومەتێک بێت کە لە لایەنى سەرکەوتوو و خاوەن نفوز و هێز و خاک بێت و بتوانێت ئامانج و دروشمەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان وەدیبێنێت، حکومەتێک بێت کە بتوانێت خزمەت بەهەموان بکات بەبێ جیاوازى دوور لەگەندەڵى و دزینى سەروەت و سامانى میلەت و هەوڵى خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن و ئاوەدانى زیاترى وڵات بدات.حکومەتێک بێت بەماناى وشە و دەسەڵاتداریش بێت ولاواز و بێدەسەڵات نەبێت لەبەرامبەر حیزب و سەرکردە سیاسیەکاندا.
حکومەتێک بێت نیوە حکومەت و نیوە ئۆپۆزسۆن نەبێت. بۆیە ناکرێت تاسەر بەناو و بەبیانوى ناسکى ئەزموون و دۆخى سیاسى و ئابورى هەرێم دڵى هەموان ڕازیبکرێت، بۆیە هەمیشە و لەدونیاشدا وابوە تەنها ئەو حکومەتانە سەرکەوتون کە تەبا و گونجاو و نزیک بون لەیەکەوە و توانیویانە بەتەنها یان دووقۆڵى حکومەت پێکبێنن، باشترین نمونەش حکومەتى (ئاکەپەیە کە بۆماوەى 15 ساڵە لە مێژووى دەوڵەتى تورکیادا حکومەتێکى سەرکەوتوى پێکهێناوە دوور لە حکومەتى ئیئتیلافى، ڕاستە ناکرێت کۆپى حکومەتى تورکیا بکەین بەڵام لەدونیاى پێشکەوتوو و دیموکراسیشدا هەر ئەو جۆرە حکومەتانە سەرکەوتووبن. بۆیە بۆ تەندرستى و ساغڵەمى سیستەمى حوکمڕانیەکەشمان گەرەکە کە هێزى دەسەڵاتدار و هێزى ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت، چونکە دەرکەوت ئەو هێزانە کە بە وەزیرێک یان دووان و سیانیش بەشداربوون نەیانتوانیوە کە گۆڕانکارى و خزمەتى گەورە پێشکەش بکەن، لە لایەک بەهۆى نەتوانین و بێ ئەزمونى خۆیان و تۆخکردنەوەى حیزبایەتى و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى ڕێگەگرتن و نەهێشتن و بەربەست دروستکردنى حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بوە.
بۆیە بەدڵنیایى حکومەتێک دەبێتە دڵخواز و جێگەى ویستى جەماوەرى میلەتەکەمان کە بتوانێت:
1- مووچە مانگانەى مووچەخۆران و فەرمانبەران بێ پاشکەوت و لەکاتى خۆیدا دابین بکات.
2- ئاوەدانى و هەلى کار و خزمەتى زیاتر پێشکەش بکات.
3- ئاشتى و ئارامى کوردستان بپارێزێت و دابینى بکات.
4- دوور بکەوێتەوە لەنانەوەى کێشە و ململانێ لەگەڵ بەغداد و دەرودراوسێ و زلهێزەکاندا.
5- کوردستانێکى ئارام و بەهێز و یەکگرتوش بێنێتە ئاراوە کە هەموان لەسایەیدا بحەوێنەوە و ببوژێنەوە.
بەم شێوەیە دەکرێت حکومەت و کابینەى نۆیەم سەرکەوتوو بێت و هەموان لە ساڵانى ئایندەتردا هیواى بۆ بخوازین و کابینەکانى داهاتووتریش لەسەر ڕچە و ڕێباز و کار و کردەوە و پلانى ئەو درێژە بەکاروانى خزمەتکردن و ئاوەدانى و گەشە و ئارامى وڵات بدەن، ئەمەش بە کەسانى لێهاتوو و شیاو و نوێخواز و بەهێز و بیرتیژ و ئایندە بینیەکى فراوان دەکرێت نەک بە کەسانى کۆنەپارێز و دووبارە بۆوە و عەقڵ دۆگما و بیر تەسکى حیزبایەتى و ناوچەگەرێتى و… هتد.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی