ئامانج کەریم: زەمەنی وەستانی قەڵەمەکان.
هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت بەشێوەیەک لەشێوەکان نوسەر نەدەتوانێ لەقەڵەم ڕەوی ستایشدا بێت و نەدەتوانێ ڕەخنەگرێکی توند بێت،
هۆکارەکەیشی ئەویە شتێک نیە کرابێت بۆ سودی گشتی تا شایستەی ستایش و پیاهەڵدان بێت و ترسیش لەخراپتر بون و ئاڵۆزتر بونی دۆخەکە تاڕادەیەکی زۆر قەڵەم ڕەوی ڕەخنە گروو وتارە توندو ئاگرینەکانی ساڵانی لەمەو بەری وەستاندوە، ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک بۆ خوێنەر بێتە پێشەوەو بڵێت: بۆ لەمە خراپتر هەیە تا ڕوو بدات ؟!
بەڵێ خراپ و خراپتریش هەیە ….
قەیرانی دارای ئەگەر دەستکردی سیاسەتیش بێت، کۆمەڵێک قەیرانی تری بەدوای خۆیدا پەلکێش کردوە> هەر لە ناهەمواری و نا سەقام گیری دۆخی سیاسی نێوان لایەنەکان و تێکچونی دۆخی کۆمەڵایەتی و کۆچی گەنجان و نەمانی بەها ئەخلاقیەکان و زۆرێکی تریش زادەی قەیرانی داراییە، هەر وەک چۆن لەمێژە وتراوە کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە و برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە کە ئەم دوو ڕستەیە گەر شی بکرێتەوە نەک وتارێک، بەڵکو دەکرێ چەندین کتێبی لەسەر بنوسرێت، لەهەمان کاتیشدا قسەیەک هەیە کە دەڵێ ( لەتێریدا هار بوە ).
جڵەوی سیاسی گەر بەدەست سواری سیاسی لێزانەوە نەبێ لەهەردو بارەکەدا کاروانی مەملەکەت توشی چەندین گرفت و کێشەو دواکەوتن دەکات، واتە لەدۆخی قەیرانی ئابوریدا شیرازەی کۆمەڵگای پێ ڕاناگیرێت و مەملەکەت ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی تر دەکاتەوە، لەدۆخی تێریشدا یان هار دەبێ، یان بۆ هەمیشە سوار دەبێ!! مەملەکەتیش هەموی دەکاتە پیادە !!
هەڵبەت سیاسیەکان تەنها هۆکاری دۆخەکان نین بەباش و خراپیەوە، بەڵکو قەڵەم بەدەست و نوسەرەکان فاکتەری گەیاندنی سیاسیەکانن بەدۆخەکان. ئیدی یان بە سەرزەنشت و ڕەخنە ناچار بە هەنگاوی پەلە دەکرێن تا سیاسیەکان خۆیان لەنەشتەری وتاری ڕەخنە ئامێز قوتاربکەن و هەنگاوە پەلەکانیش تێکەڵ و پێکەڵ دەبن و هەڵدێران و کەوتنی سیاسی بەدوادێت و کەوتن و هەڵدێرانی سیاسیەکانیش کەوتنی هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە بەگشتی، یاخود بە ستایش و پیا هەڵدان ئیغرا دەکرێن و چاویان لەئاست کەمو کورتیەکاندا کوێر دەبێت و نایبینن گەر کۆمەڵگایش نانێکی کولەمەرگی هەبێ بەدەست کەوتو ئیمتیازی خۆیانی دەزانن!
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پاش لەدەست دانی دەرفەتی زێڕینی بودجەی لەسەدا حەڤدەی داهاتی دەوڵەتی عیراق کەلەسەردەمی خۆیدا دەگەیشتە هەرێمی کوردستان بێ کەمو کورتی، کەدەکرا ئەودەم ئەو داهاتە زۆرە بکرایەتە بنەمایەکی ئابوری بەهێز و پایەکانی دەوڵەتی لەسەر دابمەزرێندرایە کە بەداخەوە نەکرا،
دواتر بڕینی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عیراق بە بەهانەی سەربەخۆ کردن و سیاسەتی دەرهێنانی نەوت لەلایەن سەرانی هەرێمەوە کە کوردستانی بەم دۆخەی ئێستا گەیاند. لەو نێوەندەدا هەرێمی کوردستان بەدەربەندێکی تەنگەبەردا گوزەردەکات کە بەشێوەیەک لە شێوەکان و وەک هەست کردن بەبەرپرسیارێتی نەتەوەی و نیشتیمانی نوسەرو قەڵەم بەدەستەکان بەشێوەیەکی گشتی قەڵەمەکانیان وەستاندوە.