ئارام هادی: كەركوك و بغداد و كابینەی نۆ.
كورد لەگەڵ حكومەتەكانی ڕابردووی عیراق كێشەی نەتەوەیی هەبوو, شاری كەركوك پشكی شێری ئەو كێشەیەی بەركەوتووە, سەركردەكانی عیراقی دوای صدام پێدەچێت باشتر لەپێش خۆیان لە ڕەگی قوڵی ناكۆكیەكان تێگەیشتبن, بۆیە لە 2005دا و لەدەستووری نوێی عیراقدا دانیاننا بەمافی گەلی كورد وەك پێكهاتەیەكی (سەرەكی و بەژدار لە سیستەمی فەرمانڕەوایی عیراقدا و مادەیەكی دەستووریش بۆ ئاسایی كردنەوەی ڕەوشی كەركوك و دواجار گەڕاندنەوەی بۆسەر هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە.
بۆچی كەركوك نەگەڕایەوە سەر هەرێمی كوردستان؟
یەكەم/ بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ, بەتایبەتیش (توركیا. ئیران) ڕۆڵێكی كاریگەریان بینی لەبردنەوەی كێشەی كەركوك بۆ چوارگۆشەی یەكەم, بەڵكو لە ڕابردووش خراپتریانكرد, لەم نێوەندەشدا قسەكەی پەرلەمانتارێکی عیراق لە دەوڵەتی یاسا (حەنان فەتلاوی) كە دەڵێ: بەتەنها بۆماوەی حەوت ساڵ نەمهێشت كێشەی كەركوك چارەسەربكرێت” جگە لە ڕۆڵێكی زۆر سادە و لاوەكی لەناو شانۆ سیاسیە ناوچەییەكە هیچیترنیە!.
دووەم/ لایەنی كوردیش تا ئێستا بەیەك تیم داوای جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕانەوەی كەركوكیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان نەكردوە!!, هاوكات لەناوخۆی شاری كەركوكیش سیاسەتێكی وایان نەگرتۆتە بەر تا كورد و پێكهاتەكانیتری كەركوكیش بەپەرۆشبن بۆ گەڕانەوەی شارەكەیان بۆ باوەشی هەرێم, لە لایەكیترەوە تەنانەت لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە حكومەتی هەرێم لە هەرچوار پارێزگاكە خزمەتگوزاریەكی وای پێشكەش بە هاوڵاتیانی خۆی نەكرد كە لە عیراق باشتربێت, بۆ ئەوەی لەلایەك خەڵكەكەی خۆی ڕازی بكات لەلایەكیتر سەرنجی كوردی كەركوك و پێكهاتەكانیتریش ڕاكێشێت بەلای خۆیدا!.
سێ یەم/ لە بغدادیش جگە لە (پۆست و پارە), تەنها بۆیەك جاریش نەمانبینی لایەنی كوردی لەسەر مافە دەستووریەكان و لەنێویشیاندا كەركوك یەك تیم بن و بۆماوەیەكیش بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدابكەن.
كارنەكردنی هێزە كوردیەكان بە یەكتیمی لەبغداد و هاوكات پەرتەوازەییان لە ئاست پرسە نەتەوەییەكاندا هێندەیتر باری لاری كەركوكی خوارتركرد, پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ” كەچەڵ لە خۆی نەبوو ئاوڵەشی دەردەكرد”سەرباری ئەو هەموو زامە ڕیفراندۆمیان لە كاتێكی زۆر نەگونجاودا بەسەر شارەكەدا سەپاند كە كوردی خستە بەردەم دوو بژاردە ئەوانیش یا چارەنوسی كەركوك وەك (حەڵەب و موسڵ و عەفرینی لێدێت, یا بەنیوە زەرەر بۆماوەیەك ئەو كەمە دەستكەوتە لۆكاڵیەی بەدەستخرابوو زەڕبی سفربكرێتەوە), دواجار و لە ناچاریدا یەكێتی لەنێوان خراپ و خراپترین بۆ كەركوك, خراپەكەیان هەڵبژارد.
بۆچی یەكێتی مەرجی ئاساییكردنەوەی كەركوك و یەك تیمی بغدادی بە پێكهێنانی كابینەی نۆوە بەستۆتەوە
یەكێتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق, لە بەرامبەر حزبە كوردیەكان و پێكهاتەكانیتری شارەكە, پێدەچێت پەندی لە هەڵەكانی ڕابردووی وەرگرت بێت, بۆیە سورە لەسەر ئاسایی كردنەوەی ڕەوشی شارەكە, ئەمەش بە یەكگوتاری و یەكتیمی كورد ئەنجام دەدرێت لە بغداد و كەركوك, هەرچیش پەیوەندی بە پارتی یەوە هەیە, هێشتا ئامادەنیە كار بۆ ئاسایكردنەوەی ڕەوشی شارەكە بكات و هاوكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێك لە لایەن یەكێتی یەوە هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عیراقیش دەكات!!.
پێكهێنانی كابینەی نۆ یا ئاساییكردنەوەی كەركوك و یەكتیمی كورد لە بغداد؟
فازڵ میرانی كە بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێ “پارتی پێی وایە هەنگاوی یەكەم پێكهێنانی كابینەی نۆبێت و دواتر بیرلە ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركوك و یەكهەڵوێستی كورد بكەن لە بغداد, پێشی وایە ئەو وەزارەتەی بغداد هیچ دەسەڵاتێكی نیە تا یەكێتی بیكات بە مەرج”, ئەمە لە كاتێكدا هەر لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتەیە پارتی هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عیراق دەكات گەر بۆیەكێتی بێت!!.
لەلایەكیترەوە ئێستا كاتی ئەوەنیە (دوومنداڵی كورد لە كۆڵانێكدا شەڕ بكەن)!!, نەك حزبێكی وەك پارتی تا ئێستاش لە بغداد هەوڵی پەرتكردنی یەكگوتاری كورد دەدات, كە باشیش دەزانێت ئەو هەوڵانەی كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركوكیش دەبێت.
فازڵ میرانی بۆچی قوباد تاڵەبانی هێنایە ناو مەسەلەكە؟
پارتی ئەوەندەی مەراقی تێكدانی یەكدەنگی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی یە لە ئاست پێكهێنانی كابینەی نۆ و سوربونیان لەسەر ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركوك, هەرچی دەكات نازانێت چۆن ئەو یەكدەنگیە تێكبدات, بەحسابی خۆی بەم قسە فڕێدانە بەنیازە كێشە لەسەركردایەتی یەكێتی دروست بكات, ئەوەی جێگەی سەرنجیش بێت تەنها گەورەكردن و گرنگی پێدانی ئەم بابەتەیە لە میدیا و شۆسیال میدیای بەشێك لە حزبەكان, گەرنا قسەكەی فازڵ میرانی هیچ ڕەواجێكی نیە.