شێرزاد شێخانى: گۆڕان به ئۆپۆسزيۆنیهكهيهوه جوانه.
دواى هه‌ژده ساڵ لهئەزمونى حوكمڕانى جووت حيزبى هاوپه‌يمانى ( پارتى و يه‌كێتى) و، به‌هۆى جياوازى بيروبۆچون و ئه‌داى سياسى ئهمدو حزبه، پرۆسه‌ى سياسى بەتايبەتيش ئيداره‌دانى هه‌رێم شكستی هێنا. هه‌ر له‌سه‌رەتاوە ئه‌زمونه‌كه به فيفتى فيفتى ده‌ستى پێكردو، به‌شه‌ڕى ناوخۆوە گوزه‌رى كرد‌و، دواتريش به راگه‌ياندنى رێكه‌وتنى ستراتيژى كۆتايیهات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا نیشانەى شکستى ئەزمونەکە بو. هه‌ردو حزب فەشەلیان هێنا لەيهكخستنى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت، به‌تايبه‌تيش هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و ئاسایشى ناوخۆ، نەیانتوانى ئەم هێزانە بكه‌نه هێزێكى نيشتمانى پارێزه‌رى نیشتمان. سه‌رهه‌ڵدانى گهندهڵیو ده‌ركه‌وتنى روحييهتى حزبايه‌تى تهسكو پشتگوێخستنى به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانى ميللهتيش، ئه‌زمونه‌كه‌ى زياتر به‌رەو هه‌ڵدێر برد.
لێره‌دا وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوويى، پرۆسەى سیاسى پێويستى بە هێزێكى ئهلتهرناتيفى تازه بوو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى روحييهتى شۆڕشگێڕى و كوردايه‌تى بۆ ناو کایەى سیاسى، ئه‌وه بو له‌سه‌رده‌مى بێئوميدى میللەتدا، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هاته مه‌يدانه‌كه به‌سه‌ركردايه‌تى كاك نه‌وشيروان مسته‌فا كه يهكيك بو لهپاكترين كاريزما سياسیهكانى كوردستان. له‌يه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنیشدا بزوتنەوەکە توانى جه‌ماوه‌رێكى زۆر له‌ده‌ورى خۆی كۆ بکاته‌وه‌و، لهيهكەم تاقيكردنهوهدا چاره‌كى كورسيه‌كانى په‌رله‌مان به‌ده‌ستهێنا. له‌گه‌ڵ چونى بزوتنه‌وه‌كه‌ش بۆ ناو هۆڵى پهرلهمانو بونى بەهێزێکى ئۆپۆسزیۆنى کاریگەر، توانى گۆڕانكارييه‌كى گه‌وره‌و مێژوويى لهكايهى سياسى کوردستاندا بێنێته‌دى، هه‌ر به‌و ئهدايهشەوه توانى بۆ خولى داهاتوش هه‌مان ژماره‌ى كورسيه‌كانى خۆى مسۆگه‌ر بكاته‌وه. به‌ڵام. له‌گه‌ڵ هەڵکشانى سياسەتە ديكتاتۆرییەکانى پارتى ديموكراتى كوردستان كه خۆى له‌داخستنى ده‌رگاى په‌رله‌مان وشار به‌ده‌ركردنى سه‌رۆكه‌كه‌ى و ده‌ركردنى چوار وه‌زيره‌كه‌ى گۆڕان نواند، دواتريش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌يرانى دارايى، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه گۆڕان يه‌كێك بو لهزهرهرمهندترين لايه‌نى سياسى له‌م رەفتارە ديكتاتۆریانهى پارتى ودوور خستنەوەیان لەپرۆسەى سیاسی‌دا، به‌ڵام سەرکردایەتى گۆڕان هيچ كاردانهوهيهكى بەهێزى نه‌بو به‌رامبه‌ر ئه‌و ئيجرائاتە تاكڕهوييانهى پارتى، ته‌نها ئه‌وه‌ى پێكرا، ژوورێک لە نوسینگەى پەرلەمان لەسلێمانى چۆل بکات بۆ دەوامى رۆژانەى سەرۆکى پەرلەمان و، گێڕانەوەى وەزیرە دەرکراوەکانیش بۆ مەکۆى سەرەکى حزبەکەیان!.
به‌پێى ئاماره‌كانى هەردوو هەڵبژاردنه‌كانى دواى دامەزراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆران، نزيكه‌ى سه‌د هه‌زار ده‌نگده‌ریان له‌هه‌ولێر هه‌بوە، ئه‌و ژماره‌يه‌ش هه‌ڵسوڕاو ئه‌ندام ولايهنگرانى بزوتنه‌وه‌كه پێکدەهێنن، بچووكترين هه‌ڵوێست كه ده‌بوایە سه‌ركردايه‌تى گۆڕان بیگرێتەبەر له‌به‌رامبه‌ر داخستنى په‌رله‌مان ودهركردنى سه‌رۆكه‌كه‌ى و وهزيرهكانيش، ئه‌وه بو كه گۆڕان لانيكه‌م بيست هه‌زار له ئهندامو لایەنگرانى خۆى بڕژاندايه سەر شەقام و، لەبەر دەرکى پەرلەمان خۆپيشاندانێكى گەورەى سازبكردايه بەبەرچاوى هه‌موو دونياوە ئیدانەى ئەم کارەى بکردایە. به‌ڵام ئه‌وه‌يان نهكردو بێده‌نگبون. له‌برى شه‌ڕى گه‌وره‌ى گۆڕان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ، كه‌وته شه‌ڕێكى سەخت له‌گه‌ڵ يه‌كێتى له‌سه‌ر پۆستى پارێزگارى سلێمانى و چۆنيه‌تى ده‌ركردنى ئەم پۆستە لەدەست يه‌كێتى!. لهقهيرانى دارايیشدا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران هاتنه سهرشهقامو چه‌ند مانگێك خۆپيشاندانى ناڕه‌زايه‌تيان ئه‌نجامدا، به‌ڵام له‌وه‌شدا گۆڕان بێهه‌ڵوێست بو. ئه‌م بێده‌نگى و ترسنۆكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وايكرد له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و نوێنه‌رانى عيراقدا گه‌وره‌ترين سزا بدرێت له‌لايه‌ن جهماوهرهكهيهوه به‌شێوه‌يه‌ك نيوه‌ى كورسييه‌كانى لەدەستچوو. ئه‌و حزبه‌ى ساڵانێك سه‌ركردايه‌تى به‌ره‌ى ئۆپۆسزيۆنى كرد، نه‌يتوانى ته‌نانه‌ت به‌قه‌ده‌ر كۆمه‌ڵى ئيسلاميش خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێ کە ئەو تاكه حزب بو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى رێزیان لێگرت وسزایان نه‌دا.
تێناگه‌م بۆچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کە بەحیساب بەفۆرمێکى تازەو مۆدێرنانەوە هاتە مەیدان، بەڵام وه‌ك هه‌ر حزبێکى تهقليدى ئه‌م هه‌رێمه مامەڵە لەگەل رووداوەکاندا ئەکاتو، بهعەقڵێكى كراوه‌تر واقيعە تاڵەکەى ئه‌مرۆ هه‌ڵناسه‌نگێنێ؟ وه‌ك هه‌ر حزبێكى كلاسيكى له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى حيزبايه‌تى و هه‌ندێ پۆست و پايهى بێبايهخ له‌ده‌سه‌ڵات، هه‌مو مهباديئهكانى خۆى ئه‌خاته ژێر پێى هەندێک لەهەڵسوڕاوەکانیەوە، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایە كه زۆرجار ئهبيستين ئەڵێن گۆڕان حزبي دهنگدەره، به‌ڵام سه‌ربارى ئەو سزا قوڕسهى جهماوهرهكهشى كه‌چى ئێستا بەبێ دوو دڵیش ده‌ست ئه‌خاته ناو ده‌ستى حزبێكه‌وه كه سه‌رۆكى پهرلەمانهكهى دهركردو وهزيرهكانیشى شاربه‌ده‌ر كرد !. نازانم سەرکردایەتى گۆڕان چ زهمانهتێکيان وه‌رگرتوه كه‌وا جارێكتر هەمان چاره‌نوسى پێشووتریان دوباره نه‌بێته‌وه، بهتايبهتش کە پارتى وەک حزبێکى دیکتاتۆر هيچ کات حيساب بۆ ديموكراسييه‌ت وئەخلاقى سياسیش ناكات.
زۆر لهمێژەوە وتراوه ئه‌وه‌ى لهپارتى نزيكبێتهوه به ئاگرهكهیەوە ئه‌سوتێ، ئه‌و نزيكبونهوهى ئێستاى گۆڕانيش خۆكوشتنى سیاسى و سوتاندنى خودە، ئه‌گينا با ئه‌و پرسیاره بكه‌ين، ئه‌گه‌ر گۆڕان پۆستى نه‌ك جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و بگره سه‌رۆكى هه‌رێميش وه‌ربگرێ، نه‌ك چوار وه‌زاره‌ت و وهزارتێكى سياديش وه‌ربگرێ، چى لهوهزعهكهى ئه‌گۆڕێ؟ خۆ پێشتريش پۆستى سه‌رۆكى پهرلهمانو چوار وه‌زير و وه‌زيرێكى سياديشى هه‌بو ، به‌ڵام چي پێكرا بۆ به‌رگرتن لەسیاسەتە دوژمنکارییەکانى پارتییەوە؟.
گۆڕان له‌سه‌رەتاى دروستبونيهوه كلتوورێكى جوانى ئۆپۆسزيۆن بونى هێنايه ناو كايه‌ى سياسییەوە، ته‌نانه‌ت فييكه لێدانهكهشيان له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان دیمەنێكى جوان و ده‌ربڕى ناڕه‌زايه‌تى جه‌ماوه‌ر بو، ئێستا هه‌م ئه‌بێ له‌ناو پەرله‌ماندا موجامه‌له‌ى پارتى بكات، هه‌م لە حكومه‌تیشدا ببێته جانتاهەڵگرى سهرۆكهکەى، ئه‌گينا به‌چ عه‌قڵێك سیاسه‌تمه‌دارانى گۆڕان تهسهوڕى ئه‌وه ئه‌که‌ن، پارتى به 45 كورسى و هه‌ردوو پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و پۆستى سه‌رۆكى حكومهتو سه‌رۆكى هه‌رێميش بچێتە ژێربارى پرۆژەکانى چاکسازى و، رێگا بە گۆڕان و حزبه‌كانى تریش بدات بێنه مهيدان و ئه‌م وه‌زعه كاولكارييهى هه‌رێم چاك بكه‌نەوه؟.
با چاوه‌ڕوان بين بزانين ئایا گۆڕان ئەتوانێ ئه‌م وه‌زعه نالەبارەى پرۆسەى سیاسى لەکوردستاندا بە رێکەوتنێکى لەگەل پارتیدا بگۆڕێ، يان لهموحەسەڵەدا چارەنوسى ئەویش وەک هەر حزبێکى تەقلیدى خولانەوە ئەبێت لەناو بازنەى تەسکى پارتیدا!. با چاوەڕێ بین.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts