مەحمود عەبدوڵڵا: دوو کتێب بۆ دادگاییکردنی دوو شۆڕش.
بێشک ئەگەر کارلمای هاتبایە کوردستان و شۆڕشی دیتبا، چیرۆکەکەی ناوی”بەناو شۆڕشی دڕندەدا” دەبو، نەک بەناو کوردستانی دڕندەدا. ئەگەر ڕژێم فێری نیشتیمان پەروەری کردبین، ئەوا شۆڕش وایکرد ڕقمان لەهەموشتێک بێتەوە.
لەم دواییانەدا، دوو کتێبی بیرەوەری چاپکران، دوای مردنی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی. ” مامۆستاو قوتابی شۆڕش و کوردایەتی.
هەردوو کتێبە کە لەلایەن دوو کەسایەتی نوسراون کە خۆیان لەناو شۆڕشدا بوون، نەوەی دوای ڕاپەڕین نین کە بڵێن ستەمی بەعسیان نەدیوە بۆیە ڕەخنە لەم واقیعەی ئێستا دەگرن. هەڤاڵ کوێستانی ئەدیب و پێشمەرگە، بەنوسینی ” ئەوڕۆژانەی نیشتیمان هی هەموان بو ” دکتۆر فایق گوڵپی پزیشک و پێشمەرگە بەنوسینی” کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم، زۆر لایەنی شاراوەی شۆڕش و کوردایەتی ئاشکرادەکەن، دەتوانم بڵێم هەردوو شۆڕش” ئەیلول و نوێ” دادگایی دەکەن. ئەم دوو کتێبە جیاوازن، لەبەر ئەوەی مێنتەلێت و جۆری بیرکردنەوەی سەرکردەکانمان بۆ ئاشکرادەکەن.
بەخوێندنەوەی ئەم بیرەوەریانە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە، شۆڕش جەنگەڵێکە پڕە لە دڕندە، لەوێدا بەهێزەکان لاوازەکان لەناو دەبەن، لە شۆڕشدا هێز قانونە، پەروەردە و دادگا گۆچان و قسەی زبرە، سەرکردەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گیانی هەزاران پێشمەرگەی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەکەنە قوربانی، ئەگەر بەر ژەوەندی وڵات و حیزب تێک بگیرێن ئەوە حیزب هەڵدە بژێرن، سەرکردەکان بێ فیکرو بێ ستراتیژن، شەڕی ناوخۆ شەڕی سەرەکییە نەک شەڕی دوژمن، تیرۆری سیاسی شتێکی ئاساییە، کوشتنی برا لەتۆڵەی برادا شتێکی باوە یان کوشتنی باوک لە جیاتی کوڕ، پیلانگێڕی و دەعوەتکردن بۆ کۆمەڵکوژی نەیارانی حیزب، دیلکوشتن، ڕقەبەرایەتی تا ئاستی فاشیزم، سود وەرگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان بۆ ئەوەی ببنە لایەنگری ئەو حیزبەی کە کوڕەکەیان لەگەڵیدابوەو شەهید بووە ” تا ئێستاش بەم شێوەیەیە” و شەهیدان دەکەنە ڕێگایەک بۆ پەیداکردنی کادرو ئەندامی حیزب .
دکتۆر فایق دەڵێت: خانەوادەی شەهیدان سەرچاوەی پەیداکردنی ئەندا م و کادیری حیزبن “، چونکە برایەکی شەهیدی ئەیلولە پدک هەوڵدەدات لەبەر خاتری براکەی ببێتە پارتی! ئەم عەقڵیەتە پێمان دەڵێت: ینک و پدک بۆیە شانازی بە شەهیدانەوە ئەکەن تا لایەنگرانیان زیادبێت! لەسەر خوێنی شەهیدان خۆیان قەڵەو دەکەن.
سەردەمی هەردوو شۆڕش، سەردەمێکە دەکرێت پێی بوترێت سەردەمی جەهالەت، یان دۆخی سروشتی کۆمەڵگا کە هەموان شەڕی هەموان دەکەن. پێشبڕکێیە لە سەر ئەوەی کامیان لە گەڵ ڕژێم گفتوگۆبکات ئەوە نەیارەکانی فت دەکات.
هەڤاڵ کوێستانی دەڵێت: محمود عسمان وتی: ئەگەر ڕژێم لەگەڵ ئێمە ڕێک بکەوێت، دەبێت جانتاکەی هەڵبگرێت و بچێتەوە سوریا ” لە شۆڕشدا دروستکردنی حیزب لەناو حیزبدا، کوشتنی بە کۆمەڵ هەیە بۆ لەناو بردنی حیزب یان باڵێک، دروستکردن و پشتگیریکردنی حیزبێک هەیە بۆ بەرژەوەندی سەرکردەیەک تا لە کاتی پێویست سودی لێوەربگیرێت و بۆنزیک بونەوە لە عیڕاق و ئێران، وەک ئەوەی کە ینک پشتگیری لەشکری ئیسلامی دەکات، بەڵام هەر خۆی پەلاماری دەدات و کۆیدەکاتوە، چونکە بەرژەوەندی وادەخوازێت. ئەوەتا دەبینین ئێستاش ینک ڕێگری لە تەڤگەر دەکات بۆ بەرژە وەندی خۆی؟ ، کەدیارە پێشتریش هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕێگای پێداون.
سەرکردەکانی شۆڕش لەجیاتی پەروەردەکردنی پێشمەرگەو لێک نزیکردنەوە و کۆکردنەوەی هێزی گەل بۆڕووبەڕووبونەوە، هەوڵدەدەن تۆوی ڕق و دوژمنایەتی بچێنن لە ناخیاندا، شۆڕشێک گیانی برایەتی پەرە پێنەدات دەبێت هەر خۆی بخوات. شۆڕشێک هانی ڕۆشنبیری سیاسی نەدات دیارە سەرکردەکانی دەیانەوێت تەنیا خۆیان بزانن چی دەکەن بۆ ئەوەی هەمیشە چەپڵەیان بۆ لێبدرێت. ئەوەتا دکتۆر فایق دەڵێت: دوای ئەوەی نەوشیروان کۆڕێکی بەڕێوەبرد و قسەی بۆ ئامادەبوان کرد، لێم پرسی چی بخوێنینەوە باشە؟ نەوشیروان جوابی نەدامەوە.
کاتێک لەناو شۆڕشدا کەسێک لەسەرکردە بەتواناتربێت یان خۆشەویستتربێت پیلانی لێدەگێڕن! ئەوەتا لە ئاهەنگی نەورۆزی سورداش مامەڕیشە سەرو دڵی سەرکردەکان دەگرێت چونکە لەناو خەڵکدا خۆشەویستە، ئەم بابەتە هەردوو نوسەر دەیگێڕنەوە، کە چۆن سەرکردەکان لەکاریگەری مامە ڕیشە توڕەن، ئەمەش واتا سەرکردەکان تا ئەمرن نا بێت کەس هەبێت لەخۆیان خۆشەویستتر، بۆئەوەی دوای خۆشیان لەکوڕەکانیان زیاتر کەس نەبێت جڵەوی حیزب بگرێتە دەست.
بە خوێندنەوەی ئەم دوو کتێبە دەگەینە ئەو ئەنجامەی شتێک نییە ناوی شۆڕش بێت، ئەوەی هەیە کۆمەڵێک سەرکردەی سایکۆپات لە پێناو خۆیان خەڵک بەکوشت ئەدەن، تەنانەت تا کاتی گفتوگۆ نازانن پڕۆژەیان چییە بۆ گفتوگۆ لە گەڵ حکومەت.
لە شۆڕشی ئەیلول سەدام پێشنیاری حوکمی زاتی بۆ وەفدی کوردی دەکات! لە شۆڕشی نوێ سەرکردەکان دوای ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ڕژێم ئەوسا کۆدەبنەوە ئاخۆ پڕۆژەکەیان چی بێت! وەک دکتۆر فایق دەڵێت : ئەمانە بێ ستراتیژ بون و بەرنامەی ڕۆژانەیان دادەنا. بەخوێندنەوەی ئەم کتێبە تێدەگەین، کاتێک ڕاگەیاندنی حیزبێک خەریکی ڕەشکردنی کە سێکە لەبەرچاوی خەڵک، ئەوە لە ژێرەوە حیزب خەریکی کڕینیەتی! لە ڕق لێکبونەوەدا ئەوەی قازانج دەکات تەنیا سەرکردەکانن، چونکە بە ڕقە بەرایەتی کۆمەڵێک موریدی ڕق بۆخۆیان دروست دەکەن، پاشان هەر ڕەفتارێکی فاشیستانە بنوێنن بەرامبەر ئەوا ڕق شەفاعەتیان بۆدەکات، ئەگەر ڕق نەبوایە ئەوا ئەم سەرکردانە نەیان ئەتوانی شەڕی ناوخۆبکەن، دیلبکوژن و… هێشتاش خەڵکی چەپڵەیان بۆلێبدات، هەمووشیان یەک عەقڵیەت و یەک بیرکردنەوەیان هەیە. بۆیە ئەم ئەم دوو کتێبە دەکرێت وەک دوو سەرچاوەی ڕاستی ڕوداوەکانی شۆڕش ببیندرێن و، لەوێوە حوکم لە سەر شۆڕش بدەین . لەوێوە تەماشای شۆڕشبکەین و بزانین کە سەرکردەکانی شۆڕش، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ هەمویان بە پلەی جیاواز عەشایەری و خێڵەکی و کۆنە پارێز و نادیموکرات بوون.
وەک کورد دەڵێت: لە بێ کەسی ڕەجەب پاڵەیە ” ئەگینا ئەمانە شیاوی سەرکردایەتی کورد نەبوون، و لە کێشەی سیاسی کورد بچوکتربون، شۆڕش بەدەستی خۆی هەزاران مرۆڤی پاک و دڵسۆزی لەناو برد، شۆڕش بەسەر تەرمی نیشتیمان پەروەراندا گەیشتە ڕاپەڕین، کاتێک لە شاریش گەڕای شەڕو ڕقیان داناو چوارساڵ شەڕی یەکتریان کرد، ئینجا وتیان ئێمە دژی ئەوشەڕە بوین، ئەو شەڕە لە قەڵادزێ دەستی پێکرد، وەک بڵێی خۆیان نە زانن ئەمشەڕە لە شەستەکانەوە دەستی پێکرد بو! ئەم میللەتە بە نەزان و نەفام ئەزانن. ئەمانە لەشاخیش دوژمنی سەرەکیان حیزبی ڕکابەربووە.
ئەو کتێبانە دەبێت بخوێندرێنەوە، دەبێت ڕوداوەکانی شۆڕش بکرێنە وانەی مێژوو، دەبێت وەک چۆن پێویستە ملازم محسین بناسین، ئاواش عەبدولوەهاب ئەتروشی بناسین. وەک چۆن پێویستە ستەمی بەعس نەفرەت بکەین، ئاواش ستەمی کوردایەتی نەفرەت بکەین.
ڕوداوەکانی ناو ئەم دوو کتێبە هێندەی کیمایی باران و ئەنفال مرۆڤی هۆشیاری کورد ئازار دەدەن. تا شۆڕشیش دادگایی نەکرێت هیچ گۆڕانکاری لەکوردستان ڕونادات. دەبێت چیتر خەڵک مەیدانی سیاسی بۆ حیزب چۆڵ نەکات، بەدژایەتی ئەم حیزب و لایەنگیری ئەوی تر نیشتیمان پەروەری خۆی نەفرۆشێتەوە، ئەمە کلتوری شاخە، ئێمە دەبێت سەرلەنوێ خۆمان دروستبکەینەوە، تا لە پۆخڵەواتی شۆڕش ڕزگارببین، دەبێت یەقینمان هەبێت کە ئەم سەردەمە” سەردەمی جەهالەتە” و کاتێک ڕەفتارێکی حیزبیانە ئەنجام ئەدەین، دەست بەجێ پەشیمان ببینەوە. تا بتوانین بەخۆمان بڵێین نیشتیمانپەروەر و مرۆڤ پەروەر .