نەوزادى موهەندیس: ئایندەى جەزائیر لەسایەى سەرۆکێکى نەخۆشدا بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
وابڕیارە لە 18نیسانى ساڵى 2019 دا واتە تەنها دواى 48 ڕۆژى تر، هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە وڵاتى جەزائیردا ئەنجام بدرێت ،کە بۆ خۆى لە پڕۆسەى دیموکراسیدا و لە سیستەمى حوکمڕانیەکى دیموکراسیشدا کارێکى ئاساییە و هیچ گومان و دوودڵیەک هەڵناگرێت، بەڵام ئەوەى لە جەزائیردا دەگوزەرێت نائاساییە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆکى جەزائیر عبدالعزیز بۆتەفلیقە بۆ جارى پێنجەم خۆى کاندید کردۆتەوە، لەکاتێکدا کە لەساڵى 1999وە تاکو ئێستا سەرۆکە و لەم کاتەشدا دۆخى تەندروستى زۆر ناجێگر و پەرێشانە بەهۆى توشبونى بەنەخۆشى برینى گەدە و جەڵتەى مێشکەوە کە لەساڵى 2013وە توشى ئەم نەخۆشیانە هاتوە و ناتوانێت وەکو کەسێکى ئاسایى و بەتوانا ئیشوکارى وڵات ڕابپەڕێنێت، هەربۆخۆى لە ڕۆژى یەکشمەى ڕێکەوتى 21/2/2019 بەرەو وڵاتى سویسرا بەڕێکەوت بۆ پشکنینى تەندروستى. جا وڵاتێکى 42 ملیۆنى کەسى و ناسراو بە وڵاتى ملیۆن شەهید لەسەردەمى شۆڕشى ڕزگاریدا کە 7ساڵى خایاند دژى داگیرکەرانى فەڕەنسا چۆن دەکرێت لەلایەن سەرۆکێکى تاکڕەو و نەخۆشەوە بەڕێوە ببێرێت.
بۆتەفلیقە بۆخۆى لە دایک بووى ساڵى 1937 لەشارى وجدەى مەغریبە و لە بنچەى ئەمازیغیەکانە ولە ئێستادا تەمەنى 81 ساڵە و تەنها لەساڵى 1990دا ژنى هێناوە و یەک براشى هەیە و لەکۆشکى مورادیەوە حوکمى وڵات دەکات. یەکێک بوە لە شۆڕگێڕانى قۆناغى ڕزگارى نیشتیمانی و بەشدارکەرێکى کاراى سەربەخۆیى جەزائیر بوە لەساڵى 1962دا و گەلێک پۆست و پلەى وەرگرتوە لەو کاتەوە تاکو ئێستا، ئەو یەکەم وەزیرى وەرزش و لاوان بوە لەساڵى 1962-1963دا و دووەم وەزیرى دەرەوە بوە لەساڵانى 1963- 1979دا و پێنجەم وەزیرى بەرگرى بوە لە 5/5/2003 و پێنجەم سەرۆکى حیزبى(جەبهەى تەحریرى نیشتیمانی) دەسەڵاتداربوە و دەهەمین سەرۆکى جەزائیریش بوە لەدروستبونیەوە و لەدواى ڕزگارکردن و سەربەخۆیشەوە هەشتەمین سەرۆکى وڵات بوە.درێژترین ماوە لە پۆستى سەرۆکى وڵاتدا ماوەتەوەکە نزیکەى 20 ساڵى ڕێکەو گەرەکێتى بۆ ماوەى 5 ساڵى ئایندەش هەربمێنێتەوە.
لەوڵاتانى عەرەبیدا وتەیەکى بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت ( سەرۆکە عەرەبەکان یان بۆ قەبر یان بۆ زیندان دەبرێن)، بەو واتایەى کە هیچ کات دەست لەپۆست و ئیمتیازات و دەسەڵات و خۆشیەکانى پۆستەکانیان هەڵناگرن تا دەمرن یان بەکودەتاى سەربازى لەناودەبرێن و بەرەو زیندان دەنێردرێن، نمونەکانیش زۆرن هەر لە جەمال عەبدالناسر وسادات و حوسنى موبارەک و قەزافى و سەدام و و عەلى عبدالله ساڵح و دەیانیتریش.
جەزائیر وڵاتێکى گەورە و گرنگە لە ڕووى ڕووبەرى خاک و ژمارەى دانیشتوان و دەوڵەمەندى بەنەوت و غازى سروشتى و زەوى وزارى کشتوکاڵى و گەشتوگوزارى و بوونى لەسەر دەریاى ناوەڕاست و بوونى هێزێکى سوپاى بەهێز و دەیان هۆکارى ترى بەهێزبونى لەسەر ئاستى ناوچەکە و دونیاشدا، ئەوەتا جەزائیر خاوەنى ڕووبەرێکى فراوانەى 2381741 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە دەبێتە دەهەمین وڵاتى جیهان لەگەورەیدا و یەکەمیشە لەسەر ئاستى ئەفریقیا و وڵاتانى عەرەبى و دەریاى ناوەڕاست و دووەم وڵاتیشە لەسەر ئاستى وڵاتانى ئیسلامیدا، و لە 48 ولایەت و 1541 شارەوانى پێکدێت، داهاتى سەرەکى وڵات لە نەوت و غازى سروشتیەوە وەدەستدێت و بەپێى ئامارى ئۆپیک جەزائیر لە ئاستى 16 هەمین وڵاتدایە لە یەدەگى نەوت لەسەر ئاستى دونیا و دووەمە لەسەر ئاستى ئەفریقیا و نۆهەم وڵاتیشە لە بوونى یەدەگى غازى سروشتیدا، داهاتى تاکى ساڵانە بریتیە لە 7477 دۆلار و زمانى عەرەبى و ئەمازیغى زمانى ڕەسمین و سیستەمى حوکمڕانیەکەشى نیمچە سەرۆکایتیە و وڵاتێکى کۆمارى و دیموکراسى و گەلییە. ئاینى ڕەسمیشى بریتیە لە ئیسلام و لەدەستوریشدا واپێناسەى گەلى جەزائیر کراوە ( کە گەلێکى ئیسلام و عەرەب و ئەمازیغیە ) و خاکى جەزائیریش، (خاکى ئیسلامە و بەشێکى دانەبڕاوە لە مەغریبى گەورەى عەرەبى و خاکى عەرەبیە و وڵاتى دەریاى ناوەڕاست و ئەفریقیاشە) و جەزائیر لەهەر چواردەوریەوە لەگەڵ 7 وڵاتدا دراوسێیە.
بۆتەفلیقە بۆ یەکەم جار لە نیسانى ساڵى 1999دا هەڵبژێردرا بەسەرۆکى وڵات و لەو ماوەیەدا لەناوخۆدا سیاسەتێکى پیادە کرد کە گەلێک کێشەى سیاسى و یاسایى ڕوویاندا و لەهەمان ماوەدا ڕووبەڕووى ڕۆژنامەکان بوەوە و ئازادیەکانیشى قەتیسکرد. و هەروەها چەندین کێشەى دارایى و گەندەڵى ڕوویاندا لە وێنەى کێشەى بانکى خەلیفە و کارە گوماناویەکان دەربارەى پێدانى مۆڵەتى کارکردن بە کۆمپانیاکانى پەیوەندى و مۆبایل و پێدانى وەزارەت و پۆستە حکومیەکانیش بەکەسانى خزم و نزیکەکانى. لەبەرامبەریشدا هەستا بە چاکسازى لە بوارى تەندروستى و پەروەردەدا و بوارى دارایشى گرتەوە. وهەوڵى زۆریشیدا بۆ گواستنەوە بەرەو بازاڕى ئازاد و بوژاندنەوەى ئابورى وڵات.
لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوەشدا، هەستا بەدامەزراندنى یەکێتى مەغریبى عەرەبى و واژۆى شەراکەتى ڕێکەوتنى لەگەڵ یەکێتى ئەوروپادا کرد لەساڵى 2001دا و بەشداریشى لە لوتکەى سەرانى وڵاتانى 8ى جیهانیدا کرد لەساڵى 2000دا.
لەماوەى سەرۆکایەتى دووهەمیدا کە لە نیسانى 2004دا ئەنجامدرا بەڕێژەى 85% دەنگەکانى بۆخۆى مسۆگەر کرد، هەستا بە چێکردنى پڕۆسەى ئاشتەوایى نیشتیمانى و هەموارکردنەوەى یاساى خێزان و دژى گەندەڵیش هەڵمەتێکى بەرپاکرد و پڕۆسەى چاکسازیشى بەبەردەوامى هێشتەوە، هەر لەم ماوەیەدا و لە 2005دا توشى نەخۆشى برینى گەدە بوو، لەساڵى 2007یشدا هەوڵى تیرۆرکردنى درا.
