ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕێكه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار له گه‌مه‌ی وڵاته به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كاندا.
مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ترئهگهرچی نه‌ته‌وه‌ی كورد و نیشتمانه‌كه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، به‌ڵام تاكو ئێستاش به‌و مافه‌ی خۆی نه‌گه‌یشتووه و له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی به‌رده‌وامه، زۆرجار ده‌گوترێ كورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه، تاكو ئێستا به مافه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتووه، ئه‌گه‌رچی له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه بوون به‌خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، كوردیش به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆییان پێ‌درابوو، به‌ڵام كه ئه‌وروپاییه‌كان نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كێشا، له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌م داخوازی چاره‌نووسی نیشتمانی كوردیان پشت گوێ خست، له‌و كاته‌وه خه‌بات و ئاواتی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆ به‌ربه‌ره‌كانی یه‌كێتی یه‌ك پارچه‌یی وڵاته داگیركه‌ره‌كانه، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا له په‌یوه‌ندیه‌كی ئیحتمالیدا بوون، وه‌ك توركیا و ئیران و ئیسرائیل دۆستی ئه‌مریكا و ئوردن بۆ خۆپارستن نزیك ده‌بووه‌وه و عیراقیش دوژمن و هه‌ندێك جار ئاره‌زووی دۆساتایهتی هه‌بوو.
مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزه، ناكۆكی و ململانێیه‌كی زۆری له‌نێوان ده‌وڵه‌تانی په‌یوه‌ند بهباسهكهوه هێناوه‌ته ئاراوه، ڕیشه‌ی ئه‌و ناكۆكیانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و فارسی، پێش چوارسه‌د ساڵ، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین ڕێكهوتنامهیان له‌نێوان خۆیاندا كردووه، هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتنامانه سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و فراوانخوازی، دۆزی كورد بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كی بووه، چونكه زۆربه‌ی ئاژاوه‌كان په‌یوه‌ندییان به ده‌ڤه‌ره سنوورییه‌كانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌بووه، كوردیش باجی ئه‌و ناكۆكیانه‌ی داوه.
ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عێراق و كێشه‌ی كورد
له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و له‌ژێر ئینتدابی به‌ریتانی دا له چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رسێ ویلایه‌تی عوسمانی (به‌سرا، به‌غدا، موسڵ) ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عێراق بووه میراتگری ناكۆكیه‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی، هه‌ر له‌و پێودانگه‌وه بوو نۆساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا تێپه‌ڕی بوو، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه دانی پێدا نه‌ده‌نرا، به‌و بیانووه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانین، دواتر له ساڵی 1929 له ژێر گوشاری به‌ریتانیا دانی به‌ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراق دانا.
ده‌وڵه‌تی عێراقی تازه به هۆی جیاوازی كه‌لتوری سیاسی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێكه‌وه ژیانی نه‌بووه، جگه‌له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا، له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا ناچاربووه ڕێگا له‌ته‌شه‌نه كردنی ناكۆكیه‌كان بگرێ، هه‌روه‌ك گوشار و كارئاسانی كرد بۆ ناردنه‌وه‌ی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و سمكۆی شكاك بۆ ئێران و دواتر له‌ناوبردنیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه.
ئێران وعێراق به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا هه‌ندێك لێك نزیك بوونه‌وه‌یان هه‌بووه، دوای سێیه‌م شكستی شۆڕشه‌كه‌ی، شێخ مه‌حمود ڕووی له سنووری ئێران كرد، به‌ڵام به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا، ئێران شێخ مه‌حمودی ڕاده‌ست كرده‌وه، ” كاپتن هۆڵت”ی سكرتێری كۆمیساری باڵای به‌ریتانی له عێراق ڕۆڵی ئاسایی بوونه‌وه‌ی له نێوان عێراق و ئێران‌دا بینی، به‌ڵام له‌سه‌ر گرفتی سنوور نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام و له ساڵی 1934 هه‌ردوولا له‌سه‌ر كێشه‌ی ته‌نگه‌به‌ری یهكاوی عه‌ره‌ب (شه‌تولعه‌ره‌ب) یاداشتنامه‌ی خۆیان داوه‌ته كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان.
له‌ساڵی 1955 په‌یوه‌ندی هه‌ردوو وڵات پێشكه‌وتنی باشی به‌خۆوه بینی، دواتر هه‌ردوولا له (په‌یمانی به‌غدا) كه له‌لایه‌ن ولاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، عێراق، ئێران و پاكستانه‌وه به‌سترا، به‌ڕه‌سمی چوونه یه‌ك به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی سه‌ربازییه‌وه، له‌م په‌یمانه‌دا عێراق به‌دارده‌ستی ڕۆژئاوا هه‌ژمار كرا، تا ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی ئه‌م په‌یوه‌ندیه به‌رده‌وام بوو، له‌دوای شۆڕشی 14ی ته‌موزی ساڵی 1958 په‌یوه‌ندیه‌كانیان تێكچوو، هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌وتنه دوای ئاراسته‌ی دوو جه‌مسه‌ری جیاوازه‌وه، ئێران به‌ده‌وڵه‌تێكی پاشایه‌تی و ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆ مایه‌وه، به‌ڵام عێراق ڕژێمی كۆماری ڕاگه‌یاند و له په‌یمانی به‌غدا كشایه‌وه، دۆستایه‌تی ده‌وڵه‌تانی به‌ره‌ی سۆشیالیستی ڕاگه‌یاند و دروشمی دژ به ئیستعماری ڕۆژئاوای به‌رزكرده‌وه، هه‌ردوو وڵات كه‌وتنه نێو دوو به‌ره‌ی ناكۆكی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد.
شه‌ڕی سارد و جیهانی دوو جه‌مسه‌ری
به‌درێژایی شه‌ڕی سارد، سیاسه‌ته جیهانیه‌كان بوونه دوو جه‌مسه‌ری و دابه‌ش بوون به‌سه‌ر دوو گروپدا، گروپێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌كان به‌ڕێبه‌رێتی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئهمهریكالهبهرامبهر گروپه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا كۆمۆنیسته‌كان به‌ڕێبه‌رێتی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت، كه له‌ڕێی ئابووری و سه‌ربازییه‌وه ڕكابه‌ری یه‌كتریان ده‌كرد، زۆرینه‌ی پێكدادانه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا و له قه‌ڵه‌مڕه‌وی “جیهانی سێیه‌م”دا سه‌قامگیری سیاسیان نه‌بوو، یان تازه سه‌ربه‌خۆ ببوون ڕووی ده‌دا.
به‌ده‌ست پێكردنی مۆدرێنه نزیكه‌ی 1500 ساڵ دوای زایین، سیاسه‌ته جیهانیه‌كان تایبه‌تمه‌ندی دیاریان به خۆوه وه‌رگرت، پتر له چوار سه‌د ساڵ به‌رتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئیسپانیا، نه‌مسا، پروسیا، ئه‌ڵمانیا، وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی تر له‌سنووری وتانی ڕۆژئاواییدا سیسته‌مێكی فره جه‌مسه‌ری نێونه‌ته‌وه‌ییان پێكهێنا كه كاریگه‌ری دوو لایه‌نه و به‌رامبه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌بوو ، پێكه‌وه ڕكهبهریان ده‌كرد و ده‌جه‌نگان، هه‌ر به‌و جۆره‌ی وڵاته ڕۆژئاواییه‌كان په‌ره‌یان ده‌سه‌ند، وڵاتانی تریان داگیرده‌كرد، یان ده‌یانكردنه كۆڵۆنی خۆیان، به درێژه‌ی جه‌نگی ساردا، جیهان به‌پێوه‌رێكی به‌رچاو و به‌ئاراسته‌یه‌كی ئایدۆلۆژیانه‌دا، كرایه دوو جه‌مسه‌ری و ڕه‌وتێكی كه‌لتوری تایبه‌ت له ئارانهدابوو، دوو جه‌مسه‌ر بوونی “ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا”له‌ڕووی كه‌لتوریه‌وه ده‌رئه‌نجامێكی هه‌بوو و ئه‌وه‌ش گۆڕانی ناوی ” شارستانیه‌تی ئه‌وروپایی” بوو به “شارستانی ڕۆژئاوایی” له‌باتی ئه‌وه‌ی ناو بنرێت شارتانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا باشتر بوو بگوترایه ڕۆژئاوا و ئه‌وانی تر كه‌لانی كه‌می گه‌لێك له سهرزیمینه ڕۆژئاواییه‌كان ده‌گرێته‌وه، جیهان له‌وه ئاڵۆزتره بتوانرێ به‌شێوه‌یه‌كی ئابووی له‌نێوان باكوور و باشووردا دابه‌ش بكرێت یان به‌شێوه‌یه‌كی كه‌لتوری دابه‌ش بكرێته سه‌ر ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. سامۆیل . پ. هه‌نتینگتۆن، پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان، وه‌رگێڕانی: مامه‌ند ڕۆژه.
شۆرشی ئه‌یلول و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران
سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ردوو وڵات، ئێران له‌ناوبردنی ڕژێمی پاشایه‌تی له عێراق بهخهتهرێك له‌سه‌ر ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌زگای هه‌واڵگری و ئاسایشی ئێران (ساواك) كه‌وته‌خۆ بۆ پیلان دانان دژی ئه‌زمونی ڕژێمی كۆماری له عێراق، دواتریش هه‌نگاوه‌كانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌رباره‌ی چاكسازی كشتوكاڵ و دۆستایه‌تی كۆمۆنیسته‌كانی عێراق و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی له به‌ڵێنه‌كانی به كورد و ناكۆكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ناسیونالیسته‌كانی عه‌ره‌ب، كه عه‌بدولسه‌لام عارف نوێنه‌رایه‌تی ده‌كردن و دیكتاتۆریه‌تی دواتر عه‌بدولكه‌ریم قاسمی به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ برد، ئێران ئه‌و بارودۆخه‌ی قۆسته‌وه بۆ لاوازكردنی عێراق، كه‌وته پشتگیری ئه‌و سه‌رۆك هۆزه كوردانه‌ی له‌په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی شیوعیه‌كان و ڕیفۆرمی كشتوكاڵی نیگه‌ران بوون، كه دواتریش بووه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئه‌یلول له 11ی ئه‌یلولی ساڵی 1961 و بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد.
نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق له سۆڤیه‌ت و به‌ره‌ی سوشیالیستی ڕۆژهه‌ڵات، نیگه‌رانی لای ئێران و به‌ره‌ی ڕۆژئاوا دروست كردبوو، گرفتاركردنی عێراق به كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ناوخۆ باشترین ڕێگاچاره بوو بۆ لاوازكردنی عێراق، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئێران هه‌وڵیدا له‌سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول نزیك ببێته‌وه و كاریگه‌ری به‌سه‌رییه‌وه هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به‌م شێوه‌یه نه‌بوو، به‌ڵام دواتر له مانگی تشرینی ساڵی 1963 وه‌فدی سه‌ركردایه‌تی (پ. د. ك) سه‌ردانی ئێرانی كردووه و په‌یوه‌ندی و هاوكاری له ئێران وه‌رگرتووه، له‌و كاته‌وه شۆڕشی كورد بووه خاڵی گرنگ له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته، ئێران هه‌میشه هانده‌ری سه‌ركردایه‌تی كورد بووه، بۆ درێژه‌دان به شۆڕش له ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، بێگومان له‌به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خواسته ستراتیژیه‌كانی خۆی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی گرژی نێوان عێراق و ئێران، كورد بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی خۆی چه‌ند جارێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عێراق كردووه، هه‌ر حكومه‌تی عێراقیش كوردی ناچار به هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ كردووه و ئێرانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستۆته‌وه و كوردیش ناكۆكی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێناوه.
له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1965 ه‌وه (35) هه‌زار پارچه چه‌ك به‌یه‌كجار مانگانه‌ش چاره‌كه ملیۆنێك دینار دراوه‌ته (پ. د. ك) سه‌ره‌ڕای ناردنی كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی و خۆراك بۆ باره‌گاكان. هانده‌ری شا بۆ ئه‌م یارمه‌تیدانه ئه‌وه‌یه شا هه‌وڵ ده‌دات دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی خۆی واتا عێراق، له ڕێی كورده‌كانه‌وه لاواز بكات. له ماوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات (عێراق و ئێران) ته‌بایی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، ئه‌گه‌رچی له‌ژێره‌وه هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی عێراق، ئێران، توركیا هه‌میشه كۆك بوون له‌سه‌ر دژایه‌تی و له‌ناوبردنی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگایخوازی كوردستان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان ده‌یویست داوای په‌یوه‌ندی و هاوكاری له ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌مریكا هاوكاری شۆڕشی كوردستانی له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیه‌وه بینیوه، له یاداشتنامه‌یه‌كی كارمه‌ندی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا (به‌ڕێز هاڕۆڵد هـ ساندێرز) بۆ یارمه‌تیده‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی (به‌ڕێز بۆندی) ده‌نووسێت: هه‌رچه‌نده ئێمه پێشتر داواكاری ئه‌وان(كورد)مان بۆ یارمه‌تی سه‌ربازی ڕه‌ت كردۆته‌وه، به‌هه‌رحاڵ به‌بۆچوونی ئێمه مه‌سه‌له‌ی گرنگتر بۆ ئه‌مریكا له‌م په‌یوه‌ندیه ئه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمی نوێی عێراق وه‌ڵامده‌ر بین، ئێمه ده‌مانه‌وێت كورده‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق وتوێژ بكه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر ئه‌م وتوێژانه سه‌رنه‌كه‌وێت، به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه ئه‌و كاته باشتر ده‌پارێزرێت، كه ده‌وڵه‌تی عێراق بتوانێت كورده‌كان كۆنتڕۆڵ بكات نه ئه‌وه كه شۆڕشی كورد ئه‌وه‌نده سه‌ربكه‌وێت، ببێته هۆی ده‌ستێوه‌ردانی سۆڤیه‌ت یا ئێران له كێشه‌كه‌دا.
شۆڕشی كورد و ده‌سته‌ڵاتی به‌عس
دوای هاتنه‌سه‌ر حوكم به‌عسیه‌كانیش هه‌وڵی ئاشتیاندا، به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌رده‌وام بن و شه‌ڕ له نێوان به‌عس و شۆڕشی كورد هه‌ڵگیرسا، به‌درێژایی ساڵی 1969 شه‌ڕ و پێكدادانی گه‌رم له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕی پێشمه‌رگه و حكومه‌تی عێرق ده‌ستی پێكرد، مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ درێژه‌دانی شۆڕش دژی به‌عس داوای هاوكاری و پشتیوانی له ئه‌مریكا كرد. له‌ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا هاتووه: له‌ساڵی 1969وه ڕێبه‌ری كورده‌كانی عێراق، مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی دژی به‌عس چه‌ند جار داوای یارمه‌تی له ئیداره‌ی نیكسۆن كرد، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا، ئه‌م داواكارییه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا نایه‌وێت له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیكه‌دا ده‌ستوه‌ردان بكات و ئامانجی ئه‌وه نیه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كورد دابمه‌زرێت، كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا وا هه‌ست ده‌كه‌ن، كورده‌كان ده‌توانن ئه‌و یارمه‌تیه له ئێران و ئیسڕائیل وه‌ربگرن.
دواتر ئێران توانی په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول دروست بكات، هه‌تا 11ی ئازاری 1970 ئێران ویستویه‌تی كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ردوو باڵی (پ. د. ك) ڕابگرێ، به‌درێژایی ساڵانی (1966- 1968) ئێران له ڕێگای مسته‌فا بارزانیه‌وه پشتیوانی له‌شۆڕش كردووه، بۆیه ئه‌و ماوه‌یه بۆ ئێران گرنگ بووه، به‌وردی و به‌ره‌دوامی شا بۆ چاودێری ڕووداوه‌كان له په‌یوه‌ندی دابوو، به‌هۆی پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی ئێران بۆ كورد عێراق به‌ڕه‌سمی ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕاگه‌یاندووه.
له‌گه‌رمه‌ی لاف و گه‌زافی به‌عسیه‌كان بۆ عروبه و خاوه‌نداریه‌تی به‌سه‌ر كه‌نداو، ئێران له 19- 4- 1969 ڕێكه‌وتنامه‌ی (سه‌عدئاباد)ی ساڵی 1937ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌بیانوی هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق به‌سه‌ر كه‌شتیه ئێرانیه‌كاندا له‌كاتی تێپه‌ڕبوون له شه‌تولعه‌ره‌ب، كه له‌و په‌یمانه‌دا هاتووه، بۆئه‌وه‌ی ئیمتیازاتی زیاتر له شه‌تولعه‌ره‌بدا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش وای كرد له‌ژێر گوشاری ئێران و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌عس ناچار بوو بیر له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد بكاته‌وه.
زه‌قبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی هه‌ردوو وڵات (عێراق و ئێران) له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد، سۆڤیه‌ت ده‌یویست له كه‌نداو باڵاده‌ست بێت، سۆڤیه‌ت چالاكانه هه‌وڵی ده‌دا په‌یوه‌ندیه‌كانی ڕژێمی به‌عسی عێراق و ڕژێمی به‌عسی سوریا ئاسایی بكاته‌وه. سه‌ره‌ڕای هاندانی عێراق هه‌موو وڵاتانی كامپی خۆرهه‌ڵات بۆ به‌یه‌ك گه‌یاندنی كورد و عێراق، سوڤیه‌ت كه‌وته ناوبژیوانی كورد و عێراق له‌پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌لایه‌كی دیكه سۆڤیه‌ت به‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌یویست دۆستایه‌تی كورد بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی ناوخۆ، به ناوبژیوانی سۆڤیه‌ت به‌یانی 11ی ئازای 1970 كۆتایی هات.
كورد و ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازار
جوڵانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كورد له‌باشووری كوردستان له‌به‌هێزیدابوو، هه‌ردوو باڵی (پ. د. ك) له‌ڕووی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌وه به‌ره‌و پێش چووبوون، ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌دا بێ هێز بوو حزبی به‌عس بوو، هێشتا دوو ساڵ نه‌بوو هاتبوونه سه‌ر حوكم و جێ پێی خۆی نه‌گرتبوو، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری لاوازبوو، له‌ناو به‌رپرسه باڵا سه‌ربازیه‌كان ناكۆكی هه‌بوو، له‌ڕووی ئابووریه‌وه لاواز بوو، په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه كز بوو، پێویستی به مانۆڕی سیاسی هه‌بوو، شۆڕشی كوردی به‌مه‌ترسی گه‌وره داده‌نا، له‌به‌رامبه‌ردا پێویستی به پشودان و خۆڕێكخستنه‌وه هه‌بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته حكومه‌تی به‌عسی عێراق له‌هه‌وڵی ئاگربه‌ست دابوو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول، ئاگربه‌ستێكی نیوه‌چڵ به‌رده‌وام بوو تا ئه‌وه‌ی له 11ی ئازاری 1970 حكومه‌تی عێراقی یه‌كلایه‌نه پێشنیاری ڕێكه‌وتنی ئاشتی كرد، كه‌زۆربه‌ی داواكارییه‌كانی كوردی له‌خۆده‌گرت.
له 11ی ئازاداری 1970 به‌غدا و ڕێبه‌ری شۆڕشی كوردستان مسته‌فا بارزانی ڕێكه‌وتن جیاوازییه‌كانیان نه‌هێڵن و عێراق به‌وه ڕازی بوو ده‌وڵه‌تێكی فره ڕه‌گه‌زی و ئۆتۆنۆمی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا بۆ كورد پێك بێنێ، له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی نه‌یاردا ئۆتۆنۆمی بۆ بارزانی هه‌نگاوێك بوو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، له‌ولاشه‌وه بۆ سه‌دام حسین ڕیكه‌وتنه‌كه هه‌نگاوێكی تاكیكی بوو، تا به‌بیروباوه‌ڕێكی به‌عسیانه ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو ناوه‌ندی سازبكا.
هه‌رچه‌نده كورد به‌م ڕێكه‌وتنه ڕازی بوون، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ندێ له شه‌رت و مه‌رجه كهلتوریهكانی به‌ڕاستی جێبه‌جێ كرا، له ئه‌یلولی 1971 پیاوه‌كانی سه‌دام حسین ئه‌لتكریتی هه‌وڵیاندا له ڕێگای ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێك مه‌لا مسته‌فا بكوژن و پێش ئه‌وه‌ش ته‌قه‌یان له كوڕه‌كه‌ی واته ئیدریس بارزانی كرد، ئیدی پاش ئه‌و هه‌موو ڕێككه‌وتنه درێژخایه‌نه هیچ كات له لایه‌نه‌كان متمانه‌ی به لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌ما.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا سۆڤیه‌ت له ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنامه‌ی ئازار له‌نێوان عێراق و شۆڕشی كوردا ڕۆڵی باشی گێڕا، ئه‌م به‌شداری كردنه‌ی سۆڤیه‌ت كاریگه‌ریه‌كی گرنگی هه‌بوو، له‌سه‌ر ڕازی بوونی بارزانی بۆ چوونه ناو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆشیالیستی دا، هه‌روه‌ها به‌شداری كردنی سۆڤیه‌ت ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاوی هه‌بوو له‌نزیك كردنه‌وه‌ی باری سه‌رنجی هه‌ردوولا له دانوستانه‌كانیدا له‌ڕووی ڕه‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌ت، له‌ئاستی ناوخۆش حزبی به‌عس به‌واژۆكردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه ئومێدی وابوو كارتی كوردی له قازانجی خۆی له‌ده‌ست شا ده‌رهێنابێت، ئێرانیش له‌لای خۆیه‌وه به‌ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار زۆر نیگه‌ران بوو، چه‌ندین نامه و وه‌فدی ناردۆته لای سه‌ركردایه‌تی بارزانی هه‌تا په‌شیمانی بكاته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ:” شا له‌سه‌ر ئه‌و داوایه به‌رده‌وام نامه‌ی ده‌نارد، هه‌تا دوا نامه جۆرێك له هه‌ڕه‌شه‌ی تێدابوو” سه‌ركردایه‌تی شۆڕش تا ساڵێكیش دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران پچڕاند.
دوای هه‌وڵه‌كانی سۆڤیه‌ت له ڕێكه‌وتنی ئازاردا، بۆ خۆڕێكخستنه‌وه و به‌هێزكردنی حكومه‌تی عێراق ویستی زیاتر په‌یوه‌یندی له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌ت به‌هێزبكات، له‌ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هاتووه: به‌هۆی زیاتر نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق، ده‌ستڕۆیشتوویی سۆڤیه‌ت زۆرتر بووه، سۆڤیه‌ت سه‌رمایه‌گوزاری له‌عێراق كرد بوو به بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی له ڕۆژهه‌ڵات به‌هێزتر بكات، ئه‌مه بووبه مه‌ترسیه‌كی زیاتر بۆ ئه‌مریكا، كاتێ سه‌دام حسین به‌سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌یه‌ك پێكهاتوو له كاربه‌ده‌ستانی به‌عس له شوباتی 1972 سه‌ردانی مۆسكۆی كرد و له ئه‌نجامدا ڕاگهیاندننامهیهكی هاوبه‌شیان واژۆكرد، بۆ ئه‌وه‌ی پاشان په‌یماننامه‌یه‌ك مۆر بكه‌ن، پێشمه‌رجی ئه‌و په‌یماننامه‌یه ئه‌وه بوو، ده‌وڵه‌تی به‌ره‌ی نیشتمانی عێراق پێك بێت، كه شیوعی و كورده‌كانی تێدا به‌شداربن، هاوكات سۆڤیه‌ت بارزانی هان بدات تا په‌یوه‌ست بێت به‌م به‌ره نیشتمانیه، به‌ڵام مه‌لامسته‌فا بارزانی چوونه‌ناوی ئه‌و به‌ره‌ی به زیان بۆ كورد ده‌زانی، بۆیه كورد جارێكی دیكه له ڕێگای (CIA) وه له حكومه‌تی ئه‌مریكا نزیك بوونه‌وه و پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه یارمه‌تی نه‌درێن ناچارده‌بن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ڕێك بكه‌ون، “شا”ش پشتیوانی له‌م داوایه‌ی بارزانی كرد و هۆشداری دا،عێراق كه‌وتوه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت. به‌ڵام جارێكی تر كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا یارمه‌تیدانی كوردیان ڕه‌ت كرده‌وه، به‌ڵكو ڕایان وابوو ئێران و ئیسڕائیل ده‌توانن یارمه‌تی كورده‌كان بده‌ن.
وڵاته یه‌كگرتوه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌پشتیوانی ڕاسته‌وخۆ له كورده‌كان خۆی ده‌بوارد، به‌ڵام به‌ڵێنی دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه ناوچه‌ییه‌كانی دیكه هاوكاری بكات كه یارمه‌تیان ده‌دا به كورده‌كان. شا وه‌بیر ئه‌مریكای هێنابووه‌وه كورده‌كان له‌ژێر گوشاری سۆڤیه‌تدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌عسی عێراق ئاشت ببنه‌وه، كه‌وابوو ده‌بێ كورده‌كان له‌به‌رامبه‌ری كاریگه‌ری كۆمۆنیزم بپارێزرێن.
له‌و كاته‌دا ئه‌مریكا شه‌ڕی ڤێتنامی به‌ده‌سته‌وه بوو، ئه‌مریكا خۆی له‌هه‌ر تێوه‌گلانی شه‌ڕێكی دیكه ده‌پاراست، لیژنه‌كانی كۆنگرێس ڕازی نه‌بوون كارگێڕێتی نیكسۆن له‌گه‌ڵ شۆڕشی كوردا بۆ هێنانه‌دی ئۆتۆنۆمی هاوكاریان بكات، هه‌روه‌ها هێرشیان كرده‌سه‌ر كارگێڕێتی فۆرد به‌وه‌ی وای نه‌كرد شا ده‌ست له یارمه‌تیدانی كورده‌كان هه‌ڵگرێ، ئه‌و كه‌ین و به‌ینه‌ی كۆنگرێس یه‌كێك له‌و ڕێگایانه بوو گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكایی خۆیان پێ ده‌په‌ڕانده‌وه له ده‌ستهه‌ڵگرتنیان له هیندی چینی، چونكه تاوانه‌كه‌یان ده‌خسته‌پاڵ كۆنگرێس نه‌ك خۆیان.
ئه‌گه‌رچی كورد بۆ ئه‌مریكا گرنگه، وزه و توانستی كورد بۆ وه‌دیهێنانی ئاواته‌كانی گرنگی پێنه‌دان و ده‌ستبه‌ردابوونیان بدۆزێته‌وه، له‌لایه‌كی تر گرنگی كوردستان له‌كاتێكدا ناوچه‌كه وه‌ك كانگای نه‌وته و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كوردستان وه‌ك خانوویه‌كی دووپهنجهرهیی وایه، په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و په‌نجه‌ره‌یه‌كیش به‌سه‌ر ڕۆژئاوادا ده‌ڕوانی، به‌ڵام یه‌كێك له هۆكاره ئاڵۆزه‌كانی هاوكاری ئه‌مریكا بۆ كورد ده‌بوایه له‌ڕێگای یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته داگیركرهكانی كوردستان و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ئه‌نجام بدرێ، ئێران و توركیا هاوبه‌شی ئامانجی ئه‌مریكا بوون، تا نه‌هێڵن كۆمۆنیست یا ده‌وڵه‌تێكی خراپ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه كوردیه‌كاندا بگرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته ناوه‌ندی ستراتیژی ئه‌مریكا بوون، به‌ڵام كه‌مترین به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دابوو بڵێسه‌ی ڕاپه‌ڕینی كورده نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ژێر ئاڵایه‌كدا به‌ره‌و ئامانجێكی یه‌كگرتوو هه‌نگاو بنێن، یا ده‌وڵه‌تێكی كوردی دابمه‌زرێنن.
تێكه‌ڵاوی و ته‌قه‌لای ئه‌مریكیه‌كان له‌ناوچه كوردیه‌كانی عێراق دیاری ده‌كرد، وڵاته دراوسێكانی وه‌ك توركیا و ئێران یارمه‌تی كوردیان ده‌دا تا خۆیان له گێچه‌ڵی عێراق بپارێزن، ئه‌گینا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نه‌بوون له‌دایك بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی قبوڵ بكه‌ن. ئه‌مریكاش هه‌رگیز پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كورد نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی داواده‌كرا تائێستاش ئۆتۆنۆمیهك بێت یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بپارێزێت، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك پارچه بوونی عێراق ببێته مایه‌ی سه‌ریه‌شه‌ی داهاتوویان.
به‌ڵام دوای بێ‌نیاز بوونی به‌عس له‌مافی كورد و دوای به‌ستنی په‌یمانی (هاریكاری و دۆستایه‌تی عێراقی – سۆڤیه‌تی) له 9- 4- 1972 كه حزبی به‌عس له‌بواری سه‌ربازی و ئابووری خۆی بههێزكردهوه و نه‌یاره‌كانی له سوپا له‌ناوبردن و له‌گه‌ڵ دابین كردنی دۆست بۆ حكومه‌ت و پێشێلكارییه‌كانی به‌عس به‌رامبه‌ر به كورد، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد دروست كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد په‌یوه‌ندی كورد و ئێران له مایسی ساڵی 1972 له دوای سه‌ردانی ریچارد نیكسۆن و هێنری كیسنجه‌ر بۆ تاران ده‌ست پێ بكاته‌وه.
هاوپه‌یمانیه‌تی عێراق و سۆڤیه‌ت و هه‌ڵویستى كورد
هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی سۆڤیه‌ت بۆ ناوبژیوانی كورد و حكومه‌تی عێراقی بووه هۆی زیادبوونی پێگه‌ی سۆڤیه‌ت له عێراق، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌لای ئه‌مریكا دروست كرد، ڕۆڵی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌سه‌قامگیری ئاشتی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له عێراق به‌دیار كه‌وت، له دوای ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و سۆڤیه‌ت گه‌شه‌ی سه‌ند، له نیسانی 1972 سه‌رۆك وه‌زیرانی سۆڤیه‌ت ئهلیكسن كۆسجین سه‌ردانی به‌غدای كرد و له 9ی نیسانی 1972 په‌یمانی (هاریكاری و دۆستایه‌تی) له‌نێوان هه‌ردوو وڵات واژۆكرا، له په‌یمانه‌كه‌دا هاتبوو عیراق چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی زۆری له سۆڤیه‌ته‌وه پێده‌گات، به‌م شێوه‌یه عێراق خۆی خسته بازنه‌ی جیۆسیاسیه‌وه، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو ببێته هاوپه‌یمانێكی بنه‌ڕه‌تی سۆڤیه‌ت له‌ناوچه‌كه، به‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌ك بۆ عێراق كرایه‌وه، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له سۆڤیه‌ت بكڕێت، و په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابووری له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێبدات، ئه‌مه بۆ عێراق ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوو، بۆ خۆبه‌هێزكردن به‌تایبه‌ت دوای خۆماڵی كردنی نه‌وتی عێراق له یه‌كی حوزه‌یرانی 1972، ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌مریكا به‌سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه له‌ناوچه‌كه.
به‌عس به‌هۆی هاوپه‌یمانیه‌تی سۆڤیه‌ت و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی، له 15ی ئایاری 1972 دوو وه‌زیری دایه (حزبی شیوعی عێراق = حشع)، به‌مه‌ش هه‌ڵوێستی ئه‌و حزبه گۆڕا، دوایی شیوعی ڕاكێشایه ناو به‌ره‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ، یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تیش هانی (حشع) داوه به‌ره له‌گه‌ڵ به‌عس دروست بكه‌ن، به‌ناوی (به‌ره‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌وتنخواز) له 17- 7- 1973 ڕاگه‌یه‌نرا، داوا له پارتی كرا بێته ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می حزبی به‌عس له جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار قبوڵی نه‌كرد بچێته ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه، به‌عس له‌مه‌دا مه‌به‌ستی بوو خۆی وه‌كو حزبێكی پێشكه‌وتوخواز و گونجاو له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بخاته‌ڕوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌عس هه‌موو قورسایی خۆی له‌ناو به‌ره به‌رجه‌سته كردبوو، به‌ڵام (حشع) ئه‌مه‌ی قبوڵ بوو. (پ. د. ك) ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو هێرشی ڕاگه‌یاندنی (حشع) كه‌سایه‌تی شۆڕش له وڵاتانی به‌ره‌ی سۆشیالیزم بشێوێنێ، ئه‌گینا له دوای چوونه به‌ره‌ی به‌عس (حشع) سه‌نگی جارانی له‌ناو جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌ده‌ستدا.
سه‌ره‌تا بارزانی وا خۆی پیشاندا به به‌یاننامه‌كه ڕازیه و بروسكه‌ی پیرۆزبایی بۆ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر نارد، به‌ڵام بڕیاری كورد زیاتر به‌ده‌ست هێزه ناوچه‌ییه‌كان بوو، به‌تایبه‌تی ئێران، ئه‌گینا له‌بنه‌ڕه‌تدا بارزانی به‌م ڕێكه‌وتنه ڕازی نه‌بوو، چونكه بارزانی هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردییه‌كانی ده‌دا له‌به‌غدا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م ڕێكه‌وتنه هه‌ر زوو كاری پێنه‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حزبی به‌عس هه‌وڵی دا پارتی ڕابكێشێته ناو به‌ره‌ی ناسیونالیزمی پێشكه‌وتوو (جبهه قومیه التقدمیه) به‌ڵام بارزانی ڕازی نه‌بوو، چونكه وا ده‌بینرا كورد زه‌ره‌ر ده‌كات له‌و ڕێككه‌وتنه، هه‌ر زوو په‌لاماری شیوعیه‌كانی دا له كوردستان، زۆر دژی ئه‌و ڕێككه‌وتنه وه‌ستا كه له نێوان عێراق و یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت به‌سترا.
ململانێكانی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا و چاره‌نووسی شۆڕشی كورد
مانگێك به‌سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تی (عێراق و سۆڤیه‌ت) تێنه‌په‌ڕی، (نیكسۆن) سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و (كیسنجه‌ر)ی ڕاوێژكار بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ردانی ئێرانیان كرد و له‌گه‌ڵ شا كه‌وتنه وتوێژ بۆ دانانی ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت له عێراق، له مانگی ئایاری 1972 وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاریدا له‌به‌رامبه‌ر پێگه‌ی سۆڤیه‌ت له‌ناوچه‌كه دا پشتگیری ئێران بكات، به‌تایبه‌ت كه نیكسۆن و كیسنجه‌ر تازه له سه‌ردانی سۆڤیه‌ت گه‌ڕابوونه‌وه، سیاسه‌تی كیسنجه‌ریش له‌و باره‌یه‌وه ڕوون بوو، به‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تدا هه‌بێت ده‌بێ هه‌وڵی لاوازكردنی بدرێت.
پشتیوانی و یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو، كارگێڕێتی نیكسۆن و فۆرد پشتیوانی ده‌ره‌وه‌یان دروست نه‌كردووه بۆئه‌وه‌ی ئاواتی ئۆتۆنۆمی كورده‌كان بێته‌دی، به‌ڵام هه‌ردووكیان ڕاسته‌وخۆ به‌ماڵ و دارایی له خزمه‌تیان دابوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێران و ئیسرائیل ده‌ستیان خستبووه كاروباری ئه‌وانه‌وه ده‌بوایه مه‌سه‌له‌كه له‌نیوان ئاشكرایی و دیبلۆماسی په‌رده‌ی به‌سه‌ردا بدرێ.
كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا ڕایان وابوو یارمه‌تی ماددی یا سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆ بارزانی ده‌بێت به‌وپه‌ڕی ئاسایش و نهێنیپارێزی ئیداری و فیزیكییه‌وه ئه‌نجام بدرێت، یارمه‌تی به‌كورده‌كان نابێ ئه‌وه‌نده زیادبێت، نه‌توانن ڕۆژێ له ڕۆژان حاشای لێ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م یارمه‌تیه له‌هه‌ندێ چوارچێوه‌ی تایبه‌ت بچێته ده‌ره‌وه حاشا كردن لێی مومكین نیه.
ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌كاروباری كورده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ردانی نیكسۆن بۆ تاران له ساڵی 1972 و كۆبوونه‌وه‌ی نیكسۆن و بریجنێف، له مۆسكۆ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زۆرترین جێگای موناوهرات له‌جیهانی مونافه‌سه‌ی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه ئه‌مریكا هه‌رگیز ده‌ستی لێ هه‌ڵنه‌گرتووه.
جه‌نگی سارد له نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕؤژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا دۆخێكی مه‌ترسیداری هێنایه ئاراوه به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كێ به‌ر كێی له‌سه‌رده‌كرا عێراق بوو، له‌به‌رده‌می لوتی شادابوو، كه له دوای سعودیه ده‌وڵه‌مه‌ندترین كانی نه‌وت بوو، لێره‌وه هاوكێشه‌ی تایبه‌ت به‌ڕۆژهه‌ڵات ئه‌مریكا پێوه‌ی په‌یوه‌ست بوو، حزبی به‌عس له‌عێراق له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سوشیالیستی دژ به‌ڕۆژئاوا خۆی ده‌رخست، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌بوو عێراق لهژێرڕكێفی سه‌دام حسین ببێته دهستوپێوهندێكی نزیكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا ئامانجی ستراتیژی كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت بوو له‌ناوچه‌كه، هه‌رچه‌نده سۆڤیه‌ت ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی پێكهات له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازی كورد، به‌ڵام به‌په‌له په‌یوه‌ندی هه‌ریه‌ك له حزبی شیوعی عێراقی و سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وی كورد گۆڕا، بزوتنه‌وه‌ی كورد كه‌وته په‌یوه‌ندی كردنێكی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، به‌تایبه‌تی ئێران و وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، به‌پێچه‌وانه‌وه حزبی به‌عس كه‌وته به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ی ڕۆژهه‌ڵات و حزبی شیوعی عێراقی و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پخوازی به‌گشتی.
سه‌ركێشی عێراق بۆ ده‌وڵه‌تانی دۆستی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه (ئێران و ئوردن و ئیسرائیل) نیگه‌ران بوون له‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیانه‌ی له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه هاوكاری سه‌ربازی ده‌كران، هه‌رسێ ده‌وڵه‌تیش هاوكاری كوردیان ده‌كرد، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستان وه‌ك كێردیك ته‌ماشا بكه‌ن، تاگێچهڵی وزه‌ی به‌عس له سنووری وڵاتی خۆیان به‌دووربگرن، ئه‌م وڵاتانه‌ش دۆستی ئه‌مریكا بوون و هاوكاریان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پێده‌گه‌یشت، بۆیه كوردی به‌سته‌زمان ئاساییه كه‌وا بزانێت دۆستی ئه‌مریكایه.
شۆڕشی كورد و نزیك بوونه‌وه‌ی زیاتر له ئێران و ڕۆژئاوا
له پێش هاوپه‌یمانیه‌تی نێوان عێراق و سۆڤیه‌ت ئێران ته‌نیا له‌بیری كارتی ناكۆكی نێوان شۆڕشی كورد و به‌عس دابوو، تا به‌قازانجی خۆی سوودی لێوه‌ربگرێت، به‌ڵام ڕیكه‌وتنی 11ی ئازاری 1970 شای نیگه‌ران كرد، چونكه ده‌بووه ده‌رفه‌ت بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی عێراق، هه‌تا ده‌گاته باڵا ده‌ستی كه‌نداو، هه‌روه‌ها له‌وانه بوو شۆڕش له كوردستانی ئێران سه‌رهه‌ڵبدا و مستهفابارزانیش ناچار نه‌ده‌بوو له‌به‌رامبه‌ر دۆستایه‌تی ئێران به‌رهه‌ڵستی بكات، هاوپه‌یمانیه‌تی عێراق و سۆڤیه‌تیش مه‌ترسی له‌سه‌ر ئێران گه‌وره‌تر كرد، بۆ ئاستی نیگه‌رانی ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو ئێران سوود له نیگه‌رانی ئه‌مریكا وه‌ربگرێت، بۆیه ڕێككه‌وتنی عێراق و سۆڤیه‌ت ناكۆكیه‌كانی عێراق و ئێرانی قوڵتر كرده‌وه.
له ئاكامی شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 و كشانه‌وه‌ی عێراق له حلفی به‌غداد و زیادبوونی هێزی چه‌پ له‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئێران زۆر باش تێكچووبوو، كه حزبی به‌عس هاته سه‌رحوكم په‌یوه‌ندیه‌كان به‌ره‌و خراپتر چوون، شای ئێران ده‌ترسا له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی عه‌ره‌بی له عێراق، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی جه‌مال عه‌بدولناسر و هێز و ده‌سه‌ڵاتی له‌ناو وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا له‌لایه‌كی تر به‌هۆی پشتگوێ خستنی ئۆتۆنۆمی و چه‌ندین ته‌قینه‌وه و كاری تێكده‌رانه كورد نا‌ئومێد بوو، ئۆباڵه‌كه‌یان خستهسهرعێراق و دواتریش كه عێراق ویستی حكومه‌تێكی نیشتمانی له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان پێكبێنێ كوردی گۆشه‌گیركرد، ئه‌مه ئێران و ئیسرائیلی ده‌ست كراوهتركرد له نزیك بوونه‌وه له شۆڕشی كورد، له‌به‌رئه‌وه زۆر گه‌رموگوڕ كه‌وته یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ گورز وه‌شاندن له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی عێراقی، به‌ڵام له‌ناو لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌نگی چه‌په‌كانی حزب له‌سه‌ركردایه‌تی (پ. د. ك) به‌رزبووه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمی ئێرانی و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی هاوكارییه‌كانی، بۆ په‌نجه ڕاكێشان بۆ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه زیان ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی ئێرانه‌وه، به‌ڵام تای ته‌رازووی ئه‌وانه‌ی ڕه‌زامه‌ندیان بۆ قبوڵ كردنی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی ئێران هه‌بوو زیاتربوون به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا، به‌هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌ره‌و ڕووی كورد بۆته‌وه، له‌گه‌ڵ تین و تاوی شه‌ڕه‌كاندا له‌نێوان شۆڕش و حكومه‌تی عێراقیدا، یارمه‌تیه‌كانی ئێران بۆ شۆڕش زیادی كرد، له‌تشرینی دووه‌می 1971 و مارتی 1972 شای ئێران هاواری بۆ نیكسۆن برد، له یارمه‌تیدانی بارزانیدا هاوكاری بكات، له 28ی مارسدا به‌هۆی پاشای ئوردنه‌وه بارزانی هاواری خۆی گه‌یانده نیكسۆن، له‌ولاشه‌وه ئیسرائیل نیگه‌رانی ئه‌وه‌بوو به‌رژه‌وه‌ندی عێراق به هۆی ئۆتۆنۆمی ناوچه‌ی كوردستان په‌ره‌بستێنێ.
به‌ڵام ئه‌مریكا یارمه‌تیدانی كوردی ڕه‌تكرده‌وه، چونكه نه‌یانده‌ویست به‌و هۆیه‌وه سۆڤیه‌تیه‌كان چه‌ك و سیاسه‌تیان له‌ناوچه‌كه زیاتر بڵاو بێته‌وه و په‌ره‌بستێنێ، جۆزێف فارلهند باڵوێزی ئه‌مریكا له تاران ئه‌مه‌ی یه‌كلاكرده‌وه كه یارمه‌تیدانی نهێنی بۆ كورده‌كان ده‌بێته سهرچڵیهكی بێ كۆتایی، وه‌ستانیشی ده‌بێته هۆی نائومێدی و تێگه‌یشتن له بیروباوه‌ڕی هه‌ڵه له‌لایه‌ن كورده‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا.
شا وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكای هێنایه ناو تابلۆكه‌وه، له ساڵی 1971 دا په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ڕێگای شای ئێرانه‌وه ده‌ستی پێكرد، له‌لایه‌كی دیكه وه‌رگرتنی چه‌كێكی زۆر له‌سۆڤیه‌ت عێراقی هاندا هێرش بكاته سه‌ر كوردستان ئه‌مه‌ش له‌وه زیاتر بوو، ئێران و ئیسرائیل هاوكێشه‌كه‌یان ڕاگرتبوو، له‌ئه‌نجامدا پێكهڵپژانی عێراق و ئێرانیه‌كان به‌درێژایی سنوور سه‌ریهه‌ڵدا.
ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌و ململانێیه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، هه‌ریه‌ك له عێراق، ئێران، سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا و ئیسرائیل حیسابیان بۆ ئه‌گه‌ره‌كان كردووه، ڕای وا هه‌یه له هاوپه‌یمانیه‌تی و پشتیوانی شۆڕشی كورد باوه‌ڕ به‌ئێران نه‌كراوه، ئه‌مریكا ترسی ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی ڕه‌واندۆته‌وه، به‌ڵام باری قورسی شۆڕشی كورد له‌سه‌ر شانی ئێران بووه، سه‌ركردایه‌تی كورد ئاگاداربووه، ئه‌و بایه‌خه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای شابووه، جۆناتان ده‌نووسێت: ” شای ئێران سه‌باره‌ت به یارمه‌تیدانی شۆڕشگێرهكورده بارزانیه‌كان بۆ دژایه‌تی حكومه‌تی عێراقی ڕای واشنتۆنی گۆڕی”
ئه‌مه وای كرد له 20-21ی ئایاری 1972 دا نیكسۆن سه‌ردانی شای كرد له‌تاران، پێشوازی ئێرانیه‌كان تاوی باشی هه‌بوو له گه‌شته‌كه، له‌لایه‌ن ئیرانیه‌كان به گه‌رمترین چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازی لێكرا. نیكسۆنیش ویست و پشتگیری خۆی له دۆسته‌كانی ئه‌مریكا دووپات كرده‌وه. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لهسهرچڵیهكانی سۆڤیه‌ت بهدووربگیرێ، له‌به‌رئه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین زۆرانبازیه ناوچه‌ییه‌كان په‌ره‌نه‌ستێنن و نه‌بنه زۆرانبازی كه‌ڵه‌گایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.دیسان ئێمه ڕێگا ناده‌ین هاوكێشه‌ی هێز له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌قازانجی دوژمن ته‌واو بێ، به‌ڕاستی تێده‌كۆشین هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان ته‌واو بێت، ئه‌مریكا ده‌یویست ڕێگانه‌دا سۆڤیه‌ت هیچ سهرچڵیهك بكات و له‌هه‌ركوێیه‌ك بیانه‌وی كێشه‌ی بۆ دروست بكه‌ن.
له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1972 سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كه‌وته نێوان به‌رداشی دوو جه‌مسه‌ری ناكۆك، له‌وێوه شۆڕش چووه سه‌ر ڕێگایه‌ك كۆتایی داخرابوو، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه ئاماژه هه‌یه (م.س) و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی (پ. د. ك) لێی بێئاگابوون، له‌و باره‌یه‌وه (جۆناتان) ده‌نووسێ:”بارزانی نه‌له‌پێش و نهیهكسهر له‌كاتی هه‌ره‌سی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1975 دا و نه‌دوای ئه‌ویش نه‌یده‌ویست هیچ كام له یاریده‌ده‌ره‌كانی خۆی له‌بڕیاردان به‌شداری بكه‌ن” ئه‌مه‌ش له‌پشت نهێنی كه‌وتنی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه بوو.
له‌سه‌ردانێكدا بۆ ئه‌مریكا له ته‌موزی 1973 شا سه‌رنجی نیكسۆنی بۆ نیگهرانیهك ڕ‌اكێشا، كه پێی وابوو سۆڤێتیه‌كان ئیئتیلافێك له‌نێوان كورده‌كان و به‌عسیه‌كان و كۆمۆنیسته‌كان پێكدێنن، كێشه‌ی كورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌نجه‌رێكی دژایه‌تیان بێت، ده‌بێته هێزێكی پاڵپشتی كۆمۆنیسته‌كان.
نیكسۆن گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی شۆڕشی كورد له دژی به‌عس بێ هاوكاری ئه‌مریكا تێكده‌شكێ، بۆ پاراستنی وره‌ی مه‌عنه‌وی وڵاته هاوپه‌یمانه‌كانیان وه‌ك ئێران و ئوردن، پێویسته بۆ لابردنی بێ هیوایی وه‌ك بیانوویه‌كی ئه‌وان، هاوكاری ماڵی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه. بۆیه پێویست بوو ماندووكردنی گه‌نجینه‌ی عێراق بهسهردهوڵهتهوه ببێتهبار و به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ودای كورده‌كان مه‌به‌ستی ئه‌مریكا بوو، عێرق ڕازی بكرێ دۆخه‌كه هێوربكرێته‌وه و ناوچه‌كه سه‌قامگیربێ و كورد ئۆتۆنۆمی هه‌بێ، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌مریكا به كلیل ده‌زانرا. بۆیه هه‌ر یه‌ك له وڵاته‌كان ده‌یانویست په‌یوه‌ندی بایه‌خداری له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌بێ.
هه‌موو پڕۆژه نهێنیه‌كانی ئه‌و قۆناغه به‌تایبه‌ت كورده‌كان له‌لایه‌ن كۆشكی سپیه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوون و به‌نهێنی كاره‌كان ئه‌نجام ده‌ران. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و جۆره نه‌بوون دیبلۆماسی گونجاو بیانگرێته‌وه، شۆڕشی كورد له دژی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی هاوپه‌یمانی سۆڤیه‌ت به‌رپا ببوو، له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكاوه، پشتگیری ده‌كرا، مه‌ترسیه‌كه ئه‌وه بوو ڕۆڵی سه‌دام حسین به‌هێز بكا وناوچه‌كانی كوردستانی عێراق ببێته بنكه‌یه‌ك بۆ ئاڵۆزی وڵاته دراوسێكان. كورده‌كان به‌كاربێنێ له دژی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا. به‌تایبه‌ت ئێران و توركیا.
دۆخی ناوچه‌كه و هاوكێشه‌ی هێز له‌ناوچه‌كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو، بیر له‌وه نه‌ده‌كرایه‌وه به‌هاتنه ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك لایه‌ن گۆڕانكاری سه‌یر و بنه‌ڕه‌تی چی ڕووده‌دات، به‌تایبه‌ت كه كورده‌كان بهڕاڕا و ناجێگیر سه‌یرده‌كران، ئامانجیان سه‌ربه‌خۆیی یا ئۆتۆنۆمیه و كامیان بۆ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ڕێك ده‌كه‌ون، ئازایه‌تیان وای لێكردوون واده‌زانن هه‌رچیه‌كیان بوێت ده‌توانن به‌ده‌ستی بێنن، بۆیه ئه‌م به‌هره‌یان هانیان ده‌دات نه‌رمیان كه‌م تێدابێت. له‌هه‌ر گۆڕانكاریهكیشدا كورده‌كان بۆ به‌زه‌یی سه‌دام حسین جێدههێڵران.
سۆڤیه‌ت چه‌كی زیاتری له‌ناوچه‌كه بڵاوده‌كرده‌وه، له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی ئێستا و ئاینده، هی ئاینده سه‌رنجڕاكێشتر و مه‌ترسیدارتربوو، له 1ی ئابی 1972 نیكسۆن فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی پرۆگرامه نهێنیه‌كه‌ی ئیمزاكرد، وڵاته یه‌كگرتووه‌كان 250 هه‌زار دۆلاری مانگانه بۆ ساڵی مالی 1973 بۆ كورد دیاری كرد، له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن بۆ چه‌ك و جبه‌خانه، هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كه‌وه ساڵانه نزیكه‌ی 5 ملیۆن دۆلار ته‌رخان كرا، شا به مه‌بله‌غێكی زۆرتر هاوبه‌شی كرد، به‌گشتی به‌سه‌ریه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ هی ئیسرائیل و به‌ریتانیا و كۆمه‌كی ئێرانیه‌كان مانگانه ده‌گه‌یشته یه‌ك ملیۆن دۆلار به‌گوێره‌ی جه‌نگی سارد ئه‌وه كۆششێكی سه‌ره‌كی بوو.
هه‌ڵوێستی سادات و ڕه‌نگداوه‌ی له‌سه‌ر شۆڕشی كورد
كاتێك ئه‌نوه‌رسادات له‌ئه‌نجامی جه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێمنی به‌ره‌و وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌نگاوی نا، له‌كاتێكدا بیر له‌هاوبه‌شی ئه‌مریكا ده‌كرایه‌وه بۆ یارمه‌تی كورده‌كان له‌ته‌موزی 1972 دا سه‌رباز و ڕاوێژكاره‌كانی سۆڤیه‌ت له میسر وه‌ده‌رنران، ئه‌مه گرنگیه‌كی زیاتری دا به‌عێراق له سیاسه‌تی ستراتیژی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌مه وای كرد په‌یوه‌ندی سۆڤیه‌ت به‌ڕژێمی به‌غداوه به‌هێزتربێ، له كۆتایی ئابدا مایكل سۆسلۆڤ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی وای له‌بارزانی كرد هاوبه‌شی حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی عێراق بكا كه سه‌دام حسین له‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی دایه.
به‌لای بارزانیه‌وه ئه‌و داواكاریه‌ی سۆسلۆڤ ئاگاداركرده‌وه (انذار) بوو، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له میسر وه‌ده‌رنرا، سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق پته‌وتر كرد، پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌تی به‌غدا به‌هێزتر و پێوه‌ندی بازرگانیشی پتهوتركرد، زیاتر پێداگری له‌سه‌ر بایه‌خی عێراق كرد، بۆ یه‌كه‌مجار سۆڤیه‌ت ده‌ستی كرد به‌ناردنی تۆپخانه‌ی قورس بۆ سه‌دام حسین، ستراتیژی عێراقی دژ به‌كورد به‌هێزكرد، له زستانی 1973- 1974 سوپای عێراق له‌و شوێنانه خۆی جێگیركرد كه پێشتر لێی نه‌ده‌مایه‌وه، ئه‌وه مانای وابوو له ئاینده شاڵاوی قولی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر به‌كورد ده‌ست پێده‌كات، عێراقیه‌كان به‌ئاشكرا ده‌یانویست شۆڕشی كورد به‌ره‌به‌ره لاواز بكه‌ن، چونكه تۆپه قورسه‌كانی سوڤیه‌ت سوپای والێ كردبوو ده‌توانن شوێنه سه‌خت و دووره كان ئابڵوقهبدهن.
له ئه‌نجامی ئه‌م بارودۆخه‌وه شا و مه‌لیك حسین له كۆشكێك له‌سه‌ر ده‌ریای قه‌زوێن له 31ی ته‌موزی 1972 كۆبونه‌وه و خۆشحاڵی خۆیان بۆ هاوكاری ئه‌مریكا ده‌ربڕی و گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی دووبه‌دوو بارزانیان ئاگاداركرده‌وه كارێكی دراماتیكی ئه‌وتۆی وه‌ك ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كا، عێراق وای لێ بێ هێرشی فراوان ده‌ست پێ بكا، هه‌ردووكیان پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتبوو پشتیوانی به‌هێزی كورد بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌باشترین شێوه ئۆتۆنۆمی خۆیان بپارێزن، به‌درێژایی ساڵی 1973 شه‌ڕ له‌په‌ره‌سه‌ندن دابوو، له‌به‌رئه‌وه داخوازی مالی كورد گه‌وره‌تربوو، ئه‌مریكا ڕازی بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق بووه هاوكارێكی سه‌ره‌كی سۆڤیه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، حكومه‌تی به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسین به‌رده‌وامه له پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی به‌ڕێكخراوه ئیرهابیهكان له شوێنه دووره‌كان تاده‌گاته پاكستان، عێراق ببووه هێزێكی پاڵپێوه‌نه‌ر بۆ به‌ره‌ی ناڕازی، كه هه‌وڵیان ده‌دا هیچ جۆره ئاشتیه‌ك له‌نێوان ئیسرائیل و عه‌ره‌ب پێك نه‌یه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه به‌پێویست زانرا كۆمه‌كی كورد له‌پێنج میلۆن دۆلار به‌ره‌و ژوورتربێ، شاش به‌ڵێنی دا یارمه‌تیه‌كه‌ی زیاتر بكات، تانزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه جگه‌له یارمه‌تی سه‌ربازی تۆپ و جبه‌خانه له‌لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ كورده‌كان كارێك بكه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌یان بگاته سه‌روو به‌رگرییه‌وه، چونكه ده‌یانه‌ویست به بارزانی بڵێن ئه‌م یارمه‌تیه به‌م شێوه‌یه تاسه‌ر به‌رده‌وام نابێت و له‌داهاتوودا ده‌بێته شێوه‌یه‌كی مانگانه.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1973 ئه‌فسه‌ره‌كانی پێوه‌ندی ئیسرائیل ڕایان وابوو به كورد بڵێن هێرش بكاته سه‌ر حكومه‌تی عێراق و دایتهپێنن، ئه‌مه له‌لایه‌ن ئه‌مریكا ڕه‌ت كرایه‌وه، كه‌هێرش كرا سه‌ر ئیسرائیل شۆڕشی كورد چه‌كی كه‌میان هه‌بوو، كه ئێرانیه‌كان پێیان دابوون، لهدهشتهكان نه‌یانده‌توانی له‌به‌رامبه‌ر سوپای عێراقی پڕچه‌ك كراوی به چه‌كی پێشكه‌وتوی سۆڤیه‌ت بووه‌ستن، به‌ڵام له‌شاخه‌كان ده‌یانتوانی له‌هێرشی فڕۆكه و تانك خۆیان بپارێزن، هێرشی به‌ولاوه‌ی هێڵی به‌رگری ده‌بووه هۆی تێكشكانی هێزه‌كانی كورد.
