شه‌ریف هه‌ژاری: هاوكێشه‌كان بۆ كورد ڕووه‌و كوێ، ئه‌م هه‌موو هاتوچۆیه‌ی وه‌فدی وڵاتان بۆ عێراق هۆكاره‌كه‌ی چییه!؟
سه‌ره‌تا، ده‌بێت هه‌موو نوسه‌ر و سیاسییه‌كانی كورد، ئه‌م هه‌موو سه‌ردانانه نه‌به‌ستنه‌وه به پرسی كورده‌وه‌و خێرا به (دڵخۆشكه‌ره)ی ناو نه‌به‌ن. چونكه بنه‌ڕه‌تێك هه‌یه پێمخۆشه هه‌میشه نوسه‌ر و سیاسییه‌كانی كورد لێی تێ بگه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: تا كورد خۆی نه‌سه‌لمێنێت، هیچ هاوكێشه‌یه‌ك هێنده بۆی (دڵخۆشكه‌ر) نابێت. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه: كورد خۆی نه‌سه‌لماندووه. ئه‌مه‌ش هۆكارێكی خه‌تاكه په‌كه‌كه‌یه. هۆكاره‌كانی تری فه‌سادی بێ- ئه‌ندازه‌ی پارتیی- یه‌كێتیی و وه‌ره‌سه سه‌پاندنیان. (شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر) كه پشتی كوردی شكاند و ئیراده‌ی تاكی كوردی داڕوخان. هۆكارێكی تریش، یه‌كنه‌گرتوویی هێزه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و نه‌بوونی ئه‌جێندای پێویست و خۆسازدانیان بۆ ئه‌م قۆناغه. به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر به‌شێكی خه‌تاكه هۆكاره‌كه‌ی په‌كه‌كه بێت. هۆكاره‌كانی تری داڕزانی حوكمڕانی گه‌نده‌ڵیی و وه‌ره‌سه- سه‌پێنی پارتیی- یه‌كیتیی و، یه‌كنه‌گرتوویی و نه‌بوونی ئه‌جێندای هێزه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستانیش ده‌بێت نادیده نه‌گرین.
بۆچی له‌م كاته‌دا ئه‌و هه‌موو وه‌زیر و سه‌رۆكه‌ی ولاتان بۆ عێراق دێن!؟ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
1- عێراق وڵاتێكی نه‌وتی گرنگی جیهانییه. هه‌ر زلهێزێك نه‌وتی (سعودیه، عێراق، كوه‌یت و ئێران) بگرێت، هێزی ئابوری هه‌موو جیهان ئه‌خاته ژێر كۆنترۆڵییهوه. به‌م پێیه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی كورته كه كابینه‌ی نوێ له عێراق دا هاتۆته‌كایه‌وه، زۆرینه‌ی وڵاتان سه‌ردانی ده‌كه‌ن، چونكه نه‌وته‌كه‌ی وه‌ك كه‌لاكێك وایه كه (شێر، كه‌متیار، ڕێوی، چه‌قه‌ڵ و داڵهكهرخۆره) ڕووی تێ بكه‌ن، له‌لایه‌ك بۆ بردنی نه‌وته‌كه‌ی به‌شێوه‌ی بازرگانیی و، له‌لایه‌كی دیكه‌ش بۆ فرۆشتن و ساغكردنی كاڵاكانیان له عێراق دا وه‌ك بازاڕێك.
هه‌روه‌ها كاتێك ئه‌و وه‌فدانه دێنه عێراق كه ئه‌م كابینه‌یه‌ی وه‌زیران له پێكهێنانی ته‌واوه‌تی دایه، ئه‌وا له كوردستانیش له هه‌وڵی بنیادنانی كابینه‌ی نوێن، بۆیه وه‌فده‌كان به هۆكاری سه‌ره‌كی (ئابوری) له‌م ساته‌دا زۆر دێن و، نابێت گه‌وره‌تری بكه‌ین و بڵێین: هه‌موو ئه‌م هاتوچۆیانه له‌به‌ر كورده و یه‌كسه‌ر به (دڵخۆشكه‌ره)ی ناو بنێین، به‌ڵكوو ئه‌بێت به‌وردی لێی تێ بگه‌ین!
