ئەرکان محەمەد: کلتوری بە بنەماڵەیکردن لەحیزبەوە بۆ حکومەت.
لە ساڵانی ڕابردودا، مۆرکی بنەماڵەی تەنیا لەنێو حیزبەکان نەریت بو، بەڵام لەدوای هەڵکشانی تەمەنی پیاوانی شاخ، ئیدی نەوەکانیان بنەماڵەییان کردە کلتور و بۆ ناو حکومەت و سەرجەم دەسەڵاتەکانی دیکەش گواسترایەوە. باشترین نمونەش کە هاوشێوەی هەموو پارت و بنەماڵەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراستن، خودی مەسعود بارزانیە کەماوەیەکە دەستی بەجوڵەکردوە بۆ پێدانی میرات بە نەوەی دووەم لەبنەماڵەکەی، ئەوەش لە کۆنتڕۆڵکردنی كاروبارەكانی ناوخۆی حیزبەكەی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە، ئەوەشمان بیرنەچێت لەدوای تێپەڕینی سێ چارەکە سەدە بەسەردامەزراندنی پارتی دیموکرات تا ئێستا سێ سەرۆکی گۆڕیوە کەباوکێک و دوو برابون!
مەسعودبارزانی تەنیا لەپێناو پشتگیریکردنی کوڕو برازاکەی لەلایەن پارتەکانی ناوخۆی هەرێم و عێراق ئامادەیە سازشی گەورە بکات، کە خۆی لەڕێکەوتنی نەوتی دەبینێتەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، تەنیا لەپێناو دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لەماوەی فەرمانڕەوای مەسرور بارزانی توشی هیچ گرژی و ئاڵۆزییەگ نەبێت، هەرچی پەیوەندی بەناوخۆی هەرێمیش هەیە بەژداری پێکردنی بەشێک لەلایەنەکانە لەحکومەتی هەرێم کە مەبەستیەتی جۆرێک لەیەک دەنگی دروست بکەن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی لەبەرژەوەندی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام بەکەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بەجۆرێک یان هاوسەنگی هەبێت لەنێوان دەسەڵاتی ئامۆزاکان یان مەسرور لەژێر فەرمانی نێچیرڤان نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێدەچێت لە داهاتویەکی نزیکدا پڕۆژەی دەستوری هەرێم بخرێتە ڕاپرسیەوە.
بەگەیشتی ئەم دوو کەسە کە خودی نێچیرڤان بارزانی کە لە هەمانکات برازاو زاوای مەسعوود بارزانیە 16 ساڵە پۆستی سەرۆکی حکومەتی لایە، کەتەنانەت لەسەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەمەستی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان نەیتوانی پشتگیری تەنیا یەک وڵاتی بۆ بەدەستبهێنێت،
لەهەمان کاتیش مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعودبارزانی چەندین ساڵە بەرپرسی دەزگایی پاراستنی حیزبەکەیەتی و لەدوای دامەزراندنی پۆستی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەم پۆستەی پێدراوە،
لەئێستادا ئەوەبەڕونی دیارە کەمەسعودبارزانی مەبەستیەتی برازاکەی لەناوەندی بڕیار دووربخاتەوە و کوڕەکەی بکاتە خاوەن دەسەڵات، كە مەسعود بارزانی وەك كەلتوری هەموو حیزبە بنەماڵەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، دەیەوێت میراتی دەسەڵاتداری کوردستان كوردو حیزبەكەی بداتە دەست كوڕەكەی، لەم چوارچێوەش بارزانی لەهەمو چاوپێکەوتن و سەردانەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆی دەبات، کەتازەترینی سەردان لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بو بۆ بەغدادو ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردە عێراقیەکان کە بۆ ئاشناکردنی کوڕەکەی بوە بەبڕیاربەدەستانی عێراق و لەهەمانکاتیش پەیامی ئاوابونی خۆری دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی گەیاند.