رەزا شوان: خەرمـانلـۆغـە.
خەرمـانلۆغە) یەکێکە لە بیرەوەرییە شیرینەکانی تافی منداڵیم، نەریتێکی کوردەواریی خۆشی منداڵانی کورد بوو. لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو منداڵ بووم، ماڵـمان لە دێـی ” گۆگـجە” لە ناوچەی شـوانی سەر بە پارێـزگـای کەرکـووک بوو.
هاوینان جووتیارەکانی دێیەکەمان کە بە داس دروێنەی گەنم و جۆیان دەکرد، رۆژانە بە شەغـرە، بە گوێدرێژ و هێستر دروێنەکانیـان دەگواستنەوە بۆ شوێنی خەرمانەکـانیان کە زۆر نـزیک بوون لە ماڵەکانی دێیەکەمانەوە. کە دروێنە تەواو دەبوو، نۆرەی گێرەکردن و کوتانی خەرمان بە جەنجـەڕ دەهـات کە جـووتێ گوێدرێـژ یا هـێستر رایـان دەکێشا.. گەورەکان ئێمەی منداڵانیشیان سواری جەنجەڕ دەکرد. خۆشییەکی زۆرمان لە سواری و لە خولانـەوەی جەنجەڕدا دەبینی.. جەنجەڕ قرشەی خەرمانەکانی دەبڕین و وردی دەکـرد.. پێیان دەوت پاخـوڕ.. دوا قۆناغی کوتانیش وردە کوت بوو.
دوای کوتـان، نۆرە شەنکـردن دەهـات، کە قرشەی خەرمانەکانیان وردەکوت دەکـردن، خاوەنی خەرمانەکان، چاوەڕێی هەڵکردنی (بـای شەمـاڵ) یان دەکرد، کە بایەکی فێنک و لەسەرخۆیە.. بۆ ئەوەی شەن بکەن، بە شەنکردن بای شەماڵ کایەکەی لە دانەوێڵەکە دور دەخستەوە، چونکە کا لە دانەوێڵە سووکترە.. بەم شێوەیە گەنم و جۆیەکانیان لە کا پاک دەکـردەوە، بە ئەو گەنـم و جـۆیە پاک کـراوەیان دەوت جـێز.. دوایش گەنم و جۆ پاک کراوەکەیان لە سەرن و بێژنگ دەدان، تا لە بـەرد و لە زیـوان و لە شـتی تـر پاکی بکەنەوە، ئینجا بە قـزناخ دەیان پێوان تا بزنن، تۆوەکەیان یەک و چەنـدی بڕیـوە، واتە هەر تەغـارێک کە تۆویان کردوون چەند تەغـاری بڕێوە، ئەمەش بەپێی هات و نەهاتی ئەو سـاڵە بووە، ئەگـەر ئەو سـاڵە بـارانی بـاش بباریبـایە و ژەنگ و کوللـە و سـن لە دەغلەکانیانی نەدایـە، ئەوە ساڵێکی هـات بووە و هـەر تەغـارێک یەک و دە تا یەک و پانگـزەی دەبڕی.. ئەم رێژەیەش بە پێی ناوچەکانی کوردستان دەگـۆڕان، ناوچە هەبوو یەک و سی و یەک و چل تا یەک و پەنجاشی بڕیوە.. بە تایبەتیش ناوچەی قەراج.
