جیهاد موحەمەد: زەرورەتی شۆرش.
فەیلەسوفی پراگماتیکیی و پەروەردەناس(جۆن دێوی) دەڵێت: هەموو شتێک لەم دنیایەدا دەبێت لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، بەو واتایەی مرۆڤ ئەو خۆریە، کە هەموو ئەوەی هەیە لە سەر گۆی زەوی دەبێت بەدەوری مرۆڤدا بسوڕێتەوە، هەرچ بیر و ئایدایەک، یان هەرچ دیین و ئاینزایەک، هەرچ زانستێک لە خزمەتی مرۆڤدا نەبوو، پوچە. هەڵبەت ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەو هەموو لێکدانەوەیە نەبێت. بەڵام مەبەستی دێوی ئەوە نییە هەموو سروشت و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و خاک و ئاو وێران بکرێت بە ناوی ئەوەی بخرێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە، چونکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وێران دەبێت بە وێران بوونی ژینگەی سروشت و ئەوەی لە سروشتدا هەیە، سروشت و هەموو ئەوانەی لە سەروشتدا هەن بە مرۆڤیشەوە، پێکەوە بەهایەکی گەورە دەدەن بە گۆی زەوی، دەنا گۆی زەویش لە وێرانەیەک زیاتر نابێت بە بێ بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو و هەوا و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە. دیین، کە مرۆڤ بە ئەفرێندراوێکی خوداوەند دەزانێت و دەناسێت، لای وایە کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پیرۆزترن، چونکە خودا ئەم پیرۆزیی و باڵاییەی داوە بە مرۆڤ، بۆچوون و دیدگای دیین وایە کە مرۆڤ لەسەر باشترین شێواز و بە تەواوکۆیی خودا دروستی کردووە، (لقد خلقنا الانسان علی أحسن التقویم). بۆیە بۆچوونیان وا بوو کە هەموو گەردوون بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە، چونکە زەوی مرۆڤە ئەفرێندراو و باڵاکەی خودای تیا دەژی، وەلێ کۆبرنیکۆس شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، کە سەلماندنی گۆی زەوی ناوەندی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی و مانگ بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خۆر ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی. بە هەرحاڵ ئەمەی باسمکرد وەک پێشەکیەک بۆ ئەوەی بچمە ناو مەبەست و باسەکەی خۆمەوە لەم نووسینە کورتەمدا.
بۆ ئەوەی بشچمەوە سەر باسەکەم، وەک هەموو جارێک ئەم پرسیارە دەکەمەوە! بۆچی گەلان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی بەختەوەر نین لە ژیانیاندا، بەردەوام خوێنڕشتن و جەنگ و ئاژەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا هەیە، بەردەوام بە دەست هەژاری و کەمدەرامەتیی و نەخۆشی و پەککەوتن و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن؟
بە بڕوای من، کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هەرچی دەوڵەت و حکومەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان و حیزبی چەتەگەر و فاشییەکان هەیە، کە فەرمانڕەوا و حوکمڕانن، لە هەرچ شوێن و وڵاتێکدا، کە بە سەدان هەزار و ملوێنان لە خەڵکی ستەمدیدە خۆیان بوون بە کۆیلەیان و ئاو و خاکێکی بە پێزن بۆ بووژانەوەیان، ئەمانە هەموویان، هەرچیەک بێت ئایدۆلۆژیەکانیان، دینیی بێت، یان بە ناو عەلمانی و زانستیی بێت، نا دیموکراسیی بن، یان بە ناو دیموکراسیی بن، هەموویان لە یەک پارادیمدا دەسوڕێنەو. دەیان سەدەیە ئەم پارادایمە بووە بە بەردە ئاش و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەموو سروشت وەک یەک دەهارێت. وەک ئاماژەشم پێدا ئاوی ئاشەکە خەڵکە ستەمدیدەکە خۆیەتی، ئاشەوان و هەڵسورێنەری ئاش و خاوەن ئاشیش حوکمڕانە ستەمکارەکانن. بێگومان لەم وڵاتانەدا، دەیان ئاشی جۆرا و جۆر نراوەتەوە بۆ هاڕینی مرۆڤ و سروشت، بۆ هاڕینی هەموو شتێک لە پێناوی کەمینەیەک لە حوکمڕانەکان و حیزب و دەسەڵاتە چەتەییگرەکان. هەڵبەت لە نێوان خاوەنی ئەم ئاشانەدا کە لە هەرچ وڵاتێکدا دەیان حیزب دروست بوون بۆ گرتنەدەستی ئاشەوانێتی و بوون بە خاونی ئاش، بەردەوام لە ململانێی دەسەڵات وەرگرتندان کە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار کەسی لە پێناودا بەهەدەر دەڕوات. هەمووشیان بە ناوی ڕزگاری و ئازدی مرۆڤەوە ئەم شەڕو پێکدادانانە بەرپا دەکەن.
ئەمەوێت ئەوە بڵیم و پێی لەسەر دابگرم کە ئەو پارادایمە، ئەو بازنە و تەوقە خنکێنەرە، ئەو گۆماوە ئاو لەبەر نەڕۆشتووە، بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبە فاشیەکان، حکومەت و دەوڵتە فاشیەکان، چ لەگەڵ یەکتری و چ لە ناو خۆیاندا، تەنها یەک ئەنجام زیاتری نابێت، ئەویش نوێکردنەوە و تۆکمەکردنی بازنەی هەمان پارادایمە و هیچی تر، واتا هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری درێژە پێدەدات لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. بە واتایەکی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەگەر یەک لە دوای یەکی ئەم حکومەت و حیزب و دەوڵەتانە بە دوای یەکدا هەڵبوەشێنەوە، ماددام شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لە پشتەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نییە، کە بتوانێت ئەو عەقڵیەتە کۆنباو و کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنێتەوە و پارادایمێکی نوێی زانستی و مرۆڤدۆستیی و سروشتدۆستیی بهێنێتە جێگەی. هەرچی بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و گۆڕانکارییەوە کراوە لە ناو ئەم کۆمەڵگە و گەلانەدا، دووبارە هەمان عەقڵیەت تووندتر و بەهێزتر فەرمانڕەوایی گرتۆتەوە دەست. بەو پەڕی جەختکردنەوەوە دەڵێم، لە سەد ساڵی ڕابردووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەدا و لە دەیان سەدەی پێشووتریشدا یەک گۆڕانکاری نەکراوە بتوانێت ئەو بازنە و تەوقە بەهێزەی پارادیمە کۆنباوەوەکە نەک هەڵبوەشێنێتەوە بەڵکو لەقیشی نەکردوە و نەیلەرزاندووە.
هەتا بزاوتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست نەبێت دژی ئەو پارادیمە، مەحاڵە هیچ کام لەگەل و کۆمەڵگەکانی ناو ئەو پارادایمە ئازدیی و ڕزگاریی بە خۆیانەوە ببینن. لێرەوە ئەمەوەێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە حکومڕانە شیعەییەکانی ئەمڕۆی عێراق و سەدام حسەینی جاران و پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان بەوانەی لە حوکمڕانییدان و بەوانەشی لە دەرەوەی حوکمڕانییدان، ئەنجامن، ئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە کە ناتوانێت ئەو بازنە ئەستورە تێکبشکێنێت.
بە تەواوەتی گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی، کە تا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی بەرپانەکرێت، ناتوانرێت ئەو بازنە پتەوە، ئەو عەقڵیەتە ڕەقهەڵاتووە، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە بەسەرچووە بسڕێتەوە و لە جێگەیدا عەقلێتێکی سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانەی سروشتدۆسانە بونیاد بنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرەتای دیموکراسیی ڕاستەقینەوە و پەروەدەیەکی هاوچەرخانە و تەندوستییەکی باش نە بۆ مرۆڤ مسۆگەر بکرێت، نە خۆشەویستی سروشت و بونەوەرەکانی دیکە لای مرۆڤ بەرجەستە بکرێت. تەنها ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە دەتوانێت مرۆڤ و مرۆڤبوون بخاتە سەر ڕێگەی دوور و درێژی کۆتا نەهاتوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن. تەنها کار و ئەرکی شۆرشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری، ئەوەیە، کە شۆڕشێکی پەروەردەیی بخولقێنێت، هەتا مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە لە ژیاندا بێت، شۆڕشی پەروەدەیش بەردەوام دەبێت. واتا شۆرش و مرۆڤ پێکەوە پەیەوەست دەبن بۆ هەتا هەتایە.