عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: چارەکە ملیۆنێک جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان بۆ ؟
لەوەڵامی پرسیارێکی ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەند لەوەڵامی ئەو ئەندامەکوردەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەڵێ: کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بریتیە لە ( 38 ملیۆن و124 هەزارو 182 کەس ).
لەناویشیدا کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشی دیاریکردوە کە بریتیە لە ( 5 ملیۆن و 309 هەزارو 592 کەس)کە هەرێمی کوردستانی بەسێ پارێزگا ناساندوەو پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ سلێمانی هەژمارکراوە نەک وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- پارێزگای هەولێر ( 1 ملیۆن و 854 هەزارو 778 کەس )
2- پارێزگای سلێمانی ( 2 ملیۆن و 162 هەزارو 279 کەس)
3- پارێزگای دهۆک ( 1 ملیۆن و 292 هەزارو 535 کەس)
کەدەکاتە ڕێژەی ( 13٫927٪)کۆی دانیشتوانی عێراق.
بەڵام دەستەی ئاماری هەرێمی سەربەوەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان ساڵی ( 2018) ژمارەیەکی ترمان پێ دەڵێت: بۆکۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان جگە لەناوچە دابڕێنراوەکان و دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نزیکەی ( 260 )دووسەدو شەست هەزاری زیاترە لەو ژمارەیەی کەوەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردوە.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئاماری هەرێم بۆساڵی (2018) بریتیە لە ( 5 ملیۆن و 577 هەزارو 815 کەس ) .
ئەمەلەکاتێکدا کە هەربەپێی ئامارێکی تری دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆساڵی ( 2017 ) بریتی بووە لە ( 5 ملیۆن و 549 هەزارو 100 کەس )
بەکوردی و بەکورتی جیاوازی نێوان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئەو دوو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەندو دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم زیاترە لە چارەکە ملیۆنێک هاوڵاتی، یاخود وردتربڵێین جیاوازی هەردوو ئامارەکە بریتیە لە( 223 278) دووسەدو شەست و هەشت هەزارو دووسەدو بیست و سێ کەس، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە لەنێوان ناوەندو هەرێم بۆ هەژمارکردنی دانیشتوانەکەی.
بۆیە لێرەدا چەند پرسیار دروست دەبن کەمەحاڵە وەڵامێکی ڕاست و دروستمان چنگ بکەوێت لەوانە:
A- کام لەم دوو ئامارە ڕاستن بۆ دانیشتوانی هەرێم ؟
B- ئەم دوو ژمارە جیاوازە تاچەند کاریگەری دەبێت لەسەر بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆهەرێم؟ چونکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئامارەکەی ناوەند کەمترە لە (14 ٪)ی کۆی دانیشتوانی عێراق بەڵام بەئامارەکەی هەرێم زیاترە لە ( 14.5 ٪) کۆی دانیشتوانی عێراق، ئەو جیاوازییەش بۆتەرخانکردنی بودجە چەردەیەک پارەدەکات.
C- ئامانج چیە لەزیادنوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمەوە ؟ ئەی لەکەم نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ؟
ماوەتەوە بوترێت لەوڵات و هەرێمێکدا دەیان ساڵ بێت سەرژمێرییەکی دانیشتوانەکەی نەکرابێت ئەوا نەک یاریکردن بە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئاسانە بەڵکو هیچ داتاو ئامارێکی وردت دەستناکەوێت لەهیچ بوارو سێکتەرێکدا، و ئەو داتاو ژمارانەش کە زۆر دەوترێن و دەبیسترێن زیاتر ڕێژەیی یان نزیککراوەین و هیچی تر. بۆیە لێرەوە دەکرێت و دەشتوانین حکومەتی ناوەندو هەرێم بەدوو شوێنی یاریکردن و گۆڕینی ژمارەکان پێناسەو ناوزەند بکەین .
بەهیوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەکەناڵە هەمەجۆرەکانەوە بۆ ئامادەسازی و کارکردن تاکو سەرژمێرییەکی ورد لەعێراق و هەرێمدا ئەنجامبدرێت و ڕزگارمان بێت لەم یاریکردنە بەداتاو ژمارەو دانیشتوانەکەشیەوە، چونکە عەیبەیەکی گەورەیە لەم سەردەمی جیهانگیری و پێشکەوتنەی بواری تەکنۆلۆژیایەدا نەزانیت و دڵنیا نەبیت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵات و هەرێم و شارو شارۆچکەوگەڕەکەکانیشت، بەڵکو ئەوەی لێی دڵنیا بیت تەنها ژمارەی خێزانەکەی خۆت بێت وهیچی تر.