ئارام هادی: ڕۆڵی میدیا لە چەواشەكاری ڕایگشتی دا.
* لەسەرەتای شەڕی داعش پەیامنێری یەكێك لە كەناڵە كوردیەكان ڕاستەوخۆ لەبەرەكانی جەنگەوە لە فەرماندەیەكی سەربازی پرسی “كەی هێرش دەكەنە سەر داعش؟ لە وەڵامدا فەرماندە سەربازیەكە وتی كاتژمێری سفر, پەیامنێرەكە دیسان پرسی كاتژمێری سفر چی كاتێكە؟ فەرماندە سەربازیەكە وتی كاتژمێر یەكی ئەمشەو!.
* لە 16ی ئۆكتۆبەر دووكەناڵ بە ڕاپۆرتە چەواشەكاریەكانیانەوە وایان لە بەشێكی زۆری دانیشتوانی كەركوك كرد شارەكە چۆڵبكەن, بەبێ ڕەچاوكردنی لێكەوتەكانی.
* لە بەشێكی زۆری ئەو ڕووداوانەی لە شار و شارۆچكەكانیتری كوردستان ڕوو دەدەن, كە بەشێكیان پەیوەندیان بە (ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییەوە) هەیە دیسان بەشێك لە میدیاكان بەبێ ڕەچاوكردنی دۆخەكە تەنها لەبەر دەستكەوتنی زانیاری و بەلاڕیدابردنی كەیسەكە چەندین هەواڵی جۆرا و جۆر و پێچەوانە لە میدیاكانیان بڵاو دەكەنەوە.
* لەسەر و بەندی ڕیفراندۆمیشدا دیسان بەشێك لە میدیا بواری ئەوەی بۆ تاكی ئەم هەرێمە نەهێشتبۆیەوە كە بڵێی نەخێر!!, بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كارتی دەنگدانەكە (بەڵێ و نەخێر)ی لەسەر نوسرابو.
* دواین ڕووداویش ڕفاندنی موچەی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی شاربو دیسان بەشێك لە میدیاكان, هەوڵی بەلاڕێدابردنی كەیسەكەیان دەدا و چەندین ڕاپۆرتی دژبە یەكیان دەرخواردی گوێگر و بینەر دەدا و هاوكات كاریان بڵاوكردنەوەی بێ ئومێدی بو.
* ئەوە باس لە بەشێكی زۆری كەناڵە خێزانیەكان هەر ناكرێت, لەبری نیشاندانی كلتوری كوردی و گێڕانەوەی دوو چیرۆكی بەسود و بەرنامەی زانستی تالێرەوە ببێتە سەكۆیەكی پەروەردەیی كەچی بەداخەوە بونەتە سەكۆیەك بۆ تێكدانی شیرازەی خێزانی, كاریان بۆتە نمایشی فلمە توركیەكان و گاڵتەكردن بە شكۆی میوانەكانیان!!.
* ئەمڕۆ بەو تەكنەلۆژیایەی لە بەردەستی میدیادایە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوە كە توانای گۆڕینی ئەقڵ و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگای هەیە بەوجۆرەی مەبەستیەتی, میدیا ڕۆچۆتە ناو هەموو كون و كەلەبەرەكانی ژیانەوە, گەر ڕابردوو بەهۆی تیڤی یەوە دەمان وت میدیا لە هەموو ماڵێكە, ئەوا ئێستا بەهۆی ئینتەرنێت و هاندە زیرەكەكانەوە لە گیرفانی هەموو كەسێكدایە.
* لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە خودی میدیا لەلایەن كەسانێكەوە بۆ مەرامی خۆیان لەلێدان لە ڕكابەرەكانیان و پیاهەڵدان بەخۆیاندا خراوەتەكار, كە زەرە و زیانی ئەم جۆرە میدیایانە بۆناو كۆمەڵگا كەمترنیە لە ئەنفال, لەكاتێكدا ئەو میدیایانە لە ئەركە پیشەییەكانیان دووركەوتونەتەوە و بونەتە میكانیزمێك و بەكار دەهێنرێن بۆ دژایەتی یەكتر و ڕاستیەكان چەواشە دەكەن و ئەنفالی هزری تاك بە بنەمادەگرن.
* میدیا وەك چەكێكی دوو سەرە دەتوانی (خۆتی پێ بپارێزی هاوكات خۆتی پێ بكوژی), كاتێك میدیا لە ئەركە ئەخلاقیەكەی دوور دەكەوێتەوە و پەیامنێری كەناڵێك ڕاستەوخۆ لەبەرەكانی جەنگەوە نهێنی تەكتیكی جەنگی دزە پێدەكات و بۆڕایگشتی بڵاو دەكاتەوە, ئەمە ناوئەنێن چی؟ یا كاتێك دوو میدیای زەبەلاح هەوڵی وێرانكردنی شارێك دەدەن و دەبنە كەرەستەیەكی پلەیەك بۆ شێواندنی شارەكە و ڕایگشتی چەواشەدەكەن, ئەمە لەپای چی؟, گەر یاسا سەروەربێت, دەبێت ئەو جۆرە كەناڵانە بۆماوەی ساڵێك دابخرێت و غەرامەیەكی زۆریش بكرێت, گەر ئەمەش نەكرا لانی كەم لە ڕووداوە گرنگەكاندا ڕێگەیان پێنەدرێت ڕووماڵ بكەن.
* كاتێك حزبێك یا كەسایەتیەكی سیاسی, لەبەرامبەر نەیارەكەی دەدۆڕێت, ئیدی لێرەوە مەكینەی ڕاگەیاندنەكەی دەخاتە كار و هەرچی بەخەیاڵیدابێت بۆ ناشیرنكردنی بەرامبەرەكەی دەیكات, كێشەی جددی لێرەدا دەردەكەوێت هەر یەكێك لەو كەناڵانەش خۆیان بە سەربەخۆ دەناسێنن!!, خاڵی جەوهەری ئەم بابەتەش لەوەدایە, ماهیەتی پشتی ئەم كەناڵانە بۆ خەڵك ڕوونە, بەڵام بە داخەوە بەگشتی تا ئێستا كاریگەری ئەوجۆرە كەناڵانەمان لەسەر لانەچوە.
* ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەكە تەراتێنی یەتی, بەناوی میدیای سەربەخۆوە بەشێكی كەمی نەبێت كە پرۆفیشناڵانە كاردەكەن, ئەوەیتری هەر یەكە سەر بە حزب و كەسێكی پلە باڵای سیاسیە, ئەو بەشە كەمەش لەمیدیای سەربەخۆ دەرەقەتی زۆری و قەبەیی میدیای سێبەر ناكەوێت و توانای ڕاگرتنی هاوسەنگی نیە.
* دواجار: هەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوانەكەی گرفتی كەمی ژمارەی میدیای نیە, بەڵكو گرفتاری چۆنیەتی كاركردنی میدیاكانین كە پێویستی بە گۆڕانكاریەكی ڕیشەیی هەیە, گەرنا ئەوا ئەو بەشەی میدیا كەمەبەستیان لەپشتە هاوكات پەڵەی ڕەش بە ناوچەوانیانەوەیە و ڕۆژێك دەبێَت بكەونە بەر دادگای مێژوو.