نەوزادى موهەندیس: ئەرکى حکومەت دواى هەڵگرتنى پاشەکەوتى مووچە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە کە سیستەمى پاشکەوتى مووچە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێمدا بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى ژمارە 64 لە 3/2/2016دا سەپێنرا بەسەر مووچەخۆراندا و ماوەى زیاد لە 3 ساڵى خایاند.کە بەهەق 3 ساڵى زۆر وشک و برنگ و نەبوونى و برسێتى و قەیرانێکى دارایى توند بوو بۆ سەر هەمووان.کە بەناهەق بەرۆکى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى گرتەوە، لەئەنجامى سیاسەتى هەڵەى سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەناوى ئابورى سەربەخۆوە( کە خۆیان بە خراپترین بڕیارى حکومەتى ناوزەند دەکەن لە ژیانى سیاسیاندا) کە بەداخەوە هیچمان لێدەستنەکەوت تەنها برسێتى و نەبوونى و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەم نەبێت، کە لەئێستادا تەواوى دەسەڵاتەکانى هەرێم کە پێش ساڵى 2016 هەیبوو هەموانى گەڕاندەوە بۆ بەغدادى پایتەختى عێراقى فیدڕاڵ.هەر لە کۆنتڕۆڵى فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوریەکان و فەرمانگەکانى ڕەگەزنامە و پێناسى بارى شارستانى و نشینگە و بەنداوەکان و پۆلیسى سنور و گومرک و… هتد.
لە ماوەى ئەم 3 ساڵەى قەیرانى داراییەدا هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکانى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیەوە گەلێک زیانى گەورەى پێکەوت و دەسەڵاتە سیاسیەکانى هەرێم بچوکبونەوە و جوگرافیا پانۆپۆڕەکەى بەرتەسککرانەوە و ئابوریەکەى و ژێرخانەکەى لە داڕمانى تەواو نزیکبونەوە و ئاشتى کۆمەڵایەتى بەرەو لاوازى و لێکهەڵوەشان هەنگاوى نا و بارى ئەمنى کوردستانیش کەوتە بەر مەترسیەوە،لەگەڵ ئەمانەشدا تاک بەتاک و خێزان بەخێزانى ئەم کۆمەڵگایە کەوتە بەر مەترسى بێکارى و بێ مووچەیى و نانبڕاوکردن و تێکچوون و شڵەژانى بارى ئابورى و وەستانى بازاڕ و جوڵەى بازرگانى و ئەنجامیش سەرهەڵدانى دەیان دیاردەى دزێو و ناشیرینى ناو کۆمەڵگا لە هەژارى و بێکارى و نەخوێندەوارى و هەڵوەشاندنەوەى خێزانەکان و زیادبوونى تاوانەکان و… هتد. لەپاڵ ئەمانەشدا توێژى مووچەخۆران بەگشتى زیانێکى گەورەیان بەرکەوت. بۆیە هەق وایە کە حکومەتى هەرێم بەچاوى ڕێز و تەقدیرى زۆرەوە سەیرى توێژى مووچەخۆران بکات کە بەوپەڕى لێبووردویەوە خۆیان ڕاگرت لەبەردەم ئەو قەیرانە داراییەدا کە هەمووانى پەرێشان کردبوو.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە دواى هەڵگرتنى ئەم سیستەمە سەپێنراوەى پاشەکەوتى مووچە ئەرکى حکومەتى هەرێم چیە؟ بەتایبەتیش کابینەى نۆهەمى حکومەت، چونکە لێکەوتە و کاریگەریەکانى ئەم بڕیارەى حکومەتى کاربەڕێکەر ڕووبەڕووى سەرۆکى حکومەت و کابینەى نۆهەم دەبێتەوە..
بۆیە هەق وایە لەمەودوا و لەدواى بڕیارى لابردن و هەڵگرتنى سیستەمى پاشەکەوتى مووچە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە کۆبونەوەى ژمارە 52ى خۆیدا و بە بڕیارى ژمارە 141 لە ڕێکەوتى 8/3/2019 دا، گرنگى گەورە بداتەوە بە کەرتى ئاوەدانکردنەوە و جوڵە و بوژاندنەوەى پڕۆژە ئەندازیاریەکان و چاوخشاندنەوە بە ژیان و گوزەرانى سەرجەم چین و توێژەکاندا.
ئاشکراشە لە ماوەى ئەو 3 ساڵەى قەیرانە داراییەدا، ژێر خانى ئابورى کوردستان و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان بەرەو خراپبوونى زۆر چوە، لەکاتێکدا داهاتى حکومەتى هەرێم لە ئایندەدا بڕە پارەیەکى زۆرە و بەشى گەلێک کار و پڕۆژە دەکات،کە بەم شێوەیەیە:
– پشکى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار
– داهاتى نەوتى هەرێم بۆ مووچە 378 ملیار دینار
– داهاتى ناوخۆ زیاترە لە 150 ملیار دینار
– کۆى گشتى داهاتەکانى هەرێم دەبێت 1 تریلیۆن و 50 ملیار دینار
– موچەى تەواوى مانگانەى مووچەخۆران بێ پاشەکەوت بریتیە لە 879 ملیار دینار
-کەواتە 153 ملیار دینار زیادەش دەبێت.
بۆیە پێویست بەوە دەکات کە:
1. حکومەتى هەرێم بە پلانى زانستى و واقعى کار بکات بۆ بوژاندنەوەى کەرتى تایبەت و کۆمپانیا بیانى و ناوخۆییەکان و هانى وەبەرهێنانیش بدات بۆ ئەوەى دەستبکەنەوە بە جێبەجێکردنى پڕۆژە ئەندازیارى و خزمەتگوزاریەکان.
2. بەهەمان شێوە ئەرکى حکومەتە کە بودجەى تایبەتى و پێویست بۆ ئەو بوارانە دابین بکات.
3. هەروەها ئەو بڕە داهاتەى کە دێتە گەنجینەى حکومەتەوە بە شێوەیەکى شەفافانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت و هەموانى بخرێتە خزمەتى ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و دۆزینەوەى هەلى کار بۆ گەنجان لە کوڕ و کچان.
4. بەپێى بەرنامەیەکى پێشوەختە و پلان بۆداڕێژراویش دەستبکاتەوە بە دامەزراندنى توانا گەنجەکان لە دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان.
5. کاربکات بۆ جێبەجێکردنى یاساى ژمارە 2 ى ساڵى 2015 تایبەت بەدامەزراندنى ێندوقى داهاتە نەوتیەکان بۆئەوەى سەرجەم داهاتى نەوتى هەرێم بچێتە ئەو سندوقەوە نەک وەک ئێستا وەزارەتى سامانە سروشتیەکان دەستى گرتوە بەسەریدا و وەک خێر مانگانە تەنها بڕى 378 ملیار دینار دەداتە وەزارەتى دارایى بۆ دابەشکردنى مووچەى مووچەخۆران.
6. حکومەت ئەرکێتى کە قەرزى بەڵێندەران و کۆمپانیا ناوخۆییەکان بە بەرنامەیەکى زانستى بداتەوە و بانکەکان و سیستەمى دارایش ببوژێنێتەوە و گەشەى پێبدات.
ئاشکرایە کە بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پاشەکەوتى مووچە گەلێک گرنگ و کاریگەرى گەورەشى دەبێت بۆسەر تەواوى سێکتەرەکانى ژیان، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە حکومەتى هەرێم هەستێت بە:
1. پلانى واقعى هەبێت بۆ گێڕانەوەى ئەو بڕە پاشەکەوتکراوەى مووچەى مووچەخۆران بەشێوەیەکى لەسەرخۆ و مانگانە. کە بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە:
– (4 مووچەى تەواوى ساڵى 2015 و 1 مووچەى تەواوى مانگى 12/2016 )
– ( 11 مووچەى ساڵى 2016 و 12 مووچەى ساڵى 2017 و 11 مووچەى ساڵى 2018) بە پاشەکەوتەوە بەڕێژەى جیاواز کە لە نێوان 15% و 30% و 75% بوە کە بەنزیکەیى دەگاتە 10 تریلیۆن دینارى عێراقى.
2. ڕێگەگرتن لە هەڵاوسانى دراو و گرانبوونى نرخەکان لە بازاڕدا لەپێناو ڕاگرتنى بەڵانس لەنێوان ئەو بڕە پارەیەى کە دێتە لاى فەرمانبەران و نرخى کاڵاو کەلوپەلەکان لەبازاڕدا.
3. ئاڕاستەکردنى سوپاس پێزانین بە شێوەیەکى ئیدارى لەلایەن سەرجەم وەزارەتەکانەوە بۆ فەرمانبەرەکانیان بۆئەوەى ببێتە مایەى هاندان و پێشکەوتنى 1 مانگ لە سەرەمووچە و بەرزکردنەوەى مووچەکانیان لەبەرامبەر خۆڕاگرتنیان بۆماوەى ئەو ساڵانەى ڕابووردوو.
4. دووبارە نەکردنەوەى سیاسەتە هەڵەکانى ڕابوردوو بەتایبەتى لە بوارى وزەدا (نەوت و غازى سروشتى) کوردستاندا لەپێناو ڕێگەگرتن لە دووبارەبونەوەى قەیرانى دارایى و کارکردن بە دەستورى هەمیشەیى عێراق و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتى هەڵە و سەرکێشیانە کە بەزیان بگەڕێتەوە بۆ هەرێم و هاوڵاتیانیش.
بەم شێوەیە کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێم لەبەردەم کارگەلێکى گەورە و سەختیشدایە و دەبێت وەک تیمێکى پێکەوەیى و گونجاو و تەبا کار بکەن بۆ سەرخستنى نەخشە ڕێگاکە و بەرنامەکەى و هەرچیکردوە دوور و نزیک نەچێتەوە سەر کار و کردەوە هەڵەکانى کابینەى پێشوو.
ئەوکات دەکرێت قەیرانەکە لەماوەیەکى کەمدا کاریگەریە خراپەکانى سووک بکرێت و ژیان و گوزەران و ئاوەدانکردنەوەى وڵاتیش لەسەرخۆ بگەڕێنەوە بۆ دۆخى جاران و هەموانیش بە ژیانێکى پڕ شکۆ و کەرامەتەوە بژین و هەلى کارى زۆر و خزمەتگوزارى باشتریش بۆ هەموان بەبێ جیاوازى دابینبکرێت و پڕۆسەیەکى گەورە و سەرتاپاگیرى چاکسازى و پاکسازى و دژە گەندەڵیش پیادەبکرێت و ئیدارە و دەسەڵات و حومکڕانیەکى ڕەشید و دادپەروەریش بێتە کایەوە بە پێکهێنانى کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێمەوە و مووچەخۆرانیش بەگشتى هەوڵ و هیمەتى خۆیان بخەنەوە گەڕ بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو زیانانەى بەر وڵات و کۆمەڵگاى کوردەوارى کەوتوە و وڵات ئاوەدان و خۆشگوزەران بکەنەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی