نەوزادى موهەندیس: مەلەفى نەوتى هەرێمى کوردستان لەنێوان ڕادەستکردن و نەکردنى بە بەغداد.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە لەو کاتەوەى نەوت وەکو سامانێکى سروشتى بوە کاڵایەکى بازرگانى و جێگەى بە خەڵوزى بەردین لێژکرد و بوە سەرچاوەى یەکەمى وزە لە دونیادا و ئیدى هەموو دونیا کەوتنە گەڕان و هەڵکەندن و دەرهێنانى نەوتدا ولێڵى بوون،بۆئەوەى بتوانن وڵات و کۆمەڵگاکانیان بەرەو پێشبەرن و پێشکەوتن و داهێنان وەدەستبێنن و خۆشگوزەرانیش بۆ هاوڵاتیانیان دابین بکەن. نەوت زیاد لە 100 ساڵى ڕێکە بۆتە یەکەم سەرچاوەى وزەى بێ ڕکابەر و لە ناوەڕاستى سەدەى بیستیشەوە غازى سروشتیش وەکو جۆرێکى ترى وزە بوە دووەم سەرچاوەى وزەى بەنرخ لەپاڵ نەوتى خاودا.
ئیدى لەوساتە وەختەى نەوت و غازى سروشتى بونەتە جێگرەوەى سەرەکى جۆرەکانى وزەى تر لە کلاسیک و نوێبوەکانیشەوە ، پێشبینیش دەکرێت بۆ نزیکەى 100 ساڵى ئایندەش هەروا بمێننەوە ، نەوت لە ئێستادا لەلایەک بۆتە بزوێنەر و میحوەرى هەموو پێشکەوتن و داهێنانەکان بۆ هەندێک کۆمەڵگا و بۆتە مایەى خۆشبەختى و خۆشگوزەرانى بۆ بۆیان و لەلایەکى تریشەوە بۆ هەندێکى تر بۆتە مایەى هەژارى و دواکەوتن و داگیر و دابەشکردن و ماڵوێرانى. هەربۆیە نەوت وەک چەک وشمشێرێکى دوو دەم وایە لەکاتى ئاشتى و جەنگەکاندا و گەر بە عەقڵێکى وورد و بە پلان و سیاسەتێکى لێزانانەوە نەتوانرا ببرێت بەڕێوە ئەوا دەبێتە شمشێرێکى بڕەر و بکوژ بۆ خاوەنەکەى و گەریش بەپێچەوانەوە مامەڵەى لەگەڵداکرا ئەوا دەبێتە شمشێرێکى بڕەر بۆ دوژمنان و نەیاران و مایەى خۆشبەختیش بۆ نەتەوە و نیشتیمانەکان.
نەوت و مەسەلەى نەوت لە ئێستادا بونەتە دوو مەسەلەى زۆر هەستیار و گرنگ کە تەنها لێزان و بڕیار بەدەست و بەهێزەکان دەتوانن لەبەرژەوەندى خۆیان بەکاریبێنن،نەک تەنها وڵاتانى خاوەن نەوت کەتەنها بونەتە فرۆشیار و هەڕاجکەرێکى نەوتەکەیان بەهەرزانترین نرخ و بازاڕێکى بەردەوام بۆساغکردنەوەى کاڵا بەرهەمهاتوەکانى وڵاتانى زلهێز و پیشەسازى و کۆمپانیان زەبەحەلاحە نەوتیەکان.
گەلێک لە وڵاتان و سەرکردەى بەهێزى وڵاتانى دونیاى سێهەم و تازە پێگەیشتوو کە بەناوى شۆڕش و خۆماڵیکردنى نەوتە و سامانە سروشتیەکانى وڵاتەکانیان و بۆئەوەى خۆیان بکەنە پاڵەوانى نەتەوەیى و نیشتیمانەکانیان و دواتریش بۆ هەتاهەتایە لەدەسەڵاتدا بمێننەوە و لەخێروبێرى نەوتى وڵاتەکانیان بخۆن و خۆیان و بنەماڵەکانیان تێر و میلەتەکانیشیان هەژار و دواکەوتوو و نەخۆش و بێکار بمێننەوە.هەوڵیاندەدا کە دژى زلهێزەکانى دونیا و کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان بوەستنەوە و نەوت وەکو چەکێک و کارتى فشار بەڕوویاندا بەکاریبێنن ،بەڵام تاکو ئێستا هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون،چونکە نەوت موڵکى هەموو مرۆڤایەتیە و گەرەکە هەموان سوودى لێببینن نەک تەنها وتەنها دەستە و تاقمێکى مشەخۆر و پاوانخوازى دەسەڵاتەکان لەوڵاتانى دونیاى سێدا.لەبەرئەوەى نیەتى ئەو بەناو پاڵەوانانە هیچکات ڕاستگۆ نەبون لەگەڵ میلەتەکانیاندا نەک لەبەرئەوەى زلهێزەکان دڵسۆزتربن لەوان هەربۆیە هەوڵەکانیان بەئاکام نەگەیشتوون.
بۆیە لە ئێستاى کوردستانى باشووریشدا وەک هەرێمێک لەچوارچێوەى دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵیدا،وخاوەن تاڕادەیەک بڕە نەوت 45 -60ملیار بەرمیل نەوتى یەدەگ و زیاد لە 5 تریلیۆن مەترسێجا غازى سروشتى زۆر و زەوەند،گرنگى و کاریگەرى خۆى هەیە لەسەر نەخشەى وزەى دونیادا و زلهێزەکان و کۆمپانیا نەوتیە گەورەکان وەک (ئەکسن مۆبیل و شێل و تووتاڵ و BPو گازپرۆم وشیڤرۆن و ڕۆسنەفت ودانە غاز و… هتد ) و گەلێک کۆمپانیاى مامناوەندى و بچوکى تریش لەهەوڵدان بۆ وەدەستهێنانى ئیمتیازاتى کێڵگە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا و لەوکاتەوەى لەساڵى 2002وە نەوتى هەرێمى کوردستان لە بیرە نەوتەکانى شیواشۆک لەکۆیە دەرهێنران و فرۆشراش ، ئیدى دەستکرا بە واژۆکردنى 42 گرێبەستى نەوتی و دابەشکردنى هەرێم بۆ زیاد لە 50 بلۆکى نەوتى و زیاد لە 40 کۆمپانیاى نەوتیش لە پێشبڕکێدان بۆ وەدەستهێنانى کێڵگە و ئیمتیازاتە نەوتیەکان.
ئەم سیاسەتى نەوتیەى هەرێم کە لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى باڵاى هەرێمى نەوت و گازەوە پیادە دەکرا و بەڕێوەدەبرا بەپێى یاساى نەوت و غازى هەرێمى ژمارى 22 ساڵى 2007 کە بەنیوەناچڵیش جێبەجێدەکرا !، گەلێک کەموکوڕى و تەنانەت گەندەڵى و ناشەفافیەت و بێمتمانەیى و بەتاڵانبردنى پێوەدیاربوە هەر لە پێدانى ئیمتیازاتەکان و جۆرى گرێبەستەکان((موشارەکە)) و پێدانى بڕى پشکى کۆمپانیاکان و وەرگرتنى قەرز و وەرگرتنى پارەى پێشینە بەرامبەر نەوت و تاریکاندنى داهات و خەرجیەکانى نەوت و واژۆکردنى گرێبەستى 50 ساڵى و 26 ساڵى و 20ساڵى بۆ نەوت و غازى سروشتى .هەموو ئەم کارانە وایانکرد کە هەرێمى کوردستان لە دواى ساڵانى 2011وە بکەوێتە ژێر بارى قەرزێکى دەرەکى و ناوەکى زۆرەوە کە بەنزیکەى 20ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. دواتریش لەکاتى سەرهەڵدانى کێشە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکان لەنێوان بەغداد و هەرێمدا دواى شەڕى داعش و داگیرکردنى موێڵ و دابەزینى نرخەکانى نەوت لە دونیدا لە 115دۆلارەوە بۆ 27 دۆلار لەمانگى 6/2014دا و هاتنى نزیکەى 2 ملیۆن ئاوارەى عەرەب بۆ کوردستان و بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لەلایەن بەغداد و دواتریش سەپاندنى سیستەمى پاشەکەوتى مووچە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر مووچەخۆراندا،هەموان ئەم هۆکارانە پێکەوە بونە هۆکارى سەرهەڵدان و بەردەوامبوونى قەیرانێکى توندى ئابورى و دارایى کە زیاد لە 4 ساڵیان خایاند و لێکەوتە و زیانەکانیشى بۆ دەیان ساڵى تر دەگەڕێتەوە.
هەموو ئەم هۆکارانەش لەبەر بوونى کێشە و لێکتێنەگەیشتنى دەستڕۆیشتوانى سیاسەت و ئیدارە لە هەولێر و بەغداد بوو لەسەر مەسەلەى نەوت و پیادەکردنى سیاسەتى فرۆشتنى سەربەخۆى نەوتى کوردستان بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، لەکاتێکدا بەپێى دەستورى عێراقى هەمیشەیى ساڵى 2005 و لە (بابى چوارهەم و مادەکانى 111 و 112 / یەکەم و دووەم ) دا دانى بەوەدا ناوە کە نەوت و غازى سروشتى موڵکى هەموو گەلانى عێراقە لەهەموو هەرێم و پارێزگاکاندا.و دیاریکردوە دەبێت ئەو سامانە سروشتیە بەهاوبەشى و هاوکارى ناوەند و هەرێمەکان بەڕێوە بچێت نەک بەتەنها.زۆر بەڕوونیش لە بابى چوارهەم ( پسپۆڕیەکانى دەسەڵاتەکانى ناوەند) وە لە بابى پێنجهەیشدا (دەسەڵاتەکانى هەرێمەکانى) دیاریکردوە.
بۆیە لێرەدا پرسیارە گەورە و گرنگ و چارەنوسسازەکە ئەوەیە ،ئایا بەپێى دەستورى هەمیشەیى عێراق مامەڵە بکەین لەگەڵ نەوت و غازى سروشتى هەرێمدا وەک هەرێمێک لەچوارچێوەى دەوڵەتى عێرقى فیدڕاڵدا؟ یان وەک هەرێمێکى دەرچوو لە دەستور کە کورد بۆخۆشى دەنگى پێداوە و ڕەزامەندبوە لەسەرى مامەڵە بکەین و هیچ حساب بۆ ناوەند نەکەین؟ ئایا دەبێت هیچ گفتوگۆو کارى هەمئاهەنگى و پێکەوەیى نەبێت لەنێوان هەرێم و ناوەندا لەسەر مەسەلەیەکى وا هەستیار و گرنگدا؟بەکورتى پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئەرێ دەتوانین نەوت و غازى سروشتى هەرێم و داهاتەکانیان ڕادەستى بەغداد نەکەینەوە ؟ ئەرێ دەتوانین بێ حسابکردن بۆ دەستور و دەسەڵاتەکانى ناوەند مامەڵە بەنەوتى کوردستانەوە بکەین؟ و دەیانى پرسى تریش.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین چ عێراق وەک دەوڵەتێکى دانپیادانراو و فەرمى لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و خاوەن مێژوو وسیادە و سەروەرى بەپێى دەستورى هەمیشەیى 2005 هەڵسوکەوت دەکات لەناوخۆ و دەرەوە و ناوچەکەشدا لەهەموو بوارە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و ..هتد.هەرلەبەر ئەمەش بەدەوڵەتێکى یاسایى ناسراوە،کەواتە هەرێمەکانیش دەبێت و ئەرکیانە کە لەسەر ئەو بنچینە و دەستورە هەمیشەییە مامەڵە بکەن و دەسەڵاتەکانیان پیادە بکەن.بەپێچەوانەشەوە گەر دەوڵەتێک یان هەرێمێک لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکان و دەستورە ناوخۆییەکان دەرچوو ناودەبرێت بە وڵاتانى دەرچوو لە یاسا( دولە مارقە ) کە ئەمەش بۆخۆى سزاى نێودەوڵەتى لەسەرە.
هەربۆیە وەک ڕایەکى بێلایەن و دەستورى و یاسایى دەبێت هەرێم پابەند بێت بە جێبەجێکردنى فێڵ و باب و مادە و بڕگەکانى دەستورەوە،و لەچوارچێوەى دەسەڵاتەکانى خۆى دەرنەچێت،و هەر ئەو دەستورەش زامنى مافەکانێتى و هیچ دەسەڵاتدارێکى بەغدادیش ناتوانێت سەرپێچیان لێبکات وەک لە 18ساڵى ڕابووردوودا جێبەجێیانکردوە.هەربۆیە گرەنتى وەرگرتنى بەشە پشکى هەرێم لەداهات و بودجەى عێراق و ناردنى بۆ هەرێم و پاراستنى ئەمنیەت و ئاسایش و سەروەرى سنورەکان و… هتد. دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى ناوەندەوە،بۆیە لەلایەک دەستوربۆخۆى گرەنتیە و لەلایەکیش پابەندبوونى هەرێمیش بەو دەستورە و دەسەڵاتەکانیەوە کە بۆى دیاریکراوە گرەنتیە.
لە 18 ساڵى ڕابووردوودا هیچکات کێشە و ململانێ سیاسى و حیزبیەکان نەبونەتە هۆکارى بڕینى مووچە و بودجەى دانیشتوانى هەرێم، ئەوەى کە بۆتە هۆکار تەنها پابەندنەبونى هەرێم بوە بەدەستور و تەجاوزکردنى بوە لەسەر دەستور و دەسەڵاتەکانى ناوەند،بەتایبەتیش لەبوارى نەوت و غازى سروشتیدا.کە بۆخۆشمان وەکو دانیشتوانى هەرێم هەموو گلەییەک و هەموو گومان و پرسیارەکان بە ئاڕاستەى فرۆشتن و خەرجى و داهاتى نەوت بوە لەساڵانى ڕابووردودا و هەرئەوەش بوە هۆى ئەوەى کە حکومەتى هەرێم بۆخۆى و بەناچارى وبەمەبەستى ڕەواندنەوەى ڕاز وگلەییەکان کۆمپانیاى دیلۆیتى نێودەوڵەتى هێنا بۆ ووردبینیکردنى پڕۆسەى فرۆشتن و داهات و خەرجیەکانى نەوتى هەرێم.گەرچى بەکەموکوڕیش بێت.
هەربۆیە گرنگە کە هەرێمى کوردستان زۆر بەجدى و بەگەرمى گفتوگۆى چڕوپڕ بکات لەسەر مەسەلەى نەوت و غازى سروشتى و دەسەڵاتەکانى هەرێم و ناوەند،و ئەو کێشە و گرفتە بنبڕبکات لەسەر بنیچینەى دەستور بۆئەوەى ساڵانە و لەکاتى پەسەندکردنى یاساى بودجەى دەوڵەتى عێراقیدا کێشەى نەوت و پشکى بودجەى هەرێم سەرهەڵنەداتەوە ، لەکاتێکدا هەرێم لە ساڵانى ڕابووردوودا سەرکەوتوو نەبوە چ لەبەڕێوەبردنى مەلەفى نەوت چ لە وەدەستهێنانى دروشم و داخوازى و مافە نەتەوەییەکان وەک ئەوەى کە نەتوانرا پڕۆسەى ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بکات و ئامانجە ڕاستەقینەکەى خۆى بپێکێت کە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى بوو. هەربۆیە چیدى پێویست بەنەناردن و ڕادەستنەکردنەوەى نەوتى هەرێم ناکات بەبەغداد ،چونکە هیچ ئومێدێکى نزیک نیە بۆ پشتیوانى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆ مافە نەتەوەییەکانمان لانى کەم بۆ دەیە ساڵێکى تر. جابۆئەوەى کێشەکان زیاتر کەڵەکە نەبن و هەڵەکانى ڕابووردوو دووبارە نەکرێتەوە هەق وایە بە سنگفراوانى و وەک چاکە و پیاوەتیەکى هەرێمیش بۆ بەغداد نەوت و مەلەفى نەوت ڕادەستى بەغداد بکرێتەوە.هەرچەندە لەهەرێمدا دوو ڕاو و بۆچونى جیاواز و دوور لەیەکتریش هەیە کە زیاتر لە ڕوانگە و بەرژەوەندى حیزبیەوە سەرچاوەیان گرتوە نەک بەرژەوەندى دوورمەوداى میلەتەکەمان،دەربارەى ئەو مەسەلەیە کە لایەک ڕاى وایە ئەو مەلەفە هەستیارە تەسلیم بەبەغداد نەکرێتەوە و هە رێم هەنگاوى گەورەى ناوە لەو بوارەدا و لایەکەى تریش بە پێچەوانەوە پێى وایە سوود و قازانجى زیاتر لەوەدایە کە مەلەفى نەوت تەسلیم بە بەغداد بکرێتەوە و ئەوجا هەرێم شەڕ لەسەر بەشە پشکى خۆى بکات لە بودجەى گشتى عێراقدا.
چونکە هیچ نەنگیەک لەو کارەدا نیە،لەبەرئەوەى لە دواى ڕووداوەکانى کەرکوکى ساڵى 2016کە دەرئەنجامى ڕیفراندۆمە شکستخواردوەکەى هەرێم بوو،گەلێک دەسەڵاتى ئەمرى واقعى هەرێممان ڕادەستى بەغداد کردوە بەناچارى لەدواى گەمارۆدانى 77ڕۆژ و زیاتریش لەلایەن دەوڵەتانى دونیا و ناوچەکەشەوە لەبوارى فڕۆکەوانیدا، کە لەدەستوردا بە دەسەڵاتەکانى ناوەند ناسێنرابوون لەوانە:
1- گێڕانەوەى 51% خاک و خەڵکى کوردستان بەناوەند و لەباربردنى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور.
2- فڕۆکەخانە و دەروازە و خاڵە سنوریەکان.
3- گومرک و سیاسەتى گومرکى و تەعریفەى گومرکى.
4- مەسەلەى کێشان و پێوانە.
5- فەرمانگەکانى ڕەگەزنامە و پێناسى بارى شارستانى و نشینگە و مافى پەنابەرێتى.
6- ڕێکخستنى سیاسەتى فریکوێنسى بڵاوکردنەوە و وپەیوەندیەکان و بەرید.
7- سیاسەتى ئاو و بەنداوەکان.
8- سەرژمێرى دانیشتوان.
9- پاشماوە مێژووییەکان.
10- سەرچاوەکانى کارەبا و ژینگە وسیاسەتى گەشەپێدانى گشتى و… هتد.
11- پۆلیسى دارستان وزۆرى تریش.
ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە یاساى بودجەى گشتى دەوڵەتى عێراق بەهەرێمى کوردستانەوە لەلایەن بەغدادەوە دادەنرێت و پشکى هەرێم بە بەکاربردن و وەبەرهێنانەوە دیاریدەکرێت و قەرزە نێودەوڵەتیەکان و بەشە پشکى داودەرمان و پارەى گەنمى جووتیاران و بەشە خۆراکى مانگانەى هەرێمیش لەبەغداوە دابین دەکرێت.
جا لەکاتێکدا هەرێم ئەم هەموو دەسەڵاتانەى ڕادەستى بەغداد کردبێتەوە،ئیدى چ پێویست دەکات کە تەنها مەسەلەى نەوت بهێڵێتەوە کە بەپێى دەستوریش بۆى نیە ئەو کارە بکات.(ئەگەر نیەتێکى خراپى تیادا نەبێت).
ئاشکراشە ئەو بڕە نەوتەى کە هەرێم دەیفرۆشێت لە ئێستادا ڕۆژانە دەگاتە نزیکەى 450 هەزار بەرمیل و لەمانگێکدا دەگاتە 13500 بەرمیل کە گەر بخرێتەوە گەنجینەى مەرکەزى بەغداد و لەڕێگەى ( کۆمپانیاى سۆمۆ ) وە بفرۆشرێت و داهاتەکەشى بگەڕێتەوە بۆ تەواوى عێراق ئەوا بەدڵنیاى پشکى هەرێمیش زیاد دەکات،لەکاتێکدا کە هەمیشە نرخى فرۆشتنى 1 بەرمیل نەوتى عێراق 8-10 دۆلار زیاتر فرۆشراوە لەنەوتى هەرێمى کوردستان لەبازاڕەکانى جیهاندا. لە ئێستاشدا و بەغداد لەهەوڵدایە تواناى بەرهەم و هەناردەکردنى نەوتى خۆى بەرزبکاتەوە بۆ زیاتر لە 3500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوەتا لە مانگى کانتونى یەکەمى ساڵى 2018دا بەرزترین ڕێژەى نەوتى فرۆشتوە بەبڕى( 115.517.974 ) بەرمیل نەوت کە داهاتەکەى بریتیە لە( 6.233.592.040.11 ملیار دۆلار)، بەڵام لەبەرامبەردا تواناى هەرێم دیاریکراوە و ناتوانێت زیاتر بەرزیبکاتەوە بە بوونى کێشە و گرفتەکانى لەلایەک لەگەڵ بەغداد و لەلایەکیش لەگەڵ کۆمپانیان نەوتیەکاندا.بەهەمان شێوە بۆ ساڵى 2019 و ساڵانى دواتریش هەموو پێبینیەکان ڕوو لەوەن کە نرخەکانى نەوت لە 70-80 دۆلار تێپەڕ ناکەن.
بۆیە دەکرێت حکومەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان لە کابینەى نۆهەمدا بەسەرۆکایەتى بەڕێز مەسرور بارزانى و لە پشتیشیەوە کاک مەسعود بارزانى بەجدى بیر و پلانى هەبێت بۆ مەلەفى نەوت و هەموو ئەگەر و ئاڵنگاریە خراپەکانى سیاسەتى هەڵەى نەوتى ڕابووردوو لەبەرچاوبگرێت و حەکیمانە تر مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە هەستیارەدا بکات، بۆئەوەى زیاتر دەسەڵاتەکانى هەرێم و قەوارە و هێزى کورد لەبەغداد لاوازتر نەبێت و ئەم هەلى 4 ساڵەى بوونى د. عادل عبدالمهدیش وەک سەرۆک وەزیران و وەک کەسێک و دۆستێکى نزیکى کورد و بوونى سەرۆکێکى کوردى بەهێزیش وەک د.بەرهەم احمد ساڵح لە بەغداد بقۆزرێتەوە بۆئەوەى سەرجەمى کێشە کەڵەکەبوەکانى پێشووتر چارەسەربکرێن لەبەرژەوەندى گەلەکەماندا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts