مەحمود عەبدوڵڵا: لەبەهاری دەوڵەتەوە بۆ بەهاری موچە!
شتێک کە وەک ئەخلاقی سیاسی سەرکردە نەوتفرۆشەکانی کورد فێری نابن، داوای لێبوردنکردنە لە هەڵەکانیان، چونکە هیچ فەلسەفەیەکی سیاسیان نییە و بەمیزاجی خۆیان کۆمەڵگە لێدەخوڕن، پێیان وایە میللەت بۆ فەرمانبەرداری ئەوان دروستکراوە.
شارل لویس دەڵێت: لەسەردەمی نەزانیدا دەتوانرێت خراپترین کردەوە ئەنجام بدرێت بەبێ ترس، بەڵام لەسەردەمی زانایدا کارەباشەکانیش بە پارێزەوە ئەنجام ئەدرێن. نێچیرڤان خۆی بڕیاری پاشەکەوتی موچەیدا، ئەوە لەکاتێکدا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەزاران بندیوار دامەزراوە، بەڵام نێچیر لەسەر حیسابی فەرمان بەری ڕاستەقینە دێت بڕیاری پاشەکەوت دەسەپێنێت. گریمان ئەگەر پارە بەشی موچەینەکرد، دەبو نێچیر موچەی بندیوارەکانی بڕیبایە نەک موچەی مامۆستا و پزیشک و پێشمەرگە و، چونکە ئەوە بڕیارێکی دروست دەبوو. کەسانێک بەبێکارکردن پارەیان وەرگرتوە کە موچەکەیان ببڕیت هیچ مافێکت لێ زەوت نەکردوون!
ئەو بڕیارەی نێچیرڤان ئەگەر بەهۆی ناهۆشیاری کۆمەڵگاو و کۆیلایەتی حیزبی نوسەرو ڕۆشنبیرانی حیزبەوە نەبوایە بڕیارێک نەبوو کە نێچیرڤان جورئەتی هەبێت بریارێکی وا دەربکات. بە پاساوی شەڕی داعش و نزمی نرخی نەوت و بڕینی بودجە و هاتنی ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان. وە ئاشکراشە لەسەر دەستی ئەم پیاوە پارەی فرۆشی نەوت خرایە دەست تورکیا، بەشێکی ئەو شەڕەش شەڕی تورکیابوو نێچیرو پارتی دژی عیڕاق ئەنجامیاندا لەسەر حیسابی فەرمانبەران. بەڵام نێچیرڤان نەک داوای لێبوردنی نەکرد، بەڵکو هەڕەشەی لە فەرمانبەران دەکرد کە داوای مافی خۆیان دەکرد، و شەقوەشێنەکانی دەناردە ناو خۆ پیشاندەران.
ئێستا دوای ئەوەی بەناو قەیرانی دارایی نەماوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوت ئەدا کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ نەورۆز ! بۆچی چونکە دەوڵەت بوو بە وەهم، کەس بڕوای بە درۆی دەوڵەتە بەهاریەکەیان نەما، ناچار ئەم بەهارە هەڵگرتنی پاشەکەوت وەک دەستکەوت بەخەڵک دەفرۆشن. کە دیارە لە دوای ڕاپەڕین ئەمانە تەنها قەیرانی ئابوریان بۆخەڵک دروستکردوە. تا ڕوخانی سەدام و تائەوکاتەی بودجە لەعیراق هاتوە ئەمانە پارەیان نەبوو بیدەنە فەرمانبەران، کاتێکیش پارەی عیراق نەما گەڕانەوە خاڵی سەرەتا برسیکردنی خەڵک. ئێستا کە پارە لەبەغدای موفلیسەوە دێت منەت فرۆشی دەکەن، جا بۆ ئەم بارودۆخانە دەڵێن”نان نانی مەلا بارک اللە ی مەلاژنێ” مانگی سێی 2018 دەستکاری موچەیانکرد، ئەم مانگی سێیە بڕیاری هەڵگرتنیاندا. ئێ دڵنیام تا بەهارێکیتر لێی ئەخەون، ئەوسا قسەیەک لە قەرزەکان دەکەن.
نێچیرڤان زۆر بەخۆشحاڵیەوە باسی بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوت دەکات، وەک هیچ ڕوینەدابێت لەجیاتی داوای لێبوردن سوپاسیان دەکات. ئەمەش واتا بەگەوج دانانی میللەت و حیسابنەکردن بۆیان واتا نەبونی ئەخلاقی سیاسی، لەکاتێکدا ئەم بڕیارەی دەیان لێکەوتی خراپی لێکەوتاوە لەکۆچی فراوانی گەنجان، لە پەک خستنی پڕۆسەی پەروەردە، جیابونەو ە بەڕێژەیەکی مەترسیدار و… هتد، بەڵام هێشتا چونکە ئەخلاقی حوکمڕانی نییە دەیەوێت وەک دەستکەوت پێمان بفرۆشێتەوە. بەڵام ناچارن لە ئاسمانی دەوڵەت بێنە خوارو لە سەر ئەرز موژدەی بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوت بدەن.
ئەم پیاوە وەک بڵێی کە مادام خۆی ئەتوانێت، خۆ لەڕاستیەکان گێلبکات خەڵکیش وائەکات. بەڵام دەبێت بزانن درۆکردن لەبەردەم قوربانیانی ئەو بڕیارە ئەو پەڕی گەمژەیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتییە، ئەوە پەیوەندی بەشعوری فەرمان ڕەوایان هەیە، لە بەرامبەر بڕیارێکی ئاوا داوای لێبوردن نەکردن ئەو پەڕی بێشعوری و بێ حورمەتییە. بۆ یە سوپاسی فەرمانبەران مەکە تۆ ئەتوانی کەشتیوانی چاکی ڕێبازی حەملان بیت نەک کەشتیوانی هەرێمی کوردستان.