2- پێشتر ڕوونم كردۆته‌وه، كه: ستراتیژ شه‌ڕ ده‌خرێته ئێرانه‌وه، قۆناغی ئێستا ئه‌مریكا و ئێران له‌وپه‌ڕی گه‌رمبوونی كێشه‌كان دان. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به گه‌مارۆ ئێرانی پڕوكاندووه، ئێرانیش له به‌رانبه‌ر دا ده‌یه‌وێت به ته‌واوی عێراق كۆنترۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م نه‌وتی عێراق له ڕێی هێزه پرۆكسیی و میلیشیاكانییه‌وه بۆ خۆی تاڵان بكات و، هه‌م فشار له‌سه‌ر ئه‌مریكا دروست بكات كه له‌گه‌ڵ ئێران دا ڕێك بكه‌وێت. ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری ڕێكه‌وتنی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێرانیش دا، ئه‌وا پێموایه: ڕێكه‌وتنێكی كرده‌یی-ستراتیژیی نابێت. چونكه تازه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون. هه‌روه‌ها ئێران ڕۆشتۆته قۆناغێك به‌بێ لاوازكردن و ئینجا پڕوكاندن، دواتر حساب بۆ ئه‌مریكا ناكات.
3- هۆكاری سێیه‌م په‌یوه‌ندی به شه‌ڕێكی تری ئابورییه كه ئه‌مریكا دژی ئێران زیاتر ده‌یگرێته‌به‌ر. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: له سوریا هێزه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه زیاد ببێ و مه‌سره‌فی ئابوری هێزه‌كانی كه‌م بكاته‌وه. ئه‌وه‌ش پێویستیی به‌وه‌یه ئێران هێزی ئابوری و سه‌ربازی زۆرتر بۆ سوریا ته‌رخان بكات، به‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئابورییه‌كه‌ی تێك ده‌شكێنێ و، له ڕیگه‌ی ئیسرائیلیشه‌وه هێزه‌كانی ئێران له سوریا ده‌پڕوكێنێت. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت شه‌ڕی ئابوری ئێران له عێراقیش دا بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، بۆ توڕه‌كردن و (زیاتر شێت كردن)ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق دا، ئه‌مریكا ئه‌م ماوه‌یه به چه‌ندین یه‌كه‌ی سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز ده‌سوڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌كی ده‌ست بكه‌ویت بۆ داپاچینیان (كه ئه‌كرێ ئه‌م بیانووه گورزی مووشه‌كی ئه‌مریكاشی له دژی ئێران به‌دوادا بێت، وه‌ك چۆن له 1991 دای له سه‌دام، به‌لام بۆ ته‌مبێ كردن و لاوازكردن!).
هاتنی ترامپ و حسابی كارتۆن كردن بۆ به‌رهه‌م ساڵح و عادڵ عه‌بدولمه‌هدیش هه‌ر بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخه‌كه‌یه. ئه‌گینا ئایا ترامپ به ڕۆژی ڕوناكیش بێت بۆ به‌غداد ئه‌وا ئێران ئه‌وێرێت موشه‌ك بارانی ترامپ بكات؟ بێ گومان نه‌خێر. ته‌نانه‌ت ئیسرائیل ڕۆژانه هێزه‌كانی ئێران له سوریا قهلهپاچه ده‌كات و ئێران ناوێرێت فزه بكات.
