نەوزادى موهەندیس: داهات و فرۆشى نەوتى هەرێم و عێراق لەساڵى 2018 دا، لەنێوان ڕاستى و فریوداند.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە وڵاتى عێراق بەهەرێمى کوردستانیشەوە دادەنرێن بە وڵاتێکى نەوتى بەهۆى بوونى یەدەگێکى گەورەى نەوت کە بەنزیکەیى لە نێوان ((150 بۆ 160 )) ملیار بەرمیل نەوتى خاودایە و و بڕى یەدەگى نەوتى هەرێمیش دیاریکراوە بە یەک لەسەر سێى ئەو بڕە نەوتە یەدەگەى عێراق کە بە نزیکەیى دەگاتە ((50 ملیار بەرمیل نەوتى خاو)) و لە پاڵیشیدا هەرێمى کوردستان خاوەنى بڕى(( 7ر5 تریلیۆن)) مەترسێجا یەدەگى غازى سروشتیە و کە هەردوو((نەوتى خاو و غازى سروشتى)) دادەنرێن بە دووسەرچاوە گرنگەکەى وزەى هەڵهێنجراو.کە هەر وڵات و کۆمەڵگایەک خاوەنى ئەم دوو سەرچاوە گرنگە بن ،ڕاستەوخۆ دەبنە وڵات و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتووى و گەشەسەندوو و خۆشگوزەران و پڕ ڕەفاه،بەڵام بەداخەوە ئەوەى دەبینرێت و خۆشمانى تیادا دەژین چ لە عێراق و چ لە هەرێمى کوردستان ئەم دووسەرچاوە گرنگە نەبونەتە هۆکارى خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن و گەشەسەندنى وڵات و کۆمەڵگاکانمان،و بەپێچەوانەوە بونەتە هۆکارى قەیرانى دارایى و برسێتى و بێکارى و نەخۆشى و هەژارى و بێخزمەتى و بێبەش بوونى تاک و کۆمەڵگا لە بچوکترین قازانج لەو سەروەت و سامانە سروشتیە.
جا هەریەکە لە عێراق و هەرێمیش بانگەشەى باشىو سەرکەوتوویى سیاسەتى خۆیان دەکەن لەکەرتى وزەدا،بەڵام ئەوەى لەسەر زەمینەى واقیع دەبینرێت بەپێچەوانەوەیەو دەرکەوتوە کە شکستخواردووترین سیاسەت پیادە دەکرێت لەو بوراە گرنگەدا و تەنها قازانج بۆ حیزب و کەمینەى سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانە نەک زۆرینەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگا.چونکە کەرتى وزە بەگشتى بەسیاسەت و پلانێکى زانستى و واقعى نابرێت بەڕێوە و دوورە لە شەفافیەت و ئاشکرایى بەڵکو هەموان دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و دەشارێتەوە و بەویست و خواستى دەستڕۆیشتوەکان ژمارەکان ڕێکدەخرێن و لەچوارچێوەى بەناو ڕاپۆرتى مانگانە و ساڵانەدا ئاشکرا دەکرێن.هەر لەبەر ئەو هەموو گومان و شکستخواردنانەدا لە کەرتى وزەدا لەم دواییانەدا لەلایەن پەڕلەمانى عێراقەوە لیژنەى تایبەت پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئیشوکارەکانى کۆمپانیاى سۆمۆ((کۆمپانیاى فرۆشتن و بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق))کە تائێستا و بۆ ماوەى زیاد لە 15 ساڵە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە لە سروشتى کار و گرێبەست و فرۆشتن و پەیوەندیەکانى ئەم کۆمپانیایە،کە دەرکەوتوە گەندەڵیەکى گەورە و مەترسیدارى تیادایە.ئەوەى لەهەرێمى کوردستانیش دەگوزەرێت و هەر لەبەر بێمتمانەیى و بوونى گومان لە ئیدارەى کەرتى وزەدا بەناچارى حکومەتى هەرێم کۆمپانیاى ((دلیۆت))ى بۆ ووردبینى کردن هێناوە بۆئەوەى بەسەر داهات و فرۆشى چەندین ساڵەى نەوتى هەرێمدا بچێتەوە،ئەم کەرتە بارتەقاى هەموو کەرت و لایەن و بوارەکانى ترى حوکمڕانى تاریک و ناشەفاف و بەنهێنى ماوەتەوە و ژمارەیەکى زۆر کەم دەزانن کە چى دەگوزەرێت و بەقازانجى کێش دەگوزەرێت و دەسکەوت و داهاتى ئەم نەوت و غازى سروشتیە بە چ ئاڕاستەیەک دەگوزەرێت،هەربۆیە بۆتە جێگەى گومان و سەرهەڵدانى دەیان پرسیار.
هەربۆیە هەموو ئەو داهات و فرۆشى نەوتەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکرێت هیچ کامیان جێگەى متمانە و ڕەزامەندى هاوڵاتیان نین و تەنها بۆ فریودانن و دوور و نزیک لەڕاستیەوە نزیک نین.
بەپێى ئەم زانیاریانەى دەربارەى داهات و فرۆشى نەوتى عێراق وهەرێمى کوردستان و مووچەى فەرمانبەران دەیانخەینە ڕوو ،ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە داهات و فرۆشى نەوت زۆر لەوە زیاترە کە ڕادەگەیەنرێن و دەکرێت بەو داهاتە زۆر وزەوەندانە لەعێراق و هەرێمى کوردستانیش هەنگاوى گەورەى ئاوەدانى و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانى هەڵبنرێت.
• ژمارەى مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەدواى پڕۆسەى بایۆمەتریەوە بریتیە لە ((1250000)) فەرمانبەر
• کۆى مووچەى فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت بریتیە لە(( 850 ملیار دینار/ مانگانە))
• کۆى مووچەى فەرمانبەران بەم پاشەکەوتەى ئێستاوە بریتیە لە((720 ملیار دینار/ مانگانە))
• لە مانگى 2/2016وە سیستەمى پاشەکەوتى مووچە سەپێنرا
• لەمانگى 3/2018 وە بڕى پاشکەوتى مووچە کەمکرایەوە بۆ ئەوەى ئێستا هەیە لەنێوان ((18 بۆ 30% ))
• حکومەتى هەرێم لە ئێستادا و بەم سیستەمى پاشکەوتە بەم جۆرە مووچە دابین دەکات:
1- بڕى 375 ملیار دینار لە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان
2- بڕى 317 ملیار دینار لە حکومەتى عێراقەوە لەمانگى 4/2018وە
3- بڕى 25ملیار دینار لە ئەمریکاوە
کە کۆى ئەم پارانە دەکاتە 717 ملیار دینار..هەربۆیە حکومەتى هەرێم لەمانگى 4/2018وە توانیویەتى کە مانگانە و لەکاتى خۆیدا مووچە بدات.
دواى ئەوەى کە میزانیەى ساڵى 2019ى حکومەتى عێراقى پەسەندکرا لە 24/1/2019دا و بڕیاریشدرا کە پشکى هەرێم 67ر12% بنێرێت و بەمەش مانگانە حکومەتى هەرێم بەم شێوەیە داهاتى دەبێت:
1- بڕى 522 ملیار دینار حکومەتى عێراق دابینى دەکات
2- بڕى 375 ملیار دینار وەزارەتى سامانە سروشتیەکان دابینى دەکات
3- بڕى 25 ملیار دیناریش ئەمریکا دابینى دەکات
کۆى ئەم پارانە دەکاتە 922 ملیار دینار
هەربۆیە دەبێت لەمانگى 1/2019وە حکومەتى هەرێم سیستەمى پاشەکەوت هەڵبگرێت چونکە پارەى تەواوى لەبەردەستدا دەبێت بۆ مووچەى مانگانەى فەرمانبەران و بڕى 72 ملیار دیناریش زیاد دەبێت.
لەلایەکى ترەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 4/11/2018وە ڕایگەیاند کە دەتوانێت ڕۆژانە بڕى 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاو هەناردە بکات
• کەواتە لەمانگێکدا 400000* 30 ڕۆژ یەکسانە بە 12 ملیۆن بەرمیل
• ئەگەر نرخى 1 بەرمیل نەوت بریتى بێت لە 55 دۆلار کە زیارتیش بوە
• ئەوا 12،000،000 بەرمیل *55 دۆلار یەکسانە بە 668،250،000 ملیۆن دۆلار
• ئەگەر 100 دۆلار بەرامبەر 120000 دینار دابنرێت
• ئەوا مانگانە داهاتى نەوتى حکومەتى هەرێم بریتى دەبێت لە 801،900،000،000 ملیار دینار
• گەر داهاتى ناوخۆش لە((بەرهەمە نەوتیەکان و باج و رسومات و گومرک)) بریتی بێت لە
150 ملیار دینار
• ئەوا کۆى داهاتى مانگانەى حکومەتى هەرێم بریتى دەبێت لە(( 951،900،000،000)) ملیار دینار
• کەواتە حکومەتى هەرێم بەبێ یارمەتى ((حکومەتى بەغداد و ئەمریکاش)) دەتوانێت نەک مووچە بەپاشەکەوتەوە بدات ،بەڵکو دەتوانێت مووچەى تەواویش بدات بێ پاشەکەوت.و زیادەشى بۆ بمێنێتەوە بەبڕى ((101،900،000،000)) ملیار دینار
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەى چەند وەختە بۆ مووچەى نەداوە ؟ یان بۆچى سیستەمى پاشەکەوتى مووچەى هەڵنەگرتوە؟
وەک دەردەکەوێت تەنها داهاتى نەوتى مانگانە بریتى بوە لە(( 801،900،000،000 )) ملیار دینار
بەڵام تەنها بڕى ((375ملیار دینارى )) داوەتە وەزارەتى دارایى بۆ مووچە و ئەو بڕەى کە ماوەتەوە داویەتیەوە بە((قەرزى کۆمپانیا نەوتیەکان و سوودى کەڵەکەبووى ئەو قەرزانە)) کە مانگانە بڕى ((426،900،000،000))ملیار دینار بوە کە بەرامبەرە بە ((355 ملیۆن دۆلار))ى ئەمریکى لەسەر حسابى مووچەخۆرانى هەرێم.
دەربارەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى دەوڵەتى عێراقى بۆ ساڵى 2019شدا
بڕى داهاتى دەوڵەتى عێراقى بریتیە لە(( 105،569،686،870،000 ))تریلیۆن دینار
کۆى پشکى هەرێم بریتیە لە 67ر12% و یەکسانە بە 13،375،679،326،429 تریلیۆن دینار
بەڵام دواى لێبڕینى خەرجیە حاکمیەکان بڕى کۆى پشکى هەرێم بە 67ر12% یەکسانە بە 8،741،406،026.000 تریلیۆن دینار
جارێکى تر کۆى پشکى هەرێم دواى خستنە سەرى پارەى گەشەپێدانى هەرێمەکان و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان یەکسان دەبێت بە 8،970،467،226،000 تریلیۆن دینار
داهاتە ناوخۆییەکانیش مانگانە بریتیە لە 150ملیار دینار ،واتە لە ساڵێکدا بریتیە لە 1،800،000،000،000 تریلیۆن دینار
کۆى ئەو دوو بڕە داهات و پارەیە لەساڵێکدا دەکاتە 10،770،467،226،000 تریلیۆن دینار
بڕى کۆى مووچەى مانگانە بێ پاشەکەوت بریتیە لە 850 ملیار دینار
کەواتە ئەو بڕە پارەیە بەشى 12 مانگ و نیو دەکات کە مووچەى تەواوى پێبدرێت
ئەم پشکەى هەرێم بەندە بەوەى کە هەرێم ڕۆژانە بڕى 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات کە
لە 1 مانگدا دەکاتە 7،500،000 بەرمیل نەوت
ئەگەر نرخى 1 بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار دابنرێت وەک لە یاساى بودجەکەدا هاتوە ئەوا مانگانە دەکاتە بڕى 420 ملیۆن دۆرلارى ئەمریکى
• کە بە دینارى عێراقى دەکاتە 355،329،949،238 ملیار دینار کە نرخى 100 دۆلار بە 118200 دینار دیاریکراوە
• هەرێم بڕى 400 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات کەواتە بڕى 150000 بەرمیل نەوتى بۆ دەمێنێتەوە
• کە مانگانە دەکاتە 4،500،000 بەرمیل نەوت و
• پارەکەشى بە 56 دۆلار دەکاتە 252 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى
• بە دینارى عێراقیش دەکاتە 213،197،969،543 دینار
کە نرخى 100 دۆلار بەرامبەر بە 118200 دینار دیاریکراوە لە یاساى بودجەى دەوڵەتى عێراقدا بۆ ساڵى 2019 کە ئەم بڕە پارە و داهاتەش زیادەیە و هەرێم دەتوانێت سوودى لێوەربگرێت.
کەواتە لە خراپترین باردا حکومەتى هەرێم دەتوانێت مووچەى تەواوى فەرمانبەران دابین بکات بەبێ پاشکەوت.بەڵام کە نایکات ئەوا گەلێک هۆکارى حیزبى و بنەماڵەیى و گروپە دەستڕۆیشتوەکانى لە پشتەوەیەو چیدى ناکرێت هاوڵاتیانى کوردستان بە مووچەى پاشکەوتکراو ڕازیبن و چەندین ساڵى تر بە قەیران و برسێتى و هەژارى بیگوزەرێنن بەهۆى هەڵەى سیاسەت و کارکردنى کۆمەڵە کەسانێکى دەستڕۆیشتوو لە حیزب و حکومەتدا.
خشتەى نەوتى فرۆشراوى هەرێم و عێراق بۆ ساڵى 2018
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی