نەوزاد جەمال: خوێندنی فەلسەفە هەرایەکی لەسعودیە نایەوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
بیرم دێت کەساڵی (2008)بەشی فەلسەفە لەزانکۆی سەلاحەدین/ هەولێر کرایەوە، لەسەر دیواری رارەوێک نووسرا بوو: ‘بەرەو بەشی جەهەنەم’. تەنانەت کاردانەوەکان گەیشتە لیژنەی پەروەردەو خوێندنی پەرلەمان. لەوێوە کەیسێک جوڵێنرا کە بەشەکە بێباوەڕی بڵاودەکاتەوە! هەندێک مامۆستا لە وتاری هەینی و رابەری سەلەفیەکانیش ( کاریگەر بە گوتاری ئیسلامی سعودیە) هێریشی کردەسەر فەلسەفەو بەوشەی نەشیاو وەسفیکرد!
بەم جۆرە فەلسەفە لەکوردستاندا، پێشوازی لێکرا. ئەگەرچی تەنها لەئاستی زانکۆدا فەلسەفە جێکەوت، بەڵام ئێستەش حاڵی باشنییە. چونکە لەدوو سەنگەرەوە مایەی پەسەندکردن نییە: سەنگەری گوتاری ئایینی داخراو، سەنگەری بەرپرسەسیاسییەکان. بەشێکی ئەمە بۆ تێنەگەیشتن لەفەلسەفەو نەزانینی دەگەڕێتەوە.
فەیەلسوفی ئەڵمانی ‘گادامێر’ لەکتێبی ‘فێربوونی فەلسەفیانە’ دادەڵێت: ‘خوێندنی فەلسەفە پێویستی بەکەشێکی ئازاد هەیە’. ئەگەرنا، فەلسەفە پێشناکەوێت، هەر لەنێو هۆڵەکانی خوێندن و کتێب و تاقیکردنەوەدا دەخنکێت! ئەمە، ئەو چارەنووسەیە کەئێستە فەلسەفە لەهەرێمدا دووچاریەتی.
ئەوەی جێگەی رامانە، وڵاتی سعودیە- کەلای ئێمەی کورد هەر بە مەکەو مەدینەو زەمزەم، یا لەگوتاری میدیایدا، بەپشتیوانی کردنی گروپە توندوتیژەکان ناسراوە- توانی بەمدواییە فەلسەفە لەئامێزبگرێت و بیخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە. ئەمەش، لەمیانەی پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندندن و ئەو ستراتیژیەتە کە ناوی ‘دیدگایەک بۆ 2030. بۆیە، هەفتەی رابوردوو ‘أحمد العيسى’ وەزیری فێرکردن- سعودیە، بریاردا بابەتی ‘فەلسەفە’و ‘قانون’ لە خوێندنی ناوەندییدا بچێتە پرۆگرامەوە.
ئەگەرچی ئەم هەنگاوە درەنگە، بەڵام چەندە گرنگە، ئەوەندەش بوێرانەیە. هەربۆیە، لەرای گشتیدا کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. هەڵبەت، لەکولتورێکی داخراو کە لەسەر بنەمای حەلاڵ/ حەرام دامەزرابێت، جێکردنەوەی فەلسەفە ئاسان نییە. کاردانەوەکان پاش هەشتاگێکی، تویتی وەزیر بوو. بەتایبەت ئەوانەی کە بە هەوادارانی ‘بێداری ئیسلامی'(الصحوة) ناسراون، جگە لە ووتنەوەی قەوانە کۆنەکە؛ فەلسەفە ئیلحاد-بێباوەڕی- بڵاودەکاتەوە، وەزیریشیان وەک کەسێکی سێکۆلار-عەلمانی- وێناکرد!
ئەم هەنگاوە ئەرێنیە، بەشێکە لەو گۆڕانکاری و پەرەسەندنەی کە بەسەر کۆمەڵگەی سعودی و لەنێو دەسەڵات و کاربەدەستەکانیدایە. جارێکیتریش ‘بەرەی کرانەوە’ و ‘بەرەی پارێزگاریخواز’، بەدیاریکراوی لەپرسی بابەتی فەلسەفەدا خەستبووەوە. بەڵام، بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە لەلایەن حکومەتەوەیەو لەسەرەوە پاڵپشتیلێکراوە، جێکەوت.
بەجۆرێک دیمەنی ئەم ئاڵوگۆڕە، لەگێڕانەوەکانی نێو فیلمی سعودی “بركة يقابل بركة” (2016)دەچێت. ئەو فیلمەی کەتوانی لەچنگی سانسۆری پۆلیسی ئایینی، دەربازبێت، دەرفەتێک بۆ بەیەکگەیشتنی دووخۆشەویست بسازێنێت. فیلمێک لەژێرزەبری خونەریت و چاودێری پۆلیسدا، چۆتە وردترین کایەکانی ژیانەوە. پێدەچێت، لەو فیلمەوە، تەرخانکردنی شوێنی کاتبەسەربردنی لاوان و هەڵگرتنی دەزگای (هيئة الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر) بەشێکیتری ئەو گۆڕانکارییەبێت. پارساڵ بۆ یەکەمجار مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و مۆڵەتی شۆفێری بۆ ژنان پەسەندکرا. ئەم یەکمجارە وڵاتەکە بەو ئاراستەدا سەردەمیەدا بڕوات.
ئەگەرچی ئێرە، شوێنی باسکردنی هۆکارو زەمینەی حەرامکردنی فەلسەفەنیە، لەرووی مێژووییەوە پرۆسەی حەرامکردنی فەلسەف لەکتێبە ناسراوەکەی شافعی ‘الرسالة’ کەدەڵێت: ‘خەڵکی تووشی نەفامی و ناکۆکی نەبوون تائەوکاتەی زاراوەی عەرەبیان وازلێنەهێناو زاراوەکانی ئەرستۆتالیس یان بەکارهێنا’ دەستپێدەکات. بۆیە، بریاریدا، ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، دەبێت بە شوڵ و نەعل لێیانبدرێت! ئەوەی جێی سەرنجە، شافعی لەگەڵ ئەو دژایەتیەکردنەی فەلسەفەدا، خودی کتێبەکەی کە گرنگترینە کتێبە لەبواری ‘ئسول فقه’ دا، نەدەکرا بەبێ سوودبینین لە لۆجیکی ئەرستۆ دابنرێت! قازی ‘زەکەریا ئەنساری’ش کە یەکێکە لەراڤەکاری ئەو، فەلسەفەی خستۆتە ریزی جادو، فاڵگرتنەوەو سیحرو ئەستێرە خوێندنەوەو دواجار حەرامیکردووە!
هەنگاوەکەی سعودیە پاش زیاتر لە (70) ساڵ دێت لەچاو وڵاتەعەرەبیەکانیتردا. هەر لەدامەزراندنی مەملکەتەوە- سییەکانی سەدەی رابوردوو- لیژنەی فەتوا’ وەک دەسەڵاتێکی باڵا، خوێندنی فەلسەفەی لەهەموو قۆناخەکانی خوێندندا حەرامکردبوو. نەک ئەوە، فەتواکە، خوێندنی قانونیشی سانسۆرکردبوو. لەکۆی (40) زانکۆی سعودیە، تائێستاش فەلسەفە بەشێکی سەربەخۆ نییە. قانونیش، رێپێنەدراوە، بەبیانوی تاکە یاسا، هەر شەرعە! رێگەش نەدرا کچان لەبەشی ئەندازیاری وەرگرێت، بەبیانوی ئەوە لەگەڵ کچدا نایەتەوە. هەمان بەهانەش بۆ وەرنەگرتنی کچان لە بەشی نەوت و پەروەدەی وەرزش هەبوو!
لەبەرامبەردا، جەمسەرەکەی تری جیهانی ئیسلامی ‘ئیران’ لانکەیەکی دێرینی فەلسەفەو عیرفان بووە. بەڵام لەو ساڵانەی رابوردودا، لە زانکۆکانی ئیراندا فەلسەفە بەتایبەت ‘فەلسەفەی خۆرئاوایی’ کەوتە بەرشالاوی سانسۆرو شارەزایانی بوارەکە راوەدوونران. لەگەڵ ئەوەی ‘ئەنجومەنی فەلسەفی ئێران’ وەک دەزگایەکی باڵای ئەکادیمی دەوڵەتی، لەپەنجاکانی سەدەی رابوردەووە بەهاوکاری خۆرهەڵاتناس و فەلسەفەکاری فەرەنسی ‘هێنری کۆربان’ بەکارکەوتووە.
ئیدی، نەریتی فەلسەفی لەئێراندا برەوی باش و گەوەری بەخۆیداوە. دەیەها کادێرو پسپۆڕو پرۆفیسۆری ناسراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە. ساڵانە کۆنفرانس و لەوەرگێڕانی دەقی فەلسەفیدا پێشکەوتووە. رەنگە بەبەراورد بە’وڵاتانی عەرەبی’ (نزیکی 22 دەوڵەت) دووهێندە وەرگێڕان و بەرهەمی فەلسەفی هەبێت.
بەڵام، بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی سیاسی بەرەوداخران، لەژێر فشاری کۆنەپارێزەکاندا، هەوڵێکی سەرتاپاگیر هەبوو پاشەکشە بەفەلسەفە بکرێت. لەبەرامبەردا، رێگە بۆئەوەی ناوی ‘علم کلام جدید’ە، بکرێتەوەو فەلسەفە پاوان بکرێت. ئایدۆلۆجیای دەوڵەت لەسایەی ئەو بەرنامەیەدا زیاتر برەوپێدەدرێت و دیدی مەزهەبیش باشتر هەناردەدەکرێت.
رەنگە، وەڵامیکی هۆکاری پێشنەکەوتن و پەرەنەسەندی شارستانی گەلانی جیهانی ئیسلامی، بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ رێگەگرتن لە بیرکردنەوەی ئەقڵانی. لەکاتێکدا، گوتاری ئایینی هەموو ئۆباڵەکە دەخاتەئەستۆی نەیارانی- خۆرئاوای بێباوەڕ-، کلیلی ئەو پەرەنسدنەی شاردۆتەوە یا زیندانی کردووە!
فەلسەفە وەک توانایەکی باڵای بیرکردنەوە مرۆیی، خەسڵەتێکی گەردوونی-جیهانی هەیە. پێویستە ببێتە بەشێک لەئاگایی و سەرچاوەی رامان. دەبێت بکرێت بەهونەری بیرکردنەوە، هونەری پرسیارکردنی دروست، هونەری بەدواگەران و رەخنە لە خۆگرتن. فەلسەفە، کاراکردنەوەی ژیری مرۆڤە کە خۆبەخۆ بکەوێتەگەڕ، بیرکاتەوە، بڕیاربدات. کاراکردنەوەش واتە، رزگارکردنی مرۆڤ لەتەمەڵی و چیتر وەرگرو بەرکارو بەرخۆر نەبێت لەبیرکردنەوەو هەمووشتێکی بەسەردا ساخنەکرێتەوە. ئازادبوونی مرۆڤ، کۆمەڵگاکان، لەئازادبوونی ژیریەوە دێت. فەلسەفەش کلیلی ژیری مرۆڤە.
وێنەی بەرگی کتێبەکە بەهاوکاری پەیمانگەیەکی بەریتانی
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە