نوری کەریم: چلەی ماتەمینیی مامۆستا جەمال نەبەز. بەشی دووەم.
ئیتر ئەو پیاوەم نەبینی یەوە هەتا ساڵی1994چومە ڤییەنا، هاوڕێی ئازیزم کاکە ئازاد حەمەعەلی ئەندازیار لەوێ نیشتەجێ بو، وتی ئەمڕۆ دەچین بۆ سیمینارێکی دکتۆر جەمال نەبەز. ئای کە هەواڵێکی خۆش بو بۆمن، کات نەدەڕۆیشت و میلەکانی کاتژمێرەکە زۆر سست بون لەگەیشتن بە چواری دوانیوەڕۆ.. لەهۆڵەکەدا هەرچاوم دەگێڕا، بەڵام کاک جەمال دیار نەبو، وتم کاک ئازاد ئەوە بۆ نەهات؟ وتی ئەوەتا، ئەها کراسێکی رەنگاڵەی لەبەردایە. بەڕاستی حەپەسام ئەو پیاوە چەند گوڕڕاوە، 32 ساڵ کوردستانی جێهێشتووە و 35سالیش لەوەبەر یەکەمجار بینیومە. سیمینارەکەی بەزمانی ئەڵەمانی پێشکەش کرد و منیش هیچ تێنەدەگەیشتم بەڵام لە کۆتاییدا لە هەموان زۆرتر و گەرمتر چەپڵەم بۆ لێدا. دوای ئەوەی وەڵامی پرسیار و تێبینی یەکانی دایەوە چومە خزمەتی و خۆم ناساند و بۆ ئەوەی بزانێت کێم، وتم باسی شەهید لەتیف عەلی و ئەو وێنەیەم کرد کە 1968 بۆ هاوبیرانی ناردبو بۆ کوردستان. لەوێدا هەڵوێستەیەکی کرد و وتی بەناو دەتناسم، بەڵام پورزاکانت چاک دەناسم، خزمی ئەحمەد هەردین. ئیتر پەیوەندیمان بەردەوام بو. یەکیچک لە تایبەتمەندییەکانی مامۆستا ئەوەیە دڵی زۆر ناسک بو، هەمانکات زۆر بەهێزیش بو، لە سەرشتێکی بچکۆلە زویر دەبو، بەرامبەر ئەو هەمو ناحەزەش رادەوەستاو بەرپەرچی هەموشیانی دەدایەوە و رۆژێک لە رۆژان لە مافێکی خۆی بێدەنگ نەبو.. من زۆر دڵنەواییم دەکرد و هەوڵم دەدا زویر نەبێت، بەڵام دەمێک گەرموگوڕ و دەمێک سارد دەبووەوە و سەردەمێکیش شیلەتین بو. کە کتێبی (کاژیک1959،پێشخان و پاشخانەکانی)بڵاوکردەوە و دانەیەکی بە پۆستدا بۆ ناردم. هەر لاپەڕەیەکم دەخوێندەوە و سەرنجێک، تێبینی یەک یا پرسیارێک قوت دەبووەوە، بەڵام کەتێبینی یەکان زۆربون، بەپێویستم بینی جارێکی دیکەش بیخوێنمەوە و سەرنج و تێبینی یەکانم لە نزیکەی 79لاپەڕەدا تایپ کردو بەرگێکم تێگرت و لە شێوەی نامیلکەیەکدا بە پۆستدا رەوانەم کرد. لە کۆتایی یەکەشیدا نوسیبوم هێوادارم ئەگەر سنوری مامۆستاو قوتابیم بەزاندبێت، بەگەورەیی خۆت بمبەخشیت. دوای سێ رۆژ پەیوەندیم کرد و پرسیارم کرد ئاخۆ راوبۆچونی چی یە؟ فەرموی جارێکم خوێندۆتەوە، با جارێکی دیکەش بیخوێنمەوە. کۆپی یەکم بۆ مامۆستا کامیل ژیریش نارد، هەردوکیان زۆر پەسەندیان کردو دەستخۆشیان لێکردم و ئەوەشیان درکاند بەوهۆیەوە ئەو لە ئەوروپا ئەم لە بەغدا بووە (ئاگاداری زۆر شت نەبون و ئێوە لە روداوەکاندا ژیاون و ئەو قۆناغانەی بزوتنەوەکەتان وەک مێژوی بزوتنەوەکە تۆمارکردووە) منیش بە چاپی ئەلەکترونی ناردم بۆ زۆرێک لە هاوبیران و دۆست و هاوڕێیان کە دەمتوانی دەنگم پێیان بگات، گلەیییەکی زۆریشم لەوانەوە بۆ هات کە بۆیانم نەناردووە و رونکردنەوە و زانیاریشیان لە سەر دامەزرێنەران و رەوتی بزوتنەوەکە داواکردبو، هەندێکیشیان گلەیی ئەوەیان کردبو کە لەهاوبیرانی کاژیکن و من ناوم نەهێناون..
ساڵی2016 کەچومەوە کوردستان چاپی دوەمم لە 295لاپەرەڕەدا چاپ و بڵاوکردەوە، بەلام بەو هۆیەوە کە لەو ماوەیەدا پێنج بابەتی گرنگم ئامادەکر کەهەندێکیان تا ئەو کاتە لەتاریکیدابون و هەندێک ناسکە رەخنەشی تێدابو لە مامۆستا، جگە لەوەی داواکاریشی لەسەر بو، ناچاربوم چاپی سێیەمی چاپ و بڵاوبکەمەوە لە 325لاپەڕەدا و زۆربەی هەرەزۆری هەر سێ چاپەکەش وەک دیاری پێشکەش بە هاوبیران و دۆست و هاوڕێکان کران. رەنگدانەوەکەشی لەنێو خوێنەراندا وەک هەندێکتان دەزانن ئەوەبو کە بەشێوەیەکی ئەکادیمیی و زۆر بێلایەنانە نوسراوە و سەرنج و تیبینی و رەخنەکانیش بنیاتنەر بن یا روخێنەر دروست و لە جێی خۆیاندان، بەڵام کە گەرامەوە ئەڵەمانیا و پەیوەندیم بە ماستاوە کرد و پرسیم چاپی سییەمەکەت بینیوە؟ فەرموی بەڵێ. ئەی چۆنی دەبینی؟ فەرموی نەبەچاک و نەبە خراپ هیچ ناڵێم!! هەستمکرد دڵگرانە، بەڵام من هەردەبێت دڵنەوایی بکەم، وتم مامۆستا گیان ئەمەش هەر پەسەندکردنە.
لەو دواییانەدا و بەر لەوەی مامۆستا کتێبی (ئەو رۆژانەی ناگەڕێنەوە) چاپ و بڵاوبکاتەوە پەیوەندی کرد و وتی دەزانم کۆسپ و تەگەرەی دەخەنە بەردەم ئەم کتێبە، کارێکم هەیە لە کوردستان بەتۆ دەکرێت، وتم لەخزمەتدام. وتی لە لیژنەی کۆنترۆڵی کتێب و چاپەمەنی یەکان دۆست و ناسیاوت هەیە؟ وتم بەڵێ . ئینجا وتی ئەی چاپخانەیەکی باش کە بەشێوە و دیزاینێکی جوان و نرخێکی گونجاو ئەم کتێبەم بۆ چاپ بکات؟ وتم ئەوەش ئاسانەو بەدڵی خۆت دەبێت. ئینجا وتی دەتوانم بەناوی تۆوە لەگەڵیان بدوێم؟ وتم بەڵی و ئەو ژمارەکانی مۆبایلەکانیان. ئەوە من دەشزانم لەسەر کتێبەکەی پێشوی (کاژیک1959،پێشخان و پاشخانەکان) لیژنەی کۆنترۆلی چاپەمەنی یەکان و چاپخانەی شڤان تۆشی کێشەو لێپێچینەوەی یاسایی بونەوە.
