بورهان شێخ ڕەئوف: ئاوڕێک لە ساڵى ڕابردوو، ڕوانینێک بۆ ئەمساڵ 2019.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا پێمخۆشە ئەوە بڵێم: کە کاتەکان هیچ جیاوازیان نیە، ساڵى ڕابردوو ساڵى نوێ ئەوە خولەک و سەعات و ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵ و سەدەیە وەکو یەکەى پێوانەى کات لە لایەن مرۆڤەوە لە دێرزەمانەوە دانراوە بۆ زانین و یاداشتى مێژوو و ڕوداوەکان و دانانى پلان بۆ داهاتوو .

ڕۆژهەڵاتى ناوین
ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتى ناوینە چۆن لە ڕابردوو دا چەقى ململانێ و قەیران بووە پێدەچێت لە ساڵى داهاتوویشدا بە هەمان شێوە بمێنێتەوە، بەهۆى بوونى زۆر گروهو تاقمى توندئاژۆو و میلیشیاتى جۆراوجۆر لەوانە (ئەلقاعیدە و داعش و حزبوڵا) کە سەرکردەکانیان تا ئێستا ئازادن وەکو ئەیمەن زەواهیرى و ئەبوبەکر بەغدادى و زۆرى تریش.
ئەگەرچى لە سوریاو عێراق لە ساڵى 2018 دا بانگى سەرکەوتن بە سەر داعشدا درا بەڵام هەموو ئەو پاساوو فاکتەرانەى کە زەمینەیان ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانى ئەو ڕەوتانە هێشتا هەر ماون و هەوڵ بۆ زەمینەسازى بنبڕکردنیان وەکو پێویست نەدراوە هەرچەندە لەوەیە بۆ ماوەیەکى کورت ئارامى و بووژانەوەى بازاڕو ئاوادەنکردنەوە لەم ناوچەیەدا ڕووبدات و کاریگەرى بۆ سەر وڵاتانى تورکیاو لوبنانیش هەبێت.
ڕۆژهەڵاتى ناوین سێ وڵات سێ هێزى مەزن کاریگەریان لە سەرى هەیە ئەوانیش وڵاتانى ئەمریکاو چین و ڕوسیایە وڵاتانى ڕۆژئاواى ئەوروپایش کاریگەریان لەوان کەمتر نین هەرچەندە ئەمریکا بە توێتەکانى ترەمپ بێت پاشەکشە دەکات لە سوریا بەڵام ڕوسیا ئەگەرچى بە دبلۆماسیەتى هێمن و لە سەرخۆ دەستى پێکرد دەستوەردانەکانى لە سوریا بەڵام ئێستا توند تر و ڕاشکاوانەتر هاتۆتە پێش و لە ڕێگەى ئەو مافى ڤیتۆانەى لە ئەنجوومەنى ئاسایش بەکارى هێنا بەرامبەر ئەوەى ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا لە قەیرانى عێراق و لیبیادا پەراوێزیان خست، سێ وڵاتى ئیقلیمیش لە پەراوێزى ئەواندا ئیستراتیج و بەرنامەى خۆیان هەیە بۆ وڵاتانى ترى ناوچەکە ئەوانیش ئێران و ئیسرائیل و تورکیان کە چۆن لە ساڵى ڕابردوودا درێغیان نەکردووە لە دەستوەردان و ململانێ ى سەپاندنى هەژموونى خۆیان بە سەر وڵاتانى ناوچەکە لەم ساڵیشدا واپێشبینى دەکرێت گوڕوتینى نوێ بەخۆیەوە ببینێت.

ئەمریکا
ئەمریکا وەکو بزوێنەرێکى سەرەکى ڕووداوەکانى جیهان دەمێنێتەوە لە مساڵدا چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵى پۆلیسى جیهانى وازى دەکرد هەرچەندە ترەمپ لە توێتێکدا وتى ئێمە ئیتر پۆلیسى ڕۆژهەڵاتى ناوین نابین بەڵام پێناچێت ئەو وتانە بۆ ترەمپ بچێتە سەر چونکە ئەمریکا هێشتا خاوەنى ئابوورییەکى بەهێزە هەرچەندە باسى قەرزارى زۆریان دەکرێت، لەلایەکى ترەوە دوور نیە ترەمپ ڕووبەڕووى زۆر کێشەى گەورە بێتەوە لەوانە کێشەى دادوەر مولیر تایبەت بە مەسەلە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا و دەستوەردانى ڕووسیا و بردنەوەى زۆرینە لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە هەڵبژاردنى تەواوکار ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا کە ئیتر ترەمپ بە ئاسانى ناتوانێت زۆر هەنگاو بڕیار بدات.

چین
پێشبینیەکان باس لە خاوبوونەوەى گەشەى ئابوورى چین دەکەن چونکە ئەو وڵاتى بەنیازە گرنگى بە بوارى سەربازى و گەردوونى بدات.

ئەوروپا کیشوەرە پیرەکە
ئەوروپا سەرەڕاى ئەوەى بەریتانیاى مەزن بەهۆى برێکیستەوە چوونە دەرەوە لە یەکێتى ئەوروپا ڕووبەڕووى کێشەو قەیران و ململانێ ى گەورە بووتەوە لە نێو هەردوو حزبى سەرەکى پارێزگارانى فەرمانڕەوا و کرێکارانى ئۆپۆزەسیۆن لە سەر چۆنیتى دەرچوون و ئەو ڕێکەوتنەى لەمدواییە تیریزامەى سەرۆک وەزیرانى لە گەڵ ئەوروپیەکاندا ئەنجامیدا و فەرەنسا ش بە دەست یەلەک زەردەکانەوە حکومەتەکەى عمانۆئیل ماکرۆن گیرى خواردووە سەرەڕاى جێبەجێکردنى هەموو داخوازییەکانیان لە کاتێکدا ماکرۆن دەنگى لە 66% فەرەنسیەکانى هێناوە کەچى کەمینەیەک کە خۆیان لە سەد هەزارکەسێکدا دەبیننەوە دەخوازن خواستى خۆیان بە سەر ماکرۆن و حکومەتەکەیدا بسەپێنن.
ئەڵمانیاش پەنابەران ئەو شاڵاوە گەورەى کەڕووى لەو وڵاتە کردووە کێشەو قەیرانى قووڵى بۆ دروست کردوون.
بەگشتى ئەوەى مەبەستمە بیڵێم دەربارەى ئەوروپا بە گشتى سەرهەڵدانى تاقم وگروپى پۆپۆلیستى ڕاستڕەو کە دەخوازن یەکێتى ئەوروپا هەڵبووەشێننەوە و ئەمانەش تۆمەتبارن بەهاندانى دەستى دەرەکى بەتایبەتى ئەمریکاو ڕووسیا لە پشتیانەوە بن کە ئەمەش ئالنگارییەکى زۆر مەترسیدارە بۆ یەکێتى ئەوروپا سەرهەڵدانى گیانى نیو نازییەتى کە سەرەتاکانى لە زۆر لە وڵاتانى ئەوروپا دەرکەوتووە کە ئەمەش کاریگەرى دەبێت بۆ پاشەکشەى ململانێ ى ئابوورى و گرنگى دانى زیاتر بە سکتەرى ئاسایشى کۆمەڵایەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت