دێهات عوسمان و لاوک کونجرینی: کورد لە نێوان جەمسەرەکاندا.
لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەتایبەتی دوای شکستی ئەمریکا لە ڤێتنام، وڵاتە کۆڵۆنیالەکان جۆرێک لە سیستەمی نوێیان پیادە دەکرد لە داگیرکردنی وڵاتانی تر. یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ژێر ناوی سیستەمی سۆشیالیستی و، ڕۆژئاواییەکان لە ژێر پەردەی سیستەمی نویێ جیهانی و. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و ئەفریکا, سیستەمێکی تریان پیادە دەکرد، ئەویش: هەوڵی کۆنتڕڵکردنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیان دەدا. واتە لەیەک کاتدا ئیدامەیان بەدەسەڵات و هەم بە ئۆپۆزیسیۆن دەدا، بۆیە لەم وڵاتانە کورتمەودا بوو ئاشتی و سەقامگیریی و ئارامی.
قسەیەک هەیە، باس لەوە دەکات دیکتاتۆرەکان هەمیشە لە ناساقامگیریدا بەردەوام بوون لە دەسەڵات. هەندێکی تر دەڵێن: دیموکراسییەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریکادا ڕێگای خۆشکردووە بۆ تەمەن درێژی دیکتاتۆرەکان. دەکرێت بۆ هەندێک وڵات ئەم قسەیە تا سنورێک گونجاو بێت، بەڵام ئەنجامەکەی لەوە دەگەین گەمەیەکی سیاسی گەورە لە پشت هەر دەسەڵاتێکەوەیە لەم ناوچانەدا. کەواتە لەو شوێنەی ئەمریکا بوونی نییە، یاخوود لەو شوێنەی دەخوازرێت ئەمریکا کشی لێ بکرێت، یان ئەمریکا بەدوای ڕوانگەی زیاتر دەگەڕێت، سیاسەتی ناجێگیر و نائارامی پیادەدەکات و سەرئەنجام بە قازانجی خۆی ڕەوشەکە دەقۆزێتەوە، دیارە ئەمەش لە ڕێی هێز و دارایی و توانا سیاسییەکانیەوە بە ئەنجامی دەگەیەنێت. ئێمە با نمونەیەکی پچووکی چەند حەفتەیەک لەمەوپێش بهێنینەوە، کاتێک ماکرۆن قسەی لەسەر سکە ڕۆچوونی دەسەڵاتی ئەمریکا دەکردەوە و دەیخواست ئەوروپا لەژێر هەژموونی ئەمریکا دەربهێنێت، ئەمریکا تەنها لە ڕێی تێکستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شەقامی فەرەنسای لە ژێر ناوی هێلەکە زەردەکان شڵەقاند، تا ئەنجام ماکرۆن کڕ کەوت و، حکومەتی فەڕەنساش داوای لە ئەمریکا کرد ئاسایشی فەرەنسا بپارێزێت. تەنانەت چوونی سەرۆک ترامپ بۆ سەردانی سەربازەکانی لە ئەڵمانیا، پەیامێکی ڕوون بوو کە ئاسایشی ئەوروپا بەندە بە ئەمریکاوەو دەرچوون لێی مەحاڵە.
لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریکا، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا جۆری کۆڵۆنیالیەکانیان جیاواز بوو. بەردەوامی سیاسەتی نائارامی ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ خۆسەپاندنی سیاسەت و تاڵانکردن، تا ئێستا ئەم سیاسەتە بەردەوامە، لە لایەکی ترەوە کۆلۆنیالەکان ژیرانە قەتماغەی برینە کۆنەکانی ماڵی موسڵمانانیانی هەڵدایەوە، وزەی کڵپەیان کرد بەو ئاگرەی زیاتر لە 1500 ساڵە لە نێوان ماڵی شیعەو سوونە ناکوژیتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرچاوەی تەنگەشەکانی جیهانی ئەمڕۆیە، سوونەکان بەناجێگیری قسە لەسەر دارمانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران دەکەنەوە، ئێرانییەکانی سەنتەری شیعە، لە زۆر وڵاتی سوونەدا جێگای پێی خۆیان کردۆتەوەو ئارامی هەر وڵاتێکیان وابەستە کردووە بە باڵادەستی خۆیانەوە، ئەم نائارامی و توندوتیژییە، چەند سەنتراڵێک سوودمەندی یەکەمن:
1- ئیسرائیل
2- وڵاتانی کۆڵپۆنیالی وەک ئەمریکاو بەریتانیاو فەڕەنسا
3- ڕووسیا لەسێبەری ئەم تەنگەشانەدا ژیرانە سوودمەند بووە.
شۆڕشی گەلانی ئێران چەپەکان بە ڕابەرایەتی چریکی فیدایی هەڵیانگیرسان، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا سوودمەند بوون و کۆماری ئیسلامیان قوت کردەوەو، خومەینیان بە فڕۆکەی تایبەتی خۆیان لە پاریسەوە بۆ تاران گواستەوە. ئەم قووتکردنەوە کۆی وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕوو بە ئیسرائیل، توڕەبوونەکانیان ئارام کردەوەو ڕووی توڕەبوونەکەیان ئاراستەی ئێران کردو، سەدامیان لە ژێر ناوی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی جیهانی عەرەبی و ڕزگارکردنی بەشێکی عەرەبی، کە بە ناوچەی ئەهواز ناسراوە هاندا تا ئەنجام بە گژ ئێرانیاندا کرد. ئیتر ئیسرائیل خۆری توندوتیژییەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێ ئاوا دەبوو.
وڵاتانی خۆرئاواش سات بەسات بەرهەمی فابریکەی چەکەکانیان هەناردەی شەڕی ناوچەکە دەکردوو، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی سەپاندنی نرخ و جۆری مامەڵە بەنەوت، بە سوودی خۆیان گربەستەکانیان بۆ هەتا هەتایە دەبەست.
رووسیاش بە حوکمی ئەوەی چەکی ڕووسی لەم ناوچەیەدا بەکارهێنانی زۆر لەمێژە ئاشنا بوو بە لەشکرەکانی ئەم وڵاتانە، هەر لەسەرەتاوە هەناردەی بەردەوام بوو.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لەناوچەکەدا لە دوای ڕووخانی سەدامەوە، هەمان پلان و هەمان ئاراستەی ڕۆژئاوایە بۆ ناوچەکەو، تەواوکەری بنیادی ئێرانی ئیسلامی و شەڕی عێراق – ئیران و داگیرکردنی کوەیت و گۆڕانکارییەکانی میسرو لیبیاو تونس و سوریایە، ئەنجامەکەشی لە ئێستادا دیار نییەو، بەڵام سەرەداوێک کە دەرکەوتووە، پاراستی ئارامی ئیسرائیلەو ئاراستەیە بە گرژی نێوان وڵاتانی سوونەو شیعە، ئەمجارەشیان تورکیاش بەتەواوی دەگلێنرێت و رووسیاش بە بێ باجی گەورە لەم تەنگەشانەدا دەرناجێت.
بۆیە دەکرێت چەند ئاراستەی سەرابی لەم تەنگەشانەدا ببینین، کورد گەر خاوەنی هەبێت پڕۆتۆکۆڵی لۆزان و سایکسبیکۆ بۆ تەنەکەی خۆی دەنێرێت و، ڕێڕەوی سەربەخۆیی دەگرێتە دەست و، شتێک نامێنێت بەناوی کێشەی ئیسرائیل و عەرەب و نەخشەی ناوچەکە بۆ جارێکی تر سەر لەنوێ دادەڕێژرێتەوە، ئەوەی گرفتە لێرەدا، تەنها رووسیایە. ئەم ئاراستەیەش گەر ڕۆژئاواییەکان خۆیان بزانن چۆن چارەسەر بۆ ڕووسیا دەبیننەوە.
دەبێ بپرسین کورد لە ئەنجامی ئەم پرۆسە کۆڵۆنیاڵە نوێیەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بەچی گەیشتووە؟ ئایا کوردیش بەهەمان بیرکردنەوەی گەلانی ژێر دەستە لەهەوڵی ئازادی و سەربەخۆیدا بووە؟ بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبیت ڕێگرییەکان بزانین، کە چی بوون بۆ ئەوەی نەگەین بە ئامانج:
1- ئەو دابەشکردنە بوو کە پێکهاتەی کوردی کردبوو بە چوار بەشەوەو، دوژمنەکانمان تەنها یەک وڵات نەبوو.
2- کورد بۆخۆی لەبیرکردنەوەو ڕەفتاریدا شتێک نییە بەناویی یەکێتی و یەکگرتوو، هێندە بێگانە پەرست بووە نیو هێندە بیری لەیەکڕیزی ماڵی خۆی نەکردۆتەوە، ئەم بیرکردنەوەیە بەناخی تاکیشدا ڕۆچووە.
3- نەبونی سەرکردایەتییەکی بەهێز و خاوەن توانای نیشتمانی و نەتەوەیی.
4- نەبوونی ڕەوشێکی گونجاو، کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی کۆڵۆنیاڵ وا لێبکات، کوردیش وەک وڵاتە داگیرکەرەکان بخوێننەوە.
لەدوای جەنگی کەنداوی دووەم، کاتێک سەدام پەلاماری کوەیتی دا، کوردیش هەلەکەی قۆستەوەو، ئەندازیاری ڕاپەڕین ( نەوشیروان مستەفا) توانی سەرکردایەتی و پیلانداڕێژەری ڕاپەڕینەکە بکات و تا سنورێک سەرکەوتوو بوو، بەڵام چوونکە بەرپاکردنی راپەرینەکە هیچ ڕایەڵەیەکی نەبوو لە نێوان سەرانی کورد و وڵاتانی کۆڵۆنێڵ، کارتی سەوزیان بۆ سەدام هەڵکردوو دڕندانە پەلاماری خەڵکی کوردستانی داو، ڕەوەکە بەرپا بوو. سەرئەنجام لە ڕێی وڵاتی فەرەنساوەو بە پشتیوانی هاوپەیمانان، بڕیاری 688 دەرچوو، خەتی 36 دیاری کراو کورد بووە خاوەن قەوارەیەکی ئیداریی خۆی.
بەڵام ئەوەی دەبێت ئاماژەی پێ بدەین: لەو ماوەیەدا تا ئێستا، سەرکردایەتی کورد بەهۆی شەڕی ناوخۆ و تموحی دەسەڵات و کەڵەکەکردنی سەرمایەوە، نەیتوانییوە بەئەرکی خۆیان هەڵبسێنن و، کار لەسەر ڕتمێکی گونجاو بکەن تا گەلەکەیان بگەیەنن بە سەربەخۆیی.
لە دوای بەهاری عەرەبی و بەرپابوونی داعش، کورد ئاستی بەرپرسیاری سیاسی و دیبلۆماسی و توێژی ناودەوڵەتی بەرزبووەو، لە ناوەندە باڵاکانی جیهان گرنگی زۆریان پێ دەدرا. سەرانی کورد، بەتایبەتی بنەماڵەی بەرزانی، کە چەمکی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیشیان بەدەستەوە بوو ناژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا کردو، بێ بیرکردنەوەی قوڵ و بێ ئامادەباشی باش، هەستان ڕیفراندۆمێکیان قووت کردەوە، کە ئەوەندەی بە پلان و لەباربردنی پرۆسەی ئازادی کورد دەچێت و چوو، تۆزقاڵێک بۆ ئازادی و ڕزگاری کورد نەدەچوو.
هەتا ئەم چرکە ساتە، هیواکان بەئاراستەی کورد بەرەو دەوڵەت بوون لە هەرێمی کوردستاندا، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کۆتایی هاتووە. ئەوەی هیوایە ماوە بۆ کورد تەنها شۆڕشی ڕۆژئاوایە، تا ئێستا پایەکانی پێمان دەڵێت: دەتوانین هیوامان بە ئازادی و سەربەخۆیی ببێت.