ساڵ و نیوێك دوای ڕیكه‌وتنی ئازار ئه‌مریكا، ئێران و سه‌ركردایه‌تی كورد، ده‌چنه یه‌ك به‌ره‌و ئیسرائیلیش ده‌بێته لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه، ئیسرائیل ده‌ست پێشخه‌ری هه‌بووه له‌و په‌یوه‌ندیه له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد به‌مه‌به‌ستی هاندانی كورد تا گوشار بێت له‌سه‌ر عێراق دروست بێت نهپهڕژێته سه‌ر بایه‌خدان به هاوبه‌ندی عه‌ره‌بی بۆ شه‌ڕی ئیسرائیل، مه‌حمود عویسمان ده‌ڵێت:” سێ گۆشه‌یه‌ك هه‌بوو (ئێران، ئیسرائیل، ئه‌مریكا) شای ئێران كۆڵه‌كه‌ی ناوچه‌كه بوو، هه‌ر یه‌كێك ببوایه هاوپه‌یمان له‌لایه‌ك ده‌چووه ناو سێگۆشه‌كه‌وه، كورد له ڕێگای ئێرانه‌وه چووه ناو سێگۆشه‌كه‌وه، دواتر په‌یوه‌ندی كرد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و دواتر ئه‌مریكا”. هه‌رچه‌نده ئه‌مه لای سه‌ركردایه‌تی كورد ناچاری نه‌بووه.
شۆڕشی كورد و شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسڕائیل
له‌شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل (ئۆكتۆبه‌ری 1973) تیپێكی سوپای عێراقی نێردرا بۆ شه‌ڕی ئیسرائیل ئه‌مه وه‌ك شتێكی ڕه‌مزی بوو، له‌كاتێكدا هێنده به‌خێرایی به‌ڕێ نه‌كه‌وت تا بگاته به‌ره‌ی شه‌ڕ، دوایش به‌خێرایی كشایه‌وه، ئیسڕائیل لای خۆیه‌وه پێی وابووه، تازه كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران له شه‌ڕی (ئۆكتۆبه‌ری 1973) كورده‌كانیش كارێك ده‌كه‌ن هیچ نه‌بێت هێزه‌كانی عێراقی ده‌وه‌ستێنن، نه‌توانێ به‌شداری به‌ره‌ی شه‌ڕ بكات، به‌ڵام ئه‌مه نه‌كرا و ئیسڕائیل بێ ئومێد بوو.
له‌ڕاستیدا سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌یده‌ویست به‌هۆی شه‌ڕ و ناكۆكی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی تێك بدات، ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕی ئۆكتۆبه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ی بهاویشتایه بێگومان ناكۆكیه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق فراوان تر ده‌بوو بۆ ناكۆكی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئیسڕائیل چاوه‌ڕوانی ده‌كرد كورد له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بجوڵێت، پێش شه‌ڕی ئۆكتۆبه‌ری 1973 له ڕێگای باڵوێزی میسر له‌به‌غدا ئه‌نوه‌ر سادات، داوای له بارزانی كردبوو له حاڵه‌تی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئیسڕائیل عه‌ره‌ب دان به‌خۆدا بگرن له شه‌ڕ دژی سوپای عێراقی، هه‌تا عێراق به‌ناوی سه‌رقاڵی شه‌ڕی كوردستانه‌وه بیانوو نه‌هێنێته‌وه، به‌ڵام به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی كۆچێرا ڕاپۆرتی (پایك) بارزانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پرسی به كیسنجه‌ر كردووه.
كیسنجه‌ریش له‌و بایه‌وه ده‌ڵێت: له نۆیه‌مین ڕۆژی شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل په‌یامێكی به په‌له‌مان لهبارزانیهوه پێگه‌یشت، باوه‌ڕی ئه‌مریكای ده‌پرسی سه‌باره‌ت به ئامۆژگاری ئه‌فسه‌ره په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل، كه داوایان كردبوو هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ده‌شتاییه‌كانی عێراق، ئه‌وه پێشنیازێك بوو ئه‌فسه‌ره ئیسرائیلیه‌كان چاوه‌نواڕی بوون، به‌ڵام (CIA) ئه‌مه‌ی به په‌سند نه‌ده‌زانی، شاش ئه‌مه‌ی پێ باش بوو، به‌ڵام ئه‌مه توڕه‌یی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به‌كورد ئابڵوقه ده‌دا، له 16 تشرینی یه‌كه‌می 1973 ئه‌مریكا بارزانی ئاگاداركرده‌وه هێرشی سوپایتان له‌سه‌رداخوازی ئه‌فسه‌ره ئیسرائیلیه‌كان كارێك نیه بیری لێ بكرێته‌وه.
كۆتایی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازار و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی یه‌ك ساڵه‌ی شۆڕشی كورد و به‌عس، له 12- 2- 1974 عێراق یاداشتنامه‌یه‌كی له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر سنووره‌كانی عێراق بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان نارد، له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ بۆ ناوبژیوانی نێوان عێراق و ئێران له مانگی ئابی 1974 ه‌وه ده‌ستی پێكرد، نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت ده‌ست پێشخه‌ری ناوبژیوانی بوون، وه‌فدی عێراق و ئێران، سه‌عدون حه‌مادی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و عه‌لی خه‌لعه‌تبه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له ڕۆژانی 12-18ی ئابی 1974 له‌ئه‌سته‌مبوڵ كۆبوونه‌وه و له‌وێدا بڕیاری درێژه‌دان به كۆبوونه‌وه‌كانیان درا.
له 11ی ئازای 1974 چوارساڵی ڕه‌به‌ق تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار و به‌ڵێنی ئۆتۆنۆمیدا، عێراقییه‌كان پلانێكی تازه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانی كوردستان ڕاگه‌یاند، له‌كاتێكدا به‌سه‌رزاره‌كی به‌رده‌وامی ئۆتۆنۆمیان ده‌سه‌لماند، به‌ڵام له‌ڕاستیدا كۆنتڕۆڵی سیاسی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه توندتركرا، له‌سه‌ره‌تای نیسانی ساڵی 1974 به‌ڕه‌سمی شه‌ڕ له كوردستان له ئاكامی هێرشی سوپای به‌عس ده‌ستی پێكرده‌وه، به‌عس شاڵاوی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له‌ناوچه‌كانی بادینانه‌وه دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ست پێكرد، سه‌ره‌تا به‌رگری كرا، به‌ڵام دوایی هێزه‌كانی حكومه‌ت توانیان ده‌ست به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كان دابگرن، ناوچه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای به‌عس، پێشمه‌رگه پاڵیان دایه ناوچه شاخاوییه‌كان، تا وای لێهات به درێژایی سنووری ئێران و توركیا له ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا مابۆوه. له‌م شه‌ڕانه‌دا عێراق پشتی به فڕۆكه‌ی سۆڤیه‌تی به‌ستبوو، له‌به‌رامبه‌ردا ئێران پشتگیری شۆڕشی كوردستان بوو.
هه‌ر كه‌شه‌ڕ ده‌ستی پێ كرده‌وه هه‌موو باس و خواسه سیاسیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد له واشنتۆن كه‌وتنه به‌ر لێكۆڵینه‌وه، شا هۆشداری دا تێكشكانی كورده‌كان ده‌بێته هۆی تێكچونی هاوسه‌نگی هێز له عێراق و هێزه دهمارتوندهكان و سۆڤیه‌ت هه‌ڕه‌شه له ئێران و كه‌نداو ده‌كه‌ن، ئیسرائیل هاواری خۆی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی زیاتر له كورده‌كان بكرێ، بارزانی ئاماده‌بوو بچێته مه‌یدانی زۆرانبازییهكهوه وه‌ستاندنی گفتوگۆی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌هه‌لێك ده‌زانی بۆ ده‌ستكراوه‌یی خۆی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه، بۆئه‌وه‌ی به‌ویستی خۆی جۆره ئۆتۆنۆمیهك دامه‌زرێنێ زیاتر له قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بچێت، له 16ی ماتی 1974 بۆ جێبه‌جێ كردنی ستراتیژی خۆی دووبژارده‌ی خسته به‌رده‌می ئه‌مریكیه‌كان 180 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆنۆمی ڕاسته‌قینه، 360 ملیۆن دۆلار به‌حسێبی بۆ زه‌مینه‌ی ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیی.
بارزانی لێكدانه‌وه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ی هه‌بوو، مه‌سه‌له‌كان له‌ئه‌ستۆی خۆی بوو، بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا بكا، هه‌میشه باوه‌ڕی به خۆی هه‌بوو، له‌به‌رامبه‌ر زلهێزه‌كاندا ڕاده‌وه‌ستا، ئه‌و جۆره خه‌باته به‌ند بوو به‌پشت به‌خۆبه‌ستن و قه‌ده‌ره‌وه، وه‌ك له‌وه‌ی حیسێب بۆ هاوكێشه‌ی هێزه‌كان بكرێ، تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی كوردستان هیچ كات له‌لایه‌ن شاوه پشتیوانی لێ نه‌كراوه، یا له‌لایه‌ن توركیاوه، وڵاته یه‌كگرتوه‌كانیش له‌و پێگه و جێگایه‌دا نه‌بوو كۆمه‌ك و پشتیوانی هه‌میشه‌ییان بۆ مسۆگه‌ر بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و داهاته‌ی بارزانی داوای له ئه‌مریكا ده‌كرد له‌سه‌رووی هه‌موو عه‌مه‌لیاته نهێنیه‌كانه‌وه بوو، كه ئه‌مریكا له‌ئه‌ستۆی بوون، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وكاته‌دا به جه‌نگی ڤێتنام گرفتار بوو ههرداوایهكی كورده‌كان ده‌درایه دواوه، بارزانی داوای كه‌ره‌سته‌ی زۆری په‌یوه‌ندی (اتصالات)ی كرد، به‌ڵام كۆڵبی ئاماده‌نه‌بوو كۆمه‌كی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كان زیاد بكرێ.
له‌سه‌ره‌تای نیسانی 1974 هیلمز و سكۆكڕۆفت دوا ئه‌نجامگیری خۆیان پێشكه‌ش كرد، ئه‌و كۆمه‌كه مالیه‌ی هه‌بوو بكرێ به‌نزیكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده، كۆمه‌كی نهێنی ئه‌مریكا له 5 ملیۆن دۆلاره‌وه بكرێ به 8 ملیۆن دۆلار، سه‌رچاوه ئاشكراكانی دیكه‌ش 1 ملیۆن بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی كورد، شا ڕازی بوو ساڵانه به‌شه‌كه‌ی خۆی له 30 ملیۆن دۆلاره‌وه بكاته 75 ملیۆن دۆلار، به‌ریتانیا و ئیسرائیل لای خۆیانه‌وه درێژه‌ی پێ بده‌ن، بۆ گه‌رمكردنه‌وه زه‌مینه‌ی كوره‌ی هاوبه‌ش، به‌ڵام هه‌ریه‌كه بۆ مه‌به‌ستێكی هاوبه‌ش، به شا و بارزانیان ڕاگه‌یاند له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا ئاوایه:
1- هێنده هاوكاری كورده‌كان بكرێ زه‌مینه‌یه‌كی شیاویان هه‌بێ، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان له‌ده‌وڵه‌تی عێراق.
2- حكومه‌تی ئێستای عێراق به‌رده‌وام سه‌رقاڵ بكرێ.
3- نابێ هه‌میشه‌یی عێراق دابه‌ش بكرێ، چونكه سه‌ربه‌خۆی ناوچه كوردییه‌كان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه دروست نیه و توانای ژیان و گه‌شه كردنی نابێ، له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و ئه‌مریكاش نیه ده‌ركه‌ی په‌یوه‌ندی چاك له‌گه‌ڵ عێراقێكی ژیر سایه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ‌دا پێوه‌بده‌ن.
فراوان بوونی به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كان
به‌درێژایی ڕۆژگار خه‌باتی كورده‌كان سنوری داخوازی خۆی دیاری كردبوو، هه‌ندێك جار نا‌ئومێد ده‌بوون و هه‌ندێك جار شاگه‌شكه ده‌بوون، له 27ی ته‌موزی 1974 شا هاوارێكی به‌په‌له‌ی بارزانی گه‌یانده ئه‌مریكا و داوای كۆمه‌كی ده‌كرد، شا هاواری خۆشی خستبووه‌سه‌ر له‌ئه‌نجامی تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ ئێران و بۆ سه‌رانسه‌ری كه‌نداو به ئاگای هێناینه‌وه.
به‌درێژایی ساڵی 1974 ئێران له‌لای خۆیه‌وه به‌شێكی قورسایی شه‌ڕی كوردستانی به‌ئه‌ستۆوه گرت، له‌به‌رامبه‌ردا په‌شێوی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه بڵاوبووه و شه‌ڕ زیاتر بووه به‌كارهێنانی چه‌كی قورس، له‌و بارودۆخه‌دا هه‌ر لایه‌نێك مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو (CIA) ده‌یویست به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا بپارێزێ، بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامێكی نوێ، شا مه‌به‌ستی بوو ڕێكه‌وتنێكی به‌رگریانه و خۆپارێزبهدهست بێنێ، بارزانیش سه‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ پاراستنی قه‌ڵا سه‌خته‌كانی ده‌خواست. ستراتیژیه‌تی كوڵبی ئه‌وه‌بوو خۆی له گێچه‌ڵی لیژنه‌كانی كۆنگرێس به دوور بگرێ، وه‌ك له‌وه‌ی گرنگی به بارودۆخی واقع بدات، كێشه له‌گه‌ڵ ستراتیژیه‌تی بارزانی ئه‌وه بوو به ته‌نیا به‌جه‌نگی ئاسایی كاری ته‌واو ده‌كرد، نه‌ك شه‌ڕی پارتیزانی، كێشه له‌گه‌ڵ ستراتیژی كۆشكی سپی و ئێرانیه‌كان ئه‌وه بوو ئه‌وه‌نده یارمه‌تی نهێنی بزوتنه‌وه‌كه بده‌ن، ئۆتۆنۆمی كورد بكه‌نه ته‌گه‌ره‌یه‌كی نزیك به هه‌میشه‌یی، ته‌گه‌ره‌ی دژی ناحه‌زانی سیاسه‌تیان له‌ناوچه‌كه.
له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ گۆڕانكاری زۆر هاته‌دی له‌وانه وه‌رگرتنی چه‌كی قورسی ئێرانی و به‌شداری كردنی ڕاسته‌وخۆی پسپۆره ئێرانیه‌كان له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌پاڵ فه‌رمانده پێشمه‌رگه‌كان، دژی حكومه‌تی عێراقی به‌ڕاده‌یه‌ك هاوكاری ئێرانیه‌كان زیادی كرد، وه‌ك هه‌ندێ ده‌ڵێن سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی كوردستان ناڕاسته‌وخۆ كه‌وته ده‌ستی ئێران، له‌ولاشه‌وه عێراق به‌هاوكاری چه‌ك و فڕۆكه‌ی سۆڤیه‌تی شه‌ڕی ده‌كرد، سوپای عێراق له هێرش بردنه‌وه كه‌وته حاڵه‌تی به‌رگری، تاڕاده‌یه‌ك شاره‌كانی كوردستان چۆڵ بوو، په‌ناهینده‌ی كورد ڕووی كرده ئۆردوگاكانی ئێران، ئه‌وه‌ش باری سه‌رشانی شۆڕشی قورس تر كرد، سه‌ركردایه‌تی زیاتر ناچار كرد زیاتر له ئێران نزیك بێته‌وه.
كیسنجه‌ر ئاماژه بوه ده‌كات: بارزانی ده‌ست تێوه‌ردانی ئێرانی به پاڵپسشتی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا داواكرد، به‌هاتنی هاوینی 1974 هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر كوردستان له پێشكه‌وتندابوو، هاوارێكی به‌په‌له‌ی كورده‌كانمان پێگه‌یشت داوای هاوكاری زیاتریان ده‌كرد، شاش پشتگیری ده‌كردن، به‌ڵام له (CIA) ده‌درانه دواوه، كۆمه‌كی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كان ساڵی 1973و 1974، 1975 به‌سه‌ریه‌كه‌وه 20 بیست ملیۆن دۆلار بوو، به 1250 هه‌زار دوسه‌دو په‌نجا تۆپخانه‌وه.
هێمن بوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان و گفتوگۆی نهێنی نه‌یاره‌كان
له‌م بارودۆخه‌دا عێراق هێدی هێدی له پێشكه‌وتندابوو، شا بێ پێشه‌كی هه‌وڵیدا له پڕ باوه‌ڕی خۆی بگۆڕێ، ئێرانیش نه‌یده‌توانی سنووری دوور‌و درێژی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بخاته پشت گوێ، ئه‌گه‌ر پشتیوانی ئه‌مریكای له‌ده‌ستدا نه‌بوایه و به‌ڵێنی لێوه‌رنه‌گرتایه، ئه‌مریكاش له جێگا و ڕێگایه‌كی وادانه‌بوو ئه‌مه‌ی بۆ بكات، له‌به‌رئه‌وه شا بڕیاریدا به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه پاشه‌كشه بكات، له‌گه‌ڵ گه‌وره پیاوی عێراق سه‌دام حسین خه‌ریكی ته‌داره‌كات بوو، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند ناتوانی قه‌واره‌ی شێوه سه‌ربه‌خۆی كورده‌كان قبوڵ بكا، نه‌بادا بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی كۆمۆنیستی عێراقه‌وه، له‌وه‌ش ده‌ترسێ عێراق كێشه له‌سه‌ر سنووری عێراق ئێران بنێته‌وه، ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد بگاته به‌رده‌م نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، بۆیه ده‌یویست له‌گه‌ڵ سه‌دام بگاته ڕیكه‌وتنێك.
هه‌ر خۆیشی ستراتیژی به‌عس له‌هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له ئازاری ساڵی 1974 زۆر ڕوون بوو، وه‌كو سه‌دام حسین له‌سه‌ره‌تای ئازاری 1974 وتبووی: ” ئه‌گه‌ر دوای یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی كورد سه‌رنه‌كه‌وتین ئه‌وه سازش ده‌كه‌ین له‌سه‌ر شه‌تولعه‌ره‌ب، به‌و سازشه له‌مه‌ترسی شۆڕشی كورد ڕزگارده‌بین”، بۆیه دوای ساڵێك له‌شه‌ڕ حكومه‌ت بێ ئومێد بوو، به‌سه‌ر شۆڕشی كوردا زاڵ بێ، په‌نای بۆ ڕێككه‌وتن برد له‌گه‌ڵ شای ئێران، ئه‌وه‌بوو له مارتی 1975 عیراق و ئیران په‌یمانێكیان به‌ست و ئۆتۆنۆمی كوردستان له‌به‌رخاتری به‌رژه‌وه‌ندی دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ تهفروتوناكرا.
له‌مانگی تشرینی دووه‌می 1974 شای ئێران سه‌ردانی مۆسكۆی كرد و یه‌كێك له بابه‌ته‌كانی گفتوگۆی شا له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیه‌كانی شابووه له‌گه‌ڵ عێراق. له زستانی 1974 له نیۆیۆرك هینری كیسنجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عێراق له‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كۆبووه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌یه‌كی گونجاو دابنێن بۆ باش كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان، له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ی پێگه‌ی سۆڤیه‌ت، ئاسایشی كه‌نداو و ناردنی نه‌وت بۆ ڕۆژئاوا و هه‌مواركردنی هه‌ڵوێستی عێراق، له كێشه‌ی فه‌له‌ستین له چوارچێوه‌ی مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكی، به‌ئاماده‌بوونی (غانم عه‌بدولجه‌لیل) سكرتێری تایبه‌تی سه‌دام حسین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌نهێنی وتوێژه‌كان ته‌واوكران.
كۆبوونه‌وه‌ی نێوان عێراق و ئێران و سۆڤیه‌ت یا ئه‌مریكا و لایه‌نه‌كانی تر به‌نهێنی ئه‌نجام دراون، بۆیه سه‌خت بوو سه‌ركردایه‌تی كورد له ئاكامه‌كانی تێ بگات، كێشه‌ی كورد و شۆرشی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عس لایه‌نێكی گرنگی ڕاستیه‌كان بووه، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسیه‌وه نه‌هێنراوه‌ته گۆڕێ، مه‌گه‌ر وه‌ك پاشكۆ و له‌په‌راوێزدا باس كرابێت، ته‌نیا ناوی كێشه‌ی نێوان عێراق و ئێران هێنراوه.
كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك و كۆتایی شۆڕشی كورد
شۆڕشی كورد درێژه‌پێدانی بزوتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ستوه‌ردانی ئاشكرای ئێرانی ده‌ویست، ئه‌وه‌ش به پشتیوانی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌چووه‌سه‌ر، له ئاستی ناوخۆوه له‌گه‌ڵ كۆتایی ساڵی 1974 و سه‌ره‌تای ساڵی 1975 شه‌ڕه‌كان به‌ره‌و سه‌ختی چوون، هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت نه‌یان ویستووه پێكه‌وه بكه‌ونه شه‌ڕه‌وه، بۆیه به‌بێ ئاگاداری بارزانی كه‌وتونه‌ته گفتوگۆ. شانشینی سعودیه هانده‌ری پێكهاتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، هه‌تا به گفتوگۆ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، شاحسین شای ئوردن و ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی میسر و هه‌واری بۆمیدیه‌ن سه‌رۆكی جه‌زائیر ڕۆڵیان هه‌بوو له ناوبژیوانی هه‌ردوو وڵات، به‌ڵام پوخته و دوا هه‌نگاوی پێكهێنانه‌وه بۆمیدیه‌ن تۆماری كرد، به‌رده‌وام له هاتوچۆ و گفتوگۆ دابوون، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ ئه‌و جموجۆڵه دیارنیه.
هه‌واری بۆمدیه‌ن پێشتر له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی (ئۆپیك) بۆ مه‌به‌ستی نه‌خشه‌ی ڕێگا خۆش كردن بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی عێراق و ئێران له 26- 10- 1974 له‌گه‌ڵ سه‌دام حسین كۆبۆوه، دواجار له جه‌زائیر له په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نه‌وت (ئۆپیك) له 6- 3- 1975 هه‌واری بۆمدیه‌ن و شای ئێران و سه‌دام حسین به كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لاوه‌كی كۆتاییان پێهێنا و له ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا یه‌كیان گرته‌وه. له كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك به‌پێكی ڕێكه‌وتنه‌وه جیهان واقی وڕما به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه شا لهشهتاوی عه‌ره‌ب ئیمتیازی وه‌رگرت. له‌ئه‌نجامدا هه‌موو سنووره‌كانی له‌ڕووی كوردا داخست و ده‌ست به‌رداریان بوو، له‌سه‌ر ئاستی مرۆڤایه‌تی كاره‌كه‌ی شا دڕندانه و بێ بهزهییانهبوو.
ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه تایبه‌ت نه‌بوو به‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی چه‌ند ساڵه‌ی عێراق و ئێران، به‌ڵكو سه‌ودایه‌كی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، له‌سه‌ر حیسابی كورد، خاك و ئاو به‌رامبه‌ر تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد. پوخته‌ی ئه‌و ده‌قه‌ی به‌ناوی په‌یمانی سنووری نێوده‌وڵه‌تی و مافی هاوسێیه‌تی نێوان عێراق و ئێران (معاهدة الحدود الدولية و حسن الجوار بين العراق و ايران) واژۆیان له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام زیاتر به‌ناوی (ڕێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر) ناسراوه.
كاتێ كه وه‌زیری ده‌ره‌وه كیسنجه‌ر هه‌ستی به‌وه كرد ده‌بێ هاوپه‌یمانیه‌ك له‌گه‌ڵ شای ئێران مۆر بكات، كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر نیگه‌رانی سنووره‌كانی ڕۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی بوو، وڵاته یه‌كگرتووه‌كان له‌ناكاو یارمه‌تیه‌كه‌ی پچڕاند، خه‌ڵكی كورد ده‌وری “سه‌رباز” یان له‌م كایه‌ی شهترنجهدا گێڕا، كاتێ وه‌زیری دره‌وه كیسنجه‌ر ده‌ڵێت:” ناهێڵێت نیگه‌رانی مافی مرۆڤ به‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا زاڵ بێت”، ڕه‌نگه بیر له خه‌ڵكی كورد بكاته‌وه كهچارهكه سه‌ده‌یه‌ك خه‌باتیان كردووه بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌ك كه سه‌ره‌تا ئه‌نجامێكی باشی وێنا ده‌كرا، به‌ڵام له ئاكامی ڕێكه‌وتنێكی دیبلۆماتیكی خێرا له‌پشت په‌رده‌وه خنكێندرا.
له 17ی نیسانی 1975 ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی كورده‌كان، (Mr. KOCH) له ئه‌یاله‌تی نیۆیۆرك له ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكان وتی: په‌یماننامه‌ی جه‌زائیر كه له‌نێوان عێراق و ئێران واژۆكرا، هه‌ڵوێستی بێ به‌زه‌ییانه‌ی شای به‌نیسبه‌ت كورده‌كان خسته‌ڕوو.شا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وت كۆتایی به‌هه‌موو یارمهتیدانێك به‌كورد بهێنێ و له 1ی نیسانی 1975 سنووره‌كانی به‌ڕووی ئاواره كورده‌كان داخست، له ئاكامدا شا حوكمی مه‌رگی ئه‌و كوردانه‌ی واژۆكرد كه‌له وڵاتی خۆیاندا مابوونه‌وه.تراژیدیای ئه‌م خیانه‌ته له‌گه‌ڵ بێده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تێكه‌ڵ بووه، له‌كاتێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زۆر به‌باڵای یاسر عه‌ره‌فاتدا ده‌یخوێند، به‌ساردی له‌گه‌ڵ كورده‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی كرد و به‌توندی نوێنه‌ره كورده‌كانی ڕه‌ت كرده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت بوون، ئه‌مه دووڕووییه.
كۆتایی شۆڕشی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی تر
كۆتایی هاتنی شه‌ڕ و تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی كوردستان، به‌دبه‌ختی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو نه‌یاره‌كانی كوردی تێدا به‌رجه‌سته بووه، عێراق له‌لای خۆیه‌وه پێی وابووه ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر مه‌ترسی شه‌ڕی عێراق – ئێرانی له‌خۆی دوورخستۆته‌وه، ئێران لای وابوو به‌شێك لهبهرژهوهندیهكانی له شه‌تولعه‌ره‌ب به‌ده‌ست دێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه هۆكاری به‌شداری ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕۆڵیان هه‌بوو، له سازدانی قۆناغه‌كانی ناوبژیوانی عێراق و ئێران بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بووه، بۆ بهپیرهوهچوونی سكاڵای عێراق، هه‌ڵبژاردنی توركیا بۆ كۆبوونه‌وه بڕیارێكی سه‌رپێی نه‌بووه، توركیا هاوپه‌یمانی بلۆكی ڕۆژئاوا و هاوهه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ عێراق و ئێران بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی كورد ناسراوه، بۆ سه‌ربڕینی شۆڕشی كورد له‌لایه‌ن ئه‌وسێ وڵاته سه‌ره‌كیه‌ی كوردیان به‌ردا دابه‌ش كراوه. وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ویستویه‌تی عێراق له‌و شه‌ڕه ده‌ستی به‌تاڵ بێت بۆ دژایه‌تی سوریا، تا پرۆسه‌ی ئاشتی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل سه‌ربگرێ، سۆڤیه‌ت ده‌یویست هاوپه‌یمانی عێراق بێت و جوڵانه‌وه‌ی كوردیش چیدیكه به‌ره‌و ئه‌مریكا نه‌چێت، هه‌ردوو وڵاتی زلهێزیش نهیانوویستوه درێژه‌دانی شه‌ڕ له سیمای شه‌ڕی سارد تێپه‌ڕێت بۆ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی هه‌ردوولا له‌شه‌ڕی گه‌رم.
خواستی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ وه‌ستانی ئه‌و شه‌ڕه و هه‌ردوولا پێك بێن، له كاتێكدا ئوردن له‌سه‌ره‌تاوه به‌هاریكاری ئه‌مریكی و ئێرانی و كورد خۆشحاڵ بووه، چونكه له‌و مه‌داره خولاوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده پێشوه‌خت میسر ویستوویه‌تی له ڕێگای باڵوێزهكهیهوه له بێروت كورد ئاگادار بكاته‌وه له ئه‌گه‌ری لێك نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق و ئێران و باسی كورد له‌و گفتوگۆیانه‌دا، سادات به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دابوو حه‌زی دهكردعێراق بكه‌وێته خاڵێكی سازشه‌وه تا سازشی حكومه‌تی میسر له‌بیربكرێت، كه به‌هۆی ڕێكه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل، میسر تووشی گازنده‌ی شه‌قامی عه‌ره‌بی ببوو.
له‌سه‌ر گه‌رم و گوڕی هه‌واری بۆمدیه‌ن چه‌ند هۆكارێك باس ده‌كرێت، له‌وانه: گوایه جه‌زائیر ترساوه له ئاكامه‌كانی درێژه‌كێشانی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ببێته مه‌یدانی ناكۆكی و ململانێكان، یان وه‌ك (دریه عونی) ده‌نووسێت: ” جه‌زائیر له‌مه‌ودای سه‌ركه‌وتنی كورد ده‌ترسا، نه‌بادا گه‌یشتنی به‌مافه‌كانی له چوارچێوه‌ی عێراق هانده‌ر بێت بۆ (به‌ربه‌ر) له هه‌رێمی قه‌بائیل له جه‌زائیر، ئه‌وانیش داوای هه‌مان ماف بكه‌ن، كه كورد داوای كردووه.”پێده‌چێت هۆكاری ئابووری له هه‌موو بۆچوونه‌كانی دیكه نزیكتربێ، به‌پشت به‌ستن به‌ڕاپۆرتی هه‌واڵگیری ئه‌مریكی ده‌ڵێ: بومدیه‌ن پێویستی به‌پشتگیری دارایی هه‌ردوو وڵات هه‌بووه، بۆ دانانی پڕۆژه‌یه‌كی ئابووری په‌یوه‌ست بهپهرهپێدانی به‌رهه‌می نه‌وتی خاو، یان به‌و هۆیه‌وه هه‌رسێ وڵات به‌یه‌كه‌وه سێكوچكه‌یه‌كی به‌هێز بن له‌ناو ڕێكخراوی (ئۆپیك) ناوی بومدیه‌ن وه‌كو ناوبژیوان و سه‌رپه‌رشتیار له‌گه‌ڵ ده‌قی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌دا بێت، له دوای سێ پڕۆتۆكۆڵی پاشكۆی ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر له‌نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی جه‌زائیر واژۆ بكرێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌مانخاته ژێر باری وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی سه‌رۆكی جه‌زائیر ئه‌و كاره‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، شوێنی كورد له كوێی هۆكاره‌كانی ئه‌و شێلگیریهی بۆمدیه‌ن دایه؟.
به‌رپرسیارێتی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد
دوای خه‌باتێكی بێ پلان و قوربانی دانێكی زۆر له ئه‌نجامی پیلانگێڕی وڵاته بهرژهوهنخوازهكان شۆڕشی كوردستان كۆتایی هات، زۆرجار له‌خۆمان ده‌پرسین ئایا پێویسته له‌سه‌ر شۆڕشێكی سه‌ركه‌وتو تا ڕۆژی ڕێككه‌وتنی مارتی 1975 سوپای عێراق له‌به‌ر یه‌كتری ههڵبوهشێنرێ، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی داوای چه‌ك فڕێدان له‌و هێزه كۆڵنهدهرهی پێشمه‌رگه بكات و..، سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌م شۆڕشه بڕوا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و گه‌ل و هێزی پێشمه‌رگه جێبێڵێ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی چوار سوپای دڕنده‌دا…؟، بێده‌نگیه‌كی جیهانیش له‌ولاوه وه‌ستابێ، وه‌كو ڕایه‌كی ساده ئهگهربكرێ ده‌ری ببڕین ئه‌وه‌یه: بارودۆخی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌رچۆنێك بووبێ، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی سه‌رۆك بارزانی و هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره و به‌رچاوه له‌و كاره‌ساته مێژووییه‌دا.
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته:
1- د. حامید مه‌حمود عیسا، كێشه‌ی كورد له عێراق (2)، وه‌رگێڕانی: سواره قه‌ڵادزه‌یی، چایخانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری – هه‌ولێر، 2013.
2- كامه‌ران بابان زاده، ڕێكه‌وتنامه‌ی جهزائیرو ڕه‌هه‌نده‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له كوردستانی باشوور، چاپخانه‌ی كه‌مال، سلێمانی. 2013.
3- لۆكمان میهۆ، كورد و كوردستان له‌به‌ڵگه‌نامه نهێنیه‌كانی ئه‌مریكادا (كوردستانی باشوور)، وه‌رگێڕانی: وریا ڕه‌حمانی، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ولێر، 2009.
4- هێنری كیسینگه‌ر، كاره‌ساتی كورده‌كان، وه‌رگێڕانی: صباحی غالیب، باسكار، ژماره 3، هاوینی 1999، (سه‌رچاوه‌ی ئه‌لكترۆنی).