هاوار شێخ رەوف: ئامانج ھەمان ئامانج.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەدوای ڕوخانی دەستەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 ەوە پرۆسەی ڕەخنەگرتن و ھەڵوێست وەرگرتن لە خۆبەڕێوەبەڕی کوردی پێی نایە قۆناغێکی تر، قۆناغێک کە ئیتر ڕەخنەگرتن وردە وردە زبرتر و شێوازبەندی جیاواز تر، تا ئاستێک کە ئیتر لە کەلار و ھەڵەبجەو چەند ناوچەیەکی تر، خەڵکی بەردیان گرتە بارەگای ئەو حیزبانەی کە ساڵانێک بوو بە نوێنەرایەتی کێشە سیاسیەکانی کورد لەم پارچەیە ( باشوور ) لەشاخ و شار چەندین جۆر و میکانیزمی بەرەنگاری جۆراوجۆریان گرتبۆ بەر.
کێشەی ھەرە گەورەو ھۆکاری زۆر جدیش نەبوونی عەقڵیەتی مۆدێرن و ڕوئیابوو بۆ خۆبەڕێوەبردن کە بوبوە و بۆتە ماکی دەیان و سەدان کێشەی قەبارە جیاواز و دیاردەی قێزەوەن کە میلەتێک زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات.
شانبەشانی دروست نەبوون و غیابی ئیرادەیەکی جدی لای دەستەڵات کە بەرامبەر دۆخەکە بوەستێتەوە و لەدەرەوەی بەڵێن و قسەی بێ کردار وەک پرۆژەیەک، پرۆسەیەک بەرھەم بێنێت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕێک لە متمانەو دڵنایی ھەوێن کات.
گلەیی و گازندە بەردەوام بوو تا ساڵی 2009 بەسەرپەرشتی ئەندازیاری ڕاپەڕین و یەکێک لە سەرکردە ھەرە دیارەکانی چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوی خەباتی چەکداری یەکێک لە حیزبە دەستەڵاتددارەکان، یەکەمین بزوتنەوەی سیاسی خاوەن گوتاری جەریئانەی قەبارە گەورە بە پلاتفۆرمێکی ڕوون و ئاشکرای کێشەو چارەسەرەکانی پەسەنی نوخبەی ڕۆشنبیری و سیاسی دەرەوەی دەستەڵات دامەزرا.
پاش بەدەست ھێنانی ڕێژەیەکی زۆر باشی دەنگەکان سەرباری تەزویرێکی گەورەو بێلایەن نەبوونی دام و دەزگا گشتیەکان، بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوونی ھەڵبژارد سەرباری ئەوەی کە ھەل و مەرج و ژینگەو کەلتور و قەبوڵکردنی دەستەڵات و دراوسێکان بۆ دیموکراسی لە ئاستێکی زۆر زۆر خراپا بوو.
سەرباری گرتنەبەروو تاقیکردنەوەی شێوازوو فشاری جۆراو جۆر لەناو پەرلەمان و لەسەر شەقام ئەنجامەکەی بە بارێکدا نەکەوت کە ببێتە بارتەقای کۆتایی قۆناغێک و دەستەڵاتێک کەخەڵک لە سەروبەندی گەرم بوونی ڕوداوەکانی بەھاری عەرەبی بۆی چووە سەرشەقام بە پێشڕەوایەتی ئەو ئۆپۆزسیۆنە.
لە ئێستادا گۆڕان لە دۆخێکی سەقام گیروو بێکشەدانیە، شۆکی کۆچی نەوشیروان مستەفای تێنەپەڕاندوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھەڵسوڕاوو ھاوڕێیانی دوێنێی ڕۆژگارە سەختەکانی، لە ماڵەوەن و عاجزن، کێشەو گرفتی بێپارەی و خۆ بێ پێوەبەڕێنەچوون مۆتەکەی گەورەن، سەرجەمی ئەو کێشانەو کێشەی تر، کە من ئێستا لە یادم نین بە کەم بونەوی ژمارەی بەرچاوی کورسیەکانیشیەوە دردۆنگی و جۆرێک لە ساردبوونەوەو ناساخڵەمی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەرەکەی بۆ دروست کردوە.
لە ئێستاشدا لە بەردەم دوڕیانی بەشداری و بەشداری نەکردنە لە دەستەڵات و کابینەی حکومەتی داھاتوو، بەشداریەک کەخوازیارانی بە پاساوی چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆن بوون و بێ جەدوایی لەدەرەوەی حکومەت بوون لەغیابی دیموکراسی و دامەزراوە کەمپینی بۆ ئەکەن، بەشدارینەکردنیش کە پشتیوانانی بەپاساوی بێبەڵێنی و متمانەنەکردن بە حیزبە دەستەڵاتدارەکان پاسادانی ئەکەن، بەڵام خۆشبەختانە لە ناو پانتاییەکی فراوانی دڵ و دەرون و ھەست و نەستی بەشێکی ھەرەزۆری ھەڵسوڕاوەکانی نەخشی خواست و ئامانجەکان بەزیندویی و بە بێ ڕتوش ماون و ھەر ھەمان ئەو ئامانجانەن کە لەسەرەتاوە وەک ستراتیژ دایڕشتوەو بەشداری و بەشداری نەکردن ناتوانێت لەدەرەوەی ئەم ئیرادەیە، ئیرادەیەکی تر بەرھەم بێنێت.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە