کاوسێن بابەکر: تێکەڵکردنی کارتەکان یان بیانو بۆ هێشتنەوەی کێشەکان!
هەڵبژاردن خەریکە سێ مانگ و نیو تەواو دەکات و، هێشتا کۆبونەوەکان جمەیان دێ و، هیچ لایەکیش خۆی بە بەرپرسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت نازانێ بە پارتیشەوە! لەکاتێکدا پارتی مادام خۆی بەبراوەی هەڵبژاردن دەزانێ و لایەنەکانیش دوای بۆڵە بۆڵێکی ناجدی ملیان بۆدا، دەبێ لایەنەکان بەشدار پێبکاو هەرچی زووە کێکەکە پارچە بکا. یەکێتی نەیشاردۆتەوە کە هەموو کێشەکان پێکەوە چارەسەر بکەن و ناکرێ هێندێک کێشە بەهەڵواسراوی بمێننەوەو ببنە هۆکار بۆ مشتومڕو دۆکەڵاویکردنی حوکمڕانیەکە، لەوانەشە ئەو کێشانە ئەگەر چارە نەکران و هەروا مانەوە ببنە هۆکاری سەرنەکەوتنی حکومەتەکەش، بۆیە خۆگێلکردن و خۆدزینەوە لەچارەسەر بۆ کێشەکان چ لەکوردستان بەتایبەت کێشەی دانانی پارێزگاری کەرکوک کە مافی یەکێتیە بەدانانیشی کێشەکانی خەڵکی کەرکوک کە خەریکە دووبارە تەعریب دەکرێنەوە بەرەو چارەسەر بڕۆن، کێشەی مافەکانی کورد لەبەغدا، ئیدی زەمینەی پێکەوە کارکردن لەحکومەتی نوێی کوردستاندا باشتر دەڕەخسێ و یەکڕیزی نێوماڵی کورد کەمەرجی لەڕۆستهاتنی کێشەو ڕوداوەکانی ئایندەیە دەکرێ بێتەدی.
پارتی کە بەبردنەوەی هەڵبژاردنی دکتۆر بەرەهەم قەڵس بوو، بێ ئەوەی پرس بەهیچ لایەنێک بکات مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت کاندیدکردو نێچیر بارزانی کەبێ پۆست دەمایەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، کەهێشتا یاساکە هەڵپەسێراوەو دیاریش نییە پەرلەمان کەی و چۆن ئەم یاسایە دێنێتەوە گۆڕێ و تێی دەپەڕێنێ. ناشزانرێ کێ ئەو مافەی بەپارتی داوە کەهەردوک پۆستەکە بۆخۆی بەرێ؟ ئەگەر سەرۆکی حکومەت بەرئەنجامی هێنانی دەنگی زۆرینەبێ ئەی سەرۆکی هەرێم بۆ؟ ئەگەر بڵێ بەرانبەر بەپۆستی سەرۆک کۆمارە ئەدی هەر ئەوان نین قەڵسبوون لەوەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتیەوە، هەرچەند بەهەڵبژاردنیش بوو! پاشان بائەو پرسیارە بکەین بۆچی پارتی دەڵێ یەکێتی کارتەکان تێکەڵ دەکات؟ واتا نابێ کێشەکان هەموو بخەینە سەر مێزەکە ئێستا تەنها قسە لەپێکهێنانی حکومەت دەکەین و با کێشەکانی بەغداو کەرکوک بمێنن[وەک مینێک تا پێماندا دەتەقنەوە]. یان ئەوە هەر بیانویەکە بۆ هێشتنەوەی کێشەکان بۆیاریکردن بەچارەنوسی کورد بەگشتی و خەڵکی کەرکوک بەتایبەتی بەو هیوایەی یەکێتی لاواز بکەن و خۆیان بەرهەم بۆ حزبەکەیان، کە هیچ پێگەیەکی گرنگی لەوشارە دا نییە بچننەوە. هەموومان خێرایی روداوەکان دەبینین و داعش کۆتایی نەهاتووە و لەئاسۆشدا هەوری شەڕێکی گەورە دەگرمێنێ و لەهەموکات زیاتر کورد پێویستی بەیەکڕیزی و یەکسەنگەری هەیە بۆیە دەبێ هەرچی زووتر کێشەکان چارەسەر بکەن و متمانە بۆ نێوخۆیان و خۆیان و خەڵک بگێڕنەوە، دەنا کات بەبەریەوە نەماوەو هەموو کاتێکیش زەمەن دەرفەت ناڕەخسێنێ کەئێستا تاڕادەیەک ڕەخساوە و، ئەگەر لەدەست بچێ! ئەوا بەپلەی یەکەم حزبەکانی سەر گۆڕەپانەکە بەر پرسیار دەبن.