عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: گەندەڵی و مافی مرۆڤ.
دوێنێ 12. 9 و ئەمڕۆ 12.10 وەک دوو ڕۆژی جیهانی دیاریکروان، یەکەمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، و دووەمیشیان بۆ مافی مرۆڤ.
بەبڕوای من هیچیان پێویستی بەدیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت نیە چونکە گەندەڵی هێندە بەربڵاوو فروانە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ دەبێت ڕووبەڕوویان ببینەوە.
مرۆڤەکانیش پێویستیان بەوەیە هەموو کات مافپارێزراوبن و لە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین. گەندەڵی مرۆڤەکان دەیکەن، و مرۆڤەکانیش سەرچاوەی دروستبوونی گەندەڵین.
مەترسیەکانی گەندەڵی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان لەدوای تێرۆرەوە دێت لەڕووی هەڕەشەوە بۆسەر کۆمەڵگاومرۆڤایەتی.
مرۆڤیش گەورەترین و زیرەکترین بونەوەری سەرزەوییە لەڕووی ژیریی و مەعریفەوە، بۆیە بۆ بەگژاچونەوەی مەترسیەکی زەبەلاح و ترسناکی وەک گەندەڵی ئەوە پێویستی بەعەقڵی بونەوەرە گەورەوژیرەکانە لەسەر زەمینی واقیعدا.
بەداخەوە لەساڵانی ڕابردوودا گەر گەندەڵی و مشەخۆری حاڵەت بوبێت، لەئێستادا تەشەنەیکردوەو بۆتە دیاردەیەکی ترسناک و مەترسیدار لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، لەوەش خراپتر هێندە خراپ ئەو پەتایە تەشەنەیکردوەو مرۆڤەکانی تێوەئاڵاوگلاوە خەریکە گەندەڵی دەبێت یان دەکرێته بەرژەوەندی گشتی.
بۆیە مرۆڤەکان پێویست دەکات لەچەند ئاستێکدا لەڕێی دامەزراوە فەرمی و نافەرمیەکانیشەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵکارانیش ببنەوە.
لەدنیادا مرۆڤەگەندەڵەکان شەرمەزارو ڕیسوا دەکرێن، بەڵام لەم مەملەکەتەی ئێمەدا پۆست و پایەی زیاتریان پێ دەدرێت، لەوڵاتانی تر هەرکەس گەندەڵکارێک ئاشکرا بکات جگەلە ڕێزلێنانی تایبەت خەڵاتی ئازایەتیشی دەکرێت، کەچی لەم هەرێم ووڵاتەدا ئەوەی گەندەڵی ئاشکرادەکات لەلایەن گەندەڵکارەکەوە ژیانی دەخرێتە مەترسیەوە.
لەم هەرێمەی لەمەڕخۆماندا هەموو شتەکان پێچەوانە دەبنەوە گەندەڵکاری ڕۆژ گاڵتە بەمشەخۆری شەو دەکات و مشەخۆرەکانیش پێکەنینیان بە مشورخۆرەکان دێت.
بۆیە هێندە بەسە بوترێت گەر ڕووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی شەرمەزارکردنی گەندەڵکاران نەکرێتە کلتورێکی هەمیشەیی و بەتەواوی نەچەسپێنرێت لەناخ و هزرماندا ئەوا دوور نیە لەچەند ساڵێکی داهاتوی نزیکدا گەندەڵکاران ڕۆحمان بەشێنەیی و دەست جەمعی دەکێشن.
گرنگ نیە ڕۆژێک بۆ دژەگەندەڵی و ڕۆژێ بۆمافەکانمان هەبێت، گرنگتر لەوە سازو ئامادەبونمانە بۆ چاکسازی و پاراستنی شکۆی مرۆڤبونمان.