بەهرۆز جەعفەر: کەرکوک لە نێوان سەرۆک کۆمار و پارتی دیموکراتی کوردستان دا.
هەموو ئەوانەی ڕۆژێ لە ڕۆژان خوالێخۆشبوو مام جەلالیان لە بارەی کەرکوکەوە دواند بێت، یان بە ڕێکەوت گوێیان لێ بوبێت، ئەوەیان لا گەڵاڵە بوبێت کە بۆچونی مام جەلال لەسەر کەرکوک ئاوها بو کە «هەتا کێشەی کەرکوک بمێنێ ئەبێت کورد بونێکی بەهێزی لە بەغدا هەبێت».
مێژوو شاهیدە شۆڕشی ئەیلوول لەسەردەمی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم دا هەڵگیرسا، هۆیەکەی ئەوەبوو حکومەتی مەرکەزی دانی بە کوردستانی بونی کەرکوک دا نە ئەنا، ئەگەرچی دواتر تا ئەوەش ڕۆیشت کەرکوک لە نێوان چەمی خاسەدا بکرێتە دوو بەش لە نێوان کوردو عەرەبدا، لەماددەی (3) ی دەستوری کاتی ساڵی (1958) دا هات کە « کورد و عەرەب شەریکن لەم نیشتیمانەدا». حکومەتەکەی قاسم تا ئەوپەڕی کارئاسانی بۆ کورد کرد، ڕۆژنامەی خەبات دەرچوێنرا، ڕێکخراوەکانی یەکێتی قوتابیان و ئافرەتان و حیزب ڕێگە بەچالاکیان درا، چەندین قانونی وەک چاکسازی کشتوکاڵی پەیڕەوی لێ کرا. تەنانەت لە کۆمپانیای نەوتی باکوریش دا دواتریش ڕەچاوی باری کارکردن و ناردنە دەرەوەی کادیرەکانی نەوت بە شەریکی بەڕێوە ئەچو. ئێ هەر شۆڕشی ئەیلوول سەریهەڵدا. هەموان و ماڵباتی بارزانیش ئەو راستیە ئەزانن کە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی دەستی لە کوردستانی بونی کەرکوک هەڵ نە گرت، دەرئەنجامەکەشی خیانەتنامەی جەزائیر بو لە ساڵی ( 1975) دەرهەق بە توانەوەی شۆڕشی کوردی مۆرکرا.
ئیمڕۆکە هەموو هێزە نێودەوڵەتیەکان وەک جاران لە گۆڕەپانەکەدان، ئەوەشی بێتە سەر کە بەریتانیا بە تامی سەردەمی سایکس پیکۆ گەڕاوەتەوەو دەخالەت لە نەوتی کەرکوک و هەرێم و بەغداش ئەکات. ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە کە نیسبەتی کورد لە کەرکوک و یەکە ئیدارییەکانی سەر بە پارێزگاکانی کەرکوک بە ڕێژەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە.
ئەگەر کۆی گریمانەکانی ئەم نوسینە لەوێدا کۆبکەینەوە، کە لە هیچ فەرمانگەیەکی حکومی پارێزگای کەرکوکدا ڕێژەی کورد ناگاتە (25٪) لە زۆربەیاندا ڕێژەکە لە نێوان (3٪ بۆ 16 ٪) ە!. مەسەلەن لە کۆمپانیای نەوتی باکور کە پتر لە ( 14000) چواردە هەزار کارمەندی هەیە ڕێژەی کورد تیایدا (1200) هەزارو دوو سەت کەسە!.
دانانی پارێزگارێکی کورد هیچ لەو دۆخە نالەبارەی کەرکوک کەم ناکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر پارێزگارەکە کوردێک بێت جێی گلەیی کەرکوکیەکان بێت، ئەوا ئەوەندەی تر لە هەڵبژاردنی ئایندەدا کوردەکان بایکۆتی سندوقەکانی دەنگدان ئەکەن. ئەی چارەسەر چیە ؟
جێی ئینکاری نییە و، بەرچاویشە کە ئەم خولەو خولی پێشوتری حکومڕانی عێراق کورد تیمێکی لاوازی لە بەغدا هەبووە، بەتایبەتی پەرلەمانتارە کوردەکان کوالێتیەکی ئەوتۆیان نەبووە. ئەوەی جێی دیارەو لە پێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیەکان و کورد بەگشتی هەڵئەسوڕێت و کاراکتەرێکی چالاک و بزێو و خاوەن ئەزموون و پەیوەندی گشتیە بریتیە لە کەسێتی بەڕێز « د. بەرهەم ساڵەح» وەک خۆی وە وەک سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ، هەموان لە تواناو کردارەکانی بە ئاگان و دڵنیان.
لە هەرێمی کوردستانیش بە ئەمری واقیع هیچ شتێک بە بێ پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە ناچێ کە بەڕێز « مەسعود بارزانی» ڕێبەرایەتی ئەکا.
ئەگەر هەموو مێژووی کورد لە شۆڕشی ئەیلول دا کورت بکەینەوە، کە درێژترین تەمەنی هەیە لە مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا، هیچ شۆڕشێکی کوردی نییە (14) چواردە ساڵی خایاند بێت، دەنا دوژمنانی کورد یەکسەر تەفروتونایان کردوەو دایان مرکاندوەتەوە. ئایا ڕەوایە شۆڕشێکی وا بە ڕێککەوتنامەی 11 ی ئازاری 1970 شەوە لەسەر کوردستانی بونی کەرکوک دانرابێت، کەچی ئیمڕۆکە کەرکوک پێویستی بەوە بێت نیو کاتژمێر دوو سەرکردەی کورد کە بارزانی و بەرهەم ساڵەحە پێکەوە دابنیشن و، ئەمە نەکەن !؟. دۆخی کەرکوک ئەوەی بە بەرەوە نەماوەو بەرگەی موزایەدەی حیزبی و ئەملاولای دیکە ناگرێت.
چی بەو دەیان هەزار گەنجە بێکارەی کورد ئەڵێن لە شارەکە؟. چۆن بەرگەی نەشتەری ڕەخنەی ئەو هەزارەها دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگا کانی شارەکە ئەگرن کە سبەینێ ڕەنگە نەفرەت لە کوردبونی خۆشیان و ناسنامەکەشیان بکەن، جارێک لەبەرئەوەی سیانزە ساڵ کورد ئیدارەیەکی خراپی شارەکەی دا، جارێکیش لەبەرئەوەی دوای ئەو هەموو نەهامەتیە پێویست بە پێکهێنانی تیمێکی کوردیی بەهێز لە بەغدا بکاو ئێوە نەیکەن!؟. بارزانی و دەوروبەرەکەی بەهەمان شێوە سەرۆک کۆماریش ئەوە بیری خۆیان بهێننەوە کە ملیۆنەها کورد لە هەندەران، وە ڕای گشتی جیهانی و زلهێزەکانیش، وە ئێمەومانان وتارو تەخوینبازی فەیسبووکی لە هەولێرو سلێمانی ناخوێننەوە، ئەوە ئەبینن کە ئەیبینن. ناکرێت لە دانیشتنەکان و لەمیدیاکان داوای کورد بون و نەتەوەگەرێتی لە ئێمە بکەن خۆشتان وەک نەتان توانیوە بە (5) مانگ حکومەتێک لە هەرێم پێک بهێنن نەشتوانن دوو گفتوگۆ لەبارەی کەرکوکەوە بکەن !. لەمەدا سیاسەت و بۆچونی «د. بەرهەم ساڵەح» ڕوونە نەک ئێستا بەڵکە (7) مانگیش پێش ڕیفراندۆم ئەڵێ « چارەسەری پرسی کورد نە لە تارانە نە لە واشنتۆن نە لە ئەنکارا بەڵکو لە بەغدایە». فەرمون لە بەغدا بە هاوکاری یەکدی کارێک بۆ کەرکوک بکەن !. هەر نەبێت لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ ژیانی خەڵکی شارەکە پێک بهێنن.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts