ڕیبین عەبدولڕەحمان فتاح: بەشداریکردن و نەکردن لەحکومەت چی لەواقعی باو دەگۆڕێت؟
کاتێک باسی حکومەت دەکەین، دەبێ یەکسەر بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە کۆمەڵە دەزگایەکە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ تەواوی هاوڵاتیان، چونکە ئەمە ئەرک و کاری سەرەکی حکومەتە، چونکە سادەترین پێناسەی حکومەت، ڕەنگە بریتی بێت لە دەزگایەکی خزمەتگوزار بۆ کۆمەڵگە.
باسکردنی حکومەت بەتایبەت حکومەتی باش جیاوازە لەو جۆرە حکومەتەی کە لەوڵاتانی جیهانی سێیەمدا هەیە، چونکە ئەوەی تا ئێستا لەوڵاتانی دواکەوتوودا هەیە بریتیەلە جۆرە حکومەتێکی سادە، بەڵام ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و پڕ قەیران. ئاڵوزی بەواتای ئەوە نا کە ئەم جۆرە حکومەتانە، حکومەتێکی بە پلان و بەرنامە بن بزانن بۆ داهاتوو چی دەکەین؟ و پێویستە چی بکەن؟ و چۆن و بەچ شێوازێک بتوانن ئیدارەدانێکی ڕاست و دروست بکەن؟.
حکومەت بریتیەلە کۆمەڵە دام ودەزگایەکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت. لەبەر ئەوەی حکومەت کۆنترین دەمودەزگای سیاسییە، کەواتە کاری سەرەکی بریتیەلە ئیدارەدان و بەڕێوەبردن.
هەروها بەشداریکردن لە حکومەتدا، بەواتای لێپرسراوێتی دێت، بەڵام چ لێپرسراوێتیەک؟، ئەو لێپرسراوێتیەی کە بەشێوەیەکی ڕاست و دروست و ڕاستەقینە بەشدار بێت لەکاروباری ئیدارەدانی دەوڵەتدا کە ناوەڕۆکەکەی حکومەتە. بەشداری کردن لەحکومەتدا بۆ هێزێکی سیاسی کە پێگەو بەشداری هەبێت خاوەنی هێز بێت لەچوارچێوەیەکی جوگرافیدا، لێرەدا مەبەست لە هێزی جەماوەرییە نەک پێچەوانەکەی.
هەرێمی کوردستان بەو کەمتر لە نیمچە دیموکراسییەی کە ئێستا خاوەنیەتی، بوونی هێزی جیاواز لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە وایکردووە کە هێزەکان خاوەن ڕوئیا و دنیابینی جیاواز بن لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە، بە تێڕوانین لە دید و تێڕامان و تێڕوانینی ڕابردووی هێزەکان بە بێ جیاوازی ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم هێزانە ، هێزگەلێکی بەرژەوەندی خوازی خودی بوون ، نەک بەرژەوەندی خوازی هاوڵاتی لە ئاستی خوارەوەدا، واتا شەقامدا.
ئایا ڕەهەندی بەشداری کردن یان نەکردن لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن چی لە واقعی سیاسی کوردستان دەگۆڕێت، خۆی لە خۆیدا نیاتێکی شاراوە هەیە لای هێزەکان بۆ بەشداری کردن لەحکومەت، ئەو هێزەی کە بەشداری ناکات خۆی وا دەردەخات کە دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا لە ناو پەرلەماندا ئەمە جگە لە خەیاڵپڵاوی هیچی تر نیە، چونکە بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنیش نەیتوانی گۆڕانکاری لە واقعی سیاسی کوردستاندن بکات.