کاوسین بابەکر: بازرگان باسەرۆکیش بێ، شتەکان وەک کاڵا دەبینێ!
ترەمپ بازرگان و مامەڵەچیەکی سەرکەوتوبووەو، زۆربەی تەمەنی خۆی وەک ماتیسی وەزیری بەرگری دەستلەکارکێشاوە دەڵێ: لەمامەڵەو کڕین و فرۆشتنی ئوتێل و زەوی وزار سەرفکردووە، بۆیە زۆر ئاسانە تێبگەین کەسەری لەو دۆخە ئاڵۆزو پڕکێشەو تێکئاڵاوەی سیاسەتی دونیا و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرنەچێ.
ئەو کە هەموو چرکەو کاتەکانی تەمەنی بە پارەو قازانج و زەرەر تێپەڕاندووەو شەوانەش بەژماردن و کەم و زۆری ژمارەکانی خەوی لیکەوتووە، کوا لەوە تیدەگات کە لەسیاسەتدا بەرژەوەندیش گرێدراوی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئینسانیەو ناکرێ رووتبکرێتەوە لە دۆستایەتی و وەفاو مرۆڤدۆستی بەتایبەت بۆ دەوڵەتیک لافی دێموکراسی و مەدەنیەت و ئازادی لیبدات!
ئاخر تۆ کاتێ بۆ بەرژەوەندی خۆت و گوایە بۆ بڵاوکردنەوەی دێموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ هاتویەتە ناوچەکە، دەشبێ جیاوازی بکەی لەگەل ئەوانەی دەتکوژن و ئەوانەی خۆیان بەکوشت دەدەن لەپێناو هەمان ئەو پرەنسیپانەی تۆ بانگەشەیان بۆ دەکەی!
کورد لەسوریا شانبەشانی ئیوە و ڕاستگۆیانە ترو ئازایانەتریش شەری دژی داعشی کردووە، خۆتان شاهیدی ئەوەیان بۆ دەدەن، چۆن دەبێ بێ هیچ زەمینە خۆشکردنێک بۆ پاراستنی ئەوەی خوێنی لەپێناودا ڕژێنراوەو وەک خۆت بەژمارەکانت دەیژمێری پارەت لێ سەرفکردووە لەچاوتروکانێکدا وەک هیچ رووی نەدابێ بەجێی دەهێڵی! سیاسەتمەداریک سەرۆکی ئەمریکابێ ماقوڵە بڵێ با تورکیا پاشماوەی داعش لەناوبەرێ سوریش بزانێ تورکیا پشتیوانی داعش بووەو ئاواتی خاپورکردنی هەموو ئەوەیە کە کورد بەخوێن بەدەستی هێناوە مەگەر بازرگانێکی بێ هەست! بۆنا ئەوەتا وەک دزێک لەنیوەشەودا خۆی بەعێراقدا دەکاو دەشڵێ وەرە حەوت ترلیۆن دۆلار لەووڵاتیک خەرج بکەی کەچی نەشوێری بەئاشکرا سەردانی بکەی!
دواتر دەڵێ ئێمە چیتر شەڕ بۆ کەس ناکەین ئەگەر عێڕاق دەیەوێ شەڕیان بۆ بکەین دەبێ قەرەبوەکەی بدات! هەموو ئەو قسانە هیچ نینە جگە لە قسەی بازرگانێک، سەرکردەیەکی فاشل کە لەژێرەوە دۆڕاوی سیاسیە لەپێناو بازرگانی و پارەکانی، ئەوەتا ڕیسوابونەکەی لەبەردەم روسیا دەرخەری مامەڵەی بازرگانیەکانیەتی بۆ دواڕۆژ نەک سیاسەتەکانی وولاتەکەی، بەم سیاسەتە بازگانیانەی هیچ ڕیگایەکی لەبەردەم کوردی ڕۆژاوا نەهێشتۆتەوە جگە لە ڕێکەوتن بەهەر نرخێک بێ لەگەڵ ڕژێمی سوریا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی کە بۆیان ڕزگاردەکرێ، ئەو ڕژێمەی ئەمریکا هەموو هەڕەشەکانی ئەوەبوو کەدەبێ بڕوخێ، بەڵام ڕوسیا بەسیاسەتی شێلگیرانەو وەفای دۆستانە بەهاوکاری ئێران و حزبوللەی دوژمنەکانی ئەمریکا، نەیهێشت بڕوخی و ئێستا بەرەو کۆتایی سەرکەوتنەکانی دەچێ و، بەم ڕێککەوتنەش تاقە هەڕەشەو دوژمنی ڕژێم کە تورکیایە، ناچاری پاشەکشەدەکەن. ئەمریکا بەم کشانەوەیە نەک هیچ بەدەستناهێنێ، بەڵکو مۆری شەرمەزاری و ڕیسوابونێکی سیاسی لەناوچەوانی دەدات کە زۆری پێ دەچێ تا دۆستەکانی متمانەی پێ بکەنەوە. بۆ لەمەودواش هیچ چاوەڕوانیەکی باش لەو بازرگانە ناکرێ کە نەک کورد، هاوپەیمانەکان و تەنانەت کاربەدەستە مەیدانیەکانی خۆشی بێ ئاگادارکردنەوەو ڕاوێژ توشی شۆک کرد، ئەگەر ئەم پیاوە ئەم ساڵ لەسەرکردایەتی دوور نەخرێتەوە پێموایە ئەمریکا توشی کێشەو ڕیسوابونی گەورەتر دەکات!