سۆران محه‌مه‌د: سه‌وڵ له به‌رمۆدای خود- عیشق- نیشتیمان دا.
لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی:
سه‌رده‌مانێك لهمهوپێش شاعیرانێك هه‌بوون گیانیان لێك نزیك بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و کۆڕی ئه‌ده‌بی و شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی دیاریکراو هه‌بوون پێکه‌وه‌ی گرێ ده‌دان، ئه‌وانیش ژماره‌یان به په‌نجه‌کان ده‌ژمێردران، به‌ڵام مه‌خابن هه‌ر زوو لێشاوی ته‌کنه‌لۆژی ئای تی و گۆڕانکارییه خێراکانی جیهانی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و ساتانه‌ی له زیهن و ژیاندا خێرا کوژانده‌وه‌و شاعیره‌کانیشی په‌رتکرد هه‌ریه‌ك به‌لایه‌کدا؛ ره‌نگه له‌م ساته‌دا هه‌ندێکیانم له‌یاد بێت و هه‌ندێکیشیان نا، بۆیه نامه‌وێت ناوی که‌س بهێنم، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم شاعیر (سیروان ناشاد) یه‌کێك بوو له‌و ده‌نگه گه‌رم و گوڕ‌و پڕ هه‌ڵچوونانه‌ی ده‌یویست به شیعر جیهان وێنا بکات.
له‌م رۆژانه‌دا که ده‌قی (سه‌وڵ)ی شاعیر سیروان ناشادم خوێنده‌وه، توشی رامانی کردم، ئیدی سه‌رکۆنه‌ی خۆمم کرد که بۆچی ده‌قێكی وا سه‌رنجڕاکێش و پڕ رهههندو کراوه هیچی ده‌رباره نه‌نووسراوه؟ وابزانم ئه‌و ده‌قه‌ش دوا ده‌قی ئه‌و شاعیره‌یه که چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له گۆڤاری (نووسه‌ری نوێ) بڵاوبووه‌وه‌و من ئاگاداری بم، ده‌قێکه له چه‌ند روویه‌که‌وه جێی تێڕامان و لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنه.
رۆڵان بارت وای ده‌بینێت: ئه‌ده‌ب کورتههڵناهێنێت له باش و خراپ‌دا، یان پۆلێن‌کردن و ڕیزکردنی ره‌گه‌زه‌کان، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که له‌رینه‌وه‌و جوڵه به‌رپا ده‌کات له‌ناو پۆلێنه کۆنه‌کاندا، بۆیه ئه‌و وای ده‌بینێت ده‌ق وه‌ستاو نییه‌و هه‌میشه له جوڵه‌ی به‌رده‌وامدایه که ده‌بێته هۆی تێپه‌ڕاندن و ئاوهاش ده‌قی چێژبه‌خش له لهدهستدانهکانهوه حاڵه‌ت ده‌خولقێنێت و پشوو ده‌گۆڕێت به شه‌که‌تیی.
پاش خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌م ده‌قه بڕیارمدا له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئاسته‌کانی لێدوان ده‌رباره‌ی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و شیعره دابه‌شی ئه‌م چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه بکه‌م، که خودی جیاکاریه‌کان زه‌مینه‌خۆشکه‌ری ئه‌م ده‌ستنیشانکردنه بوون:
1- ئاسته‌کانی گوتاری شیعریی.
2- سێکوچکه‌ی بونیاتی مانا.
3- ئاسته‌کانی ڕێزمان.
4- ئاسته‌نگه‌کانی ناو ده‌ق.
5- پارادۆکسه‌کان (لایه‌نی هونه‌ریی).
ئه‌م ده‌قه داده‌نرێت به ده‌قێکی فره ده‌نگ و چڕ، که هه‌ڵگری زیاتر له مانا‌و ده‌لاله‌تێکه، ئاسته‌کانی گوتار تیایدا هه‌ڵبه‌زو دابه‌زین ده‌کات له نێوان لێدوان له خود، بانگکردنی که‌سی نادیار، خودا، شۆخ، هاوڕێ، ئه‌وان، تۆ….
شاعیر له‌م شیعره‌دا سه‌ره‌تاو کۆتا کۆپله‌ی به (ماراسا) ده‌نووسێ، ئیتر ئایا مه‌به‌ست له‌مه که‌سیه‌تیه‌کانی ناو شانۆی ماراسادی نووسه‌ر (پیته‌ر وایس)ی فهرهنسییـه که له شه‌سته‌کاندا له واقیعیکی جۆشدراوی شۆرشدا نووسراوه، پێشی ده‌گوترێت: (شانۆی شۆڕش و کوشتن و گۆرانی و شێتی)،که باس له رۆلی نه‌خۆشانی ده‌رووونی و رۆشنبیری به‌رزو توانای داهێنه‌رانه ده‌کات ، به گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌ره، یان ئه‌وساو ئێستای وڵات.
ناوی (ماراساد)یش پێکهاته‌یه‌که له کۆتایی ههردووناوی که‌سایه‌تی ناو شانۆکه : (جان پۆل مارا) و (ماركيز دى ساد) پێکهاتووه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌مه هه‌ر گریمانهیهکهو شاعیر ره‌نگه بۆ خاتری زمانی شیعریی پیتی (د)ی له کۆتایی ناوه‌که‌دا نه‌نووسیبێت، یان ره‌نگه ناوێکی جوانی خه‌یاڵی بێت و شاعیر وه‌ك تازه‌گه‌رییه‌ك به‌کاریهێنابێت، وه‌ك چۆن ماراسا ساروفار بورتيكو – هوتێلێکی ناوداری ناوچه‌ی (راجكوت) ـه له هندستان.
به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه زیاتر بۆ به‌رچاو روونی خوێنه‌ران بوو، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا گه‌ر مانای تریشی هه‌بێت هیچی ئه‌وتۆ له ئاستی دیدو خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که ناگۆڕێت.
چۆن ده‌توانین ماراسا به‌سه‌ر رایه‌خی دڕکه زییا بخزێنینه نێو پێچهکانهوه
که شه‌لاڵی برینانین
یه‌که‌م/ ئاسته‌کانی گوتاری شیعریی:
له‌م شیعره‌دا به چڕی به‌ر کۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی ماناداری ناسۆراوی ده‌که‌وین له‌سه‌ر هه‌ر سێ هێڵی( ویژدان، سۆز، هزر) ده‌جوڵێن، که له پشت هه‌ر یه‌که‌یانه‌وه سه‌رگوزشته‌و به‌سه‌رهاتێك ره‌نگه هه‌بێت، که شاعیر توانیویه‌تی به زمانێكی جوانی شیعریی وه‌سفه‌کان بهۆنێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا به هه‌ڵبه‌زو دابه‌زه‌کانی ده‌قه‌که‌دا بمانبات و ئه‌و جیهانه کاولانهمان نیشان بدات که هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه داد‌و فیغانێکی بی ئاکامیان ده‌رباره ده‌کات که زه‌مه‌نیش تیایاندا په‌رت بووه به‌سه‌ر: (رابردووه‌کان، ئێستا)دا. له‌م جه‌نجاڵیه‌دا شاعیر چاوی ئاسۆکانی لێڵ ده‌بن و سه‌ر ئه‌وه‌ی ناپه‌رژێت بیرێك له نه‌خشه‌ی پرۆژه‌کانی داهاتوو بکاته‌وه، کاتێك باس له داهاتووش ده‌کات هه‌موو ڕێگاکان له‌به‌رده‌میدا ده‌گیرێن و تاکه وه‌ڵامێك ده‌ست ده‌خات که له‌سه‌ر دیوار‌و ده‌رگاکانی به‌خته‌وه‌ریی نووسراوه: (هه‌رگیز)
/ کامه‌رانی له نوکته ئێکسپایه‌ره‌کانی ژیان ده‌چێ/
*
/ هێشتا نه‌مانزانیوه سه‌رابه ڕێی ئه‌م غوربه‌ته نامانگه‌یه‌نێته هیچ
له نزای چهپڵهکانیش نه‌گه‌شتین
ئومێدی گوڵه دالیاکان به هه‌ڵه‌تی هه‌ڵدێریان بردین/
هه‌رچه‌نده بشیه‌وێت به کامه‌رانی بگات، به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌م ئاکامه مه‌حاڵه‌و مه‌گه‌ر هه‌ر داواخوازی ئه‌وه بێت له راناوی نه‌ناسراوی (ئه‌و) که به مه‌رگێکی هێمنی بسپێرێت. (مادام نه‌یتوانی دڵی چۆله‌که‌یه‌ك ئاشتکاتهوهو فرمێسکی مناڵه‌کان بسڕێت و نوزه‌ی مێرووله پانبووهکان ژیر بکاته‌وه)
/ خودایه!
