دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: بیدعەى” مرۆڤى نموونەیى” کۆمەڵگاى کوردى بەنموونە. بەشى چوارەم.
سەرەڕاى ئەوەى لەجیهانى پێشکەوتووى ئەمڕودا چەمکێک نەماوە بەناوى مرۆڤى نموونەیى بەداخەوە لەلاى ئێمە لەکوردستانى باشور ئاستى دیاریکردنى چەمکى ” مرۆڤى نموونەیى و کاریگەر ” زۆر لەوە زیاتر پەرەى سەندووە کەتەنیا دامەزراوەی (حکومی ـ حیزبى ـ ڕۆشنبیرى ـ کۆمەڵایەتى ـ ئاینى) بڕیارى لێبدات ،بەڵکو بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن بەناو دەسەڵاتى سیاسى کوردیەوە شۆڕ کراوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵانى خەڵک بەبێ بوونى هیچ بنەمایەکى زانستى ـ مەعریفى ـ ئەخلاقى بەمەبەستى تێکدانى ڕِایەڵەى کۆمەڵایەتى.
لەتۆڕی کۆمەڵایەتى فەیس بووکى یەکێک لەهەرە بەناو پرۆفشناڵترین ناوەندى ڕاگەیاندن پۆستێک بڵاوکراوەتەوە بۆ دیاریکردنى پزیشکى نموونەیى لەکوردستان لەلایەن کۆمەڵانى خەڵک!.
تەنیا بەخوێندنەوەى کۆمێنتەکان قێز لەمرۆڤ بوونى خۆت دەکەیتەوە، ئەمە ئاماژەیەکى ترسناکە لەو گێژاوە (ئابوورى ـ سیاسى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى ومەعریفیە) ى کۆمەڵانى خەڵک تێیدا دەژین، ئاماژەیەکى ترسناکە لەسەر نەمانى شوناسى مرۆڤایەتى ئادەمیزادى کورد، ئاماژەیەکى ترسناکە لەسەر ڕق و کینى ڕایەڵەو پیشەوەرەکانى کۆمەڵگا بەرامبەر بەیەک، ئاماژەیەکى ترسناکە بەکودەتاى عەقڵیەتى کۆمەڵانى خەڵک بەسەر عەقڵانیەتى مرۆڤى سەردەم وگەڕانەوە بۆ ئەفسانەو وخەیاڵ وباوەڕى پڕووپوچ.
بێگومان لەنەبوونى بنەمایەکى زانستى ـ مەعریفى ـفیکرى کەسانێک کراونەتە پزیشکى نموونەیى بەلایەنى کەم ئەتوانین بڵین بەمانا گشتیەکەى پزیشک نین بەڵکو بازرگانن، کارى تەندروستى و پزیشکیان بارگاوى کردووە بە ئایدۆلوجى (ڕێبازى) فیکرى و عەقیدەت لەژێرناوى سەیروسەمەرەوە، بەڵام لەحەقیقەتدا پێچەوانەى زانست و پیرۆزى پیشەى پزیشکى کاردەکەن.
بەهەموو پێوەرەکان ئەمە بەشێکە لەپرۆسەى بڵاوکردنەوەى جەهل و گومان، بەشێکەلەپرۆسەى تێکدان و شێواندنى ڕایەڵە هەمەجۆرەکانى کۆمەڵگاى کوردى، بەشێکەلەپرۆسەى تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى کۆمەڵانى خەڵک.
ئەوەندەى من ئاگاداربم لەزانستى تەندروستى و پزیشکى جیهانى شتێک نی یە بەناوى پزیشکى نموونەیى هەروەک لەژیاندا شتێک نییە بەناوى مرۆڤى نموونەیى، ئەم جۆرە پۆلێن و جیاکاریانە لەو کۆمەڵگایانەدا دەوژێندرێت کەلیوان لێون پڕە گیژاوى “سیاسى ـ دارایى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى “.
بێگومان ئامانج لەم پۆلین و جیاکاری یە خەڵەتاندنى کۆمەڵانى خەڵک و بازرگانی یە بەزانست و پیشەى تەندروستى و پزیشکى، بازرگانییە بەخزمەتگوزارى پزیشکى و بەشێکە لەدروستکردنى مافیا! بەڵێ مافیاى پزیشکى و تەندروستى.
خزمەتگوزارى تەندروستى و پزیشکى کارێکى دەستە جەمعییەو پێویستى بەسوپەرمانى پزیشک نییە!، تەنیا پێویستى بەڕاستگۆیى یە.
یەکەم/ ڕاستگۆیى لەگەڵ خۆت وەک پزیشک و مرۆڤ.
دووەم/ ڕاستگۆیى لەگەڵ نەخۆش و کۆمەڵگا وەک ڕێگە پیشاندەریک سەبارەت بەتەندورستى جەستەیى و دەروونى.
سێ یەم/ ڕاستگۆیى لەگەڵ پزیشک و هاوپیشەکانت وەک تیمیکى زانستى ـ ئەخلاقى.
بەچ عەقڵیەت و لۆجیکێک تاکە پزیشکێکى” نموونەیی ” بەتەنیا دەتوانێ خزمەتى هەموو کۆمەڵانى خەڵک بکات! هەموو کاتێک لەهەموو شوێنێک وە لە پسپۆریی پزیشکی جیاواز!، لەکاتێکدا ئەویش وەک پزیشکەکانى هاوڕێى ئادەمیزادە نەک سوپەرمان.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، کارى پزیشکى و تەندروستى کارێکى دەستەجەمعییە، بەیەک پزیشک و کارمەندى سوپەرمان ناکرێت، بەپێچەوانەوە پێویستى بەڕەنج و هەوڵى گشت پزیشک و کارمەند و فەرمانبەرە جۆراوجۆرەکانى سێکتەرى تەندروستی یە، ئەمەش لەچوارچێوەى یاساو سیستمێکى پزیشکى گونجاودا دەکرێت.
بەڵێ لەبوونى یاسا و سیستم واتا “سیستمى تەندروستى ” گونجاو گشت پزیشک و کارمەند و فەرمانبەرەکانى سێکتەرى تەندروستى بە ئەرکى خۆیان هەڵدەسن وەک مرۆڤ و پیشەوەرێک دوور لەهەموو جۆرە ئایدۆلۆجیاو بیروبۆچوونێکى تایبەت، بەرامبەیشى مووچەى تەواو وەردەگرن، منەتیش بەسەر کەسەوە ناکەن گوایە خزمەت دەکەن!.
ئێمەى پزیشک و کارمەندى تەندروستى وەک هەمووان ئادەمیزادین، تێکەڵەیەکین لەڕەش و سپى، لەباشى و خراپى، لەفریشتەو شەیتان، وەک گشت ئادەمیزادەکانى تر، ئەوە ئارەزوو هۆرموناتى جەستەمانە کردەوە و هەڵویستمان دیارى دەکات نەک ویژدان.
بەڵام وەک مرۆڤێکى خاوەن پیشە “سیستمى تەندروستى و یاسا”پەیوەندى ئێمەو نەخۆش و کۆمەڵانى خەڵک دیارى دەکات، پەیوەندى نێوەند ئێمەى خاوەن پیشەپزیشکییەکان دیارى دەکرێت، تا دواجار هیچ جۆرە هەلێک نەهێڵدرێتەوە بۆ دروستکردنى بیدعەى پزیشکى نموونەیى، بەمەبەستى بازرگانیکردن بەتەندروستى جەستەیى و دەروونى خەڵکى و گەوجەندنى کۆمەڵگا لەژێر ناوى سەیرو سەمەرەى هەمەجۆرى وەک دامەزراوەى (حیزبى ـ کۆمەڵایەتى ـ ئاینى ) .
ئەوەى پێى دەوترێت مرۆڤى نموونەیى بیدعەیەکى ئەو کۆمەڵگا دواکەتووەیە کەلەلایەن ( خێزان وببنەماڵە ـ پیاوى ئاینى ـ سیاسى تەقلیدى ) بەڕێوە دەبرێت.
پزیشکى نموونەیی، مامۆستاى نموونەیى، نووسەرى نموونەیى، پێشکەشکارى نموونەیى، ئەندازیارى نموونەیى، پارێزەرى نموونەیى، ئاسنگەرى نموونەیى، دارتاشى نموونەیى، کەسایەتى سیاسى نموونەیى، کەسایەتى ئاینى نموونەیى، کەسایەتى کۆمەڵایەتى نموونەیى و… هتد. بەهەمان شێوە بیدعەیەکى ئەو کۆمەڵگا دواکەوتووەن کە (خێزان و بنەماڵە ـ پیاوى ئاینى ـ سیاسى تەقلیدى) بەڕێوەى دەبەن.
ئامانج لەدروستکردنى کەسایەتى پیشەیى نموونەیى جۆراوجۆر بەپزیشکى نموونەییەوە دروستکردنى مافیا جۆراوجۆرەکانە، بەمافیاى پزیشکى و تەندوستیشەوە کەلەم ساتەوەختەدا بووە بەباشترین شێوازى بازرگانیکردن لەدەوەى قاڵبى ئەو یاساو سیستمەى کە لەکوردستان بوونى نییە! یاخود لەفورم و قۆناغى دەڵەمەدایە!.
لەحەقیقەتدا مرۆڤى نموونەیى وەک بوونەوەر لەکوردستانیش بوونى نییە!.
ئەوەى پێدەڵین مرۆڤى نموونەیى مرۆڤێکى دەستەمۆى کۆیلەى دروستکراوە، داماڵراوە لەشوناسە مرۆڤایەتیەکەى، مەبەست لەدروستکردنی بازرگانیکردن و گەوجاندنى کۆمەڵگاى کوردییە، ئەمە بێجگەلەخوڵقاندنى گێژاوى ( ئابوورى ـ سیاسى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى و مەعریفى ) و دواجار نەمانى شوناسى مرۆڤایەتى و پەرەسەندنى جەهل و گومان و بەرپابوونى (کۆدەتاى عەقڵ) بەسەر عەقڵانیەتى مرۆڤى سەردەم و گەڕانەوە بۆ ئەفسانەو خەیاڵ و باوەڕى پڕووپوچ.