ترامپ بۆیه به‌و شێوه‌یه هات تا (به فێڵ) میدیاكانی جیهان و ده‌وڵه‌تانی جیهان له خشته ببات كه به‌هۆی مه‌ترسی گروپه تیرۆریسته‌كانی سه‌ر به ئێرانه‌وه به‌و شێوازه (زۆر نهێنییه!!) ڕۆشتووه بۆ به‌غداد. ئه‌مه‌ش بۆ مرۆڤی سیاسیی ئه‌كرێ له پشته‌وه‌ی ئه‌و ئاكته تێ بگات و، بزانێت ئه‌مریكا زه‌مینه له دژی ئێران ده‌خولقێنێت بۆ زیاتر به شه‌یتان كردنی. چونكه ئه‌مریكا پلانی تری به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆی.
زیاتر له‌وانه‌ش، ئه‌مریكا هێزی زیاتری هێنایه كه‌ركووك ئه‌وه‌ش بۆ ده‌ست بڕینه‌وه‌ی شهریكایهتیی حه‌شدی شه‌عبی و باڵی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ری یه‌كیتییه له به تاڵان بردنی نه‌وتی كه‌ركووك و فرۆشتنی به ئێران. هه‌رچه‌نده پارتیی حیزبێكی خێڵه‌كییه و (لاهور)ێكی كه‌فوكوڵ هه‌ر به مناڵه وردكه‌ی فه‌یسبووك پارتیی زرۆقاندووه. به‌ڵام پارتیی ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی بزانیبایه له‌م قۆناغه یه‌كێتیی خراپ دادهڕوخاند. هه‌رچه‌نده پێموانییه سیاسه‌ت به هزری عه‌شیره‌یی بكرێت. سیاسه‌ت هه‌ندێكجار (سه‌ركه‌شیی) ده‌وێت. هه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی ئه‌مریكاشه وایكردووه كه هێزی زیاتر بباته ناوچه سوننیه‌كانی عێراق و هه‌ولێر و، هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هێنده (ته‌نگاو) ببێ كه بێته هه‌ولێر!
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، یه‌كێتییش ئه‌گه‌ر له ئێستادا عه‌قڵیه‌تێكی ستراتیژییان هه‌بێت، ده‌توانن هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك له ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تیان بهێننه كایه‌وه و زۆرینه‌ی ئابوری كوردستان بۆ هه‌میشه بێته ژێر ده‌ستیان ئه‌وه‌ش به پلان ده‌كرێت!! وه‌ك وتم: سیاسه‌ت نه به هاشوهوش و عه‌قڵی خێڵه‌كیی ده‌كرێت، نه به مرۆڤی هزر-جێگیر، به‌ڵكوو بیری-سه‌ركه‌شی ده‌وێت كه زه‌مینه ڕه‌خساوه‌كان به لۆژیك له قازانجی هێزه‌كه‌ی ههلگهڕێنێتهوه.
4- به‌ریتانیا به‌هۆی كێشه‌ی ده‌رچوونی له یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه سه‌رقاله، به‌لام هه‌فتانه باڵوێزی به‌غدای و كنسوڵی هه‌ولێری بۆ لای هه‌موو هێزه‌كان ده‌نێرێت هه‌تاوه‌كوو بۆ زه‌مینه‌ی پیلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا (خۆی ئاسا به‌نهێنیی) هه‌ڵیان سه‌نگێنێت. فه‌ره‌نساش ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێستیی وه‌ك سالی 2003 ی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه نه‌بێت، ئه‌م جاره به‌كرده‌وه هاوپه‌مانی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاڵه نه‌وتێكی بداتێ.
5- كشانه‌وه‌ی هێدی-هێدی به‌شێكی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سوریا (ئه‌مریكا داگیركهرێكه چووه هه‌ر خاكێكه ئه‌سته‌مه هه‌موو هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه!) وایكردووه هێزه ئیقلیمییه‌كان هه‌موویان بكه‌ونه خۆ.
هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌سه‌د ڕوونن (ڕوس-ئێران-حیزبوڵا-عێراقی شیعی).
هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا (به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و سعودیه) بۆ داهاتووش (ئه‌ردۆگان) ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر وه‌سیله‌یه‌ك بۆ سوریا ڕێك بكه‌ون.
قسه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د هی سێ ڕۆژ پێش ئێستای گرنگ بوون كه وتی: ((پێویسته هه‌ر چوار ولاته‌كه مافی كورد بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داوای جیابوونه‌وه نه‌كه‌ن!)). كێشه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌و قسانه‌ی (ڕاسته ئه‌و قسانه‌ی عاقڵانه و لۆژیكانه بوو، وا دیاربوو دركی به هاوكێشه ستراتیژییه‌كان كردبێت) به‌لام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هه‌م ئه‌سه‌د درۆزن و خوێنڕێژهو قسه‌ی باوه‌ڕی پێ ناكرێت، هه‌م ئێرانی هاوپه‌یمانیشی دژی لێدوانی له‌و جۆره‌یه. چونكه عێراقی شیعی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مافی كوردی داوه. ڕوسیاش له‌گه‌ل پێدانی مافه به كورد. ته‌نیا ئێران دژه. له‌ولاشه‌وه له نێو هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نیا (ئه‌ردۆگان: توركیا) دژی مافه‌كانی كورده. كه‌وابوو مرۆڤی هۆشمه‌ندی سیاسیی نابێت زۆر دڵخۆش بێت چونكه دوو هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه كه شه‌ش سه‌د ساڵه پشتی كورد ده‌شكێنن، هه‌ر ماون.
یه‌كه‌میان: هه‌ردوو داگیركه‌ری سه‌ره‌كی كوردستان كه فارس و توركن، هه‌ر به نیمچه ئیمپراتۆریی ماوون.
دووه‌میان: كورده حه‌یاته‌كه‌ش هوشیار نه‌بۆته‌وه‌و هه‌ر به خۆخۆری ماوه‌ته‌وه‌و، هه‌ر حیزبێكی هێزداری له داگیركه‌رێكی كوردستانه‌وه نزیكه.
ته‌نیا دوو خاڵه كه له ڕووی ستراتیژییه‌وه بۆ كورد گرنگ بێت:-
یه‌كه‌میان: پڕوكاندنی ئه‌جێنداكانی ئێرانه. گه‌ر ته‌نیا (ئێران) یان (توركیا) به‌شێوه‌یه‌كی كاتیی لاواز ببن، كورد قازانجی گه‌وره‌ی تێدا ده‌كات. به‌لام مه‌ترسییه‌كه شپرزه‌یی هه‌م هێزه‌كانی باشور، هه‌م هێزه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه.
ڕوونه كه یه‌كێتیی و په‌كه‌كه دوو هێزی ئۆپۆرتۆنیستن. به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێتیی له په‌كه‌كه لۆژیكی تر ڕه‌فتاری كرد كه زیاتر به‌ره‌و به‌ریتانیا ده‌كشێت. ئه‌وه وای لێ ده‌كات بۆ هاوكێشه‌كانی داهاتووش هه‌ر مه‌وقیعی هه‌بێت و وه‌ك په‌كه‌كه ئه‌گه‌ری ئاشبه‌تاڵی سیاسیی كه‌متر بێت. پارتیی هێزێكه له ڕووی ڕێكخستن و (سه‌ری حیزب)ه‌وه تۆكمه‌یه. جیۆپۆله‌تیكی ناوچه‌كانی گرنگه. پایته‌ختی له ژێر ده‌سته. به‌لام كێشه‌ی پارتیی ئه‌وه‌یه هێزێكه خێڵه‌كییانه بۆ هاوكێشه‌كان ده‌چێت، به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتییه‌وه كه ئه‌میش هه‌ر وه‌ره‌سه-سه‌پێنه، به‌لام ئه‌م ئۆپۆرتۆنیسته و، به زوویی له‌گه‌ڵ واقیعه‌كاندا (گه‌ر پلانیشی نه‌بووبێت) ئه‌وا خۆی ده‌گوونجێنێت.
