هیوا ناسیح: فیلمی مێشهوانهکه (Der Imker)، یان چیرۆکی خه‌باتی کوردێک بۆ ژیان و ئازادی.
فیلمی (مێشهوانهکه) یان به ئه‌ڵمانی(Der Imker)، که تا ئێستا پینج خه‌ڵاتی جیهانی به‌ده‌ست هێناوه. له زۆرێک سینه‌ماکانی ئه‌وروپا نیشان دراوه و به سیدیش له هه‌ندێک له کتێبخانه‌کاندا ده‌ست ده‌که‌وێت، فیلمێکی سینه‌مایی دۆکیۆمێنتاریی سویسرییه و له لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به توانای کورد (مانۆ خه‌لیل)ه‌وه به هاوکاری ده‌زگای ته‌له‌فزیۆن و رادیۆی سویسرا (SRF) ساڵی 2013به‌رهه‌م هاتوه، دیمه‌نه‌کانی فیلمه‌که له نێو سویسرا (ده‌وروبه‌ری بازل و نێو شاخه‌کانی ئه‌ڵپ) هه‌روه‌ها باکوری کوردستان وێنه‌گیراون. کاتی فیلمه‌که 108 ده‌قه‌یه. ئاخافتنه‌کان به زمانی کوردیی کرمانجی و ئه‌ڵمانییه، ژێرنوسی به زمانه‌کانی ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، ئینگلیزی و ئیتالی بۆ کراوه، بینه‌ر ده‌توانێت یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت،
چیرۆکه‌که‌ی باس له سه‌ربورده‌ی مام برایم گه‌زه‌ر ده‌کات، که خۆی ڕۆڵی سه‌ره‌کی تێیدا هه‌یه. مام برایم که پیاوێکی 65 ساڵه‌ی دنیادیده و قاڵب‌و و خاراوی نێو خه‌م و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی ژیانه، خه‌ڵکی باکوری کوردستان، ناوچه‌ی مهرعهشه. وه‌ک هه‌ر که‌سێکی کاسب له گونده‌که‌ی خۆی له باکوری کوردستان / تورکیا له مناڵییه‌وه خه‌ریکی پیشه‌ی مێشهوانی (هه‌نگه‌وانی) بووه له‌وێ 500مێشی هه‌بووه. ساڵانه قازانجێکی باشی کردوه، هه‌ر بۆیه که‌سێکی زۆر شاره‌زا و کارامه و زانایه له‌و بواره‌دا، به جۆرێک په‌یوه‌ندییه‌کی رۆحی له‌گه‌ڵ هه‌نگ و سروشتدا په‌یدا کردوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه که‌سێکی رۆحسوکه و زۆر زوو ده‌چێته دڵه‌وه، ده‌توانێت به‌و ئه‌ڵمانییه که‌مه‌ی که فێریبووه، زۆر زوو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی سویسرادا دروست بکات. ئه‌و له دیمه‌نێکی فیلمه‌که‌دا ده‌ڵێت ( من مر‌ۆڤم خۆش ده‌وێت به گشتی، گه‌ر تۆ که‌سێکت خۆش ویست، با نه‌شی ناسی ئه‌ویش خۆشی ده‌وێیت، ئه‌مه له سیمای‌دا ده‌خوێنیته‌وه، ئیتر به‌مجۆره په‌یوه‌ندی ئاسانه).
ئه‌م پیاوه، که له ده‌مار و قه‌ڵشی ده‌سته‌کانی و چرچ و لۆچی سیما و قژه ماشی و برنجییهکهیدا چه‌ندان ئاه و حه‌سره‌ت و لاپه‌ڕه‌ی نه‌خوێندراو ده‌بینین و هه‌ست پێ ده‌که‌ین، نمونه‌ی مرۆڤێکی دنیادیده و به ئه‌زمون و کۆڵنه‌ده‌ره، پێشتر کوڕ و کچێکی بوونه‌ته گه‌ریللا و خه‌بات بۆ ئازادی ده‌که‌ن، کچه‌که‌ی له شاخ شه‌هید ده‌بێت، دوو مناڵی تریشیان له زیندان گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، مام برایم گه‌زه‌ر خۆشی حه‌وت ساڵ له حکومه‌ت قاچاخ ده‌بێت و خۆی ده‌شارێته‌وه، چونکه رژێمی تورکیا داوای لێ ده‌کات سیخوڕیان بۆ بکات و ئه‌میش ڕازی نابێت. ژنه‌که‌ی به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو که‌سه‌ر و بێمروهتییه ناگرێت و له داخ و مه‌راقدا خۆی ده‌کوژێت. پاشان مام برایم له‌رێگه‌ی کچێکی تریه‌وه که له سویسرا نیشته‌جێیه، داوای په‌نابه‌ری بۆ ده‌کات و په‌سه‌ند ده‌کرێت، ئیتر ناوبراو دێته سویسرا و ژیانی لێره ده‌ست پێده‌کاته‌وه.
له شوقه‌یه‌کی بچوکدا له شاری بازل ده‌ژێت، ژیانێکی ساده، ماڵه‌که‌ی به وێنه‌ی شه‌هیده‌کانی رازاندۆته‌وه، ئومێدی به ژیان زۆره، هه‌وڵ ده‌دات نه‌وه‌که‌ی (کچه‌زاکه‌ی)، که هێشتا زۆر مناڵه فێری مێشهوانی بکات، بۆیه به‌رده‌وام ده‌یبات بۆ لای میشه‌کانی. ئه‌و سیفاتی کورده‌واری هه‌ڵسوکه‌وت و خواردن و خه‌وتنی وازلێنه‌هێناوه. لای ئه‌و مرۆڤ و سروشت لێکجیاناکرێنه‌وه، هه‌نگ نزیکترین هاورێیه لای، ته‌نانه‌ت کاتێک له نێو هه‌نگه‌کان و سندوقی مێشه‌کان کار ده‌کات هیچ سه‌رکڵاو و ده‌ستکێش و به‌رگێکی تایبه‌ت ناکاته به‌ری!
کێشه و مه‌ینه‌تییه‌کانی ژیان لێره‌ش وازی لێ ناهێنن. زۆری بۆ ده‌هێنن کار بکات، به‌ڵام ئه‌م هه‌ر حه‌زی به مێشهوانی واته پیشه‌که‌ی خۆیه‌تی. داموده‌زگای ناوچه‌که وه‌ک هه‌ر په‌نابه‌رێکی تر که کارناکه‌ن، ئه‌م ناچار ده‌که‌ن کارێک (بۆ به‌گه‌ڕخستنی له بازاڕی کاردا) له کارخانه‌یه‌کدا بکات، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو خولیا و ئاره‌زووی پیشه کۆنه‌که‌یه‌تی، که په‌روه‌رده‌کردنی مێش و مێشهوانییه، له کاتێکدا ئه‌م پیشه‌یه وه‌ک پیشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌م وڵاته‌دا نه‌ناسراوه و بگره وه‌ک خولیا و ئارهزومهندییهک لێی ده‌ڕوانرێت. دواتر ئه‌م خانه‌نشین ده‌کرێت و ئیتر ئه‌م هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێکی که هه‌نگیان هه‌یه رێکبکه‌وێت و خۆبه‌خشانه ئه‌م کاره بکات، پاشان به هه‌ر قه‌رز و قۆڵه‌یه‌ک بووه ده پانزه مێش ده‌کرێت و به‌خێویان ده‌کات و خۆی بۆیان ته‌رخان ده‌کات، رۆژێک کاتێک چاو به لاپه‌ڕه‌کانی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ی ئوزگیور پۆله‌تیکا (رۆژنامه‌یه‌که‌ی هه‌فتانه‌یه به زمانی تورکی له لایه‌ن ته‌ڤگه‌ری باکوره‌وه چاپ ده‌کرێت و به هه‌موو ئه‌وروپا و وڵاتانی جیهاندا بڵاوده‌کرێته‌وه) ده‌خشێنێت، له‌پڕ وێنه‌ی کوڕه گهریللاکهی (عه‌لی) ده‌بینێت له نێو وێنه‌ی شه‌هیده‌کاندا، که ئه‌ویش تازه شه‌هید بووه!!…. ئه‌مه پشکۆیه‌کی تر ده‌نێت به رۆحی ناوبراوه‌وه، به‌ڵام هه‌ر کۆڵ نادات.
مانۆ خه‌لیل ده‌ڵێت (کاتێک له ڤیستیڤاڵی سینه‌مای سۆڵهتورن مام برایم بینی فیلمه‌که نمایش کرا و خه‌ڵاتمان وه‌رگرت، رووی کرده من و گوتی: ئیتر خه‌مم نییه، گه‌ر بشمرم، چونکه چیرۆکی ژیانم و ده‌رده‌سه‌رییه‌کانم نابه‌مه ژێر گڵ له‌گه‌ڵ خۆم، به‌ڵکو کراون به فیلم و هه‌زاران که‌س ده‌یان بینێت).
دیاره پێش دوو ساڵێک ئه‌م فیلمه‌م بینیبوو، سه‌رسام بووم به و ویست (ئیراده) و بڕوا و وره به‌رزه‌ی ئه‌م پیاوه به هیممه‌ته، حه‌زم ده‌کرد خۆشی له نزیکه‌وه ببینم، به‌رێکه‌وت پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له شاری بازل له بۆنه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا بۆ یه‌که‌مجار ناوبراوم بینی و خۆم پێ ناساند و گوتم مام برایم فیلمهکهتانم بینیوه، ته‌واوی چیرۆکی ژیانتان ده‌زانم، سه‌رسامم به هیممه‌ت و ئازایه‌تیتان، ناوبراو زۆر خۆشحاڵ بوو، به کرمانجییه‌کی ره‌وان گوتی: هه‌ڤاڵ ئه‌ز گه‌له‌ک که‌یفخوه‌ش بووم، چیرۆک زیادن، ئه‌مما هه‌می نایه‌نه زمان و نابته فیلم. مه کوردان هه‌می ژیانا خۆوه چیرۆکه.
به‌ڕای من سه‌رکه‌وتنی ئه‌م فیلمه له راستی چیرۆکه‌که‌ی و له‌وه‌شدایه، که بێ شه‌رمکردن و سڵکردنه‌وه وێنه‌ی دیمه‌نه‌کان گیراوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی کامێرا دانه‌نرا بێت و تۆمار نه‌کرێت، بۆ نمونه، زۆر ده‌گمه‌نه که‌سێکی کورد له ته‌مه‌نی 65 ساڵیدا له‌به‌ده‌م کامێرا به شۆرتێکه‌وه له چه‌مێکدا خۆی بشوات. جگه له‌مه‌ش جوانی ئه‌م فیلمه دۆکیۆمێنتارییه له کۆڵنه‌دان و خه‌باتی به‌رده‌وامی کوردێک بۆ ژیان و ئازادی‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
مانۆ خه‌لیل له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت (ده‌کرێت مرۆڤ هه‌رچی هه‌یه له ژیانیدا له ده‌ستی بدات، ماڵ و سامان، که‌سوکار و …هتد، به‌ڵام گرنگ کۆڵ نه‌دانه، گرنگ تێکۆشان و به‌رده‌وامییه، گرنگ بێهیوا نه‌بوونه، مام برایم نمونه‌ی ئه‌م جۆره که‌سه‌یه، په‌یامی من ئه‌مه‌یه…).
مانۆ خەلیل خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و سالانێکی زۆرە لە سویسرا نیشتەجێیە، تا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیکەی 20 فیلم كردووە، دوایین فیلمەكانی ئەمانە بوون: “پەرەسێلکە”، “ئەنفال” ، “داڤێد تولهیلدان” ، “زیندانەكەم، ماڵەكەم” ، “باخچەكانی بەهەشت” …
تێبینی: ده‌توانن بۆ بینینی چه‌ند دیمه‌نێک له‌م فیلمه کلیکی ئه‌م لینکه بکه‌ن:
https://www.youtube.com/watch?v=yDvkSo9TeR8