دێینە باسی سەربەسەکەمان (خەرمانـلۆغە) ئێمەی منداڵانی دێیەکەمان، هـەر کومەڵێکی هاوتەمانی یەکتری یەکمان دەگرت، هەر یەکەمان قاپێکی گەورە یا توورەکەیەکی خامان دەگرتە دەسـتەمانەوە و دەچـووین بۆ ئـەو خەرمـانەی کە گـەنم و جۆیـەکەی بە تەواوی پاک کرابـوونەوە.. بە روویـەکی گـەش و بە زەردەخـەنەوە بە خـاوەنی خەرمانەکەمـان دەوت:”خەرمـان بەرکـەت” چۆنیـیەتی وەڵامـدانەوەی”خەرمـان بەرەکـەت”ەکەمـان، پەیوەندی بە بەرچاوتێری و بەرچاوتەنگی خـاوەن خەرمانەکانەوە هەبوو.. گەر خاوەن خەرمان بەرچاوتەنگ بوایە، وەڵامی خەرمان بەرەکەتەکەی نەدەداینەوە و بە تووڕەیی و گرژییەوە، پێمانی دەوت:”ئێوە دوابڕاوێکن، بەشی ئێوەی لێبدەم چیم بۆدەمێنێتەوە” بە نابەدڵییەوە، گوێلێک یا دوو گوێـل گەنم یا جۆی دەداینێ و بە تووڕەییشەوە دەیوت: “دەبڕۆن دووبکەونەوە و نەیەنەوە بۆ ئێرە”. بەڵام گەر خـاوەن خەرمانەکە بەرچـاوتێر بوایە و منداڵانی خۆش بویستایە، بە زەردەخەنە و رووخۆشیییەوە پێشوازیی لێدەکردین و وەڵامی خەرمان بەرەکەتەکەمانی بە ” خۆشبن.. یا تەمەندرێژبن.. یا ئەی بەخێربێن ” دەداینەوە. بە هەریەکەمان مشتێک”چنگێک” یا دوو مشت گەنم یا جۆی دەداینی و هەر بە زەدەخەنە و رووخۆشیشەوە، بە رێی دەکردین.
گۆگجە دێیەکی گەورەبوو، نزیکەی سەد ماڵ دەبوون، لەوانەبوو لە رۆژێکدا دوو یا سێ خەرمان بگەڕاینایە، هەر ئێمەش نەبووین، کۆمەڵێک یا دوانی منداڵانی تریش هەبوون.
بەخـشینی بەشە گەنـم و جـۆ لەسەر خەرمانان بە منداڵان پێیان دەوت “خەرمـالۆغە”‘.
بێینە سەر ئەوەی کە چیمان لە خەرمانلۆغەکانمان دەکرد.. لە دێی گۆگجە ئافرەتێکی بە تەمەن هەبوو، پێیان دەوت “میم تەمین” کوچی دوایی کردووە، دەچوو بۆ کەرکووک میوە و تەڕە و سەوزەی هەمەجۆرەی دەکڕی و دەیهێنانەوە بۆ دێیەکەمان و بە گەنم و جۆ دەیفرۆشتن.. یا لەو دێیانەی تری شوان و ناوچە نزیکەکانی دەور و بەرییەوە، کە رەز و باخی میوە و بێستانیان هەبوو، بە سەبەتە و جەواڵ میوەیان دەهێنانان بۆ دێی گۆگجە. وەکو: هەنجـیر، تـرێ، هەنـار، زەردەلوو، شەکـرەسێو، تـرۆزی، قـۆخ، کاڵەک.
دەچوونە ماڵە خانەخوێیەکیان، بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی ئاواییش دەچوونە سەربانی ئەو مـاڵە و بە دەنگێکی بەرز هـایان دەکـرد و نـاوی میوەکـانیان دەبـردن و چـۆنییەتی گۆڕینەوەکەشـیان بە گەنـم و بە جـۆ دیـاری دەکـردن، وەکو: هـای هەنجـیر، هەنجـیری نەمامۆکە، یەک و دوو بە گەنـم، یەک و سێ بە جـۆیە، هـای هەنار، هەناری شیرین و مێخۆشمان هەیە، سەربەسەر بەگەنم، و یەک و دوو بە جۆیە، هەر بەم شێوەیە هـای میوەکانی تریشیان دەکرد.. مەبەست لە سەر بەسەر بەگەنم، واتا کێشێکی ئەو میوەیە بەرانبەر بە کێشێک گەنـم دەگۆڕییەوە، یەک و دوو بە جـۆ، واتا کێشێک لەو میـوەیە بەرانبەر بە دوو کێشی جۆ دەگۆڕییەوە، چونکە لەو دێیانەدا و لەو سەردەمەدا، پـارە کەم بوو، بە گۆڕینەوە بە گەنـم و جـۆ هەبـوو.
ئێمەش خەرمانلۆغەکانمان دەکردنە دوو تورەکەوە، گەنم بە جیا و جۆ بە جیا، دەچووین بۆ ئەو مـاڵەی کە هـای میوەی لێوە دەکـرا، خەرمانلۆغەکەمان بەو میوەیە دەگۆڕییەوە. هەنجـیر بوایە، تـرێ بوایە، ترۆزی بوایە، زەردەلوو بوایە.. یا هەر میوەیەکی تر بوایە. دەچووین لە سێبەری دیواری ماڵێکدا دادەنیشتین و بە خۆشی و پێکەنیینەوە میوەکەمان دەخوارد.. تا کۆتایی وەرزی هەڵگرتنی گەنم و جۆ، چوار تا شەش جار خەرمانلۆغەمان وەردەگرت و بە میوە دەمان گۆڕییەوە. دیـارە ئێمەش لە منـداڵانی پێش خۆمانەوە فێری وەرگرتنی خەرمانلۆغە بووین. ناشزانم مێژووی بۆ کەی دەگەڕێتەوە. یا لە ناوچەکانی تری کوردستاندا نەریتی خەرمانلۆغە هـەبووە، یا بە ناو و بە شێوەیەکی تری بووە.
بە داخـەوە بە هـۆی وێرانکردنی دێیەکانی کوردستان، لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناو و لە پەرتەوازەکردن و نیشتەجێکردنی زۆرەملێی کورد لە کۆمەڵگاکاندا، کە نیازی گـڵاوی شۆڤێنی عەرەبی، کە لە پارتی بەعسی رەگەزپەرستدا بەرجەستە ببوو، هەوڵی ئەوەیان دەدا، کە هەموو داب و نەریتێکی رەسەنی کوردیمان ریشەکێش بکەن و بە جـارێکیش ناسنامەی نەتـەوەیی کورد بسڕنەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم نیازە گڵاوەشیان، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە و نامرۆییانە کەوتنە رەشبگیری و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و کیمیابارانکـردن و ئەنفـال کـردن و بێسەروشوێنکـردنی بە هـەزاران کـورد، کە تـا ئەمڕۆش گوڕونن.. ناوی”خەرمانلۆغە” ش لەگەڵ وێرانکردنی دێیەکان و ئەنفالکردنی خەڵەکەکانیدا، ناوی نەما و لەیادکـراوە.
منداڵانی ئەمڕۆمان، لە شارەکاندا، لە شەوی “بەرات” دا دەگەڕێن و نوقڵ و مێوژ وپارە وەردەگرن، یا خەریکە شەوی (هـەلاویـن) یش لە نیۆ منداڵانی کوردستان ببێت بە باو. بەڵام ئەم دوو بۆنەیە، هیچ پەیوەنـدی و تایبەتییەکیان بە منـداڵانی کوردستانەوە نییە.
من ئەوەم لا پەسەندترە و رەسەنترە، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە شەوی جەژنی نەورۆزدا، باوە کە منداكان ماڵان دەگەڕێن و مێوژ و نوقڵ و قەسپ و پارە وەردەگـرن
بە دەم گەڕانەوە، گۆرانی کوردیی فۆلکلۆری دەڵێن، وەکو:
هەی هـەتـەری و مـەتـەرێ
نــــــــەورۆزە وەرنـە دەرێ
با ئەم نەریتە بـاوەی منـداڵانی رۆژهـەڵاتی کوردستان لە شەوی نـەورۆزدا، لە هـەموو کوردستاندا ببێت بە نەریتێکی بـاوی هـەموو منـداڵانی کوردسـتان.
ئەمەو لە ئەمڕۆدا بە هۆی پێشکەوتن و شۆڕشی تەکنۆلـۆژیا و داهـێنانی کەرەستە و ئامێری نوێی کێڵان و دروێنەکردن، باوی هەوجاڕ و گاسن و داس و شەغرە و جەنجەڕ و خەرمان نەماون.. لە ئەمڕۆدا ئەم کەرەستە و ئامێرانە بوونەتە کەرەستە ئەنتیکەکانی مۆزەخانە کەلەپوورییەکانی کوردیـمان بۆ ئەوەی بە بیری نەوەی نوێمانیان بهێنینەوە.. ئێمەش هـەر بۆ زانین و بۆ بە بیرهێنانەوە نەریتی”خەرمانلۆغە” مان بەبیری نەوەی ئەمڕۆمان هێنایەوە کە بابەتێکە لە فۆلکلۆری رەسەنی منـداڵانی کوردمـان.
بێگومان ئـەوەی رابـردووی نەبێت ئەمـڕۆ و داهـاتووشی نابێـت.. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داهـاتوو، ئەڵقە تێکهەڵکێشەکانی زنجـیرەی مـێژووی هەر گەلێکن.