بورهان شێخ ڕەئوف: سینارێۆکانى پاش کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا.
سیناریۆکان زۆرن لە پاش بڕیارە کتوپڕو بێ لێکدانەوەکەى سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە کشانەوەى هێزەکانى لە باکورى سوریا کە ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزارکەسە، ڕەنگدانەوەو کاردانەوەى زۆری لێکەوتووەتەوە و لێدەکەوێتەوە لە ئایندەدا لە کارئەکتەرەکانى سەر شانۆى ڕووداوەکانى سوریا چ ناوخۆیى و چ دەرەکى هەر لە کوردەکانى سوریاوە بگرە تا شام و ئەنقەرەو تاران و مۆسکۆش.
کوردەکانى سوریا دەبنە قۆچى قوربانى؟
ئەوەى مەترسى گەورەى لەسەرە لە پاش کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا پێدەچێت کورد بێت، هەرچەندە کورد کە سەرەتا شۆِڕشیان دەست پێکرد پشتئەستوور بوون بە تواناو خواستی خۆیان و مۆڵەتیان لە کەس وەرنەگرت بۆ ئەو بزاڤە کە وەڵامدانەوەیەکى گونجاو بوو بۆ ئەو بارودۆخەى تێیدا ئەژیان، هەر لە پێنەدانى ڕەگەزنامەى سوری بۆ توێژێکى زۆر لە کوردى نیشتەجێ ى ئەو وڵاتە نکووڵى کردن لە مافەکانیان هەر لە خوێندن بە زمانى دایک تا دەگاتە مافى کلتوورى و سیاسى، بەڵام لە گەڵ پێشکەوتنى ڕووداوەکانى شۆڕشى سوریا و سەرهەڵدانى ڕەوت و تاقمى تیرۆریستى جۆراوجۆر لەوانە داعش، و دەستوەردانى وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزانى جیهان ئەمریکاو ڕوسیا لە سوریا، کوردەکانى سوریا کەوتنە خانەى ئەمریکاو هێزەکانیان واتە( هەسەدە ) بووە بەشێکى گرنگ و دیارى شەڕى دژى تیرۆرو سەرنجى هەموو وڵاتانى پەیوەست بەو شەڕەى بۆ خۆى ڕاکێشا.
بۆیە ئێستا لە دواى بڕیارەکەى سەرۆک ترەمپ لە 19/12/2018 بە کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا مەترسى گەورەو ڕاستەوخۆ لە سەر هێزەکانى کوردە لە باکورى سوریا بەو پێیەى بڕبڕەى پشتى هێزەکانى سوریاى دیموکراتن ( هەسەدە) کە تورکیا بە درێژکراوەى پارتى کرێکارانى کوردستانیان دەزانێت و، ئەوانیش بە هێزى تیرۆریست ناوەزەد دەکات و جیاوازى نابینێت لە نێوان ئەوان و داعشدا بە تایبەتى لە هەرلەم ساڵى 2018 دا کانتۆنى عەفرینیان داگیرکرد. ئێستاش هەڕەشەى ئاگراوى توندو تۆڵە ئامێزیان لێدەکەن و بە تایبەتى لێدوانەکانى ئەمدواییەى خلوسى ئاکارى وەزیرى بەرگرى تورکیا لە هەسەدە کەوتى سەنگەرەکانیان دەکەین بە گۆڕ بۆیان بە پێشچاوى هەموو جیهانەوە، هەروەها کۆکردنەوەى هێزى سەربازى لە سەر سنوورەکانى سوریا بەتایبەتى نزیک لە شارۆچکەى مەنبج و هەڕەشەى بەردەوام لە کورد ئاماژەى ترسناکن بۆ سەر ئایندەى کورد لە سوریا و هەروەها کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا وەکو داگیرسانى گڵۆپى سەوزى ئەمریکایە بۆ تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە.
چارەنووسى کوردى ڕۆژئاوا
هەرچەندە کوردەکانى ڕۆژئاواى کوردستان بە تایبەتى (پەیەدە)هەر لە سەرەتاى شۆڕشى سوریاو کشانەوەى هێزەکانى ڕژێم لەناوچە کوردنشینەکان ئیدارەى خۆسەریان ڕاگەیاندو جۆرێک لە هەماهەنگیان لە گەڵ شامدا هەبوو، بەڵام دەستوەردان و هاتنەناوەوى ئەمریکیەکان بارودۆخەکەى بۆ ئاڵۆزترکردن و کشانەوەى ئێشتاشیان ئەمانى خستۆتە بەر چارەنووسێکى ڕەشەوە یان دەبێت لەگەڵ ڕژێمى بەشارئەسەد ڕێکبکەون کە پێشتر دوو هەڵبژاردەى خستبوونە بەردەست ئەویش گفتوگۆ و دیالۆگ یان یەکلاکردنەوەى سەربازى کە ئەمەیان پێدەچێت گونجاوترین ڕێگا بێت بە وتووێژ و دان و سان بگەنە چارەیەک بۆ بەڕێوەبردنى ناوچە کوردیەکان چونکە بە پێچەوانەى ئەمەو بەرنگاربوونەوەى سوپاى تورکیایە کە لەسەر سنوورەکان خۆى مەڵاس داوە.
هەرچەندە بڕیارەکە ترەمپ ڕۆڵى کوردى زۆر لاوازکرد سەرەڕاى ئەوەى نزیکەى 30% خاکى سوریایان لە بندەستە تائێستا بەسەرچاوەکانى نەوت و وزە و ئاویشەوە.
پێگەى ئێران لە سوریا
ئەم بڕیارەى ترەمپ ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەى ئێران ببێتە خاوەنى ڕێڕەوێک بۆ سەر دەریاى سپى ناوەڕاست، ئەو خەونەیان بەدى بێت کە ساڵانێکە خەوى پێوەدەبینن و ئەمریکیەکان ڕێگر بوون لەلایەکى ترەوە پێدەچێت تورکیا و ڕژێمى سوریا ئەو ناوچانەى لە بندەستى کوردان لە نێوان خۆیاندا بەشبکەن بە شێوەیەک شارەکانى ڕەقەو دێرزۆر کە سەرچاوەى نەوت و وزەن بۆ ڕژێمى سوریا و ناوچە سنووریەکانیش بۆ تورکیا.
چارەنووسى تاقم و گروهەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا
مەبەست لەو تاقم گروپانەیە کە لە ئیدلبن و لە ژێر هەژموونى تورکیادان ئەمەش پێدەچێت بە ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ کۆتایى پێبێت و هێزەکانى سوریا بچنەوە ئەدلب بەرامبەر پێشڕەوى هێزەکانى تورکیا و گروهە وابەستەکانیان لە ناوچە کوردییەکاندا.
ئەى داعش چى لێدێت؟
هەرچەندە ترەمپ وتى داعشمان تەواو کردوو کۆتاییمان پێهێناوە، بەڵام تا ئێستاش لە شەڕێکى سەختدان لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى سوریا لە گەڵ هەسەدە بۆیە دوور نیە بەم بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا سەرلەنوێ خۆیان ڕێکبخەنەوەو پەلامارى تر بدەنەوەو بە تایبەتى لە کاتێکدا هەسەدە هەڕەشەى ئەوە دەکات ئەگەر سوپاى تورکیا پەلامارى ناوچەکانیان بدەن ئەوا ئەمان لە شەڕى داعش دەکشێنەوەو بەرەڤانى لە ناوچەکانى خۆیان دەکەن.