دووه‌میان: بوونی حكومه‌تێكی فیدراڵ له باشوری كوردستان كه له‌لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دانی پێدا نراوه، ده‌توانێت بۆ ئاڵوگۆڕه‌كان به قازانجی كورد هه‌نگاو بنێت، به‌مه‌رجێك ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی و پارتیی زه‌ڕه‌یه‌ك ده‌رسیان وه‌رگرتبێ و، گه‌ردێك گه‌نده‌ڵیی و ڕۆتینات كه‌م بكه‌نه‌وه.
باشترین بژارده ئه‌وه‌یه: زۆرینه‌ی كورد به یه‌كگرتوویی بچێته به‌ره‌ی ئه‌مریكا دژی ئه‌جێنداكانی ئێران. ئه‌كرێ به‌هۆی جیۆپۆلهتیكیشهوه (یه‌كێتیی-گۆڕان)یش به نهێنیی بچنه به‌ره‌ی ئه‌مریكاوه. دڵنیابن ئێران هیچی پێ ناكرێت. هه‌روه‌ها، ئیتر پێویسته نه‌وتی كه‌ركووك به ئێران نه‌ده‌ن، یه‌كێتیی خه‌ریكه له‌مه تێ ده‌گات، گه‌ر تموحی سه‌ركرده‌كانی بهێڵێت.
سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی چاكسازیش، جگه له پارتیی و یه‌كێتیی كه هه‌میشه نه‌وت كۆیان ده‌كاته‌وه‌و لهیهكتریشیان ده‌كات، ڕه‌نگه گۆڕان و (كۆمه‌ڵ)یش بچنه حكومه‌ته‌وه. به‌ڵام هێزه‌كانی تر زۆر په‌رش و بڵاون. زۆر پێویسته هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت له‌م قۆناغه‌دا یه‌كگرتوو بن، ئه‌گینا له داهاتوو هه‌موویان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
زۆر پێویسته هێزه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستانیش یه‌كگرتوو بن، به‌سه ئیتر دوای مه‌خه‌ن هێزه‌كانتان با بچنه قه‌ندیل. ده‌شبێت به وردی شیكردنه‌وه بۆ شار به شاری خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و ڕێكخستهكانیان و خاڵی لاواز و به‌هێزیان له ئێستاوه له به‌رده‌ست دابێ و، كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به دیداری عه‌بدولا ئۆجه‌لان و قسه‌كانی ئه‌ردۆگانیش كه هه‌ندێك نوسه‌ری كورد (به‌تایبه‌ت خۆرههلاتیهكان و پارتییه‌كان) به (دڵخۆشكه‌ره)ی ده‌زانن و شاگه‌شكه بوون پێی. له‌وه دڵنیابن ئه‌گه‌ری زۆره (له‌م ساته‌دا) ئه‌وه بۆ فریودان بێت، ده‌بێت زوو فریو نه‌خۆن.
ڕونتر با ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو، كه بۆ خۆراوای كوردستان گه‌ش بین نیم. چونكه تا ئێستا كورد له‌و به‌شه‌دا یه‌كگرتوو نین و، ئه‌ردۆگانیش دوژمنێكی زۆر مه‌ترسیداره و نابێت كورد به كه‌م سه‌یری بكات. من گه‌ر خوێندنه‌وه بۆ فكری ئه‌ردۆگان بكه‌م، پێموایه: ئه‌ردۆگان ئاماده‌یه ده ساڵ ئابوری توركیا بپڕوكێنێت له پێناو پاكتاوی په‌یه‌ده و كورد له خۆراوای كوردستان.
ئه‌ردۆگان زۆر ورد له قۆناغه‌كه تێ ده‌گات، ده‌یه‌وێت هه‌م چاوبه‌س له ئه‌مریكا بكات و، هه‌م كوردیش فریو بدات بۆ ئه‌وه‌ی سۆزی به‌شێكیان ڕاكێشێت تا پیلانه‌كانی جێ به جێ ده‌كات. كورد ده‌بێت له ئێستادا زۆر سیاسه‌تزان بێ، ده‌بێت بزانن ئایا ئه‌ردۆگان له ئێستادا ده‌یه‌وێت پرسی ئۆجه‌لان بۆ سه‌رقاڵكردنی كورد به‌كاردێنێت یاخود نا!؟ به هه‌واڵی میدیایی و هه‌واڵی فه‌یسبووك به‌رانبه‌ر توركیا یان ئێران هیچ ناكرێت. پیلانی سیاسه‌تزانانه و چه‌ندان ته‌كتیكی سیاسیی به‌دیل بۆ ئه‌م قۆناغه زۆر پێویسته.
له ئێستادا كه ئه‌ردۆگان وتاری جهزبكردن بۆ كورد ده‌دات و ڕێگا به بینینی ئۆجه‌لان ده‌دات، پیلانی له ژێر سه‌ر دایه، نابێت دڵخۆشكه‌ر بن. من شاهیدم هه‌یه، مانگی دووی ساڵی 2015 به یه‌كێك له بالاترین سه‌ركرده‌كانی زۆنی سه‌وزم وت: ئه‌ردۆگان زۆر فێڵزانه، ئه‌و پێی وتم: (دڵنیابه ئه‌ردۆگان كه‌ره و هیچ نییه!). ئێستا ئه‌و سه‌ركرده باڵایه و شاهیده‌كان ده‌زانن تێفكرینه‌كانی من ڕاست بوون، یان ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركرده بالایه. ئه‌ردۆگان به فێڵ دستی والاكرد تا هه‌موو ڕێكخستنه‌كانی هه‌ده‌په و ڕێكخستنه نهێنییه‌كانی په‌كه‌كه خۆیان ئاشكرا كرد، دواتر (نزیك) به بنبڕی كردن!
ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆگان فێڵزان نییه و ده‌یه‌وێت پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات، بۆچی ڕێگا نادات كه بیست ملیۆن كورد به زمانی كوردی بخوێنن!؟
ئێستا زۆر پێویسته پارته‌كانی باكور وه‌فدێك پێك بهێنن و به زوویی داوای دیداری ئه‌ردۆگان بكه‌ن، پێش پێشڕه‌وی سوپای توركیا بۆ خۆراوای كوردستان، له‌گه‌لیی دا به‌ئاشكرا كۆببنه‌وه‌و، داوای مافه‌كانی كوردی له توركیا لێ بكه‌ن. به دیاریكراوییش ته‌نیا داوای مافی خوێندن به زمانی كوردی لێ بكه‌ن.
هه‌بوونی وه‌فدی دانوستانكاری هێزه كوردییه‌كانی خۆراواش (به یه‌كگرتوویی) بۆ ئه‌م قۆناغه زۆر پێویسته.
تاكه هیواش لاوازكردنی ئێران و، هه‌روه‌ها هێنانی هێزی زیاتری ئه‌مریكا بۆ عێراق و، زیاتر له‌وه‌ش: ئه‌گه‌ر خۆراوا یه‌كگرتوو ببن ده‌بنه شت، ئه‌گه‌ر نا: هه‌موو شتێك له ده‌ست ده‌ده‌ن، ده‌شی بینین كه ئه‌ردۆگان فێڵ له كورد ده‌كات و (دڵخۆشكه‌ره) نییه. تائێستاش ئه‌مریكا له باره‌ی كوردی خۆراواوه دوو دڵه و، به تویته‌كه‌ی ترامپ هه‌موو شتێك یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌و، دڵنیاشم ئه‌مریكا دواجار توركیا له پێشتر داده‌نێت تا كوردانی خۆراوا، ئه‌گه‌ر كوردانی خۆراوا یه‌كگرتوو نه‌بن، كه به یه‌كگرتووییان كه‌مێك هاوكێشه‌كه ده‌گۆڕن و سیقه‌ی ولاتانی خۆراوا بۆ خۆیان جه‌زب ده‌كه‌ن. گه‌ر نا: چاوه‌ڕوانی كاره‌سات بن و دڵخۆش مه‌بن!