بورهان شێخ ڕەئوف: لەناکاودا ترەمپ بڕیارى دا.
دوێنێ 19/12/2018 لە کۆتا ڕۆژەکانى ئەمساڵەدا سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارێکى کتوپڕو لە ناکاودا فەرمانى دا کە هێزەکانى ئەمریکا کە زیاتر لە 2000 (دووهەزار) کەسن لەماوەى شەست تا سەد ڕۆژ بنکەو بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و بکشێنەوە وەکو باس دەکرێت بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.
ئەگەرچى ئەم بڕیارە زۆر بە کتوپڕى و چاوەڕوان نەکراوو بە لێدانى خەنجەرى ژەهراوى لە پشتەوە لە لایەن دۆستەکانى ئەمریکا لە سوریا کە بەشى زۆریان کوردن وەرگیرا هەروەها لەلایەن هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەو ڕۆژهەڵاتى ناوین و جیهان و تەنانەت بەشێک لە برپرسانى ئیدارەى ئەمریکاولەلایەکى تریشەوە بۆ نەیارانى سیاسەتەکانى ئەمریکاش هەر بە کتوپڕ ناوزەدکرا.
بۆ ئەم بڕیارە بە کتوپڕ ناوبرا؟
ئەم بڕیارە بەبێ هیچ هەماهەنگى و ڕاوێژێک لەگەڵ هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش ) و هەروەها بە بێ ئاگادارى دامەزراوە سەربازییەکانى خودى ئەمریکاش دراوە هەروەها بەبێ ڕاوێژ لە گەڵ کاراترین و بە هەڵمەتترین هێزى جەنگاوەر کە خۆیان لە هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا دەبیننەوە (هەسەدە) کە بە هەزاران لە ئەندامەکانیان خوێنى خۆیان بەخشى و بوونە قوربانى.
کاریگەرى ئەم بڕیارە بۆ ئایندەى پەیوەندى لە گەڵ ئەمریکا
ئەگەرچى ترەمپ لە ماوەى دووساڵى ڕابردووى فەرمانڕەوایى لە کۆشکى سپى زۆر بڕیارى سەرپێ ى و کتوپڕى واى داوە و بووەتە جێگەى نیگەرانى زۆرێک لە ئەندامانى کۆنگریس و بەتایبەتى پارتى دیموکراتى ئەمریکا وتەنانەت تاکەسەرۆکێکە لە مێژووى ئەمریکادا لە ماوەیەکى کورتى فەرمانڕەواییدا هێندە وەزیرو ڕاوێژکارو بەرپرسانى ئیدارەکەى دەستیان لەکار کێشابێتەوە و یان لەکارى خستوون، بۆیە ئەم جۆرە بڕیارو هەڵوێستانە زیانى گەورە بە هەیبەت و شکۆى ئەمریکا وەکو هێزێکى گەورە لە سەرئاستى جیهاندا دەدات و متمانەى لەلاى وڵاتان و گەلان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش وەکو پێویست نامێنێت.
ئەگەرچى ترەمپ ڕایگەیاندووە کە کۆتایى بە شەڕى داعش و تیرۆر لە سوریا هاتووە وە هێزەکانى ئەوان بۆ ئەو ئامانجە چوونەتە سوریا، ڕاستە ڕەقەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى ئازادکرا بەڵام هەموو پاساوەکانى سەرهەڵدانى ڕەوتە توندئاژۆ تیرۆریستەکان هەرماوون لە سوریا و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش هەر چەند خولەکێک پێش توێتەکەى ترەمپ لە مەڕ کشانەوە ى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا لە شارى ڕەقە داعش تەقینەوەیەکى ئەنجامدا و قوربانى لێکەوتەوە هەر لەم شەڕانەى دوایى دا بۆ ئازاد کردنى چەند شارۆچکەیەک لە ڕۆژهەڵاتى سوریا 700 کەس لە هاوپەیمانەکانى ئەمریکا کە ئێستا بە جێیان دێڵێت بە بێ هیچ ڕاوێژێک بوونە قوربانى ئیتر داعش چۆن تەواو بووە ترەمپ ئەم زانیارییانەى لە کێ وەرگرتووە؟
وا دیارە لە ئەردۆگان چوونکە هەردواى پەیوەندى تەلەفۆنیەکەى لە گەڵ ئەودا ئەم تویتەى کردووەو بووە بە بڕیار ئێستا باسى بۆندێکى گەورەى ڕۆکێت و سیستمى پاتروێت ى ئەمریکى دەکرێت لە نێوان ئەمریکاو تورکیادا بە بەهاى سێ ملیار دۆلارونیو دۆلار تەنانەت باسى ڕادەستکردنەوەى فەتحوڵا گویلەنیش کراوە بە تورکیا کە ئێستا لە ئەمریکایە.
لە لایەکى ترەوە سەرۆکى ئەمریکا لە مانگى نیسانى ڕابردووش نیازى هەبوو بڕیارێکى وا بدات بەڵام ئەوکات بەشێک لە ڕاوێژکارو ئەندامانى تیمەکەى لە کۆشکى سپى قایلیان کرد بۆ ئەوەى جارێک پەلە لەو بڕیارەدا نەکات تاوەکو کۆتایى بە شەڕى داعش دێت و زەمینەسازى ئەکرێت بۆ لەناوبردنى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە هەربۆیە ئەمریکا ئەوکات هاوکارى و هەماهەنگییەکانى زیاترکرد بۆ هەسەدەو بنکە سەربازییەکانى فراوانکرد و هانى وڵاتانى ترى وەکو فەرەنساو ئیتالیاى دا تاوەکو ئەوانیش هێزو شارەزاى تر ڕەوانەى باکورى سوریا بکەن تا قەبارەى ئەو هێزە گەیشتە زیاتر لە دوو هەزار کەس.
ئەگەرچى ئامانجى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریابۆ سێ مەبەست بوو ئەوانیش ئەمانەن:
کۆتاییهێنان بەداعش و بەرگرتن لە هەژموونى ئێران و یارمەتیدانى سیاسەتى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ماتیس بۆ ئەوەى ڕێگاچارەیەکى سیاسى بۆ قەیرانى سوریا بدۆزنەوە بە گوێرەى بڕیارى (2254 ) ئەنجومەنى ئاسایش.
بەڵام ئەوانەهیچى وەکو پێویست ئەنجام نەدران و ئەم بڕیارە نیگەرانى زۆرى لێکەوتووەتەوە هەوڵێکى زۆر دەدرێت لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەى هەرچۆنێک بێت بۆ ماوەیەک ئەم بڕیارە دوابخرێت تاوەکو چارەیەکى سیاسى بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە دێتە ئاراوە و ئەو مەترسیەى کە بۆ کوردەکانى سوریا دروست دەبێت ئیتر ناوچەیەکى دژە فڕین بێت یان هەر میکانیزمێکى تر یان بۆ فەراهەم بکەن.