سەرکۆ یونس: پشکى هەرێم لە قەیرانى ئابورى ئێراندا.
بابەت/ ئابوری
ڕۆژى هەینى (2-11-2018) پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران قۆناغێکى ئاڵۆزترى بەخۆیەوە دی، ئیدارەى ترەمپ گەڕاندنەوەى قۆناغى دووەم و کۆتایى سزاکانى سەر کۆمارى ئیسلامى ئێرانى ڕاگەیاند، بڕیارە لە ڕۆژى دووشەمە (5-11-2018) سزاکان بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى بڕیارەکانى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ سزاکانى ئەمجارە بوارەکانى بازرگانى و دارایى و تەنانەت وەرزشیش دەگرێتەوە، لە ناویشاندا ئەو کەرتە ئابورییانە دەکەونە ناو سزاکانەوە کە زیاتر ئابورى ئێران بەرەو هەرەسهێنان دەبن و گرفتى ئابورى و دارایی زیاتر بۆ ئابوورى ئەو وڵاتە دروستدەکەن. وەک کەرتى نەوت و کەرتى دارایی. ئارەزوى ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە کەرتى نەوتدا ئەوەیە کە کەرتى نەوت لەو وڵاتەدا بەتەواى ئیفلیج بکات، هەناردەى نەوت و گازى سروشتى ئێران بگاتە سفر. ئەمەش بەماناى ئەوە دێت کە ئەمریکا نیازى پەروێزخستنى ئێرانى هەیە بەتایبەت لە بوارى ئابورى و داراییدا، چونکە بەم سزا ئابورى و داراییانە ڕاستەوخۆ ئێران دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.
بەهۆى ئەوەى کە ئابورى هەرێمى کوردستان تاڕادەیەکى زۆر پشتى بەستوە بە ئابورى ئێران، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ هەر سزایەک بسەپێنرێت بەسەر ئێراندا ئەوا کاریگەرى بە چەند ئاستێکى جیاواز دەردەکەوێـت. لە ئێستادا ئەوەى گرنگە کە هەرێمى کوردستان ڕەچاوى بکات کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى سزاکانى سەر ئێرانە لەسەر هەرێمى کوردستان، هەروەها پێویستە بە شێوەیەکى لۆژیکى مامەڵە لەگەلڕ ئەو دۆخە ئابورییەدا بکات. ئەمە باوردۆخێکى ئابورى و دارایی و سیاسى ئاڵۆزە چونکە هەرێم دەکەوێتە ناو دوڕیانێکى سیاسى ئاڵۆزەوە، لەلایەک ئێران کە وڵاتێکى هەرێمى ناوچەکەیە و خاوەنى هەیمەنەیە لە بوارى ئابورى و سیاسیدا، لەلایەکى ترەوە ئەمریکا کە ئەمڕۆ باڵادەستە.
هەرێمى کوردستان لە چەند لایەنێکەوە لە دەرئەنجامى ئەو سزایانەدا توشى گرفت و تەنگژەبێت بەتایبەتى لەم لایەنانەدا:
1- هەرێمى کوردستان لەدواى ساڵى (1991)ەوە، لەڕووى ئابورییەوە تاڕادەیەکى زۆر پشتى بەستوە بە ئێران، لەئێستادا زیاتر لە (%70)ى کاڵا و شمەکى ناوبازاڕەکانى هەرێم ئێرانین و زیاتر لە (2000) جۆر کاڵاى ئێرانى هاوردە دەکرێت، بەمانایەکى دیکە ئابورى ئێران هەرێمى داگیرکردوە. هەرێم لەدواى چین و تورکیا زۆرترین مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێراندایە. بێگومان دواى جێبەجێ کردنى سەرجەم سزاکان ئابورى هەرێم زەرەرمەندترین لایەن دەبێت بەتایبەتى لەڕووى سەبەتەى خۆراک و میوە و کەلوپەلى بەرهەمهێنانى بیناسازى و گەلوپەکى مامناوەندى بۆ بەرهەمهێنان
2- کەمبونەوەى بەرچاوى کاڵا ئێرانییەکان بەگشتى، بەتایبەتى مادە خۆراکیەکان لەبازاڕەکانى هەرێمدا. زۆرینەى ئەو کاڵایانەى کە هەرێمى کوردستان پێویستى پێیانە دەکەونە لیستى ئەو کاڵایانەى کە لە ناولیستى سزا ئابوری و بازرگانییەکاندان، بۆیە پێویستە هەرێمى کوردستان لە ماوەیەکى کەمدا ئەڵتەرناتیفی بۆ بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە گەر لەماوەیەکى دیارى کراودا هەرێم جێگرەوەى ئێران نەدۆزێتەوە بەجۆرێک کاڵاکان کەم دەبنەوە وئەمەش ئەبێتە هۆى زیاد بوونى خواست و سەرەنجام نرخ بەرز دەبێتەوە و دیاردەى هەڵاوسان لەبازاڕەکانى هەرێمدا دروست دەبێ و هەرچەندە ئەمە ڕاستەوخۆ ڕوونادات بەڵکو کات و ماوەیەکى دەوێ زیاتر لە سێ مانگ.
3- یەکێکى تر لە زیانەکانى ئەم سزایانە بۆ ئابورى هەرێم زیاتر بوونى ڕێژەى بێکاریە هەرێمى کوردستان چونکە (3) مەرزى سەرەکى و نێودەوڵەتى و چەندین خاڵى سنورى لاوەکى و هەندێکى قاچاغ لەگەڵ ئێراندا هەیەـ ئەم مەرزانە هەلى کاریان بۆ هەرێمى کوردستان خولقاندوە و بە دەیان کرێکار و شۆفێر کارى تێدا دەکەن و بژێوى ژیانى سەدان خێزانى هەرێمى لەسەرى ئەم کەرتانەیە. بەڵام بەدڵنیاییەوە لەپاش سزاکان کارکردن لە سەر ئەم سنورانەدا نامێنێت و ڕێژەى بێکارى بەرزدەبێتەوە.
دەرئەنجامى ئەو سزایانە گەلێک زیاترە، چونکە هەرێمى کوردستان تاڕادەیەکى زۆر پشتى بەئابورى ئێران بەستوە، دەکرێت دەرئەنجامە نێگەتیفەکانى ئەم سزایانە بە ئاشکرا لەتەواوى کەرتە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەربکەوێت. سەرەنجام بارى ئابورى هەرێم بەهۆى ئەو پاشکۆیەتییە ئابورییەوە بەرەوخراپتردەچێت.
ئەوەى کە گرنگ بێـت لەم قۆناغەدا هەرێمى کوردستان لە ڕوى ئابورییەوە ڕەچاوى بکات، پێویستە بەوردى لەسەر ئەم خاڵانە ڕابمنێت، بەم شێوەیە پەستانى سزاکان لەسەر هەرێمى کوردستان ڕەنگە سوکتربێت.
1- یەکەمین هەنگاو کە پێویستە حکومەتى هەرێم بیهاوێت، هەوڵدانە بۆ ڕکخستن و بوژانەوەى ئابورى هەرێم بەگشتى و کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى بە تایبەتى چونکە لەئێستادا بارودۆخەکە گونجاوەـ کاتێک کەلوپەلى پیشەسازى و کشتوکاڵى ئێرانى نەگاتە بازاڕەکانى هەرێم ئەوا هەرێم دەتوانێ هەنگاوى جدى بنێ بۆ هەستانەوە و بوژانەوەى کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى، بەتایبەتى ڕەگەزەکانى ئەم دوو کەرتە گرنگ و ستراتریژییە لەناوخۆى هەرێم بەردەستن و دەتوانین شارى پیشەسازى تایبەت دابنرێت و هەنگاو بەهەنگاو هەوڵ بدرێت ئەم کەرتانە گەشەى پێ بدرێت .
2- پێویستە حکومەتى هەرێم بەرلە گەیشتنى گاریکەریەکانى سزاکان بەزووترین کات جێگرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران بکاتەوە، باشترین جێگرەوە دەوڵەتى تورکیایە چونکە هاوسنورى هەرێمە و نرخى گواستنەوەى کەلوپەلەکان بەکەمترین تێچون ئەنجامدەدرێت و پێشترو ئێستاش ئەزمونى بازرگانی لەگەڵ تورکیا تاقیکراوەتەوە و هەروەها بەهۆى نزمى بەهاى لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار و تەنانەت دینارى عێراقى، بەم شێوەیە هەرێمى کوردستان دەتوانێت تاڕادەیەکى باش خۆى لەو قەیران و تەنگژانەى ئێران دوربخاتەوە.
3- لەئێستادا کە سەروەختى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتداین، پێویستە لەم کاتەدا کابینەیەکى ئابورى پێکبهێنرێت، وەزارەتە گرنگ و ئابورییەکانى وەک دارایى و وەبەرهێنان و بازرگانى و پیشەسازى و کشتوکاڵى بەکەسانى شارەزا و ئەکادیمى پڕبکرێنەوە و پلانێکى ستراتیژى ئابورى دابنرێـت کە لەماوەیەکى دیاریکراودا بتوانێـت تەواوى ئەو دەستکەوتانەى کە گرنگن بۆ ئابوریەکى بەهێز فەراهەمى بکات. نەک کابینەیەکى سیاسى بێت و ئامانج ڕازى کردنى لایەنە سیاسیەکان بێت.
4- کەرتى تایبەت پێویستە ڕۆڵى گرنگ و ستراتیژى بگرێت لەم قەیرانەداـ بەچەشنێک بتوانێت بەڕاستەوخۆ بەشداربێت لە پاراستنى بارودۆخى ئابورى و دارایی هەرێمى کوردستاندا و ڕۆلڕ و کاریگەرى زیاتربێت، بەمانایەکى ترى کەرتى تایبەت بتوانێت ببێتە تەواوکەرى کەرتى گشتى.
5- پێویستە کۆى یاساکانى بوارى ئابورى و دارایی و وەبەرهێنان هەمواربکرێتەوە و دوبارە بەشێوەیەکى ورد دابڕێژرێتەوە، بە کردارى لەبەرژەوەندى کۆى جوڵە و بزاوتە ئابورییەکانى هەرێمدا بێـت و بتوانێت بەئاڕاستەى چالاکردنى کۆى کەرتەکاندا کاربکات.
6- دەستەى وەبەرهێنان دەبێت لەو بارەى ئێستا دەربکرێت و ببێـتە سەنتەرێکى بەهێزى بزاوت و جوڵەى ئابورى، بگرە پێویستە دەستەى وەبەرهێنان بەئاڕاستەى بوژاندنەوەى کەرتە ئابورییەکان کاربکات، بەتایبەتى کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى، هەموو ئاسانکارى و هاوکاریەک پێشکەش بە کۆمپانیاکان بکەن تا بەکەمترین ماوە هەوڵ بدرێت پڕۆژەکان جێ بەجێ بکەن .
بەچەشنێک دەبێت کابینەى داهاتوى حکومەتى هەرێم لەسەر بەگەڕخستنى عەقڵى ئابوری بکات، کابینەیەکى ئابوریی بەگەڕبخات. بەم چەشنە نەبێت ئەوا هەرێمى کوردستان لە ناو موعادەلە ئابورییە ئاڵۆزەکانى ئێستادا ناتوانێت هەڵکات. گەرچى لە ڕابردودا حکومەتى هەرێم لەسەر بنەماى پلانى ئابورى کارى نەکردوە، ئێستاش خەریکى دانەوەى باجى ئەو هەنگاوانەیە کە بەبێ پلان و عەقڵى ئابورى وەگەڕى دەخستن. بەم چەشنە ڕەنگە بتوانێت ئەم بارودۆخە هەرێمییە بەسوود و کەڵکى خەڵک و حکومەتى هەرێم بشکێتەوە و بەکەمترین زیان لێ ى دەرباز بێت. بەمانایەکى دیکە دەکرێت حکومەتى هەرێم لێرەوە خاڵى بنیات نانەوە و خۆڕکخستنەوەى ئابورى دیاریبکات.
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts