سامانـی وەستا بەکـر: پێڵاو کۆکردنەوە بۆ سەرۆکـی حیـزب.
ئاخۆ ئەگەر پارتێک لە پارتەکانـی ڕۆژهەڵاتـی ناوین و لە ناویشیانا بە دیاری کـراوی لە باشوری کوردستان، هەڵمەتـی کۆکردنەوەی پێڵاوی دڕاو بکات و بینێـرێ بۆ سەرۆکـی پارتێکـی تری ڕکابەر و داوای لێبکەن کە هەمووی یان بەشێکـی بخوات چـی ڕووبات؟ خوانەخواستە ئەگەر ئەو پارتانە چەکداریان هەبـێ یان خاوەن دەسەڵاتبـن؟
بەڵـێ لە سوید بینیامیـن دۆوسا “سەرۆکـی یەکێتـی لاوان”ی سەر بەپارتـی “مۆدێرات”ەکانـی سوید هەڵمەتێکـی کۆکردنەوەی پێڵاوی کۆن و دڕاوی دەستپێکـرد کە تا پاش ناردن و گەشتنـی پێڵاوەکان سەرۆکـی “سێنتەر پارتـی” بیانخوات، چونکە لە بەڵێنێکـی خۆی پاشگەز بۆتەوە! لەوەڵامـی ئەو کارەشدا یەکێتـی لاوانـی سەر بە سێنتەر پارتـی ڕایگەیاند کە ئەوان پاش گەشتـن و وەرگرتنـی پێڵاوەکان ئەوەی بە کەڵکبێت ئەینێرن بۆ ڕێکخـراوە خێـرخوازەکان تا بیگەیەنە دەست خەڵکانـی نەدار و ئەوانەشـی کە دڕاوو بێکەڵکـن ڕیسایکڵـی ئەکەن تا جارێکـیتر سودی لێوەرگیـرێ.
ئەوەی لێـرەیا مەبەستە سایکۆلۆژی تاکـی سویدیە کە لە پای ئەم کارە هیچ هەڵچون و گرژییەکـی لێنەکەوتەوە بە جۆرێک ئەو جۆرە لە هێـرش و سوکایەتـی و ڕووشاندنـی سەرۆکـی پارتێکـی دێرین و گەورەی سوید هەڵگێـرایەوە بۆ بابەتێک کە بە سودی خەڵکـی نەدارو ژینگە کۆتایـی پێبێت، مەخابـن ئەم جۆرە کارە ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتـی ناویـن و هەرێمـی کوردستان ڕووبدات خۆ ئەگەر خودی پارتەکەو سەرۆکەکەشـی هیچ نەڵێـن و کاردانەوەیان نەبـێ بەڵام لایانگران و هەوادارەکانیان دوور نیە ساڵانێک جەنگـی سارد بەرامبەر یەکتـر لایەنـی کەم لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە بەرپابکەن خۆ ئەگەر ئەمە گـرژی و ڕووبەڕووبوونەوەش لە شوێنە گشتـی و تایبەتەکانیشا لێنەکەوێتەوانـێ.
ڕۆژی یەک شەممە بەرواری ٩ی ئەیلولـی پار ساڵ 2018 دواین هەڵبـژاردنـی پەرلەمانـی وڵاتـی سوید و هەرێم و شارەوانیەکان بەڕێوەچوو، هاوپێچ هەروەک نەریتـی هەڵبژاردن پارتە جیاوازەکان کارو بەرنامەی خۆیان ئەخەنە بەردەسـتـی خەڵک و زۆرترین هەوڵ ئەیەن بۆ ڕاکێشانـی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لەدەوری بەرنامە و کاری چورا ساڵـی داهاتوویان ئەگەر بگەنە پەرلەمان هەروەک چۆن حیـزبەکان پێشـتـر هاوپەیمانـی و دوورو نزیکـی خۆیان لەگەڵ یەکتـر بۆ خەڵک ئاشکرا ئەکەن و لەو چوارچێوەیەشا هەندێ لە حیـزبەکان دژایەتـی خۆیان بۆ حیـزبـی ڕکابەر ئاشکرا ئەکەن تا ئاستـی ئەوەی کە بەهۆی “تای هەڵبـژاردنەوە” هەندێ دەستەواژە بەکار ئەهێنـن کە دواتر لە دژاین بەکار ئەهێنـرێتەوانـێ.
ئاشکرایە سوید یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتانـی جیهان کە بە دیموکراسـی بوون و هاوتایـی جەندەری و مافـی ئاژەڵ و مناڵ و هاوڕەگەزباز و… هتد، ئەناسـرێتەوە بەجۆرێک سیستـم و موئەسەسات لەم وڵاتەیا جێگیـر بووەو دامەزراوە کە تەنانەت ئەنجامـی هەڵبـژاردنەکانیش کاریگەری لەسەر بنچینەی دامەزراوەکان و بنەما دیموکراسیەکان دانانێت واتە ئەنجامـی هەڵبـژاردن تەنها کاری حکومەتـی هەڵبـژێراوی پێئەبرێ بەڕێوە نەک حوکمـی موتڵەق و هەڵگێـڕانەوەو سەرو بن کردنـی کایەکە.
لە وڵاتـی سوید دوو پارتـی گەورە بوونیان هەیە و ڕکابەری سەرەکـیـن کە ئەکرێ بە دوو پارتـی سەرەکـی ڕۆژەهەڵاتـی ناوین بەراورد بکرێن بەڵام جیاوزی ئەخلاقـی کارکردن و ڕێز گرتن لە یاسا و پارستنـی موئەساسەکانـی دەوڵەت و پابەندبوون بە هەر بەڵێنێکـی هەڵبـژرادن و خۆشگـوزەرانـی میلەت بە ئامانج گرتـن و بەکارهێنانـی حیزبیش بۆ گەشتـن بە ترۆپکـی ڕەفاهیەت ئەگەرنا خودی حیزبەکە هیچ پیـرۆزیەکـی نیە و پیرۆزیش ناکرێ لای ئەندامانـی حیـزب و خەڵکیش هیچ حیزب و کەسایەتیەک پیـرۆز تەماشا ناکەن.
ساڵانێکـی زۆرە دوو بەرە دروست کراوە کە هەر یەکێکیان لە چەند حیـزبێک پێکهاتوون. بەرەیەکیان بە بەرەی “سورو سەوز”ەکان ناسـراون لە هەریەکە لە سۆسیال دیموکـراتەکان، پارتـی چەپ و پارتـی ژینگە پێکهاتوون و لە رامبەریشدا بەرەی “بۆرجواز”ەکان هەن کە لە هەریەکە لە پارتـی مۆدێرات، سێنتەر، لیبـراڵ و مەسیحیە دیموکراتەکان پێکهاتوون کە بۆ هەڵبـژرادنەکان ئەم دوو بەرەیە ڕووبەڕووی بەرنامەو کاری یەکتـر ئەبنەوە لە ڕێگەی پێشنیارکردنـی بەرنامەی باشتـرو ڕێفـۆرمـی بە سوودتر بۆ کۆمەڵگە.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکـرێ لە هەڵبژاردنـی ساڵـی 2010 یا پارتێک بەناوی “سویدیە دیموکراتەکان”ەوە بۆ یەکەم جار بە بەدەسهێنانـی 20 کورسـی سەرکەوتـن بۆ پەرلەمان کە ئەم پارتە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە پەناهەندەیە، لە سەرەتای چوونیان بۆ پەرلەمان هیچ پارتێکـی سوید دوورو نزیک نەک کاری هاوبەشیان لەگەڵا نەئەکردن بەڵکو بە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە بەها مرۆڤایەتـی و دیموکراسییەکان ئەیاناساندن کە ئەم ڕەفتارانە لە دەستوری سویدا جێگەی نابێتەوە.
هەر لەو چوراچێوەیەدا لە هەڵمەتـی هەڵبژاردنەکانـی پار ساڵ سەرۆکـی “سێنەر پارتـی” کە خانمێکە ناوی “ئـانـی لۆۆف “ە و پارتەکەی یەکێک بوون لەو چورا پارتەی بەرەی “بۆرجواز” لە وەڵامـی ڕاگەیاندکارێکـی ڕۆژنامەی “ئیکس پرێس”دا کە ئەگەر دوای ئەنجامـی هەڵبژاردنەکان ئامادەبێت کار لەگەڵ گەورەترین پارتـی سوید “سۆسیال دیموکرات”ەکانا بکات ووتـی (پێـی باشتـرە تاکـی پێڵاوی قاچـی ڕاستـی بخوات لەوەی ببـێ بە هاوکاری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکهێنانـی حکومەت)!
هەڵبەتە پێکهاتەی کۆمەڵگەی سویدی بەجۆرێکە کە هەموو ووشەیەک بەجدی وەرەگیـرێ و ئەبـێ خاوەنەکەی خاوەندەرێتـی ئەو دەستەواژەیە بکات کە زار بەجێئەهێڵـێ و کەمتـرین سوبعەت و دەستەواژەی نەبێژراوی و وێژراو بوونـی هەیە کە ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانـی خەڵکانـی کۆچ کردوو بۆ سوید بۆ نمونە ئێمەی کورد مناڵەکانمان لاساری بکات پێـی ئەڵێیـن دانیشە ئەگینا ئەوکوژم کە لە ڕاستیا موبالەغە بەو دەستەواژەیەوە ئەکەرێت و مەبەست لێـی کوشتـن نیە بەڵکو بۆ داساکاندنـی مناڵەکەیە بەڵام لە سوید سـزادانـی لەسەرە ئەگەر بگاتە دەم پارێزەرانـی کۆمەڵایەتـی و پۆلیس.
دوای ئەوەی کە هیچ بەرەیەک نەیتوانـی دەنگـی پێویست کۆبکاتەوە بۆ دروستکـردنـی حکومەت لەماوەی نزیکەی چور مانگ پاش تاقـی کردنەوەی زۆربەی ڕێگاکان کە لەو ماوەیەدا پارتەکانـی سوید شێلگـرانە هەم وەک بەرەو هەم یەک بەیەک نەگەشتنە هیچ ئەنجامێک و چوار جار کاندیدی دیاری کراوی سەرۆکـی پەرلەمان ڕەفز کاریەوە و تەنها بوار بۆ یەک دەنگدانـی تر مابۆوە خۆ ئەگەر ئەو جارەش لە پێنچەم دەنگدانا ئەو کاندیدە سەرکەوتوو نەبوایە بۆ پێکهێنانـی حکومەت ئەوا بەپـێ دەستوری سوید و بەناچاری ئەبوو هەڵبـژاردنێکـی نوێ بکرایەتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتـی ڕەگەزپەرست “سویدیە دیموکراتەکان”ا ئەبوو بە پلەی یەک هەر بۆیە بۆ پاراستنـی وڵات لە کەوتنە دەست بەرەی بۆرجواز بە پاڵپشتـی پارتـی ڕەگەز پەرست و تێچوونـی هەڵبـژاردنێکـی نوێ هەردوو پارتـی “سێنتەرو لیبـڕاڵ” لە بەرەی بۆرجوازی ڕێکەوتنێکـی ٧٣ خاڵەیان لەگەڵ پارتـی سوسیال دیموکرات و ژینگەیا کرد و زۆربەی بەڵێنەکانـی هەڵبـژاردنـی خۆیان سەپاند و سەرەنجام پاش 134 ڕۆژ حکومەتـی نوێـی لە 22ی یەکـی 2019دا ڕاگەیانرا لە هەردوو پارتـی سۆسیال دیموکرات و پارتـی ژینگە و بە پاڵپشتـی دوو پارتـی بۆرجواز حکومەتێکـی لە دوو پارتـی چەپ و مام ناوەند بە بەرنامەیەکـی نیمچە بۆرجواز لە دایک بوو.
ئەنجامـی هەڵبژاردنەکانـی 9ی سێپتەمبەری 2018 بەجۆرێک بوو کە بەرەی سورو سەوزەکان توانیان 144 کورسـی و بەرەی بۆرجوازی 143 کورسـی و پارتـی ڕەگەزپەرستیش سویدەیە دیموکراتەکان ٦٢بەدەستبهێنـن لە کاتێکا بۆ پێکهێنانـی حکومەت 175 کورسـی پێویستە لە کۆی ٣٤٩ کورسـی واتە هیچ بەرەیەک ژمارەی تەوای بەدەستنەهێنا و پێکهێنانـی حکومەت 134ی ڕەبەقـی خایاند کە ئەمە لە مێژووی سویدا نمونەی زۆر کەمە هەر ئەوەش وای کرد کە ئەو دوو بەرەیە چاوێک بە پێکهاتەکەیانا بخشێنەوەو سەرەنجام بەرەی بۆرجوازی هەڵوەشایەوە.
جێـی ئاماژەیە لەماوەی 134 ڕۆژدا هەموو ڕێگاکان تاقـی کرانەوە تا بتوانرێ حکومەتێک پێنهێنـرێ کە بە هیچ جۆرێ پشت بە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست نەبەستـێ لەو پێناوەشدا هەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بۆ سەرخستنـی هاوتایـی نـرخـی مرۆڤەکان دوور لە ڕەنگ و ئاین و ڕەگەز بەرەکەی خۆیان جێهێشت و ڕێگەیاندا بەرەی نەیار حکومەت پێکبهێنـێ و دەنگەکانـی خۆیان خەواند چونکوم دوو پارتـی بەرەکەیان “بەرەی بۆرجوازی” ئامادەیان تیادابوو سود لە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست وەرگرن بۆ دروست کردنـی حکومەت و تێپەڕاندنـی بودجە کە ئەمەش لەگەڵ بەها دیموکراتیەکان و ئەو بەڵێنانەیا نە ئەهاتەوە کە هەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بە دەنگدەرانـی خۆیان دابوو کە ئەمەش ئەوە ئەگەیەنـێ پارستنـی بەها دیموکراتیەکان وپابەندبوون بە بەڵێنەکانـی هەڵبژاردنەوە لە بەرەو هاوپەیمانـی و پێکهێنانـی حکومەت و دەسەڵات وەرگرتن گرنگتـرە ئەگەر باجەکەی پێڵاو خواردنیش بـێت.
لێرەوە بۆ ئاشنابوونـی خوێنەر پێم باشە مێژوویەکـی کورت و چڕی کاری پەرلەمانـی و لە دایک بوونـی دیموکراسـی و بوونـی ئەو خۆشگوزەرانیەی سوید و سیستمی پەرلەمانـی ئەو وڵاتە کە بە چەند قۆناغێکا گوزەری کردووە تا ئەم کاکڵە هاوتاییەی مافـی مرۆڤ و ئاژەڵ و سـروشتـی لـێ دروست بووە لە چەند دێڕێکا ئاماژە پێبەم.
یەکەمیـن کۆبوونەوەی سویدییەکان لە ساڵـی 1431دا ئەبێت لە “ئەربۆگا” بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتـی بەڕێوەبردنـی وڵات کە سویدیەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەمیـن کۆبوونەوەی پەرلەمان کە سویدیەکان بە “ڕیکسداگ” ناوی ئەبەن دائەنێـن، بەڵام یەکەمیـن پەرلەمان “ڕیکسداگ”ی سوید لە شاری ڤێستەڕۆس لەسەردەمـی پاشا “گوستاڤ ڤاسا”ی دووەم لە ساڵانـی 1527 – 1544 کە کاری لەسەر وە بە نبچینەکانـی “خەڵك، قەشە، هاوڵاتـی و جوتیاران” کردووە وە بۆ یەکەمیـن جار ساڵـی 1540 دەستەواژەی پەرلەمان “ڕیکسداگ” لە وڵاتـی سوید بەکارئەهێنـرێت.
ساڵـی 1600 بۆ یەکەمیـن جار لیژنەکانـی پەرلەمان ڕێکخران، بەڵام لە کۆتایـی هەمان سەدەیا واتە کۆتاییەکانـی 1600 داو لەسەردەمـی دەسەڵاتـی پاشا “کارل گوستاڤ”ی یانـزەهەمـیـن پەرلەمان زۆر لاواز کراو بوو بە داردەسـتـی پاشا.
لەسەدەی هەژدەیا پەرلەمان جارێکـیتـر گرنگــی بۆ گەڕایەوە و لەسەر چوار بنچینەکەی لای سەرەوە دەستبەکاربۆوە بۆ یەکەمیـن جار هەردوو پارتـی “شەپقە و کڵاو” پەیدابوون و ئەندامەکانیان ناردە پەرلەمان، دواتر پەرلەمان بەهۆکاری داڕمانـی ئابوری و گەندەڵـی نێوان شارەکان بـێ هێـز بوو کە دواتر ساڵـی 1772 پاشا “کارل گوستاڤ”ی سێیەم ئینقلابـێکـی بـێ خوێن ڕشتن ئەنجامدا و کۆی دەسەلاتەکان کەوتە لای خۆی و پەرلەمان دەسەڵات و نفوذی خۆی لەدەستدا.
ساڵـی 1809 سوید جارێکـی تر یاسا بنچینەییەکانـی بەڕێوەبردنـی وڵاتـی داڕشت و دەسەڵاتـی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزا جیاکـرانەوە، هەر لەو ساڵەدا سوید دامەزراوەیەکـی بەناوی “ئەمینداری دادوەری زوڵم لێکراوان” دامەزراند کە ئەمە بووە یەکەمیـن دامەزراوە لە جیهاندا کە پارێزگاری لە مافـی بەشخوراوان بکات و پاشان تا ساڵـی 1974 گۆڕانکاریەکـی ئەوتۆ بەسەر یاسا بنچینەیەکانـی ئەو وڵاتەدا نەهات کە شایانـی باس کردن بێت.
ساڵـی 1862 ئەو کچانەی کە قەیرە بوون و شویان نەکردبوو، بەڵام خاوەنـی سەروەت و سامانێکـی زۆر بوون ڕێگەیان پێدرا کە لە هەڵبـژاردنـی شارەوانیەکانا دەنگبدەن و. ساڵـی 1907 – 1909 ڕێگە بەو کچانە درا کە مافـی دەنگدانیان هەبوو کە خۆیان کاندید بکەن بۆ شارەوانیەکان و پاشان ساڵـی 1918 ڕێگەی دەنگدان بۆ هەموو ئافرەتان بـێ جیاوازی دەستبەرکـرا.
24ی ئایاری ساڵـی 1919 مافـی دەنگدان بۆ هەردوو ڕەگەزی نێـرو مـێ وەک یەک هاوتا کراو پاشان لە هەڵبژاردنـی ساڵـی 1921 پێنچ ئافرەت بۆ ئەندام پەرلەمان هەڵبـژێـران وە لێـرەوە پەرلەمانـی سوید بوو بە پەرلەمانێکـی دیموکـراتـی کە نوێنەرایەتـی کۆی خەڵکـی ئەکرد بـێ جیاوازی.
ساڵەکانـی 1921، 1922، 1937 و 1945 یاساکانـی سەربازی نەکردن، ئەوانەی تاوانیان کردووەو زیندانـی کراون و ئەوانەی ئیفلاسـی ئابوریان کردبوو هەڵگـیـران کە ڕێگەی لەو خەڵکانە ئەگـرت مافـی دەنگدانیان هەبـێ و تا ساڵـی 1989 کە کۆی یاسا ڕێگـرەکان لەسەر دەنگدانـی هاوڵاتیانا هەڵگیـراو بەوجۆرە مافـی دەنگدان بۆ هەمووان دەستەبرکرا.
هەڵبەتە مێـژووی ئەو وڵاتە ئەوەمان پێئەڵـێ کە بۆ گەیشتن بە دیموکراسـی ڕاستەقینەو خۆشگورزەرانـی ئەوەی پێویستە تەنها کات و کۆڵنەدانە، سەرەنجام ئەگەیتە ئەو باوەڕەی ژەمە خورادنێکـی سەرۆکـی پارتەکەت پێڵاوێک بێت سەربەرزانەترە لەوەی لە بەڵێنێکـی هەڵبژاردن پاشگەزبیتەوە یان لە بەها دیموکراسیەکان پاشەکشـێ بکەیت.