زۆر کەس وایاندەزانی هەرکەس نەتەوەیی بۆ لەو کاتە ناوەختەشدا پشتگیریی ریفراندۆم دەکات و پێویستە بیکات و ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی یە، وەک مامۆستا کامیل ژیر کە دەیوت (دە فوی پیاکەن دڵمان تەقی) ناهەقیشی ناگرم، لەو دواساڵانەی تەمەنیدا حەزدەکات ئاواتی دێرینەی بێتە دی و بە ناکامی سەرنەنێتەوە.
مامۆستا بە مێشکی خۆی بیری دەکردەوە، تەنها باڵ پەیامی سەرفرازیی نەتەوەیەکی دابەشکراو و چەوساوەی بەرزکردبۆوە، نەحیزبێکی لە پشت بو نەحوکمەت و نەجەماوەرێکی ئەکتیڤ و نەگۆڕ، لە گەڵ بارو دۆخ و پێشخانەکان و پێشهاتەکان و لۆژیکدا شەڕە شۆقی نەدەکرد، خاوەن بڕیاری خۆی بو. سەروەختی ریفراندۆمە ناوەختەکە دەمزانی هەڵوێستی چییە، هەر بۆ دڵنیایی حەزمکرد لە دەمی خۆی بیبیستم، وتی ئەی تۆ چی دەڵێیت؟ وتم هەرگیز ناتوانم بلێم لە گەڵ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نیم، بەڵام ئێستا ناوەختە.زۆربەی هەرە زۆری هاوبیرانی کاژیک و پاسۆک و نەتەوەی یە سەربەخۆکان لە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا کەوتنە دوای ریفراندۆم و زۆریش پەلەیان بو. ئەو کات سێ وتارم لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە، زەقترین خاڵ تێیاندا ئەوبو کە پێدەچێت و زۆریش کە سەرۆکی هەرێم کارتی زۆر بەهێزی بەدەستەوەبێت، بەڵام بۆ ئاشکرایان ناکات و و بەرچاومان رونکاتەوە( هەر ئاشکراشی نەکرد)
مامۆستا هاوبیری زۆربون، بەڵام زۆربەیان لەگەڵی نەدەگونجان، نەیار و ناحەزی زۆرتربون، تۆ لەوەگەڕێ لێرە و لەوێ پەنجا کەس و حەفتا کەس وسەد کەس هەواداری بن، ئەو دەبو ژمارەی هاوبیرانی راستینەی بە ملیۆن ژمارەبکرێت. عەبدوڵا گوێل لەچاو مامۆستاجەمال نەبەزدا ژمارەیەکی بچوکە، بەڵام چەند ملیۆنێک قوربانی یان بۆدا. بیرتانە چی بۆ بردنەوەی تەرمی هونەرمەندی جوانەمەرگ یادی بەخێر مەرزی یەی فەریقی کرا؟ ئاخر مامۆستا نەبەز و مەرزی یە خانم بەراورد ناکرێن و ئاسمان و رێسمان نێوانیانە.
سەنگ و قورسایی مامۆستا وەک پەیام هێنەری سێکوچکەی سەربەخۆیی و ئازادی و یەکسانی مرۆڤــ دەبوایە بارتەقای باڵایەک چەپکە گەڵی وەفا لەسەر گۆڕەکەی بوایە، ملیۆنەها کورد بەبەرپرسانی حیزبەکان و حکومەتەوە ئامادەی پرسەو ماتەمینی یەکەی بونایە. بەر لە مەرگی مامۆستاش بە ماوەیەک چەندین نوسەر و قەڵەمی ناسراو کۆچی ماڵئاواییان کرد وەک مامۆستایان ئەحمەد سەلام، کەریم زەند، حەکیم کاکە وەیس، رەوف حەسەن و مستەفا ساڵح کەریم کە ئەمیان سێبەری یەکێتی بەسەرەوەبو. لێرەدا پرسیارێک زۆرم لێدەکات ئاخۆ ئێمە مانانێک کە بە قەڵەمێکی کوڵەوە، بەڵام پاک و ئازاد تەقەتەقێک دەکەین ئەجەل غەیب و نسیب غەیب و دیار غەیب چۆن دەمانپێچێتەوە؟