بورهان شێخ ڕەئوف: قەیرانەکانى عێراق لە م ساڵدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ساڵانى ڕابردوو عێراق بەڵێ عێراقى نوێ گیرۆدەى قەیرانگەلێکى تاقەت پڕوکێن بووبێت ئەوا لەم ساڵیشدا لیستێکى درێژ لە قەیران و ململانێ ى ناپەسەندوو دژ بە دەستوورو دژ بە پرنسیپەکانى پێکەوە ژیان و لێبووردەیى هەن کە پێناچێت بەم کاراکتەرانەى ئێستاى سەر شانۆى ڕووداوەکانى عێراق بێنە چارەسەرکرن.
ئەگەر چى دڵمان خۆشەو بەڕاستى جێگاى خۆشحاڵیشە کە پێکهاتەکانى عێراق لە ڕابردوودا بە گۆڕى بەکۆمەڵ و جینۆسایدو چەکى کیمیاوى قەدەغەکراو کۆچ پێکردنى زۆرەملى و گۆڕینى دیمۆگرافیا زۆر کارو کردەوەى ناپەسەندو نابەجێ کە مرۆڤایەتى لە ئاستیاندا شەرمەزارە کێشەو ململانێکانیان یەکلایى کردبێتەوە ئێستا لە ژێر قوبەى پەرلەماندا خەباتى سیاسى و دیالۆگ و ململانێ ى ژیاریانە بکەن و دەستوور جێبەجێ بکەن کە زۆرینەى خەڵکى عێراق دەنگیان لە سەرداوە.
بۆیە ئەگەر فراکسیۆن و قەوارە سیاسیەکانى ناو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ساڵى ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبوون لەوەى هەموو پۆستە وەزارییەکانى کابینەکەى عادیل عەبدولمهدى پڕبکەنەوە بە تایبەتى وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگرى و داد ئەوا لە مساڵیشدا تاوەکو کاتى ئێستا نەیانتوانیووە بگەنە سازان بۆ پڕکردنەوەیان بە هۆى ململانێ ى نێوان خودى پێکهاتەکان خۆیان بە تایبەتى شیعەکان.
بۆیە بە وردبوونەوە لە بارودۆخى ئێستاى عێراق هەندێک ڕاستیمان بۆدەردەکەوێت و ئەوەمان پیشان دەدات کە عێراق ڕووبەڕووى کۆمەڵێک قەیرانى گەورە دەبێتەوە لە ڕووى سیاسى و ئابوورى و ئاسایشەوە هەوڵدەدەم لە خوارەوە بەکورتى لەسەر هەریەکەیان هەڵوەستە بکەم.

سیاسى
عێراق بەهۆى ململانێ تائیفى و ئتنیکى لە ساڵانى ڕابردوودا کێشەو ململانێى گەورەى ڕووبەڕوو بووەوە بەڵام لە ئێستادا ململانێکان قووڵتر بوونەتەوە بەوەى ململانێ کەوتوەتە نێو ماڵى شیعەو پێکهاتەکە ى خۆیانەوە کەلە ڕابردوودا هەموو یان لەئیئتلافێکدا کۆبووبوونەوەو هەموو بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکەنیان یەکلایى دەکردەوە کە ئەمەش شانۆى ڕووداوەکانى عێراقى زیاتر ئاڵۆزکرد، ئێستا ئەگەر لایەنەکان لە ژێر فشارى دەرەکیدا بگەنە سازانێک بۆ تەواو کردن و پڕکردنەوەى وەزارەتە کانى ناوخۆ و بەرگرى و داد بەمەش کۆتایى بە ئاریشەو ناتەباییەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسى عێراق نایەت بەڵکو زۆر کێشەو قەیران تر سەر هەڵدەدەن لەوانە مەسەلەى بوونى هێزى بێگانە لە سەر خاکى عێراقە کە هەندێ لایەنى سیاسى عێراق دەخوازن یاسایەک دەربکەن لە ئەنجوومەنى نوێنەران کە ئەو هێزانە لە عێراق دەربکەن کە مەبەستیان هێزەکانى ئەمریکایە لە عێراق و ئەوەش ڕوون ئاشکرایە لە حاڵەتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەیان هێننە عێراق و لە ئێستاشدا زۆر بنکەو پێگەى سەربازی تازەى ئەمریکا لە زۆر شوێنى عێراق کراوەتەوە کە ئەمەش هەڵوێستێکى جێ ى نیگەرانى دەبێت بۆ عەبدولمهدى لە نێوان دژ و لایەنگرى دا.
لەلایەکى ترەوە دۆسیەى سیاسى عێراق لەناوەخنەکەیدا دەیان کێشەو ململانێ ى ئاڵۆزى تێدایە بە تایبەتى دیاردەى گواستنەوەى سەنگەر و ئەم بەرو ئەوبەر لە نێوان قەوارە سیاسیەکان بە تایبەتى لە نێوان هەردوو فراکسیۆنى ڕیفۆرم و بنیاتنان کە ئەمە وادەکات یەکلایى کردنەوەى هەریاساو بڕیارێک وا ئاسان نابێت.
دۆسێ یەکى ترى زۆر ئاڵۆز مەسەلەى گەمارۆکانى ئەمریکایە لە سەر ئێران کە تا ئێستا عێراق و چەند وڵاتێکى تر بەخشراون لێ ى بۆ ماوەى نەوەد (90) ڕۆژ، ئەوەى جێگەى مەترسى و لەوەیە لە داهاتوودا ببێتە قەیرانى گەورەو ئەوەیە بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە باکورو ڕۆژئاواى عێراقن گەورەترین باڵوێزخانەى ئەمریکا لە جیهاندا لە بەغدایە، لەڕۆژانى ڕابردوودا گەورەترین شاندى ئێرانیش بە سەرۆکایەتى وەزیرى دەرەوە هاتنە عێراق و هەرێمى کوردستان و خوازیارى پەیوەندى بەهێزن لە گەڵ عێراق بۆیە ئەگەرى ئەوە هەیە عێراق لە بەرداشى نێوان ئەمریکاو ئێراندا زیانمەندى گەورە بێت ئەگەر بە ژیرو حیکمەتەوە هەڵسوکەوت نەکات.
بێجگە لەوانەش بارێکى زۆرى قورس لە کێشەو قەیرانى قورس لە کابینەکانى پێشووترەوە ماونەتەوە بۆ کابینەى نوێ کە پێویستى بە چارەسەرى بە پەلە هەیە کە زۆر بابەت دەگرێتەوە.

ئابوورى
ئەگەرچى ئابوورى عێراق دەتوانین بڵێین بەڕادەیەکى زۆر تا 95% پشتى بە نەوت بەستووە وەک تاکە داهاتى وڵات لە بەرئەوە بەرزى و نزمى نەوت کاریگەرى زۆر و ڕاستەوخۆ لە بارى بەڕێوەبردنى وڵات دەکات لە کاتێکدا سەرچاوەکان باس لە قەرزارییەکى زۆرى عێراق دەکەن تا نزیکەى 140 ملیار دۆلار، لەلایەکى ترەوە کەمى و نەبوونى خزمەتگوزارییە پێویست و هەنووکەییەکانى خەڵک و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى چەند مانگى پێشووى پارێزگاى بەسرەى دووەم گەورە شارى عێراق گەواهى ئەوەن کە لە عێراقدا قەیرانى قووڵى خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانى ئابوورى هەیە و ئەوانەش کێشەگەلێک نین لە شەوو ڕۆژێکدا چارەسەر بکرێن بەڵکوکات و پارەى دەوێت ئەمانەو سزاکانى سەر ئێران ئەگەر جێبەجێ بکرێت کاریگەرى ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر عێراق و چونکە تا ئێستا ئەڵتەرنەتیفیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ئاسایش
ئەگەرچى وا ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر بانگى سەرکەوتن بە سەر چەتەکانى داعش و ئازادکردنى شارى گەورەى مووسڵ لە دەستیان بەڵام تا ئێستا زۆرێک لە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان و لە بوودجەى عێراقیش پارەى پێویست تەرخان نەکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شارە وێرانەکان و لە لایەکى ترەوە شانە نووستووەکانى داعش دەستیان بە جموجووڵ کردووە لە دەشت و دەرو بیابان و شاخەکان هەڕەشەى جدیین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیرى وڵات، لەبەرئەوەى هىەموو ئەو فاکتەرانەى کە هۆکار بوون بۆ سەر هەڵدانى ئەو ڕەوتانە تا ئێستاش ماون و حکومەت و هێزە باڵادەستەکان هیچ پلان ونەخشەیەکیان نیە بۆ بنبڕکردنى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت