کاوسێن بابەکر: ئەمریکا دیسان کورد دەکاتەوە قوربانی؟
ڕوداوەکان خێراترو شەڕەکان گەرمتر دەبن هەرچەند داعش بەرەو لەناوچوون چووە هیچ نەبێ لەسەر ئاستی جوگرافی. گەورەترین شەڕکەری شەڕی داعشیش کە هەموو دونیا و، ببەتایبەت ئەمریکا بەردەوام بە ئازاو جەنگاوەری باش وەسفیان دەکات. کوردە لەهەموانیش زیاتر بونەتە قوربانی ئەم جەنگەو تائێستاش زیاتر لە 3هەزار ئێزدی کورد لەژێر کەڵپەی داعشدا ماون، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرانبەر بەم گیانفیداییە چی بووە؟
لە 16 ئۆکتۆبەردا کەرکوک و دوز و شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکان کەوتنەوە بەر شاڵاوی هێزی حەشدی شەعبی، کە دروستکراوی ئێرانن و، ئەمریکا داوای هەڵوەشانەوەیان دەکا. کەچی ئەمریکاو هاوپەیمانان وەک ڕێکەوتننامەی رانەگەیاندراویان لەگەل ئێران هەبێ ناڕاستەوخۆ پشتیوانی داگیرکاریەکە بون. لەکوردستانی ڕۆژاواش دوای عەفرین تورکیا چەندین پەلاماری بەڕێخستووە، هەر لەبۆردومانکردنی گوندەکانی باشوری کوردستان و شەهیدکردنی جوتیاران، کۆتا هێرشیش لەچەند سەعاتی ڕابرودودا بوو بۆ سەر دەوروبەری مەخموروچیای قەرەچوغ، کەچوار ژن شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار.
ئەردۆگان ئۆقرەی لێ هەڵگیراوەو ئەمەشی نەشاردۆتەوە، بەردەوام هەڕەشەی هێڕش دەکات بۆ سەر هەسەدەو یەپەگە،کەدەبینێ تاکە هێزی سەرکەوتوو لێبڕاو لەشەری داعش لە سوریا ئەوانن و، هەجین کەدوا شاریان بوو لەدەستی دەرهێنان و ئەمریکاش بەخاتری ئەم جەنگە ڕاستگۆیانەی کورد هاوکاری کردوون، بەڵام هاوکاریەکان، تائێستا هەر بۆ ئەوە بوون توانای شەریان هەبێ لەگەڵ داعش و، هیچ ڕەهەندێکی سیاسی نەبوە. هیچ نەبێ تائێستا، گردو کۆشیەکەی ئەمریکا و ئەو پشیپشیەی بۆ تورکیای دەکات بۆ دوورخستنەوەی لەئێران بۆ سەخت ترکردنی ئابڵوقەی ئابوریەکەی و دورخسنەوەی لە ڕوسیا بۆ وازهێنان لەبازرگانی چەک لەگەڵیدا بەتایبەت سارۆخی s400. دیسان قوربانی بوونەوەی کوردو بێ ئەخلاقی سیاسەت دووپات دەکاتەوەو ئەوەمان بیردێنێتەوە کە کاتێ لەهینری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا دەپرسن بۆ پشتیوانیتان لەمەلامستەفاو شۆڕشی کورد لەساڵی 1975نەکرد؟ لەوڵامدادەڵێ: ئاخر کورد نەدەیتوانی بەرژەوەندیەکانمان بپارێزێ و نەمەترسیش بوون بۆ سەر بەرژەوەندیەکانمان!
هەموو ئاماژەکانیش بۆئەوەدەچن کورد هاوڕێی نیوە ڕیگابێت و، ئەمریکا نەتوانێ تاسەر ڕێگری لەتورکیا بکات و پێدرێژیەکانی بۆ سەر کورد بوەستێنێ و بەمەش دیسان کورد دەکەوێتەوە ناوشەڕێکی بێ ئەمان، کەکۆتاییەکەی دیارنییە. هەرچەند هێزی یەپەگەو هەسەدە لەگەڵ سوپای تورکیا بەراورد ناکرێ، بەڵام بەیەکێتی و هاوکاری هەموو هێزەسیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، تورکیا بەئاسانی ناتوانی نەتەوەیەک لەناوبەرێ کە بڕیاری ئازادی داوە، هیچ لایەکیش با خۆی هەڵنەخەڵەتێنی و پێی وابێ شەڕی کوردستانی ڕۆژاوا پەیەوەندی بەئەوانەوە نییە. سەرکوتی هەر بزوتنەوەیەکی کوردی سەرکوتی خەونەکانی کوردەو، هێندەیتر کاروانی سەربەخۆیی دوور دەخاتەوە.