نەبەز گۆران: حیزب، پاسەوانی شەو، پۆلیسی رۆژ. بەشی یەکەم.
قسەكردن لەسەر حیزبی كوردیی، قسە كردنە لەسەر دونیایەكی ئاڵۆز، دونیایەك كۆمەڵێك رەهەندی جیاجیا لە خۆ دەگرێت و، هەر یەك لەو رەهەندانە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە، تا رەگوڕیشەكانی بناسرێن. من لەم باسەدا هەوڵدەدەم بە شێوە گشتییەكە قسە بكەم، پاشان ئەو نمونانەی حیزب وەردەگرم لە باشووری كوردستان بوونیان هەیە و، لە جوڵەدان. لە هەمانكاتیشدا بۆ ئەم باسە، قسەكردن لە حیزب، قسەكردنە لە حوكومرانیش، چونكە حیزب و حوكومڕانی_حوكومەت_ بەجۆرێك ئاوێزانبوون جیاكردنەوەیان تووشی هەڵەمان دەكات. بەڵام پێش ئەوەی بێمە سەر بەرهەمی حیزب و بوون بە دەسەڵات، پرسیار لە خودی چەمكی حیزب دەكەم؟ حیزب چییە؟ ئەم چوارچێوە نوێیەی لە رابردوودا دروستبوو بنەماكانی چیبوون؟ پاشان بۆ دروستبوو؟ ئێمە وەك كوردی باشوور چۆن حیزبمان دروستكرد و بەرهەمی حیزب چی بوو؟ ئەو حیزبانەی مێژوویان هەیە چ جۆرە حیزبێكن و، ئەوانەی لەم دواییەدا دروستبوون، چ جۆرێك بوون؟ تایپەكانی حیزبی باشوور، كامانەن و دونیاكەیان چییە؟ چۆن حیزب دەبێت بە پاسەوانی شەو؟ چۆن دەبێت بە پۆلیسی رۆژ؟ ئەم دوو جۆر لە پاسەوانییە مەبەست لە چییە و هەر حیزبە و ئەركی چ جۆرە پاسەوانییەك و پۆلیسبوونێك لە خۆی دەگرێت؟ چ جۆرە حیزبێك پێویستە بۆ ئەم كۆمەڵگەیە؟
پێشوەختە وەك دیباجەیەك، هەوڵی ناساندنی تایپەكانی حیزب دەدەم، پاشان قسە لەسەر دونیاكەیان و بەرهەمی هەریەك لەو تاپیانە دەكەم. تایپەكانی حیزب لە باشوور، دابەشدەكەم بەسەر چوار جۆردا:
– تایپی حیزبی ناو مێژوو
– تایپی حیزبی پۆپۆلیستی
– تایپی حیزبی ئایینی
– تایپی حیزبی چەپگەرا
ئەم چوار شێوازە لە كۆتاییدا لەكام رووبەردا لەیەك دەچن؟ رەواڵەتییان چییە و جەوهەرییان چییە؟ زمان و تێگەیشتنیان چۆن دەردەكەوێت؟ ئایا دەتوانن دونیایەكی نوێ بە چەمكە نوێیەكانییەوە دروست بكەن؟
جیزبی ناو مێژوویی:
مەبەستم لەو حیزبەیە هەمیشە خۆی دەبەستێت بەمێژووەكەیەوە و لە ئێستادا نییە، بۆگشت رووداوێك حیكایەتێكی مێژووی دەهێنێتەوە تا بوونی خۆی دووبارە بكاتەوە.) ئەم تایپە لە حیزب مێژووێكی هەیە، بەردەوام ئێستا دەبەستێتەوە بە مێژووەكەیە و، هەمیشە مێژوو دەكاتە كەرەستە و میراسێك بۆ شێواندنی پرسیارەكانی ئێستا و، هیچ كام لەو گەڕانەوانەی بۆ مێژوو وەڵامێكی دروست نین بۆ پرسیارەكان و گومانەكانی ئێستا. ئەم تایپە دوو جۆرن، جۆرێكیان رادیكاڵن و كار لەسەر رەگوڕیشەی كێشەكان دەكەن، كە ئەم جۆرەیان لە باشووری كوردستاندا بوونی نییە. جۆری دووهەمیان خۆیان دەبەستنەوە بە گوتارە پڕ لەسمبوولییەكان و لەناو رووبەری فاشییەتدا خولدەخۆنەوە. چ لەو ساتەی لە دەسەڵاتن، چ لەو ساتەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن، جیهانێك لە وەهم بۆ خۆیان و ئەندامەكانییان دروستدەكەن، ئەم جیهانە وەهمییە دەكەنە مەكینەیەك بۆ بردەودان بەخۆیان و، بەرهەمی ئایدۆلۆژیاكەیشان دروستكردنی جۆرێك لە حوكومڕانی فاشییە و، سیمایەكی راستەقینە بەخۆیان نادەن، تا لەرێگای ئەو سیمایەوە خوێندنەوەیان بۆبكەیت. لەبری ئەوە فرە سیمان و دەكرێت تەنها لەناو رووبەری فاشییەتدا بۆ فرە سیماكانیان بگەڕێیت، چونكە لە شوێنێكدا نەریتین، لەشوێنێكدا ئایین پەروەرن، لەشوێنێكدا بەرگریكارن، لەشوێنێكدا ستەمكارن، لەشوێنێكدا خاوەنی هەموو ئەو گوتارانەن ئازادی و ماف و هاوڵاتی بوون تێیدا جێی دەبێتەوە و، بەكردەش دژی هەموو ئەو گوتارانەن. لەشوێنێكدا عیلمانین بەبێ ئەوەی هیچ تێزێكی نوێی عیلمانی بوون پەیرەوبكەن و، لەشوێنیكی دیكەدا سوونەتین بەبێ ئەوەی سوونەتی بوون بكەنە بنەمایەك بۆ تەفسیركردنی خۆیان. لەم بێسیمایەدا دەچنە ناو رووبەرە گەورەكەی فاشییەتەوە و لەوێ ئیدی كاری خۆیان دەكەن بۆ بەجەماوەر بوون. ئەم جۆرە لە حیزب لە باشووردا زۆر بەباشی دیارن و دەناسرێنەوە و، جگە لە رووبەری فاشییەت لە هەرشوێنێكدا بۆیان بگەڕێین جۆرێكە لە كورتهێنان بۆ خوێندنەوەیان دێتە بەردەمان. باشترین رووبەرێك كە ئەم تایپە خۆی تێدا نمایشبكات و سیماكانی خۆی تێدا بگۆڕێت، فاشییەتە.
حیزبی پۆپۆلیستی:
ئەم تایپەیان كە هەموو قورسایی خۆیان خستوەتە سەر پۆپۆلۆیستبوون، كەمێك تازەن و سەر بە دونیای شارن. تەواوی تێگەیشتنیان بۆ دونیا و سیستەم و كۆمەڵگە، بریتییە لە گوتاری پۆپۆلیستی میدیایی. حیزبی روكەش و رەواڵەتگەڕان، هیچ رادیكاڵبوونێكیان تێدانییە و رەگوڕیشەی كێشەكان ناناسن. لەبری ئەمە لەناو جیهانی پۆپۆلیستیدا دەمیاندەكەنەوە و بەردەوام بە زمانێكی شەعبی خەریكی وتنەوە و دووبارەكردنەوەی كۆمەڵێك قسەو تێگەیشتنی باون. كێشەیان لەگەڵ بیركردنەوە نییە و پێویستیان بە بیركردنەوە نییە، لەبری ئەمە فەوزای قسەكردن و هاتوهاواری شاشەیی دەكەنە شوێنی خۆ نمایشكردن و بەرهەمەكەشیان تەنها دروستكردنی كارەكتەری نمایشی بێ فیكرە. گوتاریان نییە، خۆیان بە گوتاری حیزبی دیكەوە هەڵدەواسن و سێبەری گوتاری حیزبی ترن، ئاستی تێگەیشتنیان بۆ حوكومڕانی و كۆمەڵگە، لە ئاستێكی زۆر سەتحیدایە و، ئەو گوتارەش خۆیانی پێوە هەڵدەواسن هێندە سەتحی دەكەنەوە ئیتر مانایەكی تێدا ناهێڵن.
حیزبی ئایینی:
مۆدێلێكی عەرەبییە گواستراوەتەوە بۆ باشووری كوردستان، هەم تێگەیشتنەكەی هەم دونیابینیەكەی سەر بە رۆشنبیری ئاینییە. ئەركیان بە سیاسیی كردنی ئایینە، میراسێكی فیكیری نوێی نییە و خۆی دەبەستێتەوە بە چەمكە باوەكانەوە و بەرگریكارێكی سەرسەختی ژیانێكی نەریتییە. دونیابینی نوێیی نە بۆ حوكومڕانی هەیە، نە بۆ بەرهەمهێنانی كلتووری نوێ، لە شوێنێكی نەریتیدا دەوەستێت و خەریكی سەفسەتەیە. سەر بە دونیا رۆحانییەكەی ئایین نییە، سەر بە دونیای بیركردنەوەش نییە لەناو ئاییندا، بەڵكو سەر بە حیكایەت گێرانەوەیە. ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت كۆمەڵێك كارەكتەرن لە شاشەكانەوە خەریكی حیكایەت گێڕانەوە و بە حیكایەتكردنی ئایینن. سەفسەتە و واعیزبوون، دینەمۆی ئەم جۆرەن لە حیزب. نە توانای دروستكردنی ئەخلاقی نوێیان هەیە، نە بۆشیاندەكرێت دەست لە سەفستە هەڵگرن و بیركردنەوە بكەنە بنەمای تێگەیشتنەكانیان. نەتواناشیان هەیە ئەخلاقە باوە كۆنەكە جارێكی دیكە ببەستنەوە بە ئێستاوە و مانایەكی دیكەی بدەنێ، لەبری ئەمە لەسەر خەزێنەی كۆنی باو دادەنیشن و سەفسەتە پەخش دەكەن. میراسەكەیان سەر بە حیكایەتە ئایینەكانە و خەونیشیان بەستراوە بە دەسەڵاتەوە. كێشەیان لەگەڵ جۆرەكانی دەسەڵات نییە، كێشەیان لەگەڵ شوێنكردنەوەی خۆیان هەیە لەناو دەسەڵاتدا. زۆر بە زەحمەت خۆیان دەبنە دەسەڵات و تەواوی چالاكییەكانیان دەبەستنەوە بە بەژداربوونی دەسەڵات و، یەكێك لە پایە بەهێزەكانی مانەوەی دەسەڵاتی فاشی بوونی ئەم تایپەی حیزبە، چونكە خۆیان لە جیهانە سەفسەتەكەیاندا لە رێگەی واعیزەكانییانەوە حیكایەت دەگێڕنەوە و بەشێكی فاشییەتی ئاینی دەگوازنەوە بۆناو پانتایی سیاسەت و، ئەم فاشییەتە ئاینییە پاڵپشتێكی گەورە دەبێت بۆ دەسەڵاتەكە.
حیزبی چەپگەرا:
ئایدۆلۆژیاییەكی چەق بەستووی هەیە. ئەو میراسە گەورەیەی فیكر و فەلسەفە لەناو دونیای چەپدا، نەبووەتە شوێنی بیركردنەوە و بەرهەمهێنانی چەمكی نوێ بۆی، لەبری ئەمە لەسەر ئایدۆلۆژیاییەكی چەقبەستوو دانیشتووە و كێشەی هەم لەگەڵ خۆیدا هەیە، هەم لەگەڵ سەردەمەكە كە لێی تێناگات. ئەم تایپە لە حیزب، بوون بە دوو بەشەوە، بەشێكیان سەرقاڵی خۆگونجاندنن لەگەڵ حیزبەكانی دیكە و، كێشەیان تەنها خۆ ژیاندنە و خەمێكی دیكەیان نییە. بەشەكەی دیكەشیان دژبوون بە ئایین سەرتاپای دونیاكەیانی داگیركردوە و، ئەو كەرەستە فیكریانەش ناكەنە بنەمای تێگەیشتنیان كە لەناو فەلسەفەی چەپدا هەیە تا خوێندنەوەیەكی دروست بۆ ئایین و سەردەمەكە بكەن، بەڵكو بە زمانێكی شەعبی خەریكی نەخوێندنەوەی خۆیان و سەردەمەكەن. لەشوێنێكدا گیرۆدەبوون هیچ گەشەكردنێك بەخۆیانەوە نابینن. دەشیانەوێت میراسە گەورەكەی فیكر و فەلسەفەی چەپ بارگاوی بكەن بە ئایدۆلۆژیاوە و دایببڕن لە دونیای فیكر!
پاش ئەم دەروازانە بۆ چوونە ناو خوێندنەوەكە، ئیدی پەنا دەبەمە بەر (ئەنتۆنیۆ گرامشی) تا لەرێگەی تێزەكانی ئەوەوە، خوێندنەوەیەك بۆ حیزب بكەم و، هەریەك لەو تایپانە بخەمە ناو ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەوەی بزانین دونیای حیزبی ئێمە، چ جۆرە دونیاییەكە و، دەرگیربوون لەگەڵ ئەم دونیایەدا بەرەو كوێماندەبات و، ئێمە لەم باشوورەدا لەم چوار تایپەی حیزب چی دەبینین. تێزەكانی (ئەنتۆنیۆ گرامشی) لە بارەی حیزب و حوكومڕانییەوە، كوێمان بۆ روناك دەكاتەوە و لەناو تاپیەكانی حیزبدا، كێشەكان لە كوێدان و پێویستە تایپی نوێی حیزب چۆنبێت تا بتوانێت هوشیارییەكی نوێ دروستبكات.
بەر لە هەمووشتێك: وشەی_حیزب_ لە رووی زمانەوانییەوە رەگوڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام لە سەدەی _17_18_دا دەبێتە دامەزراوە و چوارچێوەیەك بۆ خۆی دیاریدەكات. رەگوڕیشەی وشەكە، لە بنەرەتدا لەناو زمانی شەعبیدا بەكارهاتووە و، پاشان گوازراوەتەوە بۆناو دەقە ئاینییەكان، وشەكە خۆی سەر بە زمانی_عەرەب_ە. مانای وشەكەش واتای دەستەیەك یان تاقمێك دەگەینێت و لەناو دەقە ئاینییەكان و فەرهەنگەكاندا، بەهەمان مانای _دەستە، تاقم، گروپێك_ بەكارهاتووە (1)
لە سەدەكانی _17_ 18_ دەبێتە دامەزراوەیەك و فۆڕمێكی سیاسیی و كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت و لەواتا ئایینیەكەوە دەچێتە ناو هەرێمێكی دیكە، كە چوارچێوەی ئیشەكانی فراواندەبن و، ئیدی حیزب ئەو مانا ئاینییە نییە تەنها دەستەیەك، یان تاقمێك، لەخۆ بگرێت، لەناو خۆیدا چەندین دەستەو تاقم لە خۆدەكرێت و، دەبێتە رووبەرێك بۆ چالاكی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و جیاوازی چینەكان.”چینە كۆمەڵایەتییەكان حیزب دروستدەكەن.(2)” دۆخێك دروستدەبێت ئەكرێت بە دۆخی_زەرورەت_ ناوی بهێنین، لەو دۆخەدا بەشێك لە چینە كۆمەڵایەتییەكان پێویستیان بە دامەزراوەیەك هەیە، لەرێگەی ئەو دامەزراوەیەوە دەستبكەن بە جوڵەی سیاسیی، یان كۆمەڵایەتی، ئەو دامەزراوەیەش حیزبە. لە سەردەمی مۆدێرنەدا، بەتایبەتی لە سەرەتا و ناوەراستی سەدەی رابردوو، چەندین مۆدێل لە حیزب دروستدەبن، مەترسیدارترین ئەو مۆدێلانە حیزبی فاشی و حیزبی تۆتالیتارە. ئەم دوو جۆرە لە حیزب، دەبنە دینەمۆیەك بۆ دروستكردنی دەسەڵاتێكی مەترسیداری كۆنترۆڵكەر. بنەماكانی هەردوو تایپەكە لەناو حیزبی باشووری كوردستاندا بەشێوەیەكی روون ئامادەییان هەیە و، تا ئەم چركە ساتەش بەشێكی زۆری حیزبی كوردیی لە باشوور نەیانتوانییوە بنەوانی بیركردنەوەی خۆیان بگۆڕن و لەو فاشییەتە بێنە دەرەوە پێشتر خۆیانیان لەسەر بونیاد ناوە. لەبری ئەوە بەهەمان دونیاوە دێنە ناو شار و لەوێوە دەچنە ناو حوكومڕانی و، حوكومڕانییەكەش بەو ئاراستەیەدا دەبەن خۆیان تێدا خولدەخۆنەوە.
ئەوە روونە هەمیشە قۆناغێك حیزب بەرهەم دەهێنێت، كە ئەو قۆناغە بۆ سەرەتای دروستكردنی حیزب لای كورد قۆناغی بەرگریكردنە لە شوناس و بوونی خۆی، بەڵام هەرچۆن دەسەڵاتە فاشییەكان كاردەكەن بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی ناتەندروست، حیزبی كوردیش لەسەرتای دروستبوونییەوە لەناو هەمان ئەو دۆخەدا دەژیت دەسەڵاتە فاشییەكان تێیدا دەژین و، هەمان كردار و هەمان گوتاری هەیە، بەڵام بە جۆرێكی شەیدایانە و فریودەرانە گوتارەكە بە رەمز و سمبولەكان دەرازێنێتەوە، تا جەماوەر بەرەو ئاراستەیەكی نادیار ببات و، دیوە راسستەقینەكەی خۆشی لەژێر دەواری ئەو گوتارە رەمزی و فریودەرانەدا بشارێتەوە. سەرەتای دروستبوونی حیزبی كوردی، سەرەتایەكە بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی فاشی دەوڵەتەكانی دراوسێ بۆناو رووبەری حیزب و رووبەری بەرگری. لە بنەوانەوە چینوتوێژەكان بەو دیدگایەوە حیزب دروستناكەن ببێتە شوێنێك بۆ دووبارەكردنەوەی فاشییەت، بەڵكو بەو دیدگایەوە دروستیدەكەن وەك دژە فاشییەتێك بەرگری لە شوناسێك و لە ویستێكی كۆمەڵایەتی بكات و، بكرێتە وێستگەیەك بۆ هێنانەدی خەونەكان، ئەما ئەوەی پێچەوانەی خەونەكان دەجوڵێتەوە بەرلەوەی دەسەڵاتە فاشییەكانی دەوروبەربن، حیزبی كوردی خۆیەتی. لە مێژووی نوێدا كۆمەڵگەی كوردی لەناوەراستی سەدەی رابردوودا لەبەردەم ترسی سڕینەوەی شوناسدا بووە، تاكە دەریچەیەك بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لەو شوناسەی بكات، حیزب بووە. یانی دروستكردنی حیزب بۆ خۆی دروستكردنی سەنگەرێكی بەرگری و دژێك بووە بەرامبەر دەسەڵاتە فاشییەكانی دەوروبەر، كەچی هەمان ئەو فاشییەتەی حیزب لەپێناویدا دروستدەبێت تا لەناوی ببات و مانایەك بەو شوناسە بدات ترسی لەسەرە، هەمان گوتار و كردە دەگوازرێتەوە بۆ ناو خۆی و دەبێتە شوناسێكی نوێی حیزب و، لەو رێگەیەوە قۆناغی دووهەمی سەركوتكردنی كۆمەڵگە دەست پێدەكات!