حەمەئازاد بەرزنجی: وەزیر بۆ دەبێ مەنسەبێکی سیاسی بێت.
لە دوای ڕاپەڕین و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و ، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ، دستەواژەی (وەزیر مەنسەبێکی سیاسیە)یان هێنایە پێش. ئەمەش یەکەم هەنگاویان بوو بۆ لەخشتە بردنی خەڵکی کوردستانی دڵ پڕ لە خۆشەویستی و کەفوکوڵی کوردایەتی بۆ پێشمەرگەو تەنانەت بۆ ئەو پارت و لایەنانەی کە نوێنەرایەتیان دەکردن لەو کاتەدا. ئەویش بۆ هێنانەپێش و پێدانی مەنسەب، بۆ کادرە ناشایستە کەم ئەزمونەکایان بوو، لە بواری ئیداری و فەرمانڕەوایی، وە سەپاندنی حوکم و شەریعەتی شۆڕشگێریان بوو. وە ئەوەیان بە گوێی خەڵکیدادەدا کە مەرچ نییە وەزیر پسپۆڕ و ممارس و پسپۆڕ بێت لەو وەزارەتەی کە پێی دەسپێردرێت .وە لەو بڕوایەدام یەکەم هەنگاوی گەندەڵی لەوێوە دەستی پێکرد کە هەمو حزبەکانیش پێی ڕازیبون و بسکەی سمێلیشیان دەهات بۆ مەنسەبەکان . تاکار گەیشتە ئەوەی ئەم حاڵەتە، دابەزییە خوارەوە بۆ جێگر و بەڕیوەبەرە گشتیەکان و تەنانەت دواتریش بۆ بەڕێوەبەرو سەرۆک بەشەکانیش لەناو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەکی ئاسایی لەناو شاروشارۆچکەکانیشدا. کەچی پێشترو لەسەردەمی حکومەتی مەرکەزی ئەوسادا و، بە هەمو توندڕەوی و پیاوکوژییەشیانەوە زۆربەی بەڕێوەبەرەکانی ناو شارێکی وەک سلێمانی و بەتایبەتیش تەکنیکی و زانستی و پزیشکیەکان، کەسانی بێ لایەن و خەڵکی شارو ناسراو دڵسۆز و پسپۆڕ بون. وەزۆر لەوە زیاتر هەندێ لە وەزیر و بەڕێوەبەر و لێپرسراوی پڕۆژە گەورە ئەندازەییەکان لە بەغدا و شارەکانی ناوەند و خواروی ئێراقیش کوردی بێلایەن بون.
لەگەڵ هەمو ڕێزم بۆ پەڕلەمانتارانی هەرێم و وەزیرەکانی ئێستاو داوای لێبودن لێیان ، بەڵام کۆن و دێرینەکانی وەجبەکانی پێشوتر ، لێهاتوتر و دەرکەوتوتر و ناسراوترو ڕاستاڵوسەنگینتر دیارتر بون لە هەندێ لەوانەی ئێستا. ئەمەیش وتەزایەکی باوی تری ناو خەڵکی دەسەلمێنێ کەدەڵێ ( ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار ) . ئەمیش لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە، باڵا دەستان بە تاقیکرنەوەی سیاسی و فرتوفێڵی خۆیان و، بەکاوەخۆو هێواش هێواش هاتنە ناوەوەو ، لەسەرەتادا فریای پێگەیاندنی کادری دەستەمۆو ڕاهێنراو گوێڕاکێشراوی خۆیان نەکەوتبون ، ناچار بون پەنا بەرنەبەر ، کادرە پسپۆرە دیارەکانی ناو کۆمەڵ و بەکاریان بهێنن، تا پێگەیاندنی دەستە دەستەمۆکانی خۆیان لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات و، دەستیانکرد بە ئاخنینی هەمو وەزارەتو زانکۆ و هەمو کونوقوژبنەکانی ناو دامو دەزگاکانی حکومی وکەرتی گشتی و چیدی پێویستیان بە پسپۆڕو کادری زانستی و تەکنیکی بێلایەن نەما . بەچەپ و ڕاستدا کەوتنە وێزەی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان . تاکارگەیشتە ئەوەی بیرلەوەبکەنەوە بەناوی باڵادەستی و سەرکەوتویی کەرتی تایبەت وشکستهێنان و فاشل بونی کەرتی گشتی کە هەرخۆیان هۆکارەسەرەکییەکەی بون . کەوتنە گواستنەوەی زۆر لە چالاکیەکانی کەرتە ئابوریەکان بەرەو کەرتی تایبەتی تایبەت بەخۆیان، بۆ ئەوەی بکوژوببڕو پلاندانەرو جێبەجێکەرو سەرپەریشتەکەرو سودوەرگر، هەر خۆیان بن. شاردنەوەی سستمی کارو خەرجی و سەرچاوەی دارایی و دەسکەوتەکان و خۆ دزینەوە لەباج و خەراج . بەمجۆرە بونە خاوەنی سەرچاوەی بێشوماری شاراوەی کەسپێنەزان بۆ خۆیان و نەوە دوای نەوەیان و خاوەنی کۆمپانیای زەبەلاحی تازەهەڵتۆقیوی تایبەت و کارو دەستڕۆیشتویش لەناو وەزارەتەکان و تەسهیلات بۆ کردنیان لە پێدانی سلفەی پێشەکی وتاپۆکردن و داگیرکردنی هەزاران دۆنم لەسنوری شاوەوانی و دەرەوەی شارەوانیەکان بەناوی، کاری وەبەرهێنان و پرۆژەی نیشتەجێکردن. تا گەیشتنە گواستنەوەی موڵکیەتی هەندێ لەوەزارەتەکان بۆ سەر خۆیان و کۆمپانیاکانیان و حزبەکانیان.
ڕاستە لە زۆر وڵاتانی پێشکەوتوی دیموکراسیدا کەرتی تایبەت سەرکەوتنی بەرچاو و گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام زۆربەی زۆریان لەژێر چاودێری وردی حکومەتەکانیاندان و، بەپێی پلان و ئالیەتی بازاڕ وبەکۆمەڵێ یاساو ڕێساو باج و خەراجەوە ڕێکخراون. وە زۆر لە کۆمپانیاکان لەو دەسکەوت و زێدەباییانەی دەستیان دەکەوێت خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەشدەکەن و ڕۆڵی باشیشیان هەیە لە لێکۆلینەوە و توێژینەوە زانستیەکان و دروستکردنی چەندەها خوێندنگاو نەخۆشخانە لە خزمەتی هاووڵاتیەکانی خۆیاندا. سەرچاوەی دارایی و چۆنیەتی خەرجکردنیان و، خەرجی و داهات و سەرمایەیان هەرهەموی تۆمارکراو و زانراون. بەڵام ئەوانەی لای خۆمان خۆیان وخوای خۆیان نەبێ کەس لە حساب وکتابیان تێناگات.
لە ئێستادا و لەم کات و ساتە و قۆناغەدا، لایەنەکان خەریکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانن. وە دەمی هەر لێپرسراو و قسەکەرێکی هەر لایەنێکیان دەکەیتەوە، کە نوتق دەدەن، دەڵێی جەریدەیان قوتداوەو ، پسپۆڕن لە قسەو ڕێکخستنی وشەکاندا. باس هەر باسی چاکسازی و داننان بەهەڵەکانی پێشو و ڕاستکردنەوەیانن و چاککردنەوەی موچەو لابردنی پاشەکەوت و خستنەوە گەڕی پڕۆژە وەستێنراوەکان و باشکردنی باری گوزەرانی خەڵکی ویردی سەرزمانیانە.
ئەوەی دەردەکەوێت، بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ( لەگەڵ هەمو تێنینییەکان لەو هەمو فرت و فێڵ و گزیکاریانەی کەلەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەچو )، پارتی ئێستا زۆرترین کورسی هەیەو بەو پێیەش هەر ئەو ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. دیارە سەرۆکی پێشوتری چەندساڵەیش ، بەڕێز نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ، لەو پۆستەدا نامێنێتەوەو بەڕێزێکی تر لە هەمان بنەماڵە مەسرور مەسعود بارزانی، بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ. لەگەڵ تێبینی ئەوەشدا کە بەحساب ئەم بەڕێزە ، ئاڕاستەیەکی جیاوازتری هەیە و لە باڵێک و بوارێکی سەربازی و دەزگای کۆکردنەوەی زانیارییە نهێنیەکان و هەواڵگیریە نهێنییەکانەوە هاتوە. ئەوا حکومەتی داهاتو حکومەتێکی سەربازیئاسا و توندڕەوی هەواڵگیری دەبێ. هەرچەندە ئەمە بۆچونی زۆربەی خەڵکی و سەرشەقامە، بەڵام گەر ئەو بەڕێزە بیەوێ خزمەت بکات بە خەڵکی ئەوا بواری کارکردن زۆر لەو بۆچونانە فراوانترە . گەر ئارەزوکات ئەوا دەتوانێ حکومەت بخاتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و، گەر توندو تیژیش بێ، بەرامبەر بەخەڵکە ڕەشوڕوتەکە نا ، بەڵکو بەرامبەر بە مشەخۆران، ئەوا سەرکەتو دەبێ و پاڵپشتی جەماوەریشی بۆ زیاد دەبێ. لەو بڕوایەشدام زانیاری زۆر باشو وردیشی هەیە لەسەریان و وە بەوپێیەی کە پێشتر ئەو پۆستەی هەبووەو کوڕی بەڕێز مەسعود بارزانیشە، بڕوا ناکەم مشەخۆران بتوانن تەگەرەی بۆ دروست بکەن و ببنە ئاستەنگ لە بەردەمیدا.
وەک هاووڵاتیەکی ئەم هەرێمی کوردستانە ، ئەم تێبینی و پێشنیارانە دەخەینە بەردەم پیکهێنەرانی حکومەتی نوێی هەرێم ، کەلەو بڕوایەدام بریتیە لە مەعاناتی چەندساڵەی دانیشتوانی ئەم نیشتیمانە ، وە هەڵە و ناعەدالەتی و ناڕەوایی لە کارو کردەوەکانی بەرپرسانی ئەم وڵاتەیە کە هەموکەسێکی ئاسایی کردوە بە بنوسێکی باش ، تا لەسەرتان بنوسن و ڕەخنەتان لێبگرن .
یەکەم: بامەنسەبی وەزیر سیاسی نەبێ . بۆ وەزارەتەکان ، باکەسانی شیاو لە شوێنی شیاو و لەناو سستمێکی شیاوی گونجاوی زانست پەیڕەوکراودا بێت. بێگومانم سەرۆکی نوێی حکومەت دەسەڵاتی هەیە بەسەر بەربژێرەکانی پارتیداو دەتوانێ باشترینیان ، سەرخات. بەگوێرەی لایەنەکانی دیکەیش ، گەرشیاو نەبون ، هەر لەجێدا ڕەفزیان بکات وناویان بەرز نەکاتەوە بۆ پەڕلەمان، تادەگەنە ڕێکەوتن لەسەر بەربژێرێکی گونجاوتر. ئاخر بە چ پێودانگێک وەزیری ئاوەدانکردنەوە، محامیەکی کەم ئەزمون و وەزیری داد ئەندازیارو وەزیری دارایی، لەناو ئەوهەمو پسپۆڕەی دارایی و ژمێریارە سەرکەوتوانەو ئەوحەمکە وردبینە شاڕەزانە، بەو بەڕێزەوە نیشتنەوە . گەر پێوارە حزبیاکانی مەڕخۆتان نەبوایە ، دەبوایە وەک ئەو هەمو دەرچوی زانکۆیانەی تر، بەتاڵە بوایە و سەرەی بگرتایە بۆ دامەزراندن.
دووەم: نابێ پارتی، زۆر گوێ بداتە ژمارەی ئەو وەزیرانەی وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەریدەکەوێ، بەپێچەوانەوە، گەر لایەنەکان کورسیەک یان وەزیرێکی زیاتریشیان بەر بکەوێ، بەمەرجێ باشترین کادرو پسپۆڕی خۆیان بێننە پێش، ئەوا وەک دەڵێن دەبێ مەمنون بێ نەک ڕەخنە بگرێ. چونکە لە کۆتادا سەرکەوتنی وەزیرەکان ، لە هەر لایەک بن واتە سەرکەوتنی حکومەت . سەرکەوتنی حکومەتیش، واتە سەرکەوتن و باڵادەستی سەرۆکەکەی دەگەیەنێ. پوختەی مەبەستیش سەرکەوتنی سەرۆک وەزیران بە بەسەرکەوتویی وەزیرەکانییەوە بەندە و بێگومان پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.
سێهەم: سەرەڕای پسپۆڕی، پێویستە ڕەچاوی تەمەن و کارابون لەکاردا (ممارس) بکرێ. لەگەڵ ئەوەیشدا بەهیچ جۆرێ دژی دانانی گەنج و بەگەنجکرنی حکومەتدا نین، وەلێ هەمو شتێ بە خوێش و خوێشیش بە مانا. با گەنج لەناو هەمو جومگەکانی فەرمانگەکان و وەزرارەتەکاندا بونیان هەبێ، بەتایبەتی لەکارە عەمەلی ودەستی و وجێبەجێکاریەکاندا، بەڕاستی و بێ پەردە قسەکردنو دواندن، پلەی وەزیر بۆ گەنجی کەم ئەزمون و ناکارا و نا ممارس و نا پسپۆڕ نەکراوە و بیشیکەن مجامەلەیەکی درۆی ناواقع بینانەیە بەرامبەر بە گەنج . وەزیر دەبێ، شارەزاو بڕوابەخۆبو بێت و خاوەن قەرار بێت . نەک جەیشێ لە شارەزا (مستەشار) ی نەشارەزا لە خۆی کۆبکاتەوە.
چوارەم : وەزیرەکان، بەڕاستی وەزیر بن، لە حکومەتدا وەک دەوترێ شەریک بن( خاوەن ماڵ بن ) . نەک مشارەکەیان پێبکرێ ( بەشدارییەکی ڕەمزیان پێبکرێ و تەنها سەیر کەربن ).
پێنجەم : وەزیری سەرکەوتو بێجگە لە ڕەوشە ( سیفەتە )تەکنیکیو پسپۆڕی و کارایی، پێویستە زەبت و رەبتی هەبێ . چوستو چالاک و بە ئیرادە و ئیدارە بێ . خاووخلیچک و هاڵاوی دەمی مردو نەبێ . با هاڵاوی دەمی ئەم وەزیرانەی ئایندەمان ببینین .
شەشەم : دەست و دەم و داوێن پاک بن . زمان پاراو و کۆمەڵایەتی و دەرکەوتوی ناو کۆمەڵ بن.
حەوتەم : وەزیرەکان دەبێ لە بوارەکەی خۆیاندا ، لە سیاسیەکان سیاسی تر بن، بۆگەلۆ سیاسیەکان لە بوارەکەی خۆیاندا، هێندەیان بۆکردوین و ئەوەند سەرکەوتو بون ، تابوار بەخۆیان بدەن ، دەستوەردەنە ناو کاروباری تەکنیکی و پیشەیی ناو حکومەت و وەزارەتەکان.
هەشتەم : وەزارەتێکتان هەیە ، بەدوای وەزیرێکی شیاودا بگەڕین بۆی . نەک ، کەسێکتان هەیەو پێشتر دەستنیشانتان کردووەو دەتانەوێ و هەردەبێ وەزارەتێ وەگرێ و گرنگیش نییە چ وەزارەتێکە.