شێرزاد شێخانى: يوتوپياكهى گۆڕان.
رێكه‌وتنه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى كه له‌م رۆژانه‌ى دواييدا ئيمزاكرا، ئاماژه‌يه‌كه بۆ تهسليمبونى ئيراده‌ى سه‌رانى ئه‌م بزوتنهوەيه به پارتى. لهناوهڕۆكو رووكهشيشدا وه‌همێكه بۆ په‌راوێزخستنى يه‌كێتى و جێگرتنه‌وه‌ى له‌ناو كايه‌ى حوكمڕانى هه‌رێمدا. چونكه وه‌كو پێشتريش ره‌وانشاد كاك نه‌وشيروان ئاماژه‌ى پێدابو، عيبره‌ت له‌هه‌ر رێكه‌وتنێك جێبهجێكردنيهتى. له‌م روانگه‌يه‌وه ئهتوانين ئه‌م پرسياره ئاراسته‌ى سه‌رانى گۆڕان بكه‌ين و بپرسين: ئايا ئێوه به‌هه‌مو عهقڵتانهوه چاوه‌ڕێى ئه‌وه ئه‌كه‌ن پارتى هاوپه‌يمانه تازه‌كه‌تان ملبداته خاڵه‌كانى ئه‌م رێكه‌وتنه‌و له‌به‌ر خاترى چاوى ره‌شتان هه‌مو برگه‌كانى وه‌كو ئێوه ويستوتانه جێبه‌جێيان بكات‌و، يوتوپيايهك دروستبكات به‌گوێره‌ى دڵى ئێوه بێت، ئه‌وه‌ى به هه‌شت ساڵى ئۆپۆسزيۆن بونتان نه‌تانتوانى به‌ده‌ستى بێنن، به رێكه‌وتنێكى سه‌رپێى به‌ده‌ستى دێنن؟!. ئه‌مه نه‌ك له‌خه‌ونى شاعيران بگره له‌خه‌ونى چۆله‌كه‌ش دوورتره. زۆر درێژه‌ى پێناده‌م با به‌شێك له‌برگه‌و خاڵه‌كانى ناو رێكه‌وتنه‌كه شيبكهمهوهو، بزانين تا چه‌ند پارتى ئاماده‌يه جێبه‌جێيان بكات‌و دڵى براده‌رانى گۆڕ‌انى پێ رازى بكات.
يه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستى عيراق:
1- به‌پێى رێكه‌وتنه‌كه حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به دانانى سه‌قفى زه‌مه‌نى بۆ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 و ياساى نه‌وتوغاز و ئه‌نجومه‌نى ئيتحيادى و دادگاى فيدرالى. ئه‌م برگانه له‌ده‌ستورى عيراقدا له‌ساڵى 2005 ه‌وه جێگيركراون، به‌ڵام پارتى وه‌كو حاكمى يه‌كه‌مى كوردستان به‌درێژايى 14 ساڵى رابردوو خۆى نه‌كردوه به خاوهنيان، خێره ئێستا له‌سه‌ر داواى گۆڕان شانى ئه‌داته به‌ر ئه‌م مهسئوليهته كه له‌ئه‌ساسدا ئه‌م خاڵانه به‌گشتى كارى حكومه‌تى فيدراڵييه نه‌وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم!.
2- ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك. به‌چ مه‌نتقێك پارتى دۆخى كه‌ركوك ئاسايى ده‌كاته‌وه له‌كاتێكدا ئێستا هه‌ر خۆى كه‌ركوكى كردۆته كێشه‌و رازى نيه پارێزگاريكى كورديشى بۆ دابنرێ!.
3- دامه‌زراندى ده‌سته‌يه‌كى په‌رله‌مانى بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا. وه‌ڵاممان بۆ ئه‌م بڕگه‌يه چونى مه‌سعود بارزانى و نێچيرڤان بارزانى و وه‌فده حيزبييهكانى پارتييه بۆ به‌غداو دانوستانيان له‌گه‌ل ناوه‌ند له‌سه‌ر پۆسته سياديهكانو وه‌زاره‌ته‌كانى پشكى كورد.
4- حكومه‌تى هه‌رێم پێداگيرى بكات بۆ چه‌سپاندنى پره‌نسيپى هاوبهشيو هاوسه‌نگى له‌سه‌ر ئاستى عيراقدا. وه‌ڵاميش بۆ ئه‌مه، هه‌ڵوێستى پارتييه له‌سه‌ر دانانى وه‌زيرى داد له‌پشكى يه‌كێتى.
دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان
1- حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت بهدامهزراوهيى و نيشتمانيكردنى داموده‌زگاكانى هه‌رێم. به‌مه‌ش ئه‌بێ پارتى ده‌ستبه‌ردارى هێزه‌كانى 80و زێره‌ڤانى و ليوا تايبه‌ته‌كان و ده‌زگاى پاراستنهكهى بێت، ئايا پارتى ئاماده‌يه ئه‌م هێزانه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه له‌پێناو به‌دامه‌زراوه‌كردنى داموده‌زگاكانى حكومه‌ت؟.
2- حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌نده به لابردنى پاشه‌كه‌وتى موچه‌و گێڕانه‌وه‌ى بۆ فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مه‌ش به‌ندكراوه به باشبونى دۆخى دارايى كه به‌قسه‌ى خودى په‌رله‌مانتارانى گۆڕان تا په‌نجا ساڵيتر حكومه‌ت ناتوانێ قه‌رزه كهڵهگهبووهكانى سه‌رى بداته‌وه بهكۆمپانيا بيانهكان!.
3- حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌نده به په‌يڕه‌وكردنى پرنسيپه‌كانى حوكمڕانى چاكوشهفافيهتو لێپرسينه‌وه. ئه‌مه‌ش زياتر له‌نوكته ئه‌چێ، چونكه به‌م حيسابهوه بێت، ئه‌بێ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و سه‌رجه‌م مه‌سئوله‌كانى پارتى تا ئاستى رێكخراوه حزبيهكانيش بدرێنه دادگا بۆ لێپرسينه‌وه له‌سه‌روه‌ت و سامانهكانيان!.
4- حكومه‌تى هه‌رێم پێداچونه‌وه ده‌كات به‌ليستى موچه‌خۆران و پاككردنه‌وه‌ى له‌موچه‌ى بنديوار. كه‌واته پارتى ئه‌بێ ده‌ستبه‌ردارى سه‌دان هه‌زار ده‌نگده‌ره ساختهچييهكانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى بێت كه به‌موچه رايانيگرتوه! .
5- حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌نده به دامه‌زراوه‌كردنى په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه. كه‌واته ده‌ستبه‌رداربونى پارتى لهپهيوهندييه گوماناوييهكانى له‌گه‌ڵ ئيسرائيل و توركياو نێوه‌نده ئه‌وروپى و ئهمريكيهكانهوه! .
6- په‌يڕه‌وكردنى لامه‌ركه‌زييه‌ت له‌پارێزگاكاندا. ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌يه پارتى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بچوكانهشى بێت لهزۆنهكانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى! .
7- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئازادييهكان و ده‌ستخستنى زانياريه‌كان. ئه‌مه‌ش واتاى كۆتاييهێنانه به ديكتاتۆريهت و ئيرهابى ده‌زگاى پاراستن و ئاسايشى پارتى! .
8- رێگرتن لهقۆڕخكارى وپهيڕهوكردنى ده‌رفه‌تى يه‌كسان بۆ هاوڵاتيان. كه‌واته بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ئه‌بێ ده‌ست لهكاروكاسبى ئێستايان بێنن و پرۆژه‌و مقاوهلهتهكان بگه‌رێننه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى عهشييرهت و حزب و لايه‌نگرانيان! .
9- حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به پاراستنى يه‌كپارچه‌يى هه‌رێم. وه‌ڵامى ئه‌مه‌ش دانيشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان و ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر سهرۆكايهتيهكان كه ئه‌مه‌ش هانده‌رێكه بۆ دروستبونى دوو ئيدارهيى.
سێيه‌م: په‌رله‌مانى كوردستان
A- سازان له‌سه‌ر ئه‌و ياسانهى كه ره‌هه‌ندى نيشتمانيان هه‌يه. پارتى به45 كورسييه‌وه حيساب بۆ هيچ لايه‌نێك ناكات به‌تايبه‌تيش له مه‌سه‌له‌ى ده‌ستوورو ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم.
B- كاراكردنى رۆڵى چاودێرى په‌رله‌مان. ئه‌مه‌ش له‌وه ده‌ركه‌وت كه له‌سه‌ره‌تاى خولى پێشووه‌و تا ئه‌مڕۆش پارتى نه‌يهێشت په‌رله‌مان ئاگادار بێت لهدۆسيهى نه‌وت و سامانه گشتيه‌كان.
سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم
كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه تا نوسينه‌وه‌ى ده‌ستور. واته نوسينه‌وه‌ى ده‌ستورێك به‌گوێره‌ى دڵى پارتى بێت.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران
1- به‌رنامه‌ى وه‌زارى ده‌بێ پرۆژه‌ى چاكسازى هه‌مه لايه‌نه له‌خۆ بگرێ. ئه‌مه ئه‌گه‌ر واشبێت ته‌نها ئه‌بێته مه‌ره‌كه‌بى سه‌ر كاغه‌ز و جێبه‌جێكردنى مه‌حاڵه.
ئه‌مه پوخته‌ى ئه‌و بڕگه‌و خاڵانه‌يه كه لهرێكهوتنهكهى پارتى و گۆڕاندا چه‌سپێندراوه، به‌ڵام به‌لاى منه‌وه رێكه‌وتنه‌كه له‌ئه‌ساسدا دوو ئامانجى جياوازيان هه‌يه. به‌لاى گۆڕانه‌وه ته‌نها بۆ خۆڵكردنه چاوى ده‌نگده‌ران و هه‌ڵسوڕاوان و ميللهتهكهيانهو، پاساوێكيشه بۆ ده‌ستخستنى هه‌ندێ پۆست و پايه بۆ سهركردهكانيانو، ده‌سكه‌وتى بڕێك پاره‌ى حكومه‌تيش بۆ چاره‌سه‌ركردنى وه‌زعى وێرانى داراييهكهيان.
به‌ڵام له‌لاى پارتييه‌وه مه‌سه‌له‌كه هه‌موى عيبارهته له‌وه‌ى ده‌يانه‌وێ كارێك بكه‌ن به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م مه‌سرور بارزانى لا بده‌ن كه يه‌كه‌مجاره ئه‌بێته سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌هه‌ر نرخێك بێت به‌شێوه‌يه‌كى كاتيش بێت لايه‌نه‌كان رازى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مينه خۆشكه‌ن بۆ ده‌ستگرتنى مه‌سرور به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه، دواتر حاڵوحيسابى خۆيان له‌گه‌ڵ ئه‌و لايه‌نانه بكه‌ن، كه به‌دوورى نازانم جارێكيتر وهزيرو گزيرو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى گۆڕانيش بنێرنه‌وه ئه‌و ديوى ديگهڵهوه، چونكه ئه‌مه سروشتى هه‌مو حزبێكى ديكتاتۆره كه هێز نيه بتوانێ بيگۆڕێ، چ جاى حزبێك كه نه‌يتوانى پشتگييرى له خۆپيشاندانى مامۆستا ناڕازيهكانى خۆيشى بكات.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts