سوپا سەلام: پاشه‌كه‌وت ئه‌و ئهولیایهى كه كچه‌كه‌ى له چاڵى سه‌نعاندا سه‌گ خواردى!.
دواى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به لابردنى ئه‌و بڕیاره‌ى كه ناویان لێنابوو (پاشه‌كه‌وت) له 8/3/2019، به‌شێكى زۆرى رۆژنامه‌نوسان و چاودێران كه‌وتنه هه‌مان هه‌ڵه‌ى زانستى كاربه‌ده‌ستان له به‌كارهێنانى ده‌سته‌واژه‌ى (پاشه‌كه‌وت) بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى كه نزیكه‌ى (3 ساڵه) به‌رۆكى مووچه خۆرانى ئه‌م هه‌رێمه‌ى گرتووه، له‌كاتێكدا پاشه‌كه‌وت(Saving) به كورترین ده‌ربڕین گوزارشته له ده‌ست هه‌ڵگرتنى كاتى له خه‌رجكردنى به‌شێك له ده‌سهاتى ئێستا به شێوه‌یه‌كى ئاره‌زومه‌ندانه و به گه‌ڕخستنى له ئاینده‌دا، جا بۆ به‌كارهێنان بێت (consumption) یاخود بۆ بوارى وه‌به‌رهێنان (Investment).
كه‌واته لێره‌وه به‌روونى دوو پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى پاشه‌كه‌وت به‌دى ده‌كرێت كه بریتین له:
1- پرۆسه‌یه‌كى كاتیه
2- ئاره‌زوو مه‌ندانه‌یه و تاك سه‌رپشكه
هه‌روه‌ها تاكى بهكارهێنى ژیر(Rational consumer ) له تیۆره سه‌ره‌تاییه‌كانى زانستى ئابووریه‌وه ئاماژه‌ى بۆ كراوه كه ده‌ستهاتى خۆى دابه‌شده‌كات به‌سه‌ر (به‌كارهێنان + پاشه‌كه‌وت)
(Y = C + S ) به‌واتا هه‌ركات به‌كارهێن به دهستهاتهكهى پێداویستیه‌كانى خۆى له به‌كارهێنان پڕكرده‌وه، پاشان ده‌ست ده‌كات به پرۆسه‌ى پاشه‌كه‌وت كردن له‌سه‌ر ئه‌و دوو بناغه سهرهكیهى كه باسكران، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له هه‌رێم گوزه‌را به‌كارهێن نه‌ك پێدایستیهكانى دابین نه‌ده‌بوو به دهسهاتهكهى به‌ڵكو په‌ناى بۆ چه‌ندان سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ى وه‌ك (قه‌رز، هاوكارى ،فرۆشتنى كاڵاكانى و… هتد)، ده‌برد هه‌تا پێداویستیه‌كانى رۆژانه‌ى پڕ بكاته‌وه له كوێ ئه‌م (پاشه‌كه‌وت)هى بۆ ده‌سته‌به‌ر بووه؟
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوو هیچ وشه‌یه‌ك به هێنده‌ى (پاشه‌كه‌وت) ئه‌تك نه‌كراوه،كه به‌بۆچوونى ئێمه به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و فه‌زا نازانستیهى كه كۆى جومگه‌كانى كارگێڕى گرتووه‌ته‌وه كه مه‌حكومه به جه‌هل و وتنه‌وه‌ى چه‌مكه‌كان توتى ئاسا، چونكه هه‌نووكه له‌كۆى ئه‌و سوپایه له وه‌زیر و په‌ڕله‌مانتار و بریكار و راوێژكار و… هتد، به ئه‌ندازه‌ى په‌نجه‌كانى ده‌ستێك پسپۆڕى ئابوورى به‌دى ناكرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى میدیاكانیشدا غیابێكى ته‌واوى كادرى ئابوورى هه‌یه، به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیداره به به‌كارهێنانى ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ به‌لاڕێدا بردنى ئه‌سڵى بابه‌ته‌كه، به ئامانجى ئه‌وه‌ى كه پرۆسه‌كه (پاشه‌كه‌وت) جۆرێك له سه‌ربه‌ستى و ده‌ستهه‌ڵگرتنى كاتى پێوه‌دیاره و رۆژێك دادێ كه ئه‌و پاشه‌كه‌وته ده‌توانن بیخه‌نه‌وه گه‌ڕ، كه ئه‌م به‌شه‌یان زیاتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانى كابینه‌ى هه‌شته‌مه‌وه ره‌نگه لێزانانه به‌و ئامانجه كارى له‌سه‌ر كرابێت.
هه‌ردوو به‌شه‌كه به (جهل) یاخود (قصد) زاراوه‌ى پاشه‌كه‌وت بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه كه خراوه‌ته‌گه‌ڕ له ته‌رازووى زانستى ئابوورى دا سه‌نگى خۆى نیه. ده‌كرێت له برى به‌كارهێنانى (پاشه‌كه‌وت) چه‌مكى (قه‌رزى زۆره ملێى بێ به‌روبوو) به‌كارببرێ كه به هێڵێكى جاڵجاڵكه له باج (Tax) جودا ده‌كرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باج (Tax) هاوشێوه‌ى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى حكومه‌ت بریتیه له بڕینى به‌شێك له ده‌ستهاتى تاك به شێوه‌ی زۆره ملێ له به‌رامبه‌ر هیچ كاڵا و خزمهتگوزاریهكدا،ئه‌و هێڵه باریكهش كه باج له ههنگاوهكهى حكومه‌ت جودا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه له (باج)دا چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه ده‌سهاته له ئاینده‌دا ناكرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر زارى به‌پرسانى كابینه‌ى هه‌شته‌م هه‌تا ئێستا به فه‌رمى دانیان نه‌ناوه به‌وه‌ى كه مووچه خۆران چاوه‌ڕیی به‌شه ده‌سهاتى لێبڕاوى ساڵانى رابردوویان نه‌كه‌ن.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه به‌شێك له په‌ڕله‌مانتاران و كه‌سایه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م كابینه‌یه بێ‌ئاگا له‌وه‌ى كه لابردنى ئه‌و بڕیاره له‌سه‌ر مووچه‌خۆران ده‌ستخۆشانه‌ى ناوێ هه‌تا شه‌ڕ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتى ئه‌م هه‌نگاوه بكه‌ن، چونكه پرسه‌كه و چه‌مكه‌كه هه‌ر دووكیان له سه‌ره‌تاوه نازانستى به‌كار براون، هاوكات له زانستى ئابووریدا ئه‌وانه‌ى كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌یان هه‌یه هه‌ر ئه‌وانیش هۆكارى بڕینى ئه‌و به‌شه‌ى ده‌سهات بوون له ماوه‌ى رابردوودا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى مالى (Financial Authority ) هه‌تا ئێستا له‌لاى ئه‌وانه، بۆیه ناكرێت وه‌ك كابراى ریاباز كۆى بابه‌ته‌كه لنگه‌وقوچ بكه‌ن و پێوه‌ره زانستیه‌كان له‌به‌ر چاو نه‌گرن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بڵێن شتێك له هه‌گبه‌یاندایه.
ده‌گێڕنه‌وه كابرایه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆى ده‌رخا كه گوایه له دین شاره‌زایه، چووه وتارى مه‌لاى گوند و وتى: مامۆستا ئه‌وه كام ئه‌ولیابوو كچه‌كه‌ى له چاڵى سه‌نعاندا سه‌گ خواردى، مه‌لاش وتى چیت بۆ راستبكه‌مه‌وه؟ ئه‌ولیا نه‌بوو ئه‌نبیا بوو،كچ نه‌بوو كوڕ بوو، چاڵ نه‌بوو بیر بوو، سه‌نعان نه‌بوو كه‌نعان بوو، سه‌گ نه‌بوو گورگ بوو، نه‌شى خوارد ئه‌وه حه‌زره‌تى یوسفى كوڕى یه‌عقوب بوو.