نەوزادى موهەندیس: گەندەڵى پەتا کوشندەکە لە عێراق و هەرێمى کوردستاندا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە دیاردەى قێزەونى گەندەڵى یەکێکە لەو پەتا کوشندانەى کە تووشى هەر دەسەڵات و حوکمڕانیەک ببێت،گەر بەپلانى زانستى و واقعى و بەنیەتێکى ڕاستگۆیانەى پێشوەخت و لەڕێگەى دامودەزگا و ئۆرگانى تایبەت و بەدەسەڵات ڕووبەڕووى نەبێتەوە ئەوا دەبێتە هۆى تێکشاکاندن و خۆرکەى پایە گرنگەکانى دەسەڵات و لەکۆتایشدا دەبێتە هۆى داڕمانى تەواى سیستەمى حوکمڕانیەکە، گەندەڵى وەک پەتایەک وایە کە زوو بڵاودەبێتەوە و بەبێ جیاوازیش هەموان دەگرێتەوە لە لوتکەى دەسەڵاتەوە تاکو هاوڵاتیەکى سادە و هەر هێندەش کە پێى گیرۆدەبویت ئیدى وازهێنانى گەلێک ئەستەم دەبێت. زۆرێک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕان و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان بەدەست ئەم دیاردە و پەتایەوە گیرۆدەبوون و دەناڵێنن و کەوتونەتە بەرمەترسى و هەڕەشەى لەناوچوون و زۆرێکى تریش لەمێژوودا بەهۆى دیاردەى گەندەڵیەوە بەرەو زبڵدانى مێژوو توڕهەڵدروان.
هەمیشە وەک کارێکى سروشتى دیاردەى گەندەڵى لەناو ئەو سیستەمە حوکمڕانیانەدا بڵاودەبێتەوە و ڕمێن پەیدادەکات کە تاکڕەو و خۆسەپێن و شمولى و بنەماڵەیى و بەرژەوەندى و خود پەرستن، هەربۆیەش هەمیشە دواکەوتن و هەژارى و ستەم و چەوساندنەوە دیارى بەختى ئەو کۆمەڵگایەنەن و نمونەى زەقیش دەسەڵاتدارە ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتى و بەتایبەتیش عەرەبى و ئیسلامى و کەنداویەکان و… هتد، بەپێچەوانشەوە هەموو کات دەسەڵات و سیستەم و حوکمڕانیە دیموکراسی و لیبڕاڵ و پێشکەوتوو و ئازادەکان لە ڕۆژئاوا و ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتەکانى تریش، کەمترین دیاردەى گەندەڵیان تیادا بڵاوبۆتەوە، چونکە یاسا سەروەرە و تاک و گروپەکان هەموانیان یەکسانن و بەڕاستگۆییانەش سیاسەت و حیزبایەتى دەکەن و باشیش لە بنەما مرۆڤایەتیەکانى یەکسانى و دادپەروەرى و ئازادى تێگەیشتوون و ڕێزى زۆریشیان هەیە بۆ مافى تاک و مرۆڤەکان و هیچ کاتیش دەسەڵات و پۆستەکانیان وەک میراتى باوباپیرانیان یان وەک خەڵات و دەسکەوت نابینن و هیچ کات خزمەت و قوربانیدان و ماندوبونەکانیشیان لەپێناو گەل و نیشتیمانەکانیاندا بەمنەت نافرۆشنەوە بە جەماوەر و چین و توێژەکانى گەلەکانیان،ئاخر گەلۆ ئەمە جیاوازیە گەورەکەیە لەنێوان سیستەم و دەسەڵاتدارەکانى ڕۆژئاواى پێشکەوتوو و گەشەکردودا و لەگەڵ ڕۆژهەڵاتى دواکەوتووى هەژار و نەخوێندەوار و خۆسەپێندا. کە هەرگیزاو هەرگیز نابنە یەک و وەکو یەکیان لێنایەت نە لەئاکار و لە هەڵسوکەوت و نە لەبیرکردنەوە و کارکردندا.
لەئێستاشدا و بۆماوەى زیاد لە 15 ساڵى ڕابووردوو دەبێت دەوڵەتى عێراق بەهەرێمى کوردستانیشەوە تووشى ئەم پەتا قێزەونە بۆتەوە و لە لوتکەى هەڕەمى دەسەڵاتەوە گیرۆدە بوە تاکو هاوڵاتیانى سادە و تەواوى ئۆرگان و جومگەکانى حوکمڕانى گرتۆتەوە،ئەوەتا وەک لە ڕاپۆرتەکاندا دەردەکەوێت لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسەوە لەساڵى 2003وە تاکو ئێستا زیاد لە 800 ملیار دۆلار سەروەت و سامان وداهاتى عێراق بە فیڕۆچوە لەڕیگەى گەندەڵیەوە، بەشێوەیەک گەندەڵى تەشەنەى کردوە کە تەواوى کەرت و بوارەکانى گرتۆتەوە وبەتایبەتیش کەرتى وزە(نەوت و غازى سروشتى)، هەر لەهەفتەى ڕابووردوودا لەلایەن پەڕلەمانى عێراقەوە لیژنەیەک پێکهاتوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیشوکارەکانى 15 ساڵى ڕابووردووى کۆمپانیای سۆمۆ ( تایبەت بە فرۆشتن و بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق) کە گومانێکى زۆر هەیە دەربارەى تێوەگلانى لەگەندەڵى و بەهەدەردانى بڕیکى زۆرى سەروەت و سامان و داهاتى عێراق بە قازانجى حیزب و سەرکردە سیاسیەکان. ئاشکراشە گەندەڵکاران هەموانیان لەدەستڕۆیشتوەکانى ناو حیزب و بنەماڵەکانن یان لەلایەن حیزب و سەرکردەکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و تائێستاش یاسا و ئەو ئۆرگانانەى کە تەنها بەناو دامەزراون وەک دەستەى دەستپاکى و لیژنەى ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى لەعێراق و کوردستاندا نەیانتوانیوە بچوکترین هەنگاو هەڵنێن و ئەو ژمارە زۆر و بەرچاو و ناسراوانەى گەندەڵکاران ڕووبەڕووى لێپرسینەوە بکەنەوە،گەرچى لێرە ولەوێ دەبیستین کە فڵانە لێپرسراو یان وەزیر و وەکیل وەزیر و ب.گشتى و… هتد. دراونەتە دادگا بەڵام ئەنجامى دادگاییکردنەکان هیچ کات ئاشکرا نەکراون.
لەئێستاشدا لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دوکتۆر عادل عبدالمهدى وە هەیە بۆ دامەزراندنى ئەنجومەنێکى تایبەت بۆ ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى لە عێراقدا،کەئەم هەنگاوە دڵخۆشکەرە، بەڵام ئایا دەتوانێت تەواوى ئامانجەکانى وەدیبهێنێت لەناوەڕاستى ئەم هەموو مافیا و دەستڕۆیشتوە گەندەڵانەدا، هەربۆیە سەرکەوتنى هەر حکومەتێک لەعێراق و کوردستانیشدا بەندە بە ڕادەى سەرکەوتنى لە ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵی و کەمکردنەوەیدا.
ئەوەتا لەڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى (شەفافیەتى نێودەوڵەتیدا) تایبەت بە گەندەڵى لەسەر ئاستى جیهان کە 180 وڵات لەخۆدەگرێت بڵاوکراوەتەوە کە 12 وڵات لە پێشەوەى هەموو وڵاتانى دونیادان لە گەندەڵیدا کە عێراق لە پێشەوەى هەمواندایە و لەتەنیشت عێراقیشەوە 6 دەوڵەتى ترى عەرەبى هەن وەک (یەمەن و ێۆمال و لیبیا و سوریا وسودان و باشورى سودان) ن.
لەهەرێمى کوردستانیش دیاردەى گەندەڵى و گەندەڵکاران گەر لەعێراق زیاتر نەبێت کەمتر نیە و گەندەڵى تەواوى بوارەکانى گرتۆتەوە بەتایبەتیش کەرتى وزە کە خۆى لە نەوتى خاو و غازى سروشتیدا دەبینێتەوە و زۆر لە کەرتى وزەى عێراق ناشەفافترە و کەم کەس هەیە کە بزانێت داهات و فرۆشى نەوت و غازى سروشتى کوردستان بۆ کوێ دەچێت و بەکێ دەفرۆشرێت و داهاتەکانیش دەچنە نێوباخەڵى کێوە. بۆیە هەموو ئەم تاریکاندن و ناشەفافیەتە لە حوکمڕانیدا چ لەعێراق و چ لەکوردستان بونەتە هۆى دروستکردنى دەیان نیشانەى پرسیارى گەورە لاى هاوڵاتیانى ناڕازى و کەمتەرخەمیش لەڕووبونەوەى گەندەڵیدا بەهەمان شێوە بۆتە ئەو تەلیسم و مەتەڵەى کە بۆهیچ کەسێک هەڵنایەت. بەهەمان شێوەش سەرکەوتن و متمانە وەرگرتنى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم لەلایەن جەماوەرەوە بەندە بە ڕادەى سەرکەوتنى لە کەمکردنەوە و بەگژداچوونەوەى دیاردەى گەندەڵیدا، و دەبێت هەموان باش بزانن کە گەندەڵى تەنها بەدروشم و لە ڕاگەیاندنەوە بنبڕناکرێت بەڵکو بە سەروەربوونى یاسا و جێبەجێکردنى یاسا وەکو خۆى و بەسەر هەمواندا بەیەکسانى و بەو پەڕى توندى و بێ بەزەییانەوە دەبێت و نابێت چاوپۆشى بکرێت و کەمتەرخەمى و خوێنساردى بنوێنرێت.گەر بە نیەتێکى ڕاستەقینەى ڕاستگۆیانە و بە باوەڕێکى پتەوەوە پێش بە گەندەڵى نەگیرێت، ئەوا بەدوور نازانرێت کە گەندەڵى وەک پەتایەک سەرى سەران و دەستڕۆیشتوانى عێراق و کوردستانیش بخوات و وەکو زۆرێک لەدیکتاتۆر و ڕژێمە شمولى و سەربازى و نادیموکراسیەکان بەرەو زبڵدانى مێژوو توڕهەڵبدرێن، گەر هەرچى زووتر هەیە بکەونە خۆ و بە نیەتێکى ڕاستگۆیانە و بەبەرنامەیەکى تۆکمە و بە بەکارهێنانى یاساى توند و بەهێزەوە ڕووبەڕووى ئەو دیاردەیە نەبنەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی