دکتۆر کەمال میراودەلی: سوریا و سیناریۆکانی،دیمەنە گەورەکە و پرۆسە ئاڵۆزەکە! بەشی یەکەم.
حکومەتی بەریتانی: سڵاو لە ئازایەتی و قوربانییەکانی سوریای دیمۆکرات دەکەین لە خەباتی سەرکەوتوویاندا دژی داعش
1- ئەمریکا.
1- گەمژەترین، ناعەقلانیترین بێئەخلاقترین بریاڕی ترامپ کشانەوە لە سوریا بوو. بە بێ پرس و ڕاوێژکردن بە هیچ کەس، بێ ئاگاداری ڕەوشەکە، بێ گوێدانە لێکەوتە و ئاکامەکانی، گەوادانە بە ئەردۆگانی وت: تەواو ، من دەکشێمەوە.. سوریا بۆ تۆ!
ئەوسا چوو ڤیدیۆ کلیپێکی سۆلۆی دەرهێنا: داعشم تێکشکاند.. لە سوریا سەرکەوتم.. منالەکان دێنەوە مال!
ئەمە لە 19 ی دیسەمبەری 2018 دا بوو.. وەک هەموو کوردێکی کورد، موچرکم بە جەستەدا هات، خوێن لە دڵما تەزی.
2- خۆشبەختانە ئەمە دوو ئەنجامی گرنگی هەبوو:
A- ئەم ئەنجامە هەردەبوو زوو یان درەنگ بێتە بەرپرسیار: ئەمریکا دەکشێتەوە، چۆن و دوایی چ روودەدا بە تایبەتی بۆ کوردی ڕۆژاوا؟ بریارەکەی ترامپ بەو شێوە ناعەقلانی و دیکتاتۆرییەی دای، مەسەلەی کوردی لە سوریا بە هۆی هاوپەیمانیی و قوربانی و خەباتی مەزنی پەیەدە بۆ بنەبڕکردنی داعش، کردە بابەتی سەرەکی پرسیارەکان و چەقی ناکۆکییەکان لە ئاستێکی جیهانیی هەرە باڵادا.
B- ئەمە تاکە تا بڕیارێک بوو کە هەموو دەزگا و لایەنە سەربازیی و ئاسایشیی و سیاسییەکانی ئەمریکا دژی وەستان: پنتاگۆن، دەزگا ئەمنییەکان، سینات، کەسانی دەسەلاتی یەکەم لە ناو حیزبی کۆماریی ترامپ. میدیای مەینستریم تەنانەت فۆکس یش کە دەزگایەکی ڕاسترەوەی ترامپپەرستە.
دژایەتی بریارەکەی ترامپ لە سەر ئەم بنەمایانە بوو:
A- هەرگیز راست نییە و داعش کۆتایی نەهاتووە و نایەت. داعش بەر لە توندو تیژیی، بیر و عەقیدە و تۆڕی تێرۆریستی جیهانییە، بە مەزەندەی دەزگای هەوالگری ئەمریکی تا ئیستا لە نێوان 10000- 20000 چەکداری داعش لە نیوان سوریا و عێراق ماون
B- پشتکردن لە هاوپەیمانانی کورد کاریكی نائەخلاقییە و دەبی ئەمریکا زامنی پاراستنیان بدات.
C- ئەمریکا نابێ واز لە هاوپەیمانی جیهانیی دژی داعش بێنێت و دەبی بەردەوام ىێت لە هاوگونجاندن لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپایی یەکاندا
D- نابێ بۆشاییەک دروست بێت روسیا و ئێران پڕی بکەنەوە.
E- نابێ هەلومەرجێ دروست بێت زیان بە ئاسایشی ئیسرائیل ىێنیت [مانەوەی ئەمریکا لە بنکەی نەتەف]
3- ئەمە بریارێک بوو کە هەموو دەولەتە ئەوروپایی و ناتۆییە سەرەکییەکان [فەرەنسا، بەریتانیا، ئەلمانیا] بە ئاشکرا و دەنگی بڵند دژی وەستان
4- هاوپەیمانی نیودەولەتی دژی داعش دژی وەستا.[وازهێنانی مکگورک و… هتد]
5- هەڵوێستی ئەمریکی تا ئێستا تەواو روون نییە. بەلام وەک پرینسیپ و پرۆسە پێنج بنەما دیاریکراون و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە جار لە دوای جار جەختی لە سەر دەکەنەوە:
1- کشانەوەی تەواو دوای لە ناوبردنی تەواوی داعش
2- پاراستنی کوردە هاوپەیمانەکان دوای کشانەوە
3- ڕیگرتن لە برەوی دەسەلاتی ئێرانی
4- کشانەوە لە سوریا تەکتیکیە و لە روانگەی ستراتیجییەوە ئەمریکا بە بەهێزیی لە رۆژهەلاتی نێوەندا دامێنێتەوە، بە تایبەتی بۆ پاراستنی ئیسرائیل و وەستان بەرامبەر دەسەلاتی ئیسلامیی ئێرانی کە بە چاوگی تێرۆریزم ناوی دەبات. بۆ ئەم مەبەستەش:
A- هەولی پێکهێنانی بەرەیەکی جیهانی دژ بە ئێران [کۆبوونەوەی 70 دەولەت لە پۆلۆنیا] و 2- هەولی بەردەوام بۆ دروستکردنی ناتۆی عەرەبی [میسر، سەعودیە، ئەمارات، بەحرەین، قەتەر، ئوردون] بەرامبەر نفووزی ئێرانی و تورکیش.
B- بەلام گرنگتر و پراکتیکیترو لە پێشتر، هەولدانی ئەمریکا بوو کە ئەو بۆشاییەی لە ئەگەری کشانەوەی لە سوریا دروست دەبێ لەلایەن هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا دژی داعش پڕ بکرێتەوە واتە بە پلەی یەکەم فەرەنسا، بەریتانیا و ئەلمانیا.
2- فەرەنسا:
فەرەنسا لە سەرەتاوە لە پێشەنگ و پرینسیپترین ولاتی ئەوروپی بوو کە خێرا دژی بریارەکەی ترامپ وەستا و جیاوازییەکانی بە دەنگی بلند بەیان کرد:
1- راست نییە داعش کۆتایی نەهاتووە و فەرەنسا لە جەنگی دژی داعش بەردەوام دەبیت
2- پاراستنی هاوپەیامانانی کورد [یەپەگە] کاریكی ئەخلاقییە و هەموو دنیا قەرزداری ئەوانە
3- ئەمریکا پێویستە سیاسەت و ستراتیجیکی روونی هەىێت.
4- دوا پێشنیاری فەرەنسا لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ئەرکانی فەرەنسی و ئەمریکی ئەوە بوو:
1- شەر دژ داعش کۆتایی نەهاتووە و دەبێ بەردەوام بێت
2- بۆ بەردەوامیی جەنگ دژی داعش و بەردەوامیی هاوپەیمانیی دژی داعش دەبێ ئەمریکا بمێنێتەوە و لە پاڵپشتیی و مەشقپێکردن و چەکدارکردنی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بەردەوام بێت
3- هیزەکانی سوریای دیمۆکرات دەبێ لە هەڕەشە و پەلاماری تورکیا بپارێزرێن و کارێکی نائەخلاقییە گەر کوردی داعش لەناوبەر ببێتە قوربانی و بۆ پەلاماری تورک بەجێبهێڵدرێ
4- بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی سوریای دیمۆکرات کە نزیکەی %28 ی خاکی سوریایە و دەولەمەندترینە بە نەوت و ئاوو کشتوکاڵ، بکرێتە ناوجەی دژەفڕ
5- گەر ئەمریکا ئەمە قبول بکات ئەوا فەرەنسا ئامادەیە لە ریگەی بنکەی سەربازیی خۆیەوە لە ئوردون ئەم ناوچە دژەفڕینە بسەپێنێت
6- بەلام گەر ئەمریکا هەموو هێزەکانی لە باکووری سوریا بکێشێتەوە ئەوا فەرەنسا ئامادە نییە لە تەواوی رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە و ئەویش دەکشێتەوە و بنکە سەربازییەکەشی لە ئوردون دادەخات. ئەمە بۆ ئەوەیە زۆرترین گوشار بخاتە سەر ترامپ.
7- ئەم هەڵوێستە توند و پرینسیپییەی فەرەنسا دەوری کاریگەری هەبوو کە کشانەوەی خێرا و دەستەبەرداربوونی ئەمریکا لە سوریا بوەستێنێت. فەرەنسا 1200 کادری سەربازیی هەیە بۆ شەری داعش لە سوریا و عێراق و لە هیرشی ئاسمانیشدا لە رێگەی بنکەکانی لە ئوردون و عێراق چالاکە و لە سەر زەمینیش بە تۆپ و سارۆخ و یارمەتی لۆجیستیکی و مەشقپێکردنی یەپەگە و پێشمەرگە و سوپای عێراق دەوریکی کاریگەر دەبینێ.
3- بەریتانیا
1- بەریتانیا باوەڕی وایە بریارەکەی ترامپ هەڵەیەکی ستراتیجییە و شەڕی دژ بە داعش تەواو نەبووە و تەواو نابێت
2- بەریتانیا دەیەوێ هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و سەرکردایەتی ئەمریکی بەردەوام بێت و کار بۆ ئەمە دەکات
3- بەریتانیاش رایگەیاندووە کە بە بێ مانەوەی ئەمریکا، ئەگەری ئەوە نییە کە هیزەکانی بەریتانی جێگەی هێزەکانی ئەمریکی لە سوریا بگرنەوە.
4- بەڵام بەریتانیا پێوەندی سەربازیی و ئابووری پتری بە تورکیاوە هەیە و وەک فەرەنسا لە دەربرینی هەڵوێستی خۆی بۆ پشتگیری کورد ڕاستەوخۆ نییە گەرجی بەشدارێکی چالاکە لە جەنگی ئاسمانی و یارمەتی لۆجیستی و مەشقپێکردن و پشتیوانی هیزەکانی سوریای دیمۆکرات.
5- لە نامەیەکمدا بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، بە تایبەتی داوای روونکردنەوەم لە سەر کورد و هەڕەشەی ئەردۆگان کرد. لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوە ئاوای وەلام داومەتەوە:
In your letter, you made reference to the situation in North East Syria. We pay tribute to the courage and sacrifices made by the Syrian Democratic Forces in the successful efforts against Daesh in Syria. Our priority is to end the conflict in Syria through a negotiated political settlement: we believe only an inclusive, non-sectarian government can unite the country and protect the rights of all Syrians. We are concerned by recent suggestions that Turkey may launch a military operation into North East Syria. We recognise Turkey’s security concern. But our shared goal as members of the counter-Daesh coalition must remain defeating Daesh. Particularly at this crucial juncture in the campaign. We have made clear our concerns to Turkey regarding the risks of a military offensive. We remain committed to securing peace in Syria and fully support the UN-led Geneva process, which remains the forum to end the conflict.[
[لە نامەکەتدا تۆ ئاماژە بە هەلومەرجی باکووری رۆژهەلاتی سوریا دەکەیت. ئێمە سڵاو لە ئازایەتی و قوربانییەکانی هیزەکانی سوریای دیمۆکرات دەکەین لە خەباتی سەرکەوتوویاندا دژی داعش لە سوریا. پێشکاریی سیاسەتی ئێمە کۆتاییهێانە بە هەرای سوریا بە چارەسەرییەکی سیاسیی لە ڕیگای گفتوگۆوە. ئێمە باوەڕمان و ایە کە تەنیا حکومەتێکی هەموو بە خۆگر و نا تایەفیی دەتوانێت ولاتەکە یەکپێبگرێت و مافی هەموو سورییەکان بپارێزێت. ئێمە نیگەرانین لەو پێشخواستانەی کە تورکیا لەوانەیە ئۆپەراسیۆنیكی سەربازیی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریادا ئەنجام بدات.. ئێمە خولیای ئاسایشی تورکیا تێدەگەین. بەلام ئامانجی هاوبەشمان لەم کاتو ساتەدا وەک ئەندامانی هاوپەیمانیی دژە-داعش دەبێ وەک تێشکاندنی داعش بمێنێتەوە.. ئێمە نیگەرانیی خۆمان بۆ تورکیا ئاشکرا کردووە دەربارەی مەترسییەکانی هێرشکردن. ئێمە پابەند دەمێنینەوە بە زامنکردنی ئاشتی لە سوریا و ئێمە بە تەواویی پشتگئری پرۆسەی جنێڤ بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتۆکان دەکەین کە وەک پلاتفۆرمی کۆتایی هێنان بە هەراکە دەمێنێتەوە]
6-کرۆکی سیاسەتی بەریتانیا لەگەڵ هی فەرەنسا یەکدەگڕێتەوە: مانەوەیان نەک تەنیا تا تێکشکاندنی تەواوی داعش، بەلکو بۆ پاراستنی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیش تاوەکو چارەسەرییەکی ئاشتیی تەواو بۆ کێشەی سوریا جێبەجێدەبێت. هێشتا بەریتانیا لەگەل ئەوەیە کە ئەم چارەسەرییە پێویستە ببێتە هۆکاری نەمانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆیە جەخت لە سەر پرۆسەی جنێف دەکەن کە پێکهێنانی حکومەتێکی گوازتنەوەی بی بەشار ئەسەد و دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا دوو بنەمای گرنگی چارەسەرییەکەن.
4- ئەڵمانیا:
1- ئەڵمانیاش هەر لە سەرەتاوە بە توندی دژی بڕیارە یەکلایەنییەکەی ترامپ بوو.
2- لە کۆنفرانسی میۆنیخ دا، مێرکل بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ترامپ گرت تا ڕادەی گاڵتەپێکردن بە تایبەتی ئەو ناکۆکییەی دەرخست کە ترامپ لە لایەکەوە ئەوا بە توندی دژایەتی ئێران دەکات، لە لایەکی ترەوە بە کشانەوەی لە سوریا هەموو مەودای ستراتیجی و سیاسیی سوریا بۆ ئێران و روسیا بەجێدێڵێت!
5- ڕوسیا:
1- ڕوسیا وەک هەموو ولاتێکی تر ئەم هەنگاوەی ترامپی لا چاوەڕێنەکراو و سەیر بوو. بەلام لە سەرەتاوە جەختیان لە سەر ئەوە کرد کە باوەڕیان پێ نییە و ئەمریکا قسە و کرداری جیان و ئەزموونی ئەمریکی ئەوەیە کە چووە شوێنێک لێی ناکشێتەوە بریارەکانی ترامپ و سیاسەتی پنتاگۆن و دەزگاکانی ئەمریکی یەکناگرنەوە..
2- ىریاری کشانەوەی ترامپ لە سوریا، فاکتەرێکی تری گرنگی بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەی پێوەندییەکانی تورکیا و روسیا زیاد کرد. تورکیا بە ڕوالەت کارتیکی تری لە قازانجی خۆی بەدەستهێنا بە تایبەتی لە رووی گوایە رازیبوونی ترامپ بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە ژیر دەسەلاتی تورکیادا.
3- ماوەی سالیک زیاترە، روسیا بە تایبەتی وەزیری دەرەوەی، خەم و خولیا ی کوردە و چەندین جار جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە ئەمریکا کورد بەکاردێنێت بۆ دابەشکردنی سوریا و دروستکردنی دەولەتۆکەیەکی ئینفیساڵی لە رۆژهەلاتی فورات.
4- لە لایەکی تریشەوە روسیا جەخت لە سەر مافە نەتەوەییەکانی کورد وەک بەشیک لە پێکهاتەکانی سوریا و بە رێکەوتن لە گەڵ رژیمی سووریی و بە بەرجەستەکردنی لە دەستووری نوێی سوریا دا دەکات. و بە کردەوە ناوبژی بۆ ئەم مەبەستە دەکات، بەلام دوای تاوانی حەفرین مەودای بەکارهینانی ستراتیجیی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی و مونافەسەی ئەمریکا لە دەست دا..
6- هەڵوێستی نوێی ئەمریکا
1- بریاری نوێی ترامپ بە مانەوەی 400 سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەلات و خوارووی سوریا دیسانەوە کارتەکانی تێکەڵکردن.
2- ئەم گێڕگۆرینە لە ژیر کاریگەریی گوشاری سیاسیی ناوخۆیی ئەمریکیی بەتایبەتی پەنتاگۆن و هی ئەوروپییەکان بە تایبەتی فەرەنسا بوو.
3- دیارە دیپلۆماسییەتی پەیەدە و بەردەوامی خەبات و قوربانی قارەمانانە و سەرکەوتووانەی یەپەگە و سوریای دیمۆکرات لە مەیدانەکانی جەنگی دژەداعشدا، ئەو ماتۆرە سەربازیی و سیاسیی و ئەخلاقییە گرنگ و هەمیشە ئامادەیە، کە کاری لە سیاسەتی ئەمریکی و ئەوروپی دەکرد و دەکات
4- هەر لە سەرەتاوە تا دوایی واتە تا بریاری ترامپ بە مانەوە لە سوریا، کاریگەری سیناتۆر لیندزی گراهام لە سەر ترامپ و پێوەندی شەخسییان و ئامۆژگاریکردن و پەمپکردنی لە نزیکەوە، دەوڕیکی کاریگەری هەبوو لە وەدا کە ترامپ لە کشانەوە پەشیمان بێتەوە.. دەبی ئەوەش لە بیر نەکرێ لە هەموو راگەیاندنەکانیدا سیناتۆر گراهام جەختی لە سەر بەرپرسیاری ئەخلاقیی پاراستنی کورد دەکردەوە و میوانداری لە نوێنەری پەیەدە سەرکردەی تیكۆشەر و بەتوانای ڕۆژاوا ئیلهام ئەحمەد کرد و لەو بۆنەدا بە رێکەوت ترامپیشی بینی.
5- بۆ مانەوەی ئەمریکا ژمارە گرنگ نییە، گەر 10 سەربازیش بـمێننەوە مانای مانەوەی سەربازیی و سیاسیی و دیپلۆماسیی ئەمریکایە وەک یاریکەر و رەقەمیکی رێبەر و سەرەکیی و بڕیاردەری پرۆسەی رووداوەکان و چارەسەرییە کۆتاییەکان.
6- گرنگی ستراتیژی تر: مانەوەی هاوپەیمانی دژی داعشە بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بۆیە هێزەکانی فەرەنسیی و بەریتانیی نەک هەر دەمیننەوە بەلکو زیادیش دەکڕێن و ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە پشتگیری کورد و یارمەتی هێزی ئاسمانیی و مەشق و لۆجیستیک و ئیستیخباراتی بە هاوئاهەنگیی لەگەل فەرەنسا و بەریتانیادا.
7- دووریش نییە ئەمریکا هەر نەکشێتەوە، 400 ەکە ببیتە 4000 یش، ترامپ وتی گەر بکشێنەوە بۆ عێراق و بۆ بنکەی سەربازیی گەورە و گرنگی عەینولئەسەد لە عێراق دەکشێنەوە.