نوری کەریم: هەر ئەوەمان کەمبو، گەندەڵی گەیشتە زانست.
هەرگیز بۆ هەڵبژاردنی ناونیشان یا سەردێڕ رارایی و دوو دڵی ناکەم، چونکە هەمیشە بابەتێک لەشێوەی ناونیشانێکی زەقدا دەکەوێتە پرتەپرت بۆ ئەوەی بەبەرۆکی نوسینێکیدا هەلواسم، بەڵام ئەمجارە چەندین سەروتار سنگیان هێنایە پێش و، هەندێک چاوەزەقەیان بو. یەکێکیش دەستی بڵندکردبو (چەند دانەیەکیانم بینی هەریەکەیان خۆی بەسەر پارچە کارتۆنێکدا فلیقاندبووەوە: هەر ئەمە مابو، هەر ئەمەمان کەمبو، گەندەڵی گەیشتە زانست، پرۆفیسۆر گەندەڵ ئەفەندی، دکتۆرای عادی و ئەێڵی.. چەندین جار وەک بەرچاوخستنی بارودۆخی خوێندن و خوێندنی باڵا لە باشوری کوردستان بەکەمێک پۆز و خۆهەڵکێشانی کوردانەوە بە هاوڕی و ناسیاوی دانیشتوی ئەوروپامان دەوت ئێمەی کورد دوای ئەو هەمو جەنگ و خوێن و فرمێسک و ماڵوێرانیی و هەناسەساردی یەی گەلەکەمان لەباشوری کوردستان، ئێستا ڕوو لە خوێندن و زانستین، نزیکەی 35 سی و پێنج زانکۆ و کۆلێژمان دامەزراندووە، بەڵام ئەوان سەریان سوڕ دەمێنێت و ناتوانن نیشانەی باوەڕنەکردن بە رویانەوە بشارنەوە..
ئەوکات نەماندەزانی، ئێستا دەزانین کە بەڵێ راستە ئەو بنکە زانستی یانەمان هەبو، بەڵام وەک هەمو شتەکانی دیکەمان بێ پلان و بێ راوێژ و بێ بناغەی پتەو، هەر بە هەڵپڕوکاند هەڵیدەپڕوکێنین و گرنگ ئەوەیە شتەکە هەبێت! شۆڕشی ئەیلولی1961مان هەڵپڕوکاند، شۆڕشی نوێ 1976مان هەڵپڕوکاند، هەڵبژاردنی پەرلەمان، دامەزراندنی حکومەت و داوودەزگاکان، پێکەوەنانی هێزی چەکدار، سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێم هەرهەموی بەپەلەپڕوزێ و کاڵوکرچی دامەزرێندران و دەست بەکاربون، ئەنجامەکانیشیان وەک خۆری نیوەڕۆ دیارو ئاشکران.
ئاخر هەرێمێکی(خۆبەڕێوەبەر) نەتوانێت یا دروستتر بڵێین نەیەوێت موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەتەواوی و لەکاتی خۆیدابدات، ئاو و کارەبا وەک پێوێست نەبێت، چینی نەدارو بێ دەستمایە لەبازنەی بێکاریی و نەبونیی و نەخۆشیدا ژیان بگوزەرێنن، چینی سڕکردەوبنکردەو بەرپرس و بەرپەرست(1) و مشەخۆرانیش کە چینی ملیۆنێر و ملیاردێرەکانن هەموشتێکیان هەیە خەمی گەل و نیشتیمان نەبێت.
ئێمەی کورد ئەگەر چاومان لە دوارۆژەو لەخەمی نەوەکانمانداین نابێت هیوابڕاوبین و دەست لەهەموشتێک بشۆین و بڵێین (پێویست ناکات سەری خۆمان بئێشێنین، ئێمە ئاسنی سارد دەکوتین، زۆرمان چاند و هیچمان دروێنە نەکرد،بەردەوام و بەگەرماو سەرما داری ئازادی بەخوێن ئاودەدەین و(قەت بەرناگرێ)، تەنانەت هەندێک لەخەمخۆرانی نەتەوەکەش لە خوێندەوار و نوسەر و هونەرمەند کە ژمارەشیان کەم نییە کشانە دواوە و دەڵێن: (هیچیان بەدەستەوە نەهێشتین، گشتیان دۆڕاند، پیرۆزی یەک نەما ئەتکی نەکەن). لەوەش بەسوێتر هەندێک لەهەرە دڵسۆزەکان دەڵێن: (لێگەڕێ برا، ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت، کورد بەهیچ نابێت)، بەڵام نە هەمو کوردانی باشور روخاو و بێهیوا کراون و نە هەموشیان گەندەڵکار و رو لە سامان و پۆست و پلەو پایە و رو لە(گەندەڵی و گیرفان و گەڵ)ن و پشت لە گەل و نیشتیمانن. نەخێر هێشتا زۆرێک دڵسۆز و خەمخۆری بەهیمەتمان هەن، نوسەر، هۆنەر، هونەرمەند، لێکۆڵەر، میدیاکار و، و کەسانی ئاسایی پاک و سەربەخۆمان زۆرن کە سەر بەهێچ لایەک نین جگە لەگەل و نیشتیمان، شانی داوەتە بەر، خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و فرۆشیاری دەستگێڕە! ئەنجامی مقۆ مقۆ و لێکۆڵینەوە و بەدوادا چونی فەرمیی و سەربەخۆش راستی یەکی تفت و تاڵی ئاشکراکرد کە رێژەیەکی بەرچاوی خاوەن پلەزانستی یە بەرزەکان(ماستەر، دکتۆرا و پرۆفیسۆر) جەڵغەمەن! ئەو لێکۆڵینەوانە گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە بەدەستهێنانی هەریەک لەوپلە زانستی یانە پێویستە خوێندکار قۆناغ بە قۆناغ لێکۆڵینەوەی زانستیی ئامادەکردبێت و لە گۆڤار یا بڵاوکراوەی ناوەندێکی پسپۆڕ و باوەڕپێکراو لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا بڵاوکرابێتەوە، بەڵام (ئەو حەمکە هەڵگری گەندەڵ پلە زانستی یە (بڕوانامەی زانستیی ساختە) لە باشور کە تەنها لەبواری زمانی ئینگلیزیدا 160 ێەدو شەێت ساختەکاریی ئاشکراکراوە بەمجۆرە ئامادەکراون:
1- ئەو لێکۆڵینەوە زانستی یەی پێشکەشی کردووە، لێکۆڵینەوە نییە چجای ئەوەی زانستیی بێت،بەڵکو کارێکی کۆپیکاریی فرتوفێڵاویی و چاوبەستە، بەشێک لە وتاریکی فڵان زاناو چەند لاپەڕەیەکی لێکۆڵینەوەیەکی فیسار لێکۆڵەر یا توێژەرەوە لاپەڕەکانی فایلێکی ئەستور رەشدەکەنەوەو بە رستەو (دەستە وشە) دەستەواژەی قورس و تەمومژاوی و لاتینی و لاستیکیی و بە ناوی زانایانی ناسراو لەو بوارەدا و وشەی ئینگلیزیی و فەرەنسایی یا لاتینی قورس و قەبە دەخەنە پالِیان ودەیڕازێننەوە یا وەک کورتان پڕپوشی دەکەن، پارەی هەقدەستی خۆیان وەردەگرن و ناوی (توێژەرە فەنی)لەسەر دەنوسن و لێکۆڵینەوە های لێکۆڵینەوە.
2- ئەو بەناو(ناوەندی لێکۆڵینەوە)یە کە(لێکۆڵینەوەکەی) بڵاوکردۆتەوە بنکەیەکی بازرگانیی ساختەکارە و هەر(لێکۆڵینەوە)یەکی بۆ بچێت دەمو دەست ترش و خوێ یەکی هونەریی دەکەن و لەماوەی کەمتر لە دوهەفتەدا بڵاودەکرێتەوە بەمەرجێک 3 سێ هەزار دۆلاری ئەمەریکایی لەگەڵدابێت.
3- خاوەنی فایلەکە بەو بڕە دۆلارە کە داوێتی و لەو ماوە کورتەدا ئاستی زانستی یەکەی پلەیەک سەردەکەوێت، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر هەڵدەکشێت بۆ دکتۆر، دکتۆریش بازدەدات بۆ پلەی یاریدەدەری پرۆفسیۆر(ئوستاد)، یاریدەدەری ئوستادیش خۆ دەستی نەبەستراوە، سوک و باریک دەبێتە پرۆفیسۆرێک عەیاری24ودەچێتە سەر تەختی پرۆفیسۆر پاشاو هیچکامیشیان میش میوانی نییە.
4- هەرگیز هیچ لێکۆڵەر ـ توێژەرێکی زانستیی باوەڕپێکراو بۆی نییەو ناتوانێت بێ رەزامەندی زانکۆکەی و سەلماندن و پەسەنکردنی لیکۆڵینەوەـ توێژینەوەکەی، سەربەخۆ بینێرێت بۆ ناوەندێکی ناسرا و باوەڕپێکراوی پسپۆر کە لە گۆڤاری خۆیدا بڵاویکاتەوە.
ئینجا دەبێت لەوە سەرمان سوڕبمێنێت کە ناوەندە زانستی یە ناسراو و باوەڕپێکراو و رەسەنەکان ناتوانن لێکۆڵینەوەی هیچ لێکۆڵەرێک کە دەگاتە دەستیان لە ماوەی کەمتر لە ێاڵێکدا بڵاوبکەنەوە، هەندێک جار ماوەی دوێاڵیشی دەوێت. ئێستا دەزانین ئەو هەمو باوەڕنامە بەرزانە لە کوێ وە هەڵدەقوڵێن کە هەر دەڵێی قارچک و دومەڵانی بەهاران.
* دەمێکە لە نوسین و بەرهەمە چاپکراوەکانمدا ئەو وشەو زاراوانەم بۆ یەکەمجار لە زمانی کوردیدا بەکاربردووە.