بورهان شێخ ڕەئوف: ژانى لە دایکبوونى کابینەى نۆیەم.
ئەگەرچى سیستمى حوکمڕانى لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش دیموکراسیە و پەرلەمانیەو لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 1992 ـەوە یەکەم هەڵبژاردن کراوەو ئەوکات ئەنجومەنى نیشتمانى کوردستان پێکهێنر او دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ پەرلەمانى کوردستان و یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزرا و لە عێراقیش لە دواى ساڵى 2003 ـەوە و دواتریش دواى نووسینى دەستوورى عێراق و ڕاپرسى خەڵک (2005 ) سیستمى دیموکراسى لە عێراق جێگیر کرا.
ئەوەى جێگەى تێبینى و هەڵوەستە لە سەر کردنە هەموو جار لە دواى هەڵبژاردنەکان بە ئاسانى هەرچەندە لە عێراقدا دەستووریش هەیە بەڵام لە هەرێمى کوردستان دەستوورمان نیە حکومەت و کابینەى وەزارى بە ئاسانى و لەوادەى یاسایى دیاریکراوى خۆیدا نایەتە ڕاگەیاندن.
دەستوورو حکومەت
ڕاستە ساڵانێکە ڕەشنووسى دەستوورى هەرێم نووسراوە و بەڵام لە بەر چەند هۆکارێک نەبوونى کۆدەنگى نیشتمانى لەسەرى هەنگاوە یاسایى و دەستووریەکانى خۆى نەبڕیوو تاوەکو ببێتە دەستورى فەرمى هەرێم و زۆر بۆشایى پڕ بکاتەوە کە پێدەچێت بەربەسستى گەورەى بەردەم پێکنەهێنانى کابینەى وەزارى ئەم دەستوورە بێت کە لایەنە سیاسیەکان ناچار بکات لە وادەى یاسایى خۆیدا ڕێکبکەون و کابینە ڕابگەینن و بوارى مانۆڕو سەپاندنى هەژموون و بەرژەوەندى حزبێک نەهێڵێت بەسەر لایەن و حزبەکانى تردا ئەوەى ئێستا دەبینرێت هێشتنەوەى دانیشتنى یەکەمى خوولى ى نوێ ى پەرلەمان بە کراوەیى بە بێ دیاریکردنى ماوەیەکى دیاریکرا و هیچ مانا و پاساوێکى یاسای وسیاسى تەنانەت نیشتمانیشى نیە لە کاتێکدا کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە بارو دۆخێکى هەستیار و تەمومژاوى و ڕوو لە گرژیە.
ئەگەرچى کۆبوونەوەى هەردوو هێزى یەکەم و دووەم و سێ یەمیش کراوە و بڕیارى کۆبوونەوەى تر و پێکهێنانى لیژنە دراوە بۆ وتوێژو دان وسان بۆ بەشکردنى پۆستەکان و وەزارەتەکان لە هەرێم بەڵام هەنگاوەکان خاوو لە ئاست پێداویستى و گۆڕانکارییەکانى بارودۆخەکەدا نین بە گشتى.
ئەوەى گرنگە ئەمجارە هەرێمى کوردستان لە شەڕى تیرۆر دەربازى بووە پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغداد بەرەو ئاساییبوونەوەدا دەچن نرخى نەوت لەجاران زۆر بەرزترە بۆیە خەڵکى هەرێم چاوەڕوانى حکومەتێکە بە ڕووخسارى نوێ و کارئەکتەرى نوێ و بیرى نوێ و خواست و ئیرادەى پۆڵایین بۆ دەربازکردنى هەرێم لە قەیران و کێشە بەردەوامەکانى و نەبوونى خزمەتگوزارى و مووچەو کاراکردنى کەرتى کشتوکاڵ و بنیاتنانى بەنداو پرۆژەى گەورەى کارەبا نەوەکو کڕینى کارەبا لە دراوسێکان تاوەکو بازاڕەکان جموجووڵ و زیندوویەتى بۆ بگەڕێتەوە.
لەوانەش گرنگتر بە گژاچوونەوەى پەتاى گەندەڵى و ڕیشەکێشکردنى چونکە گەندەڵى لە تیرۆر سامناکترە.