سامانی وەستا بەکر: داهاتووی گەلێک بۆ پەنجەکەڵێک.
ڕەخنە بۆ باشترکردن و هاندان و پێشخستنە هەر ڕەخنەش بۆ وێران کردن و سارکردنەوەو چەقبەستنە.
هێرش کردن ڕەوایە بۆ خۆپارێزی و بەرگری کردن و تەسلیم نەبوون و ئازادیی و بەش پارێزییە، هەر هێرشیش بۆ داگیرکاری و داپڵۆسین و تەسلیم بوون و دەستەمۆکردن و بەش خورادنە.
پیاهەڵدان ودەستخۆشی و چەپڵە بۆ هاندان و سوپاسگوزاری و ڕەوایدان و پشتگیری و گیراکرن و دووبارەکردنەوەی کاری باشە، هەر پیاهەڵدان و دەستخۆشـی و چەپڵەش بۆ خۆنزیک کردنەوەو خۆهەڵواسین و ماستاوکردن و ڕەوایدان بە خراپەکاری و پاڵپشتـی کاری نەشیاو گومڕاکردن و دروست کردنـی دیکتاتۆرە.
هاوڕای و هەماهەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـی بە هۆشیاری و لێکۆڵینەوەو پەلەنەکردن بۆ دەستکەوت و سەرکەوتن و پێکانـی ئامانجە، هەر هاوڕای و هەماهەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـیش بەبێ لێکۆڵینەو بەنەزانـی و بەپەلکردن هۆکارە بۆ کەوتن و دەستبەتاڵـی و لە ئامانج دوورکەوتنەوە.
ھەرکاتێ نێوانی حیزبەکان سارد و ئاڵۆز و ھێرشی ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی یەکتر ئەکەن خەڵکی بێزراو توڕەدەرەکەون و تووشی دڵەڕاوکێی ئەبن و باس لە خراپی ئەگەری شەڕی ناوخۆ ئەکەن و ڕاستەخۆ فەیس بووک ئەبێت بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەو ئیتر لەوەودوا خەڵکی خۆیان یان باشتر بڵێین ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەبنە زمان حاڵ و تا ئەو ئاستەی بۆیان بکرێ فوو لە گڕی ئاگرێک ئەکەن کە خودی حیزبەکان بەنیازنین دایگیرسێنن!
خۆ ئەگەر مەزاجی ئەکاونتەکانی فەیس بووک پێوەربووایە بەو ئاڕاستەیە ھەڵسوکەوت بکرایە ئەوە لەدوای کۆتای ھاتنی شەڕی ناوخۆی ساڵی 1991وە چەندین شەڕی ناوخۆیی تر ھەڵئەگیرسا.
ھەرکاتێکیش ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانی نێوان دوو حیزب یان زیاتر ڕائەگەیەنرێ دیسان خەڵکی مەزاجی تێکەچێ و تووڕە و بێزاردەرەکەون و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەست بە ھێرش کردنە سەر ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە ئەکەن و ڕاستەخۆ ئەو ڕێکەوتن و ھاوپەیمانیانیە بۆ بەرژەوەندی حیزبی کەسی و دزینی سامانی گشتی ئەگێڕنەوە ئەگەرچی کاتی ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە لە ڕۆژی یەکەم و سەرەتاشیبێ و جارێ چاوی ڕووناکی نەبینیبێ!
لە دوای شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لە ساڵی 1992 یەکێک لە ھۆکارەکانی درێژەپێنەدانی ئەو شەڕە نەگلیسە خودی کۆمەڵگە بوون کە ڕەچاوی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ھاوخوێنی و ھاوبەشی ژیانیان ئەکرد و لەبری ھاندان و کەمترکردنی شەڕەکە ھەمیشە ھەوڵئەدرا ئاو بکرێ بەگرەکەیا “لەگەڵ چەند نمونەیەکی پێچەوانەی کەمیش” کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ یەکتر ئەکرد و تێکەڵی و سەردان و کۆبوونەوەی شوێنە گشتیەکان زیاتر لەیەکی نزیک ئەکردنەوە.
بەڵام بەراورد بە ئێستای سەردەمی فەیس بووک ئەبینرێ ھەمیشە کۆمەڵگە لە “جەنگی سارد”ا ئەژی و لەگەڵ ھەر گۆڕانکاریەکیشا کۆتای بە جەنگی ساردی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نایەت و بگرە سوود لە ھەر گۆڕانکاریەک وەرەگیرێ تا بازاڕی خۆ ناساندن و کۆکردنەوەی (پەنجەکەڵ- لایک) گەرمتر بکرێ و ئەوەی سەیریشە ئەوەیە ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان حیزب و حکومەت و دەسەڵات بە ھەلپەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندی کەسی تۆمەتبارەکەن لەکاتێکا ھەر خودی ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ساڵانێکە بۆ بەرژەوەندی کەسی و خۆبە ئەفسانەکردن و خۆناساندن و کۆکردنەوەی “پەنجەکەڵ- لایک” ساڵانێکی زۆرە شەڕێکی سارد بەڕێوەئەبەن.
گرنگە کۆمەڵگە بە گشتی و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتـی بوارێک بۆ پێکەوە ژیان و ھەماھەنگی بھێڵنەوە و لەبری ھێرشی ڕاستەوخۆ بۆ ھەر گۆڕانکاریەک بە ڕێکەوتنی سیاسی حیزبەکان و دروستکردنی حوکمەتیشەوە و دانەبەخۆدابگرن تا هەنگاوە کردەییەکان شوێن پێـیان دەرەکەوێت.
ئەگەر شەڕ یان ئاشتـی و هەڵچون و ئاژاوە یان هێمنـی ودانەبەخۆداگرتـن دوو پرسیاربن ئاڕاستە بکرێن گومانـی تیانیە مرۆڤە بیـر پێگەشتوو جێگیـرو ڕەفتار هاوسەنگەکان هەمیشە یەکەم هەڵەبژێرن و ئەوانەی دووەمیش هەڵەبژێرن کە هەمیشە کەمینەیەکـی هەلپەرست و شەڕەنگێزن کەسانێکـی تێکشکاو دەروون نەخۆش و خۆپەرستن.
ئەگەرچـی ئەکاونتە نادیارو بێ خاوەن و گومان لێکراوەکانـی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە سەر بەبەرەی دووەمن و کەمینەن بەڵام مەزاجـی زۆرینەی بەرەی یەکەمیان ماندوو توڕەو بێتاقەت و تا ئاستێکیش ڕەشبین کردووە و هەندێک جار بەبـێ ئاگا لەو شەڕە ساردەی ساڵانێکە بەرەی دووەمـی کەمینە بەڕێوەی ئەبەن ئیتـر بە پاڵشتـی حیزب، سەرکردەی حیزب و بازرگانـی چاوچنۆکبـێ یان تەنانەت بۆ کۆکردنەوەی “پەنجەکەڵ-لایک”یشبێت تێوەئەگلێـن و ئەبنە پاڵپشت و چەکـی دەستـی ئەوە بەرە کەمینەیەو سەرەنجام وێنەیەکـی زۆرینە لای خوێنەرو سەردانکەرانـی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە دروست ئەکەن.
ئەگەر پشتگیری کارێک کرد یان دەنگدا بە حیزبێکێکـی سیاسـی یان هاوکاری کارێکـی خێـرخوازی یان وەبەرهێنان و… هتد، گرنگە پشت بە هۆشیاری و بە لێکۆڵینەوەو بە کات ببەستـی خۆ ئەگەر ئەنجامەکەی وەک چاوڕوانـی کراو دڵخواز نەبوو ئەودەمە بڕیاردان دروست ئەبێت و ئەکرێ هاوکاری ڕاگیری و وەبەرهێنان بوەستێرێ و دەنگیش بە حیزبە سیاسیەکە نەیرێت.
بوونـی هۆشیاری بۆ تێگەشتـن و لێکدانەوەو شـڕۆڤەکردنێکـی بابەتیانە و پرسیارکردن و گەران بەدوای سەرچاوەی دیارو باوەڕپێکراو پەلە نەکردن لە بڕیاردان کلیلـی چارەسەر و کۆتایـی شەڕی ساردی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانەیە کە بۆتە دیاردەیەک کۆمەڵگە بەئارەزووی کەمینەیەکـی نادیار هەنگاوئەنـێ و هێدی هێدی بەها جوانەکانـی کۆمەڵگە تەسلیم بە کلیکێک ئەکرێن.