لەماوەى سێیەمى سەرۆکایەتیەکەیدا کە لە نیسانى 2009 دا ئەنجامدرا بەڕێژەى 24ر90% دەنگەکانى بۆخۆى کۆکردەوە، کە ئەمجارەیان دواى هەموارکردنەوەى دەستور هەڵبژێردرایەوە چونکە دەستور تەنها بۆ دوو خول ڕێگەیدەدا بەسەرۆک، بەڵام هەروەک هەموو وڵاتانى نادیموکراسى و تاکڕەوى حیزب و سەرکردە هەوڵى مانەوە و هەڵبژاردنەوەى سەرۆک دەدەن بە هەموارکردنەوەى دەستور لەبەرژەوەندى حیزب و سەرکردەکاندا.
لەماوەى چوارهەمى سەرۆکایەتیدا کە لە نیسانى 2014دا ئەنجامدرا، ئەمجارەشیان بە ڕێژەى 53ر81% دەنگەکانى وەدەستهێنایەوە. بەم شێوەیە ماوەى 20 ساڵى تەواوە بوتەفلیقە سەرۆکە و ئێستاش بەنیازە بۆ 5 ساڵى ئایندە هەر بەسەرۆکى وڵات بمێنێتەوە.
لە جەزئیردا لەوکاتەوەى لەساڵى 1962وە سەربەخۆیى بەدەستهێناوە تاکو ئێستا دەسەڵات تەنها لاى حیزبى ( جەبهەى تەحریرى نیشتیمانى)) بوە کە لەلایەن عەسکەریەکانەوە ڕابەرایەتى دەکرێت و بۆتەفلیقەش بۆخۆى یەکێک بوە لەسەرکردە عەسکەریەکانى شۆڕش و تائێستاش بەناو وڵاتێکى دیموکراسیە و زۆر جارانیش بەتوندى دژى ڕەوتە ئیسلامیە توندڕەوەکان بەتایبەتیش ((جەبهەى ڕزگارى ئیسلامى )) بۆتەوە و لەساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردوودا توندترین ڕووبەڕووبونەوە ڕوویداوە و گەر دەستێوەردانى سوپا و کودەتاکەى نەبوایە لە 11/12/1992 لەهەڵبژاردنى ئەو ساڵانەدا ئەوا ((جەبهەى ڕزگارى ئیسلامى)) هەڵبژاردنیان بردەوە و دەسەڵاتیان دەگرتە دەست.
دواتریش لە ساڵى 2011وە کە بەهارى عەرەبى ڕوویدا و زۆربەى وڵاتانى عەرەبى گرتەوە و سەرى زۆرێک لەسەرانى ئەو وڵاتانەى خوارد و لە سەر کورسى حوکمڕانى دەریپەڕاندن لە لیبیا و تونس و میسر و سوریا و عێراق و یەمەن و ..هتد.بەڵام جەزائیر و جەزائیریەکان کەمترین جوڵە و بزاوتیان نەنواندا بەو ئاڕاستەیە و ئەمەش یەکێکە لە سەرکەوتن و دەسکەوتەکانى بوتەفلیقە و حیزبى دەسەڵاتدار.کەلە ئێستادا لەناوخۆى حیزبیشدا ڕووبەڕووى ململانێى توند بۆتەوە و ئەوەتا لە 15/11/2018دا ئەمیندارى گشتى حیزبەکە ((جمال ولد عباس))لەژێر فشاردا دەستیلەکارکێشایەوەو هەر باڵەو گەرەکێتى لەسایەى بوون و مانەوەى سەرۆکێکى نەخۆشدا گەشەبکات و بەردەوامى بدات بەهێز و دەسەڵاتى خۆى و لەم پێناوەشدا باڵى سەربازە خانەنشینکراوەکان و دەزگاى سەربازى و ژمارەیەک لە حیزب و سەرکردەکانى لایەنگرى بوتەفلیقە پشتیوانى لەمانەوەى و خۆکاندیدکردنەوەى دەکەن، لەبەرامبەریشدا حیزب و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک حیزبى ( بەرەى گەشەو دادپەروەرى/ عبدالله جاب الله وبزوتنەوەى کۆمەڵگاى ئاشتى/ عبدالرزاق مقرى و سەرۆک وەزیرانى پێشوو کە سەرکردەى حیزبى پێشڕەوانى ئازادیەکانە/ على بن فلیس )) دژى کاندیکردنەوەى بوتەفلیقەن و داواى دەستلەکارکێشانەوەى دەکەن و داوادەکەن کە ڕێگە خۆش بکات لەبەردەم نەوەیەکى نوێ بۆ گواستنەوەیەکى دیموکراسى ڕاستەقینە. بەڵام خاڵى لاوازى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەوەیە کە لەناوخۆیاندا یەک و یەکگرتوو نین و نەیانتوانیوە لە کۆبونەوەیەکى 5 کاتژمێریدا یەک کاندیدى خۆیان لەبەرامبەر بۆتەفلیقەدا بپاڵێون بۆ کێبڕکێکردن.لە ئێستاشدا جەماوەرى شار و شارۆچکەکان بەناوى ((بزوتنەوەى هاوڵاتیبوون)) وە دەستیان داوەتە خۆپیشاندانى ناڕەزایەى لە جەزائیرى پایتەخت و شارەکانى عەنابە و سەتیف و قالمە و جیجل و بجایە و تیزى وزو و بویرە و بومرداس و تەیارت و گلیزان و وەهران و وەرقلە و بەدروشمى ( نا بۆ خولى پێنجەم ) و ( بەڵێ بۆ نەمانى ڕژێم ) هوتاف دەکێشن.
ئەم خۆپیشاندانانە ئاماژەن بۆ ئەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان یان ئەوەتا ساختەکارى تیادا دەکرێت بە قازانجى دەرچوونەوەى بۆتەفلیقە یان ئەوەتا گەر بۆتەفلیقە هەڵبژێردرایەوە ئەوا ئاژاوەیەکى سیاسى توند دروست دەبێت و لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە داننانێن بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکەدا و هەمان کێشە و چارەنوسى فەنزەوێلاش لە جەزائیردا دووبارە دەبێتەوە.کە لێپرسراوێتى یەکەمیش دەکەوێتە ئەستۆى بۆتەفلیقە و حیزبى دەسەڵاتدار و لێپرسراوە گەندەڵ و قۆرخکار و پاوانخوازەکانى حیزبى جەبهەى تەحریرى نیشتیمانى.
ئەحمەد بن بلەى یەکەمین سەرۆکى جەزائیرى دواى سەربەخۆیى کە هەر لەلایەن دەزگاى سەربازى و هاوڕێکانى خۆیەوە کودەتاى بەسەردا کرا و لە سەرۆکایەتى حیزب و دەوڵەت دووریان خستەوە دەڵێت ( حوکمکردنى جەزائیر کارێکى ئاسان نیە ) بۆ هەر سەرکردەیەک، ئەى گوایە حوکمکردنى جەزائیر لەلایەن سەرۆکێکى نەخۆشى وەک بۆتەفلیقەوە ئاسان دەبێت بەو هەموو ململانێ و کێشە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیە کەڵەکەبوەوە.
بۆیە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا داهاتوو و ئایندەى وڵاتى جەزائیر بەرەو کوێ و بە چ ئاڕاستەیەک هەنگاو دەنێت لەسایەى حوکمڕانى 5 ساڵەى داهاتووى بۆتەفلیفقەوە؟
کە لە کەنارى مردندایە وهەموان لە چاوەڕوانى مردنیدان و ئەوکاتیش سەرقاپى هەموو کێشەکان هەڵدەدرێتەوە و هەموانیش دەکەونە ململانێیەکى توند لەسەر دەسەڵات و ئیدى ئایندەى جەزائیر و جەزائیریەکانیش لە سایەى حوکمڕانیى تاک حیزب و تاک سەرکردە و نادیموکراسیەت و نەبوونى ئازادیەکاندا بۆ ماوەى 57 ساڵى ڕەبەق دەکەوێتە بەر تەوژمى ڕەشەبایەکى هەڵکردووى بەهێز کە پێدەچێت داروپەردووى وڵاتى جەزائیر بەسەریەکدا بدات و بەرەو ئایندەیەکى تاریک و تونى بەرێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی