بەیان ئیبراھیم: ئایا ئەرکی شیعر بریتییە لە چێژ بەخشێن بە خەڵک لە رێگەی ئەو مەعریفەیەی کە پێش کەشی دەکات؟
شیعر خاوەنی ناوەڕۆکێکی مەعریفییە. شیعر داوای کرانەوەی چاوی خوێنەر دەکات، بەو شتانەی لەبەرچاویدا روون نین و نایانزانێت، بەو شتانەی دانایی بەسەریاندا ناشکێت.
مەعریفەی شیعر وێنەی رۆچونی جیھانە بە ھۆشیاری شاعیرداو دەرکەوتنەوەیەتی لە شیعردا، ئەو ھۆشیاریەی جیھان تیایدا رەنگدەداتەوە، ھۆشیاری مرۆڤە بە ژیان، کەواتە بەڵگە نەویستە شیعرپەیوەستە بەژیانەوە، پەیوەستە بەھزرەوە، کە دڵ کرۆکی شیعرەو بەبێ شیعر نابێت، کە ھەست کردن بە ژیان بنەمای ھزرە، جالەبەر ئەوەی ھەستکردن بابەتی شیعریشە بۆیە ئەگەر بمانەوێ لە ھزردا بۆ شیعر بگەرێین، ئەوەی لەشیعردا دەیبینن ھزر نیە بەڵکوژیانە. ھەست کردن بە ژیان بیرۆکەی سەرەکی شیعرە، سەرەتاو کۆتاییەکەیی و قاڵبەکەیی و کێش و سەرواکەیەتی، جا وەکو چۆن پشکی مرڤەکان لە ژیاندا جیاوازە، بە ھەمان شێوە پشکی شیعرەکانیش لەم بیرۆکەیەدا جیاوازە، چونکە شیعر دەمارگیری ناھێڵێت و بانگەوازی دادپەروەری و خۆشەویستییە داوای بە مرۆڤ کردنی گەردوون دەکات. بینای شیعر لە بنەمادا لەوشە پێک ھاتووە، شاعیر گرنگی بە رۆڵی وشە دەدات لە شیعردا، شاعیر چەند سەرکەوتوو بێت لە بەکارھێنانی وشەدا، ئەوەندەش سەرکەوتوودەبێت لە بەدیھێنانی سەرکەوتنی گەورە لە بینای بەرھەمە شیعرییەکەیدا.
دەلالەتی وشە لە شیعردا تایبەتە نەک گشتی لە رووی رەمزەوە، شاعیر دۆزەرەوەی گەردوونە، کۆکەرەوەی کیشوەرەکانە، باڵیۆزی نیشتمانە، بۆیە ئەوەی بە ھەستەکانی وەری دەگرێ لە بنیات نانی شیعرداجۆرێک کاریگەر بوون ھەیە، ئەمەش شیعر دەخاتە ئەو سیاقە رۆشنبیری و مەعریفیەوە کە بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خۆێنەردا ببەستێ، لە بەر ئەوەی شیعر بەرھەمی خەیاڵی داھێنەرەبۆ دەربرینی خەیاڵ، وەپێداویستیەکانی ئەوەیە زمانی شیعر لە کۆتەکانی رابردوو ئازاد بکرێت، چوونە پشت بینراوەکان، ھەستکردنیکی قوڵ بە ژیان، راستگۆیی لە دەربڕیندا و دەڵەمەندکردنی دەق بە رەمزو ئەفسانەکان، مەسەلەی زمان ئەویش دوو ئەرکی ھەیە یەکێکیان سودبەخشیە و ئەوی تریش ئیستاتیکایە، دەتوانین بڵێین ھایدگەرلە چوارچێوەیەکی ئەنتۆلۆژییەوە قسە لەسەر شیعر دەکات، یاخود دەتوانین بڵێین ئەو قسەلە (ئۆنتۆلۆژیای شیعر دەکات)بێگومان کاتێک ھایدگەرلە زۆربەی کارەکانی لە بارەی شیعرەوە دەدوێ فێرمان دەکات قاچمان بە زەوییەوە بێت لەسەر زەوی نییشتە جێ بین ئەوەش بەو مانایە دێت مرۆڤ فێر ببێت چۆن لە زەوی نزیک بێتەوە، چۆن لە سروشت یان وشە نزیک بێتەوە، واتا چۆن لە حەقیقەتی شتەکان و ھەبووەکان و پاشان لە خودی بوون کە لەو ھەبووانە دەردەکەوێت نزیک دەبێتەوە، بوونی ئەو ھەبووانەش لە میانی وشەی شیعرییەوە بەجێدەھێنرێت، ھەر وەکو مەریوانی وریا قانع دەڵێ: لە دۆخی منا شیعر ئامرازی ئەو ماڵە میتافۆرەیە کە لە دۆخی بێماڵییەکی رەھاوە لە ناو دنیادا دروست دەبێت.