بەیان ئیبراھیم: ئایا شیعر، مرۆڤ لەوە قوتار دەكات ھەڵگری ناسنامەیەكی داخراو بێت؟
شیعر چێژ مەرجێكی فێربوونەكە ئەرستۆ ناوی ناوە پاك بوونەوە. درایدن ناوی ناوە ناسینەوە. شیعر تەقینەوەیەكی لە خۆوەی ھەستە خرۆشەكانە كە ئەم لێشاوی ھەستە پێویستی بە كۆمەلێك وشەی سادەو باوە. ھۆگۆش داوای تێكشكاندنی پاشماوەی قاڵبەكانی ئەدەبی كلاسیكی دەكرد. چونكە داھێنان گوزارشكردنە لە كەسێتی داھێنەر نەك گوزارشت كردن لە ئەرستۆو ئەفلاتون.
شاعیری ئەڵمانی گوتە بایەخێكی زۆری بە زمان داوە، چونكە بەڕای ئەو زمان مۆركێكی ھونەرییانەی بەرجەستە بە شیعر دەبەخشێت كە رادەی ھەستكردنمان ھەستكردنمانە بەدەست لێدان لە بەردی مەڕمەڕلە پەیكەرتاشی، بۆ ئەوەی شاعیر یاخود نوسەر لە زمانە ئەدەبیەكەیدا سەركەوتوو بێت لە گەیشتن بە پلەی ھەستیاری پێویستە ئەو زمانە ئەدەبییە ملكەچی میزاجە تاكە كەسییەكەی خۆی بكات. چونكە تاك گەرایی لە دەربرینی بنەما ئامانجی ھەموو ھونەرێكە.
شیعر لای شاعیران ھەریەكە بە شێوەیەك خۆی نمایش دەكات. شیعر دوامەنزڵگەی پارانەوەیە. بۆیە ھەندێ كەس كە شاعیر نین دێن لە میحرابی شیعردا دەپارێنەوە باسی زامەكانی خۆیان دەكەن شیعر خەڵوەتگایە تاپۆی تاك نیە. ھەموو تاكێك لە ناخیدا شیعر دەبارێ، چونكە چیژ لە شیعری شاعیران وەرگرتوە دەیەوێ حەقیقەتی خۆی نمایش بكات. بەڵام لەناخیدا دێت و دەچێت، یاخود دەینوسێت. بەڵام نابێتە شاعیر بەس بۆ خۆیەتی و پێویستی بە نمایش نیە. واتا ئەدەب دنیایەكە تایبەتە بەتاك.
شیعر بۆ تاك و ژیان زۆر فەردانیە، ناتوانی پێداویستیەكانی مرۆڤ لە رووی بایەلۆجیەوە دابین بكات. بەڵكو زیاتر ڕۆحانیە. ھەر وەكو كاك مەریوان وریا قانع دەڵێ: پێویستە لەو راستیە بگەین كە ئەوە بەس نیە تەنیا شیعر و ئەدەبیات بنوسین! راستە ئەدەبیات بۆ ھەموو كەسێ ماڵی دووھەمە. وە ئەوەش راستە وەكوو پەشێو دەڵێ: شیعر ئەسپێكی شێ یە، ھاورێی دێرینمانە، چوارپەلی لە مس مەگرن. ھەڵبەت مەبەستی ھەم روە فكرێیكەیەو ھەم زمان و فرەمدلول و تێك شكاندنی واقعەكە بەجۆرێك وا لێ بكات رەنگە ماڵی وشەی شیعرەكە وێران بكات و ھەر قسەی رووت بێت.
شاعیر ھەیە یەك دەقی شیعری بەسە بۆ بوون بە شاعیری. وە ھەندێكیش سەدان شیعری ھەیە نەبۆتە شاعیر. كەواتە شاعیری نوێ دەبێت بە شوێن خۆیدا بگەرێ، ناسنامەی نەتەوە و زمانی خۆی بدۆزێتەوە. وە دەبێت شارەزایی لە شیعری كلاسیكی و، شیعری شاعیرە درێرینەكان ھەبێت. شیعر راستە تاپۆ نیە، بەڵام كات و شوێن لە ژیانی مرۆڤدا دووچمكە زۆرترین خوێندنەوەی بۆ كراوە. كەواتە دەبێت شاعیر ئەو شیعرە دابریژێت كە لە روئیایدا ئامادەیە بە شێوەیەكی ستاتیكی. ئەركی شیعر بریتییە لە چێژ بەخشین بە خەڵك لە رێگەی ئەو مەعریفەیەی كە پێشكەشی دەكات. ھەروەھا لە رێگەی ئەو كاریگەرییەی لە سەریان بەجێی دەھێڵێت و دەبێتە ھۆی یەكخستنی دڵەكان لە كۆمەڵگەیەكی مرۆییدا.
ئامانجی شیعر گەیشتنە بە راستی رەھا، نەك گرنگیدان بە شتە لاوەكیەكان. شاعیر بەھۆی ئەو خوازە زیندوانەی پێشكەشیان دەكات، زمان گەنج دەكاتەوە. لە بەر ئەوەی زمان ئامرازی خەیاڵە و، خەیاڵیش توانای خوڵقاندنی ھەمووشتەكانی ھەیە. كەواتە خەیاڵ بە ئاسانی دەتوانێت دووبارە بە پێی پێویستیەكانی خۆی زمانی خەڵك بكاتەوە. ھەریەك لە شاعیرو فەیلەسوف بە دوای حەقیقتێكدا وێڵن. بەڵام شاعیر ئامانجی ئەوەیە! كارێكی ھونەری جوانی لێ بەرھەم بھێنێت. بۆیە دەبێت ئەوەی دەینوسێ دەبێت رامیبكات كە لە دروستكردنی كارە ئەدەبییەكەیدا بەكاری دەھێنێت و، ملكەچیان بكات بۆ میزاجە كەسییەكەی خۆی. لە كۆتاییدا زەرورەت ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت تیشك ئاراستەی كاروانی رەخنە و، پەرەسەندنەكەی بكەین بۆ ئەوەی خوێنەر لەسەر پێگەی مێژووی بەشەكان رابوەستێێت.