جیهاد موحەمەد: حیزبەکانی کوردستانی باشور هیچ کات لە یەکتری دانابڕێن!
بەردەوام ئەم حیزبانە، لەو کاتانەی کە ململانێشیان هەیە، تەنانەت ململانێکانیان بگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادان لە یەکتری دانابڕێن و دەتوانن بە دایالۆگ بگەن بە یەکتری. چونکە هەموویان داگیرکەرن، ژیانی خەڵکیان داگیرکردووە، بەرژەوەندیان لەو داگیرکارییەدا هەیە، بۆیە ململانێکانیان تەنها لە پێناوی زیاتر دەستکەوتە لە کێکەکەی دەسەڵاتە دایگرکارییەکەیان.
نموونەی زەق: شەڕی ناوخۆی پارتی ویەکێتی، کە گەیشتە ئەو ئاستەی نامەردانە دەستبەسەرکراوەکانی یەکتریشیان دەکوشت، دەستدرێژیی سێکسیشیان دەکردە سەر کەسوکاری یەکتری. بەڵام چونکە بەرژەوەندیان لە داگیرکاریی کوردستان و خەڵکی کوردستاندا هەبوو پێک هاتن.
نموونەی دیکە: حیزبە ئیسلامییەکان بە خوێنی سەری یەکێتیەکان تینوبوون لە ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامان، ململانێکانیان گەیشتە ئەو ئاستەی فڕوفێڵی زۆر نامەردانەیان لە یەکتری دەکر، پەلاماری سەرۆکی حکومەتەکەیاندا ـ بەرهەم ساڵح ـ بۆ ئەوەی بیفڕێنن. شەوکەتی حاجی موشیارن خستە تەڵەوە و کوشتیان. دەیان کاری تیرۆریان بەرامبەر بە یەکتری ئەنجام دا، وەک تاوانەکەی ناوچەی خورماڵ.
حەمەحسەینی ئەفسەری ئاسایشیان کوشت.
نموونەی دیکە: پارتی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی سوتان، دەیان کەسی لێ خستنە زیندانەوە.
نموونەی دیکە: پارتی سوکایەتی بە سەرۆکی پەرلەمان کرد، کە گۆران بوو، پەرلەمانی داخست، عەلی حەمە ساڵحیان لە ناو پەرلەماندا دارکاری کرد. پەلاماری ڕابوون مەعروفیان زۆر بە ناشیرینی دا. دەیان سوکایەتیان بە بزووتنەوەی گۆڕان کرد.
کەچی دوای ئەو هەموو کارەساتە یەکیان گرتەوە. ئەم یەکگرتنەوە و یەکبوونە بۆ پێکهێنانی حکومەتە داگیرکارەکەیانە.
ئەوەی کە پێک نایەت لە گەڵ ئەم دەسەڵاتەدا، ئەوەی ناتوانێت دایالۆگیان لەگەلدا بکات، ئەو خەڵکە هۆشمەندەن، کە دەسەڵات بە نەزان و گەمژە سەیران دەکات، بۆیە هیچ کات دایالۆگ لە نێوانیاندا دروست نابێت.
دایلۆگ لە نێوان سەردەستە و ژێردەستەدا دروست نابێت. چونکە یەکێک لە پرنسیپە سەرکییەکانی دایلۆگ ئەوەیە، کە هەموو وەک یەکیان لێ بێت، زانا و دانا و نەزان، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات، بوونی نامێنێت لە دایلۆگکردنی ڕاستەقینەدا.
ئاخر بۆیە گەلی کورد، هیچ کات نەیتوانیەوە دایلۆگێکی ڕاستقینە بکات لە گەڵ داگیرکەراکانیدا، هەرچ (دانوستاند)ێکیش هەبوو بێت، ئەنجامەکەی هەر زوڵمکردن بووە لە گەلی کورد، نموونە: (دانوستاندن)ی نێوان قاسملۆ و هاوڕێکانی لەگەڵ ئێراندا، ئەنجامەکەی تیرۆرکردنیان بوو. ئەردۆغان درۆی لەگەڵ گەلی کوردی باکور کرد، ئەو کاتەی گوتی: ئێمە کێشەی گەلی کوردمان هەیە، ئەوەندەی نەبرد نەک پەشیمان بووەوە، بەڵکو ئێستا بە گەلی کوردی باکور دەڵێت: ئێرە کوردستانی لێ نییە بڕۆن بۆ عێراق.
داگیرکردن، هەر داگیرکردنە، شەق، هەر شەقە، چ داگیرکردنی دەوڵەتە فاشیەکان بێت، یان داگیرکردنی حیزبە فاشییە کوردییەکان بێت، شەقی ئەم بێت یان ئەو بێت، جیاوازی نییە.
ئاخر نانبڕین و بێ موچەییکردن و بێ کارەباییکردنی خەڵکی کوردستان لە لایەن حوکمڕانەکانی گەلی کورد خۆیەوە، لەگەڵ گەمارۆ دانانی ئابووریی لەسەر گەلی کورد لە لایەن سەدامی خوێنڕێژ و حیزبە فاشیەکەیەوە، هەمان ئازار و دەردی هەبوو بۆ خەڵکی کوردستان.
ناکرێت بوگوترێت، ئەمیان کەمتر ئازاری هەیە، چونکە بە دەستی حیزبەکانی کورد خۆیەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم قسەیە وەک ئەوە وایە، باوکێک منداڵەکەی خۆی بکوژێت، یان دووژمنێک بیکوژێت، بگوترێت ئەم کوشتنەی باوکەکە کەمتر تاوانە چونکە باوکی خۆیەتی، ئەم بیکردنەوە سەقەتە جێگەی پێکەنینە، تەنها ئەوانە ئەم بیکردنەوەیەیان هەیە، کە چێژ وەردەگرن لە سادیزمییەکەی دەسەڵات، یان ئەوەتا بەرژەوەندییان لەگەڵیاندایە.
ئەمڕۆ مەلابەختیار لە یادی هەڵەبجەی برینداردا، کۆمەڵێک قسەی باشی کرد، لەسەر هەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، کە عەقڵێتێکی دواکەوتوو و لاوازیان هەیە، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودان نەیانتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەک بکەن لە ژیانی خەڵکی وڵاتەکانی خۆیاندا، هەر ئەو عەقڵیەتەش بوو کە کیمیابارانی هەڵەبجەی پێکردن. بەڵام بە چاک و خراپ نەچووە سەر عەقڵێتە دواکەوتووە ناسیۆنالیزمەکەی گەلی کورد. ئاخر پرسیار ئەوەیە لەم بەڕێزە: خۆ ئێوەش چارەکێکی ئەو سەد سالە زیاترە لە سەر حوکمن، ئایا توانیوتانە چارەکێک لەو فەلسەفە و جیهانبینیەی خۆت باسی دکەیت بۆ گۆڕانکاریەکان، بەدی بێنن؟ ئێوە نەک ئەمەتان نەکرردوە، بەڵکو دەیان کەستان لەسەر ڕەخنگرتن و جیهانبینی جیاواز تیرۆرکردووە.