تازه دڵی چۆلهکهیهکمان پێ ئاشت ناکرێته‌وه
به لیواری گۆسهبانهکهوه بوو به چلووره
ئیدی فرمێسکی ئه‌و منداڵه لیمان خۆش نابێ
بێ گوناهـ له ره‌حمی زه‌مه‌ندا مه‌یی
نوزه‌ی ئه‌و مێرووله‌یه نابڕێته‌وه به گه‌وره‌یی پێمان لێنا/
سه‌یروره‌تی تاوان ده‌رحه‌ق ئه‌م بوونه‌وه‌ر و شته بچوکانه ئیکۆیهکی ئازاراوی هه‌میشه‌یی له زه‌ین و ناخی به ئاگای شاعیردا جێهێشتووه که هه‌رگیز چاك نابێته‌وه‌و هه‌رگیزیش ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ریان و بیانگۆڕێت، ئه‌مه‌یه ده‌سه‌وسانی شاعیر به‌رانبه‌ر قه‌ده‌ری زاڵ ده‌رده‌خات و خود له‌به‌رده‌م ئه‌م به‌رداشه مه‌زنه‌دا زۆر سست و گرمۆڵه‌و بێ‌توانا و ده‌روون ساکاو ده‌بێت.
به‌ڵام گه‌ر بێینه سه‌ر شێوه‌ی ئه‌م مانایه وه‌ك (بونیاتگه‌راکان) به مه‌یدانێکی ئه‌زمونیی کاری خۆیانی ده‌زانن، ئه‌وا ده‌توانین به‌م جۆره شێوه گشتیه‌که نیگار بکه‌ین وه‌ك به‌ره‌نجامێکی خوێندنه‌وه‌ی کۆپله‌که:
نادادیی له‌گه‌ڵ لانه‌وازان——کۆتاییهاتوو———-ئازار———بێ‌کۆتایی
شاعیر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یه‌کسه‌ر به وه‌سفی موعاناته‌کان ده‌ستپێده‌کات پاشان دێته سه‌ر کارتێکه‌ریی ئه‌م موعاناتانه له‌سه‌ر خودی شاعیر‌و دواتر دێته سه‌ر هۆنینه‌وه‌ی ئازار‌و به‌شێک له موعاناتهکانی ده‌ره‌وه‌ی خود‌و هه‌روه‌ها ئه‌وانه وه‌ك ئه‌و خاوه‌نی زاتێکی مهرگهساتاوین، ئه‌مه‌ش چۆن کارتێکه‌ریی بووه به‌سه‌ر بنیاتنانی بێهوێدییهکی قووڵ به‌سه‌ر شیعره‌که‌و هه‌ستی شاعیره‌وه، جارانێك ده‌مانباته‌وه بۆ رابردوویه‌کی دوور‌و کۆسته‌کانی ئه‌نفال. جارانێکیش ده‌مانهێنێته‌وه بۆ واقیعێکی تاڵ به په‌شیمانبوونه‌وه له تاوان و سێبه‌ری خیانه‌ت و وێستگه‌ی کاڵبوونه‌وه‌و له‌ده‌ستدانی قه‌ناعه‌ت و ئایدیاکان که ساڵانێک له خهوندانی شاعیردا جموجۆڵیان بووه، ئاوها شاعیر د‌رك به فه‌رامۆشکردنی بوونه‌وه‌ره لاوازه‌کان ده‌کات و سه‌رکۆنه‌ی خۆی له‌سه‌ر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌سته‌مه گێڕانه‌وه‌ی چرکه ساته‌کان و هه‌ڵدانی کۆلاره‌ی منداڵی به په‌تی خۆشنوودیی و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی به‌رائه‌تی منداڵی:
/ به‌م قرچه‌ی سووتانه ئه‌سه‌ف که ناتوانین
کۆلاره‌کان به په‌تی خۆشنوودی هه‌ڵده‌ینه‌وه/
ئاوها سه‌وڵه‌کان له کار ده‌که‌ون و له سێ کوچکه‌ی به‌رمۆدای (خود- عه‌شق- نیشتیمان)دا شاعیر له ده‌ست و پێ ده‌که‌وێت و ته‌می دهسهوسانیی باڵی ره‌شی به‌سه‌ر ده‌قه‌که‌دا ده‌کێشێت.
دووه‌م/ سێکوچکه‌ی بونیاتی مانا:
ئه‌م ده‌قه به سه‌ر سێ بابه‌تی سه‌ره‌کیدا دابه‌ش ده‌بێت، که هه‌ر یه‌كه‌یان ته‌واوکه‌ری ئه‌وه‌ی تره‌و به هه‌رسێکیان سێگۆشه‌یه‌ك دروست ده‌که‌ن و که‌شی گشتی قه‌سیده‌که ده‌خه‌مڵێنن، له هه‌ندێك جێ‌دا خوێنه‌ر ده‌بێت له پشت زاراوه‌کانه‌وه ئه‌م سێ ره‌هه‌نده که‌شف بکات، له هه‌ندێك جێشدا ئاشکرا ره‌هه‌نده‌کان ماناکانیان ته‌عبیر له خۆ ده‌که‌ن و ئاسانتر خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ده‌ستیان بهێنێت. که ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك له (خود، عه‌شق، نیشتمان)ن. به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی هه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌که له‌خۆی کۆده‌کاته‌وه ده‌بێته خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان بریتییه له ناسۆرو ئازار‌و شکست و موعاناته‌کان، که ده‌توانین ئا لێره‌دا ده‌سته‌واژه به‌کارهاتووه‌کانی هه‌ر یه‌ك له‌م کۆڵه‌کانه ڕیز به‌ند بکه‌ین که له شیعره‌که‌دا به‌کارهاتوون تاکو زیاتر به دنیابینی شاعیر و دۆخی ده‌روونی شاعیر له ساتی نووسینی ده‌قه‌که‌دا ئاشنا ببین.
-خود: / مه‌مله‌که‌تێکم له کۆس و قۆچ/
-/ نیشتیمان: حه‌رفێك بوو نه‌خوێنرایه‌وه/
– / عیشق: نوشته‌یه‌ك بوو به‌تاڵکرا/
ئهلف/ خود: وه‌سفه جۆراوجۆره به‌کارهاتووه‌کانی خودی بێژه‌ر یان دانه‌ر، زیاتر له‌م ده‌سته‌واژانه‌ی شاعیردا چڕ ده‌بنه‌وه:
(جه‌سته‌ی سوتاو، له‌رزین، پێی شه‌قار، پێکراو، کفت و کهمجوڵهو که‌توو، سیغاری ژه‌نگاویم، به‌رچنه‌یه‌ك ژان، بۆکڕوزی نێڵهکانم، باڵا شه‌نگه‌بی له‌رزیو و ته‌زیو وتۆقیو و ڕچیو، تۆپه به‌فرینی وههم).
بێ/ نیشتمان: نیشتیمان به هه‌ردوو رووه مه‌جازیه‌که‌ی (ناخی شاعیر‌و نیشتیمانی واقیعی) یان ئه‌و وێنانه‌ی بۆ نیشتیمان کێشراون له چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌کدا ده‌ربڕینیان لێکراوه، که ئه‌وانیش له‌سه‌ر هه‌مان ره‌زم و ئیقاعی مانا به‌رجه‌سته‌کراون، که ئه‌مانه‌ن:
(تاریکستانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵچو، ته‌مێکی ڕێ ونکه‌ر، سارای سه‌راباوی، بیابانی لماوی، نیشتمانی ته‌پکه، حه‌رفێکی نه‌خوێندراوه، نیشتیمان لالهنگییهکی پاککراو، سه‌رابه ڕێی غوربه‌ت، ویستگه‌ی کاڵبوونه‌وه، گۆڕێکی به کۆمه‌ڵ، داره‌مه‌یت،مه‌مله‌که‌تی کۆس و قۆچ)
جیم/ عیشق:
ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی په‌یوه‌ستن به عه‌شق و مه‌عشوقه‌وه لێره‌دا پۆلێن ده‌که‌ین، جا ئایا ئه‌و عه‌شقه ره‌ها بێت و مه‌عشوقیش زیاد له زاتێك بێت، یاخود ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مرۆڤیش‌دا بێت ئاوها به‌رجه‌سته ده‌بن و له ده‌قه‌که‌دا جێیان پێ ده‌درێت، یان به له‌گه‌ڵ دوان یان به وه‌سفکردن به‌کارهێنرابن:
( سواخم ده و دامپۆشه با ئه‌م درزانه نه‌بینی، روو وه‌رگێڕه، سوێرهشکی عیشق، عیشق نووشتهبوو به‌تاڵکرا، خواردنه‌وه‌ی دوا نوزه‌م له پیاڵه‌یه‌کی شکاودا بخۆره‌وه)
له ئاکامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی هه‌ر یه‌ك له یه‌که جوداکانی ئه‌م سێ ره‌هه‌نده، ده‌گه‌ینه یه‌ك راستی ره‌ها که هه‌ر سێ کوچکه‌که پێکه‌وه گرێ ده‌دات و له خاڵی (ناسۆرو ئاکامی مه‌رگه‌ساته جیاوازه‌کاندا سێگۆشه‌یه‌ك پێکدێنن که من به (به‌رمۆدای ناسۆر) ناوی ده‌به‌م، وه‌ك له هێڵکاریی ژماره یه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت:
سێیه‌م/ ئاسته‌کانی ڕێزمان:
ناو/ ڕاناو/ جێناوه‌کان:
گیانی په‌ژموورده‌ی شاعیر له سه‌رجه‌م کۆپله‌و دێڕه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی راستهوخۆو ناراسته‌وخۆ ده‌رده‌که‌وێت، ته‌نانه‌ت گۆڕین و هه‌مه‌جۆریی ڕاناوی که‌سانی بانگکراو و وتوێژ له‌گه‌ڵکراو ئه‌م راستییه ده‌سه‌لمێنن، که چۆن شاعیر ته‌نانه‌ت جارانێك په‌نا ده‌باته به‌ر به‌کارهێنانی ڕاناوی ئه‌و، ئیتر به (ئه‌و)ێکی ئاڵۆز‌و نه‌ناسراو ده‌مێنێته‌وه تاکۆتایی ده‌قه‌که‌و لێره‌وه خوێنه‌ر چێژ ده‌با له خه‌مڵاندن و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی (ئه‌و)ی به‌کارهاتوو، کێیه‌و رۆڵی له‌م ده‌قه‌دا چییه؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت:
(ئێی به‌سته‌زمان) که ره‌نگه هه‌ر خودی شاعیریش بێت وه‌کو منێکی سایکۆلۆژی بووبێته (ئه‌و)و وتوێژی له‌گه‌ڵدا بکرێت، که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له شێوازی مه‌نه‌لۆگی شیعریی.
– ناو و جێناوه‌کان:
*شۆخ:
/ ئه‌ی شۆخ …دوانوزهم له پیاڵه‌یه‌کی لێو شکاودا بخۆره‌وه/
* خودایه: 4جار
/ خودایه چ حیکمه‌تێکه ئه‌م بوونه
چ سڕێکه ئه‌م گه‌ردوونه/
* هاوڕێ 2جار:
/ هاوڕێکانیش له بیابانێکی لماویدا جێیان هێشتین/
* نه‌نك 2جار:
/ زینده‌گی له حیکایه‌ته‌کانی نه‌نکم ده‌چوو نیوه شه‌وان/
* باپیر:
/ سوتووی جغاره عاره‌بییه‌که‌ی باپیره‌م/
* تۆ:
/ وه‌تده‌زانی به‌رسیله‌ی کامه‌رانی ده‌چنی/
* من:
/ من تۆزی ئه‌ودیو مێژووم پێوه‌یه/
* ئه‌و:
/ جا چۆن کچی پاشای به‌خته‌وه‌ریی ماره بکه‌ین؟/
/ تهعاروفێك له‌گه‌ڵ راهیبهیهکدا بکه‌ین/
* ئێمه:
/ تۆپه به‌فرینه‌کانی وه‌همین به‌سه‌رخۆدا دادهچۆڕێین /
هه‌روه‌ها کاراکته‌ری ئاژه‌ڵه لاواز‌و بچوك و پاک‌و دڵڕفێنهکانیش که هێمای ئازادی و ساده‌یی و جوانین بێبه‌ش نه‌بوون له‌م ده‌قه‌دا وه‌کو که‌ره‌سه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی رازاندنه‌وه‌و گه‌یاندنی ماناکانی ده‌ق که ئه‌وانیش:
(که‌و، سوێسکه، ماسی، پۆڕ، باڵنده، مێرووله)ن.
4چواره‌م/ ئاسته‌نگه‌کانی ناو ده‌ق:
وه‌ك چۆن شاعیر له‌سه‌ره‌تاو دوا کۆپله‌دا له پڕکردنه‌وه‌ی پێچه‌کان به دوای خه‌می فریادڕه‌س عه‌وداڵ ده‌بێت، له کاتێکدا زه‌مین رایه‌خی دڕکه زییهو برینانیش شه‌لالی خوێنن، ئه‌وا شاعیر رووبه‌رووی چه‌ند ئاسته‌نگێکی جودا ده‌بێته که بڕسکی لێده‌بڕن و هه‌موو ساتێك جۆرێکی جیاواز ناهومێدیی تێدا ده‌ڕوێنن که له کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌مێنێته‌وه له گه‌وره‌یی ئازاره‌کان رابمێنین و له‌گه‌ڵ شاعیردا به‌شداری کۆسپ و خه‌مه‌کان بین، تا که‌مێك باری سه‌رشانی سوک بێت.
له سه‌راپای تانوپۆی ده‌قه‌که‌دا ئه‌م ئاسته‌نگانه ده‌رده‌که‌ون و هه‌ر جارێك له وێنه‌یه‌کی شیعری جیاواز‌و مانایه‌کی تراژیداویدا خۆیان نمایش ده‌که‌ن:
/ به‌م قیبله نوما ژه‌نگاوییه‌وه چۆن له تاریکستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره هه‌ڵچووه ڕێ ده‌رکه‌ین
که غه‌ریقی به‌حری تاوانین/
*
/ له کام ره‌زا به‌رچنه‌یه‌ك ژانی یاقوتییت چنی لێم بگه‌ڕێ
که به‌سه‌ر که‌لاوه‌یه‌کی سوتاوه‌ی گه‌رمێندا که‌وتی من ڕازه چاو خۆڵه‌مێشییه‌که‌م/
ئه‌م توخمانه‌ش ئاوها دابه‌ش ده‌بن و لیکدانه‌وه‌یان بۆ ده‌کرێت:
(1- قیبله‌نومای ژه‌نگاوی: نه‌خشه‌ڕێی جوڵان و دۆزینه‌وه‌کان.
2-ده‌ڤه‌ری هه‌ڵچوو: به‌مانای شوێن وه‌ك سه‌نته‌رێك بۆ سه‌رلێتێكچوون.
3-خیانه‌ت: له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان.
4- گوناهـ: له‌سه‌ر ئاستی خودی وتوێژکهرو دانه‌ر.
5- موعاناته‌کان و مه‌رگه‌ساته‌کان: به‌ره‌نجامی کۆی ئه‌و 4 پێکهاته‌ی سه‌ره‌وه‌ن که شاعیر وه‌كو زات و بابه‌ت توشی قه‌یرانی هیواو به‌خته‌وه‌ریی دێت) وه‌ك ده‌ڵێت:
/ ئه‌ی پاشماوه‌ی مه‌رگه‌ساته‌کان
روو وه‌رگێڕه فریای بۆکڕوزی نێڵهکانم ناکه‌وی
سیغاره ژه‌نگاویه‌که‌ی ڕۆژگارم/
که لێره‌شدا ده‌توانین به هێڵکاری ژماره دوو ئه‌م مه‌به‌سته زیاتر روون بکه‌ینه‌وه:
پێنجه‌م/ پارادۆکسه‌کان (لایه‌نی هونه‌ریی):
له‌م ده‌قه شیعریه‌دا به‌ر چه‌ند پارادۆکسێکی نوێ ده‌که‌وین، که زیاتر وێنه شیعریه‌کان تازه ده‌که‌نه‌وه‌و به‌های ئیستاتیکی ده‌قه‌که به‌رز ده‌که‌نه‌وه، که له وێنه‌ی شیعری سه‌رنجڕاکێشدا جێیان کراوه‌ته‌وه‌و ئاماژه به‌م دوو وێنه‌یه ده‌ده‌ین:
1. / وه‌ره هاوڕێ له ژێر ئه‌م (بی)یه ره‌زا قورسه‌دا
دیژلهمهیهکی کامه‌رانی فڕ که‌ین/
لای هه‌موو شاعیرانی تر (داربی) به رووه جوان و شۆخه‌که‌ی به‌کاردێت و ده‌شوبهێنرێت، به‌ڵام لێره‌دا به هۆی دنیابینی و که‌شی ره‌شی قه‌سیده‌که‌وه (دار بی)یه‌کانیش ره‌زایان قورسه، له لایه‌کی تره‌وه هه‌میشه چای تاڵ ناخۆش و دڵتنهگکهره، که‌چی لێره‌دا به‌کاردێت وه‌ك هۆکاری فه‌راهه‌مهێنانی کامه‌رانی، که ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌و مانا له‌م پارادۆکسه‌دا پێچه‌وانه ده‌کاته‌وه‌و ئاوها کۆکراونه‌ته‌وه:
داربی: ناشرین——دیدگای مهرگهساتاویی
چای تاڵ: کامه‌رانی——– که‌واته خۆشی و ناخۆشییه‌کان هه‌ر یه‌کن که تاڵن
*
2. / شاتووه‌کانی فیراق لێره به‌ر ده‌گرن
دره‌خته‌کانی موعانات هه‌میشه سه‌وز/
جارێکی تر شاتوو و دره‌خت مایه‌ی ئاسووده‌یی و گه‌شه‌و خۆشیهێنه، به‌ڵام لێره‌دا به پێچه‌وانه‌ی مانای خۆیانه‌وه سوودیان لێبینراوه به خستنه پاڵی فیراق و موعانات بۆ هه‌ردووکیان، که دووباره ئه‌مه‌ش هه‌ر خزمه‌ت به سیاقی گشتی مانا‌و که‌ش و دیدگای شیعریی شاعیر ده‌کات. که تونراوه له شوێنی خۆیاندا شیاو به‌کاربهێنن و شاعیر داهێنانیان تیا بکات:
3- ئه‌ودیوی ره‌شبینی:
ئه‌وه‌ی لای زۆربه‌مان خوێندراوه‌ته‌وه‌و زانراوه به‌کارهێنانی خۆڵه‌مێشی(ماتریال)ـه بۆ جه‌سه‌دی(ماتریاڵ) و وه‌کو دوو هاوتا به‌کاردێن و به‌مه‌ش مانا باوه‌که‌ی به‌دیدێنێت، که‌چی زۆر ناوازانه لێره‌دا به‌ر ئه‌و مه‌جازه ناوازه‌یه ده‌که‌وین که راده‌ی تراژیدی و ناسۆره‌کان چۆن نه‌ك به‌س ئێسقانی کون کردووه، به‌ڵکو رۆحی (میتافیزیك)یشی سووتاندووه‌و کردوویه‌تی به خۆڵه‌مێش که ئه‌مه به‌س له دنیای فانتازیدا ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌مه‌ش ره‌وانبێژییه‌کی جوانه بۆ ده‌رخستنی ڕێژه‌ی قوربانی و سووتان. لیره‌دا شاعیر داوا ده‌کات و به هاوڕێیه‌ك که نازانین کێیه‌و له چ ئاراسته‌یه‌که‌وه هاوڕێی شاعیره‌و له‌سه‌ر چ ڕێیه‌ك رۆژێك له رۆژان کۆبوونه‌ته‌وه یان له دۆخی ئێستادا هاوڕێن (چونکه له ده‌قه‌که‌دا باس نه‌کراوه) به‌لام ئاوها به شێوه‌یه‌کی فانتازیائامێز داوای لێده‌کات:
/ ببه نه‌رمه(با)یه‌کی ته‌زیو خۆڵه‌مێشی ئه‌م رۆحه بڕهقسێنه/
سه‌رچاوه‌کان:
……………..
Roland Barthes ,The Pleasure of the Text.. Translated by: Richard Miller, 23rd prnt-1
Marat/Sade Written by Peter Weiss, 2012-2
3-گۆڤاری نووسه‌ری نوێ . ژماره 65. تشرینی یه‌که‌می 2013، هه‌ولێر.