له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: كورد‌و جاشایه‌تی.
سه‌ره‌تایه‌كی كورت
یهكدوو جاری تر له سه‌ر وشه‌ی جاشم نوسیوه ، پێشتریش له نامیلكه‌یه‌كی دیكۆمهنتاریدا كه ناوی جاش و ئه‌نفال بوو به كورتی باسی وشه‌ی جاشم كردووه، بۆیه لێره‌دا ناچمه‌وه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نازانم سه‌ره‌تای به‌كار هێنانی ئه‌م وشه‌یه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ،به‌ڵام له شیعرێكی بێكه‌سی شاعیردا به‌و جۆره نوسراوه ” مه‌ئویس نه‌بی جاشی مناڵ ” به هه‌ر حاڵ جاش، لۆمپه‌ن، خۆ فرۆش به‌وانه وتراوه كه خیانه‌تیان له گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان كردووه ، له دژی میله‌ته‌كه‌ی خۆیان جاشێتیان بۆ خه‌ڵكی تر كردووه، ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه ئه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای رقی خه‌ڵك له جاش كه‌چی جاشه‌كان خۆیان شانازیان به‌و كاره‌وه كردوه‌و له‌هه‌شتاكاندا باو بوو ده‌یانگوت ” جاشایه‌تی و پاشایه‌تی” .
له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا جاشه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روی خۆیان” خاوه‌نه‌كه‌یان ” رازی كه‌ن، هه‌موو كارێكی ناشرین و نه‌شیاویان كردوه وه‌ك بیانوو هێنانه‌وه نا، به‌ڵام وه‌ك راستیه‌كی تاڵ ره‌نگه بوونی هۆیه‌كی سه‌ره‌كی دیارده‌ی جاشێتی له كوردستان ئه‌وه بێت كه كورد ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه‌ی خۆی نه‌بوه، نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌ت له لایه‌ن دوژمنه‌كانیه‌وه هه‌میشه سودی لێده‌بینرێت، بۆ شكاندنی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه، بڕوام وایه ئه‌گه‌ر به‌ری 100 ساڵان كورد وه‌ك ئه‌وانی تر ده‌وڵه‌تێكی له ناوچه‌كه هه‌بوایه هه‌رگیز دیارده‌ی جاشێتی به‌و جۆره نه‌ده‌بوو.
بوونی ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه بوونی شوناس و خۆ خاوه‌نیه ، ئه‌وه واده‌كات مرۆڤ متمانه‌ی به خۆی بێت و به ئاسانی نه‌خزێت، نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه میله‌ت دابه‌ش و پهڕاش پهڕاش ده‌كات ، وه‌ك چۆن روحی شۆڕشگێڕی و یاخی بوون له ناخی مرۆڤه‌كاندا ده‌چێنێ، به هه‌مان شێوه روحی ته‌سلیم بوون و بچوكایهتی و زوو خزانیش گه‌شه پێده‌دات، هه‌ربۆیه ده‌وڵه‌ت هۆیه‌كی گرنگی خۆخاوهنی و ته‌ناهیه.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت واده‌كات مرۆڤ له سه‌ر پێی خۆی نه‌وه‌ستێ ، نه‌توانێ بڕیاری دروست بدات، گیانی خۆ به ده‌سته‌وه‌دان تێیدا زاڵ بێت ، هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌شمان بیر نه‌بێت له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا ئازایه‌تی و بوێری گه‌وره‌ش سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن ، كه ده‌كرێت مرۆڤ شانازیان پێوه بكات.
به كار هێنانی جاش دژی گه‌له‌كه‌ی
دوژمنانی كورد بار‌و دۆخی بێده‌وڵه‌تی و بێ‌شوناسی كوردیان قۆزتوه‌ته‌وه ، بۆئه‌وه‌ی جاشكاری دژی كورد خۆی به كار بێنن، یانی ئه‌گه‌ر له هه‌ندێ قۆناغی جیاجیادا كورد بۆ مانه‌وه جاشێتی كردبێت، كه ئه‌مه له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ڕوویداوه، بۆ نمونه بوونه جاشی خێڵ و بنه‌ماڵه‌كانی باكوری كوردستان بۆ توركیا تا له ناوچه‌كانی خۆیان بمێننه‌وه‌و ده‌ستیان لێنه‌درێت، یان كردنه‌وه‌ی فه‌وجه سوكه‌كانی هه‌شتاكانی باشوری كوردستان له سه‌ر ده‌ستی عیراق، به‌ڵام دواتر هه‌ر ئه‌م جۆره له جاشێتیش ئه‌ركی شه‌ڕی گه‌ریلاو پێشمه‌رگه‌و گونده‌كانی پێسپێردراوه، ئه‌وانی تریش كه خۆیان خوێنی خیانه‌ت و جاشێتی و كۆكردنه‌وه‌ی پاره له گیانیاندا گه‌ڕاوه، بێ هیچ هۆیه‌ك بوونه به جاش و ئه‌ركه قورسه‌كانیان بۆ حكومه‌ته‌كان جێبه‌جێكردووه، بۆنمونه پیاوێكی بیركه‌ره‌وه‌ی وه‌ك ئارام جاش كوشتویه‌تی، قاره‌مانێكی وه‌ك مامه‌ڕیشه جاش كوشتویه‌تی، ئه‌مه له باكورو رۆژهه‌ڵاتیش هه‌ر وه‌سا بووه.
نابێت ئه‌وه نه‌بینین هه‌ر خۆی بنه‌ڕه‌ت و بنه‌مای جاشكاری لای دوژمنه‌كانی كورد بۆ ئه‌وه بووه كه شه‌ڕی كوردیان پێبكات، بۆ دوژمنه‌كانی كورد ئه‌و كاره ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی تیابووه، له‌وانه كورد له ناوخۆیدا ده‌كاته دوژمن و نه‌یاری یه‌كتر ، تێكیان به‌رده‌دات و له یه‌كێیان ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری یه‌كبوون و پێكه‌وه‌یی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه به دروستكردنی ژیانی شایان بۆ جاشه‌كان و بڕینه‌وه‌ی موچه بۆیان واده‌كات ئیراده‌ی خۆ خاوه‌نی له مرۆڤی كوردا لاواز بكات و ناچاری ئه‌وه‌ی بكات ملبدات بۆ دوژمنه‌كه‌ی، ئه‌مه چ له باشور چ له باكورو رۆژهه‌ڵات هه‌میشه كاری له سه‌ر كراوه، یانی دۆخێك ره‌خسێنراوه كه جاش بوون له شوره‌یی و ناشرینیهوه بكرێته مایه‌ی مانه‌وه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی و پۆشته‌و په‌رداخی، ئامانج له‌م كاره ئه‌وه بووه كه‌سێتی كورد بكرێته كه‌سێتیه‌كی بچوك و ده‌رگه‌وانی ئه‌وانه‌ی خاك و نیشتمانه‌كه‌یان داگیر كردووه‌و هه‌ر كاتیش بیانه‌وێت دژ به هه‌ر جوڵانه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخوازانه‌ی كورد خۆی به كاری بێنن، له باكوری كوردستان زۆر جار برا دژی براو برازادژی مام گه‌له جاشی بۆ دروستكراوه، بۆ ئه‌وه‌ش دۆخێك ره‌خسێنراوه كه خه‌ڵكه‌كه دوای جاشه‌كه بكه‌ون نه‌ك شۆڕشگێڕه‌كه، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه مانه‌وه‌و ژیانی شایسته بۆ جاشه‌كان بووه.
گرفتی گه‌وره ئه‌وه‌یه زۆر كه‌م رێكه‌وتوه ئه‌و جاشانه سزای ئه‌و خیانه‌ت و خۆ فرۆشیه وه‌ر بگرن، ته‌نانه‌ت له دوای راپه‌ڕینی 1991یش له بری ئه‌وه‌ی لانی كه‌م دادگایهكیان بۆ دابنرێت، به‌ر لێبوردنێكی زۆر ناجۆر كه‌وتن و دواتریش رۆڵی زۆر خراپیان له شه‌ڕی ناوخۆی حزبه كوردیه‌كاندا گێڕا.
جۆره‌كانی جاشێتی
هه‌ڵبه‌ت جاشێتی هه‌ر جاشێتیه، به‌ڵام ئێمه ویستمان بیكه‌نه دوو به‌شه‌وه ، دوو جۆر جاشێتی بۆ دوژمن هه‌یه هه‌ردوكیان زیان و خراپی خۆیان هه‌یه‌و له مێژودا زیانی زۆر گه‌وره‌یان به گه‌لی كورد گه‌یاندوه‌و هۆكاری ئه‌وه‌ش بوونه كه كورد نه‌توانێت یه‌كگرتووبێت و به‌یه‌كه‌وه به‌سه‌ر گرفت و كێشه‌كانیدا زاڵ بێت.
جۆری یه‌كه‌می جاشێتی ” جاشێتی زمانه ” جاشێتی وتن و راپۆرت نووسین و زانیاری دان به دووژمن ، ئه‌مجۆره له جاشێتی جاشێتیهكی زۆر مه‌ترسیدار بووه و زۆر جار جاشه‌كان هه‌رگیز ئاشكرا نه‌بوونه، ته‌نانه‌ت ره‌نگه هه‌ندێكیان وه‌ك قاره‌مان و كورد په‌روه‌ر سه‌ریان نابێته‌وه، ئه‌م جۆره جاشێتیه له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان بونی هه‌بوه و ره‌نگه هه‌زاران راپۆرت و نوسین و زماندانی بێ نووسین له خه‌ڵك درابێت و له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و جۆره جاش و جاسوس و راپۆرت نوسانه هه‌زاران كه‌س بوونه‌ته قوربانی، ئه‌م جاشێتیه خزاوه‌ته نێو هه‌موو توێژ‌و چین و تهمهنهكانهوهو هه‌ندێ جار سود له مناڵانی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنیش بینراوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵات ئاشكرا بكرێن.
جاشێتی زمان ئه‌و نوسه‌رو وتارنوس و پیاوانی ئاینی و خه‌ڵكانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه هه‌وڵی جوانكردنی دوژمنیان داوه، یان به جۆرێك بانگه‌شه‌یان بۆ كردووه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مان تاوانه‌كه‌یان كه‌متر بێت له راپۆرت نووسه نهێنیه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به ناوی سیانی و به ئاشكرا شتیان نووسیوه، ده‌كرێت له خاتهیهكی تردا مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ بكرێت، ئه‌گه‌ر چی مامه‌ڵه كردن له گه‌ڵ ئه‌مانیش زۆر جار به پێوه‌ری شكاندن و ئامانجی تر رێچكه‌یه‌كی خراپ ده‌گرێته به‌ر.
جۆری دوه‌می جاشێتی ” جاشێتی چه‌كداریه ” ئه‌مجۆره جۆره بڵاوهكهیهو شاراوه نیه، ئه‌مجۆره به ئاشكرا نۆكه‌رایه‌تی خۆی بۆ دوژمن ده‌رده‌بڕێت و بێباكه له‌وه‌ی كه میله‌ته‌كه‌ی چۆن باسی ده‌كه‌ن، لێ له‌م به‌شه‌یشدا ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه هه‌میشه خۆ به قاره‌مان كردن و وانیشاندانه كه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن میاهتی كورد له ناو ده‌چێت و زۆر جاریش بۆ درۆ یان به راستی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه گوایه سه‌ركردایه‌تی كورد‌و حزبه سیاسیه‌كانی كورد داوای لێكردوون ببنه جاش، من له بینینی یه‌ك دوو موستهشاردا هه‌مان قسه‌م گوێ لێبووه كه فڵان حزب یان سه‌ركرده رێیداوه چه‌كی جاشێتی هه‌ڵبگرێت و گوتویه‌تی ته‌نها داوا ئه‌وه‌بوه كه خراپه نه‌كه‌م.
ئه‌مجۆره له جاشێتی هه‌ندێ جار هه‌ر به‌ڕاستی خزمه‌ت به بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی ده‌كه‌ن و خۆیان و چه‌ك و چۆڵهكهیان په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به شۆڕشه‌وه، له مێژوی باشوری كوردستاندا ده‌یان نمونه‌ی له‌م جۆره هه‌یه‌و له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولیشدا ده‌یان مه‌خفه‌ری پۆلیس له لایه‌ن پۆلیسی كورده‌وه ته‌سلیمی شۆڕش كران ” راستی من تا ئێستا نه‌متوانیووه بڕوا به خۆم بێنم كه ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه شۆڕشه و زیاتر له خڕبوونه‌وه‌و یاخی بوون و هه‌را ده‌چێت “.
ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ش بڵێین ، كه جاشه‌كانیش تێیاندا هه‌بوو داكۆكی له خه‌ڵك دهكردو له‌سه‌ر خه‌ڵك شه‌ڕی ده‌كرد ، من نامه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه نمونه بێنمه‌وه ده‌نا زۆره، هه‌شبوون له شاخ و له ده‌ره‌وه یان پێشمه‌رگه بوون یان وه‌رزێر شۆڕش ناچاری ده‌كردن بێنه‌وه‌و ببنه پیاوی ده‌سه‌ڵات له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا له‌و ڕوهشهوه نمونه هه‌یه.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: له چ ده‌ستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: قوربانیه بادینیه‌كان و موسته‌شاره‌كان.
- All Posts