ئارام هادی: قسەكانی جۆن كەنەدی كورد و ئەمریكا دەكاتە هاوپەیمانی ڕاستەقینە؟
سیناتۆر (جۆن كەنەدی) ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەئەنجومەنی سینات داوایكرد, پرۆژە یاسای ناسراو بە (s1) بۆ پارێزگاریكردن لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموار بكرێت, كوردیش بخرێتە لیستی ناوەکانەوە تاوەكو لە هەر هێرشێكی دەرەكی پارێزگاری لێبكەن.
لەبنەڕەتدا ئەمە پرۆژەیەكی درێژخایەنی ئەمریكی دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە هاوپەیمانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوشێوەی هەردوو پرۆژەی (ترومان و نیكسۆن).
ئەم پرۆژەیە لەلایەن سیناتۆری كۆماریەكان (ماركۆ ڕۆبیۆ) لەژێرناوی (s1)ئامادەكراوە, لە نوێترین پرۆژەی ئەمریكایە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی تائێستا تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە, بەداخیشەوە وەك هەردوو پرۆژەكەی پێشوو (نیكسۆن و ترومان)جارێكیتر كورد پەراوێزخراوە و هیچ بەندێكی ئەو پرۆژە (50) لاپەڕەییە كوردی بە بنەما نەگرتوە.
گرنگی ئەم پرۆژەیە تەنها لەدوو خاڵدایە
یەكەم/ سیناتۆر جۆن كەنەدی داوا دەكات پرۆژەكە هەمواربكرێتەوە و كۆدەنگی سیناتی ئەمریكای لەسەر بێت تا كوردیش وەك نەتەوەیەكی 30ملیۆنی بخرێتە چوارچێوەی پرۆژەكەوە.
دووەم/ ئەوەی پێویستە لەسەر كورد بە یەكگرتویی تاچەند دەتوانێت سود لەم دەلاقە كراوەیە ببینێت كە جۆن كەنەدی بۆی كردۆتەوە و هەموو هەوڵە دبلۆماسیەكانی بخاتە گەڕ تا ناوی لە پرۆژەكەدا تۆمار بكرێت.
لەلایەكیترەوە قسەكانی جۆن كەنەدی لەمەدا ڕوون و ئاشكرایە و داوادەكات كورد بەگشتی لەداهاتودا لەلایەن ئەمریكاوە هاوشێوەی (ئەردەن و ئیسرائیل) بپارێزرێن, ئەوەی كە ڕوون نیە ئەوەیە چۆن و بەچی میكانیزمێك بپارێزرێن, لەكاتێكدا باشوری كوردستان تائێستا لەناو چوارچێوەی عیراقدا هەرێمێكە و ڕۆژئاواكەشی تائێستا چارەنوسی نادیارە و باكور و ڕۆژهەڵاتیشی لەژێر داگیركاری دوو زلهێزی ناوچەیی (توركیا. ئیران)دەناڵێنێ.
دواجار: هەرچی بێت دیارە بە نیسبەت كۆنگرێسمانێكەوە كاتی مامەڵەی تاكیتكی لەگەڵ كورد بەسەرچوە و ئێستاش دەبێت ئەو نەتەوەیە لە پرۆژە ستراتیژیەكانی ئەمریكا جێگەی بكرێتەوە , ئەوەیتریشی لەسەر كورد بەندە تاچەند دەتوانێت پشتگیری كۆنگرێسمانەكان لە یەكەوە بكات بە زۆرینە, هاوكات چۆن باوەڕ بە ئەنجومەنی سینات و ئیدارەی ئەمریكی دەكات پرۆژەكە بە ئیزافەی ناوی كوردەوە وەك هاوپەیمانێكی ئەمریكی پەسەندبكات؟